راپۆرت

ئایا رێککەوتنی ئەمنی ئێران و عیراق دەبێتە مەترسی بۆ سەر حزبە کوردییەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئایا رێککەوتنی ئەمنی ئێران و عیراق دەبێتە مەترسی بۆ سەر حزبە کوردییەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان؟
مەودا میدیا- ژاڵە محەمەد

تاران حزبە کوردییەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان بە "گروپی تیرۆریستی و دابڕاو" ناودەبات.

ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران هەنگاوی گرنگ بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی تاران لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی خۆی دەنێت، پێدەچێت بەو رێککەوتنانەی ئێران کە لەگەڵ بەشێک لەوڵاتانی ناوچەکە ئەنجامی دەدات هۆکار بێت بۆسەقامگیری و ئاسایش لەناوچەکەدا.

لە لایەکی دیکەوە، رێککەوتنی ئەمنی ئێران و عیراق رەنگە کاریگەریی هەبێت لەسەر پێگە و شوێنی ئەو لایەنە کوردییانەی کە لە ناوچەکەدان.

رێککەوتنی نێوان بەغدا و تاران
نوێنەری رێبەری ئێران لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و سکرتێری ئەو ئەنجومەنە، دەریاوان عەلی شەمخانی، رۆژی یەکشەممە 19ی ئازاری 2023، بە سەرۆکایەتی شاندێک گەیشتە بەغدا و رێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی حکومەتی عێراق، قاسم ئەلعەرەجی واژۆ کرد، کە دەوترێت چەند مانگێکە گفتوگۆ لەسەر ئەو رێککەوتنە و ناوەڕۆکی دەکرێت.

عەلی شەمخانی لەم دواییانەدا ئەرکی ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی دۆسییەکانی سیاسەتی دەرەوەی تارانی گرتە ئەستۆ، لە 16ی ئازارەوە گەشتەکەی بۆ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی دەستپێکردووەو لە 10ی ئازاردا بە نێوەندگیری چین لەگەڵ سعودیە رێککەوتنێکی واژۆکرد بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ڕیاز و تاران.

هەرچەندە تا ئێستا ناوەڕۆکی ڕێککەوتنی ئەمنی تاران و بەغدا بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام بەپێی بەڵگەکان و بەگوێرەی لێدوانە تایبەتەکانی لایەنی ئێرانی، بەشێکی گرنگی پەیوەندی بە دۆخی رێکخراوە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکانی ئێرانەوە هەیە لە هەرێمی کوردستان.

جگە لەوەش ئاژانسی هەواڵی خوێندکارانی ئێران (ئیسنا) لەزاری شەمخانییەوە رایگەیاند "بە جێبەجێکردنی خاڵەکانی ناو ڕێککەوتنەکە، جگە لەوەی هەڕەشەی تیرۆریستی لەناوچەکە زۆر کەمدەبێتەوە بەتایبەت لەسەر سنوورەکان و دەرفەتی گونجاو دروستدەبێت بۆ گەشەپێدانی هەمەلایەنە لەسەر ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە رەهەندە سیاسی و ئابووری و ئەمنییەکان".

گروپی تیرۆریستی و جوداخواز
تاران لایەنە کوردییەکانی ئێران لەخاکی هەرێمی کوردستان بە "گروپی تیرۆریستی و دابڕاو" ناو دەبات و تۆمەتباریان دەکات بە هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل بەتایبەت لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکان کە لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولدا لە شارەکانی ئێران روویاندا.

بەپێی راپۆرتی سایتی فەرمیی ئێران "ئیرنا"، عەلی شەمخانی، لە دیدارێکدا لەگەڵ قاسم ئەلعەرەجی، حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان بە هۆکاری "نائەمنی" لە ناوچەکە دەزانێت و جەختیشی لەوە کردەوە کە جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنی دەتوانێت بە شێوەیەکی تەواو و بنەڕەتی کۆتایی بە "کارە خراپەکانی ئەم گروپانە" بهێنێت.

بەپێی راپۆرتەکەی "ئیرنا" ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لەم کۆبوونەوەیەدا دووپاتی کردووەتەوە بەغدا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان ئێران و عیراق و "رێگە بە هیچ گروپ و وڵاتێک نادات خاکی عێراق بەکاربهێنێت بۆ زیانگەیاندن بە ئاسایشی ئێران".

هەر بەپێی قسەکانی شەمخانی رێگریکردن لە بەردەوامیی چالاکییەکانی ڕێکخراوە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکانی ئێران لە ناوچەکە بۆ تاران زۆر گرنگە.

جگە لەوەش، بەگوێرەی ڕاپۆرتی "نور نیوز" سکرتاریەتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران، لە وتارێکدا ڕۆژی یەکشەممە بڵاویکردبووەوە، کە ئەو رێککەوتنە "قۆناغێکی یەکلاکەرەوەیە لە کۆتاییهێنان بە ئەو کەسانەی پێشێلی یاسا دەکەن".

لە چەند مانگی ڕابردوودا تاران گوشارەکانی لەسەر حکومەتی عێراق و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان زیاد کرد بۆ کۆتاییهێنان بە چالاکییەکانی لایەنە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن لە عێراق و سوپای پاسدارانی ئێرانیش چەندین جار ئەو لایەنانەی کردە ئامانج و ناوچەکانیانی تۆپباران کرد و زیانی گیانی و ماددی بەو ناوچانە گەیاند.

یەکشەممەی رابردوو، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق پێشوازی لە عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و شاندی یاوەری کرد، لە دیدارەکەدا گفتوگۆکردن لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و بارودۆخی ئەمنی و سیاسی ناوچەکە و هەنگاوەکانی باشترکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان بوو.

لە میانی دیدارەکەدا سەرۆک وەزیرانی عیراق ڕەتیکردەوە خاکی عیراق ببێتە پردی پەڕینەوە بۆ دەستدرێژیکردنە سەرسەقامگیری و ئاسایشی هیچ یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ.

ژ.م
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان