راپۆرت

ئایا هیواکان بۆ چاوپێکەوتنی ئەردۆغان و ئەسەد لەبارچوون؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئایا هیواکان بۆ چاوپێکەوتنی ئەردۆغان و ئەسەد لەبارچوون؟
مەودا میدیا-

پێشبینی دەکرا لەم مانگەدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا چاوپێکەوتن و دیدارێک ئەنجامبدەن, رۆژی 13ی ئازار ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ بڵاویکردەوە، نوێنەران و شاندی وەزارەتەکانی دەرەوەی ئێران، رووسیا، سوریا و تورکیا لە رۆژانی 15 و 16ی ئازار لە مۆسکۆ کۆدەبنەوە. هەروەها میخائیل بۆگدانۆڤ، بریکاری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بەو کۆبوونەوەیەی کە بڕیار بوو لەم رۆژانەدا لە مۆسکۆ بەڕێوە بچێت رایگەیاند "ئەم کۆبوونەوەیە لەسەر ئاستی جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی ئەم چوار وڵاتە دەبێت".

زانیارییە سەرەتاییەکان ئەوە دەردەخات ئەم کۆبوونەوە چوارقۆڵییە بەشێک بێت لە پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سوریا بە نێوەندگیری ئێران و رووسیا. پێشبینی دەکرا ئەم پرۆسەیە لە کۆتاییدا بە دیداری بەشار ئەسەد و رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆتایی پێبێت و هەنگاوێکی گەورە لە ئاساییکردنەوەی پێگەی سوریا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بنرێت، بەڵام لە سەروبەندی ئەم کۆبوونەوەیەدا تورکیا لەناکاو کشایەوە و بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، بە هۆکاری تەکنیکی کۆبوونەوەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە.

پێدەچێت هۆکاری ئەم دواخستنە سەردانەکەی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا بێت بۆ مۆسکۆ و ئەو قسانەی کە لە دوو چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا سەبارەت بە تورکیا کردوویەتی. لەو چاوپێکەوتنەدا ئامانجی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ تورکیا خستووەتە ژێر پرسیارەوە.

 
ئەسەد و بێ هیواکردنی ئەردۆغان
لە 15ی ئازاردا بەشار ئەسەد لە دیمەشقەوە بە فڕۆکەیەکی تایبەتی ئیلیوشین ئیل 62 کە خاوەندارێتی وەزارەتی بەرگریی رووسیا بوو بەرەو فڕۆکەخانەی ڤنۆکۆڤا لە مۆسکۆ گەشتیکرد بۆ ئەوەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا کۆببێتەوە و گفتوگۆ بکات.

دوابەدوای ئەم دیدارە، لایەنی سوری رایگەیاند "ئەگەر دەستپێشخەرییەکان لەناوچەکەدا لە مۆسکۆوە پاڵپشتیی بکرێن لە بەرژەوەندی گەلی سوریا، یەکگرتوویی و یەکپارچەیی خاکی هەردوولا، بە گەرەنتیکردنی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و کشانەوەی وڵاتانی بیانی و دەستێوەرنەدانیان لە خاکی سوریا، ببێتە هۆی ئەنجامێکی روون لەکۆبوونەوەکاندا، ئەوا دیمەشق پشتگیری لە هەر گفتوگۆیەک دەکات کە ئەنجامبدەرێت". لای خۆشییانەوە بەشێک لە شارەزایان، مەبەستی قسەکانی ئەسەدییان بۆ تورکیا گەڕاندەوە.

ئەسەد هەروەها لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی سپۆتنیک، جەختی لە پاڵپشتیی خۆی بۆ هەوڵەکانی روسیا بۆ نێوەندگیریکردنی دانوستانەکان لەگەڵ تورکیا کردەوە و وتی: رووسیا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەردوولا تورکیا و سوریا هەیە. لە هەمانکاتدا متمانەمان بە رووسیا هەیە، چونکە وەک نێوەندگیرێک مامەڵەی کردووە بۆ ئاسانکاری پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیادا، بەڵام لە هەمان کاتدا پێشمەرجێکی ناڕاستەوخۆی بۆ دیدار لەگەڵ ئەردۆغان باسکرد، ئەویش کشانەوەی هێزەکانی تورکیایە لە باکووری سوریا.

هەرچەندە لە 16ی ئازاردا، وتەبێژی کرێملین رایگەیاند، راوێژکارییەکان بۆ ئامادەکردنی زەمینە بۆ کۆبوونەوەی نێوان سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی رژێمی سوریا هێشتا لە ئاستە نزمەکاندا بەردەوامە، بەڵام پەیامەکەی ئەسەد روون بوو و "داوای کشانەوەی تورکیای لە باکوری سوریا کرد" بابەتێک کە ئەسەد لە چاوپێکەوتنێکی دیکەدا دوبارەی کردەوە کە هەمان رۆژ لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی رووسیدا کردبووی.

ئەسەد بە ئاماژەدان بە پشتیوانی تورکیا بۆ گرووپە تیرۆریستییەکانی دژبەری رژێمی دیمەشق وتیشی "ئەنقەرە پێویستە هەر پشتیوانییەک بۆ تیرۆر رابگرێت" و ئاماژەی بەوەشدا، ئەمە تەنها رێگەیەکە کە بتوانێت وای لێبکات لەگەڵ ئەردۆغان کۆببێتەوە. لەم چاوپێکەوتنەدا ئەسەد پرسیاری کرد: ئەم کۆبوونەوەیە چ سوودێکی هەیە ئەگەر شەڕی سوریا نەگەیەنێتە ئەنجامێکی کۆتایی و بۆچی بەڕێوەدەچێت؟

هاوکات بەشێک لە میدیاکانی تورکیا باسیان لەوە کردووە، لە کاتێکدا رووسیا پشتگیری لە هەنگاوەکانی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سوریا دەکات و هەوڵدەدات ڕۆڵی هەبێت لە بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە، بەڵام ئەمەریکا دەڵێت "کاتی گونجاو نییە" بۆ ئاساییکردنەوەیەکی لەو شێوەیە لەگەڵ دیمەشق.

ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە سایەی هەڵبژاردندا
لەکاتێکدا ئەسەد بۆ دیدار لەگەڵ ئەردۆغان مەرجی پێشوەختەی دانا کە سەرۆک کۆماری تورکیا لە 23ی تشرینی دووەمی 2022 وتبووی: "ئەگەری کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەسەد هەیە و نییە و سیاسەتیش بە زۆر ناکرێت، بەڵام لە کۆتاییدا ئێمە هەر هەنگاوی خۆمان دەنێین".

هەر لەو رۆژانەدا بەرپرسێکی لوبنانی بە ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشێتد پرێسی راگەیاندبوو، کۆبوونەوەکانی نێوان بەرپرسە پلە نزمەکانی سوریا و تورکیا لە ئارادایە. ئاماژەی بەوەش کردووە، لە پەیامێکدا ئەردۆغان داوای لە ئەسەد کردووە سوپای سوریا بهێنێتە ئەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنتڕۆڵی کوردەکاندایە.

رێگریکردن لە هێزە چەکدارە کوردەکان بۆ گەیشتن بە گاز و نەوتی ناوچەکە و هەروەها نەهێشتنی چالاکی و شەڕی چەکداری، بەشێکن لەو بابەتانەنەی پاڵنەرن بۆ ئەنقەرە کە داوای هاتنە ناوەوەی سوپای سوریا بکات بۆ ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی کوردەکاندایە.

لە هەمانکاتدا پرسێک کە بە تووندی کاریگەری لەسەر دۆخی ناوخۆی تورکیا هەیە، پرسی پەنابەرانی سوریایە لە تورکیا، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سوریا یەکێکە لەو هەنگاوانەی کە دەتوانێت یارمەتی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سوریا بۆ وڵاتەکەیان بدات.

هەردوو ئەردۆغان و کەمال کلیچدارئۆغڵو کە رکابەری سەرەکی و سەرسەختی یەکترن لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا، پرسی پەنابەران و گەڕانەوەیان بۆ سوریا کردووەتە یەکێک لە بابەتە گەرمەکانی هەڵبژاردن و کۆکردنەوەی دەنگ بۆ خۆیان.

دەرەنجامە ئەرێنیەکان لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و سوریا بۆ ئەردۆغان لە ناو تورکیادا هێندە بە گرنگییەوە باسی لێوەکرا کە فەهیم تاشتکین یەکێک لە شرۆڤەکارانی تورکیا لە پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت "لەبەر ئەوەی ڤلادیمێر پوتین لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکانی تورکیادا هەوڵدەدات هاوکاری ئەردۆغان بکات، هەر بۆیە بە گرنگییەوە سەیری ئەو بابەتە و کۆبوونەوەکان دەکرێت و وروژێنراوە".

رەگ و ریشەی گرژیی نێوان سوریا و تورکیا
لەدوای دەستگیرکردنی چەند خوێندکارێک لە "درعا" لە مانگی ئازاری ساڵی 2011، توڕەیی گەلی سوریا لەدژی سیستمی سیاسی ئەو وڵاتە دەرکەوت، رووسیا و ئێران پشتیوانیان لە حکومەتی دیمەشق کردووە لەو ناڕەزایەتیانەی بووە هۆی شەڕی ناوخۆ لە سوریا. لە لایەکی دیکەوە تورکیا لەگەڵ چەند وڵاتێکی عەرەبی باشووری کەنداوی فارس وەک قەتەر و سعودیە پشتیوانییان لە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕژێمی ئەسەد کرد.

لە راستیدا ئەوە لاوازی دەسەڵاتی ناوەندی لە سوریا بوو کە بووە هۆی ئەوەی زۆرێک لە وڵاتان و گروپەکان بچنە ناو ئەم شەڕەوە. تورکیا وەک وڵاتێک کە سنووری وشکانی 877  کیلۆمەترە، زۆر کاریگەری ئەم دۆخەی لەسەر بوو و ویستی رۆڵی هەبێت لە پرۆسەی داڕشتنی داهاتووی سیاسی سوریادا. بۆیە ئەردۆغان لە وەرچەرخانێکی 180  پلەدا ئۆپۆزسیۆنی نوێی سوریای لە هاوپەیمانی ساڵانی پێشووی پێ باشتر بوو و لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا داوای دوورخستنەوەی ئەسەدیان کرد.

لە کاتی شەڕدا تورکیا پشتیوانی لە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان دەکرد بۆ رووخاندنی ئەسەد، لە هەمانکاتدا تورکیا بووبوو بە شوێنی چالاکی چەکدارانی داعش، لەو ساڵانەدا راپۆرتی چالاکییەکانی ئەو هێزانە لە تورکیا بڵاودەکرانەوە، هەروەها زانیاری لەسەر پشتیوانی حکومەتی تورکیا بۆ ئەو هێزانە لە ناوخۆی سوریادا بڵاودەکرانەوە بەوەی حکومەتی ئەنقەرە هەمیشە رەتیکردۆتەوە، بەڵام لە ساڵی 2015 و لە سەردەمی سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان و ئەحمەد داود ئۆغڵو، سەرۆک وەزیرانی تورکیا سوپای تورکیای بۆ یەکەمجار لە کاتی ئۆپەراسیۆنی "شا فورات"دا ناردە ناو خاکی سوریاوە، تورکیا ڕایگەیاند، ئەم ئۆپەراسیۆنەی بۆ گواستنەوەی گۆڕی سلێمان شا دەستپێکردووە.

گڵکۆی سلێمان شا کە باوکی عوسمان (دامەزرێنەری ئیمپراتۆریەتی عوسمانی)یە، دەکەوێتە ناوچە سنوورییەکانی ئەو دوو وڵاتە لە خاکی سوریا و بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات بە بەشێک لە خاکی تورکیا دادەنرێت. گەمارۆدانی ئەم گۆڕە لەلایەن داعشەوە بووە هۆی ئەوەی تورکیا لە ساڵی 2015 بچێتە ناو سوریا بۆ گواستنەوەی.

سوپای سوریا نەک هەر دوای کۆتایی هاتنی ئۆپەراسیۆنی گواستنەوەی گۆڕەکە سوریای بەجێنەهێشت، بەڵکو لە ساڵی 2016 ەوە تا ئێستا چوار ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی لە باکوری سوریا ئەنجامداوە، لە ساڵی 2016 ئۆپەراسیۆنی "قەڵغانی فورات" لە جەرابلوس و ئەلباب و حەلەب، لە ساڵی 2018 ئۆپەراسیۆنی "لقی زەیتون" لە عەفرین و حەلەب، لە ساڵی 2019 ئۆپەراسیۆنی "کانیاوی ئاشتی" لە ڕەسوڵولڵا و تەل ئەبید، و لە ساڵی 2020 دا ، "قەڵغانی ئاشتی" کە لە ئیدلب ئەنجامدرا.

 دوای ئەم چوار ئۆپەراسیۆنە، سەرۆکی تورکیا پێویستی فراوانکردنی ناوچەی پاراستنی ئارامی لە پێنج کیلۆمەتر لە ناوخۆی سوریاوە بۆ 20 کیلۆمەتر راگەیاند و هەڕەشەی کرد: "شەوێک لەپڕ دێین". هەروەها له کاتی شەڕدا ئەڕدۆغان وشه ی وه ک "بکوژ" و "تیرۆریست"ی بۆ ئه سەد بەکارهێنا و چەندین جار دووپاتی کردەوە کە دەڕوخێندرێت.

ئایا دەکرێت دوو سەرۆک کۆببنەوە؟
سەرەڕای زیاتر لە دە ساڵ دوژمنایەتی نێوان هەردوو وڵات، لە ساڵی2020 یەکەم نیشانەکانی گۆڕینی رێڕەویی ئەنقەرە بەدیکرا، کە تەنها لە سوریادا سنووردار نەکرابوو، ئەمساڵ سیاسەتی دەرەوەی تورکیا رووی کردە پڕۆسەی ئاسیبوونەوە لەگەڵ ئەو وڵاتانەی پەویوەندیی لەگەڵیان ئاسایی نەبوو، وەک ئیسرائیل، میسر و ئەرمینیا.

هاوکات لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا باسی پرسی دیمەشقیش کرا، چاوشئۆغڵو لە مانگی ئابی 2022 لە وتارێکدا رایگەیاند، لە ئۆکتۆبەری 2021 لەگەڵ فەیسەڵ میقداد وەزیری دەرەوەی سوریا کۆبووەتەوە، لەو رۆژەوە ئاماژەکان لە ئەنقەرەوە وەک هەڕەشەی جیاواز جیاواز دەنێردرا بۆ سوریا ئەنجامدانی پرۆسەی ئاساییکردنەوە لەگەڵ دیمەشق.

بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن تەنها تورکیا نییە هەوڵی باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا دەدات، بەڵکو هەمان سیگناڵ لە وڵاتانی دیکەی عەرەبی کەنداوی فارسیشەوە دەبیسترێت، چونکە زۆرێک لەو وڵاتانە واهەست دەکەن دۆخی سوریا بەرەو سەقامگیری دەڕوات.

ئەم پرسە وایکردووە هاوپەیمانی نیشتمانیی هێزەکانی شۆڕشگێڕ و ئۆپۆزسیۆنی سوریا بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک بە بۆنەی 12 ساڵەی دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکانی ئەو وڵاتە رابگەیەنن، لەبەیاننامەکەدا هاتووە "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوپۆشی لە تاوانەکانی رژێمی بەشار ئەسەد دەکات و بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە گواستنەوەی حکومەتەکەی ئەسەد لەبەرچاو ناگرێت".

ئێستا ئیترتورکیا بەشێکە لەو بلۆکە کە دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاسایی بکاتەوە. حکومەتی ئەنقەرە هۆکاری خۆی هەیە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەم وڵاتە، بەتایبەت کە لەکاتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدایە کە بوونی سێ ملیۆن و 700هەزار پەنابەری سووری لە تورکیا ناڕەزایی زۆری لای هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە لێکەوتووەتەوە لەبەر ئەوەی خۆیان لە بارودۆخی ئابووری خراپدان و ئاوارەکانیش بەبەشێک لەخراپی ئەو باردۆخە دەزانن.

کۆبوونەوەی ئەردۆغان و ئەسەد و کۆتاییهاتنی دانوستانەکان بۆ دانانی پلانێک بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سوریا لە کاتێکدایە کە دروشمی "حکومەت، دەستلەکارکێشانەوە" لە هەندێک ناوچەی تورکیا دەبیسترێت، بەڵام ئەنجامی ئەو کۆبوونەوانە  لەوانەیە بتوانێت ئاستی ناڕەزایەتییەکان کەمبکاتەوە، بە جۆرێک لە جۆرەکان گەرەنتی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی تورکیا دەکات بۆ ئەردۆغان، بەڵام پێدەچێت ئەسەد ڕێگە بە ئەردۆغان نەدات ئەم کارتە بە ئاسانی بەکاربهێنێت و کۆبوونەوەی نێوان هەردوو سەرۆکی سوریا و تورکیا پێناچێت لە ئێستادا ئەنجامبدرێت چونکە ئەم گفتوگۆیە لە کاتێکی خراپدا داواکراوە و لەوانەشە روسیاش بە نێوەندگیریی خۆی نەتوانێت هاوکار بێت بۆ ئەنجامدانی. لەلایەک تورکیا دەیەوێت حکومەتی سوریا سوپا بگەیەنێتە ئەو ناوچانەی لە باکوری ئەو وڵاتە لەژێر کۆنترۆڵی کورددان و لەلایەکی ترەوە سوریا دەیەوێت تورکیا لە خاکەکەی بکشێتەوە و ئەو ناوچانە چۆڵ بکات کە هێزی ئەوانی لێیە.
 
ژ.م
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن


News

ئیتر براکان دەستی یەکتر ناگرن

لەلایەن سۆزان حەمەتاتە