چاوپێكەوتن

شیروان میرزا: بە رێکنەکەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا ئابووریی هەرێم تووشی داڕمان دەبێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


شیروان میرزا: بە رێکنەکەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا ئابووریی هەرێم تووشی داڕمان دەبێت
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

ئەندامێکی پێشووی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت بە هەرشێوەیەک بێت دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عیراق رێکبکەوێت لەسەر چۆنیەتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بە ئاگاداری و رەزامەندیی عیراق، ئاماژە بەوەشدەکات بە رێکنەکەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عیراق ئابووریی هەرێمی کوردستان تووشی داڕمان دەبێت.

شیروان میرزا، ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەبارەی بڕیارەکەی دادگای پاریس لەسەر پرسی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا وەڵامی پرسیارەکانی مەودا میدیا دەداتەوە.

حکومەتی عیراق لەسەر چ بنەمایەک سکاڵای لەسەر تورکیا تۆمارکرد؟
شیروان میرزا: ئەم بابەتە کۆنە سکاڵایەکی حکومەتی عیراقە لە حکومەتی تورکیا لەسەر بەکارهێنانی ئەو بۆریە نەوتەی کە لە ناوخۆی تورکیاوە نەوت دەگوێزێتەوە بۆ بەندەری جەیهان، چونکە ئەم بۆرییە هی عیراقە بەپێی رێککەوتنی ساڵی 1973 لەنێوان عیراق و تورکیا کە تەنها حکومەتی عیراق مافی ناردنی نەوتی هەیە لەو بۆریەوە، کاتێک حکومەتی عیراق زانی هەرێمی کوردستان و تورکیا رێککەوتوون لەرێگەی ئەو بۆرییەوە نەوت دەگوازنەوە، بۆیە عیراق لە دادگای ناوبژیوانی پاریس سکاڵای تۆمارکرد و دوو مانگ پێش ئێستا بڕیاری راگرتنی نەوتی هەرێم درا بۆ تورکیا، بەڵام دوێنێ شەممە 25ی ئاداری 2023 بڕیارەکە راگەیەندرا و تورکیا پابەندبوونی راگەیاند بە بڕیارەکە.

پابەندبوون بەم بڕیارەوە چۆنە؟
شیروان میرزا: پابەندبوون واتە نەهێشتنی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەبێ رەزامەندیی عیراق، دوو رۆژە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا راگیراوە، بۆیە ئەمڕۆ شاندێکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەسەر ئەو پرسە گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عیراق دەکات.

مەرجە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا رێبکەوێت؟
شیروان میرزا: بە هەرشێوەیەک بێت دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عیراق رێکبکەوێت لەسەر چۆنیەتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بە ئاگاداری و رەزامەندیی عیراق، ئەگەر نا تورکیا ئامادە نییە چیتر کارێکی نایاسایی بکات لەبەر خاتری هەرێمی کوردستان.

بە رێککەوتنی حکومەتی عیراق و هەرێمی کوردستان چ رێکارێک دەگیرێتەبەر؟
شیروان میرزا: ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان رێکبکەوێت لەگەڵ حکومەتی عیراق کێشە دروستنابێت، بە تایبەت ئەگەر لە یاسای بودجەدا رێکارێکی گونجاو دابنرێت بۆ فرۆشتنی نەوت و دانانی پارەکەی لە بانکێک و راکێشانی پارەکە لە دەسەڵاتی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بێت، ئەمەش رێکارێکی باشە و دۆخی هەرێمی کوردستان باشتردەبێت.

ئەی بە رێکنەکەوتنی حکومەتی هەرێم و بەغدا چی روودەدات؟
شیروان میرزا: بە رێکنەکەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عیراق ئابووریی هەرێمی کوردستان تووشی داڕمان دەبێت، چونکە ئەگەر تورکیا نەبێت هەرێم نەوتەکەی بەکێ بفرۆشێت، بۆیە تەنها رێگەچارە رازیبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بەو بڕیارە.

دادگاى پاریس بڕیارى لەبارەى ئەو سکاڵایەوە داوە کە عیراق لە ساڵى 2014 تۆمارى کردووە، ئەویش دژى فرۆشتنى نەوتى هەرێم بووە بە تورکیا لەڕێگەی بەندەرى جەیهانەوە، بەپێی بڕیارەکە بێت دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بە چاودێری و رەزامەندی حکومەتی عیراق نەوت بە تورکیا بفرۆشێت.

س،ر
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان