راپۆرت

ئەردۆغان بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی بەنیازی چییە؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئەردۆغان بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی بەنیازی چییە؟
مەودا میدیا-
 

زۆرجار گەشتیاران لە تورکیا کاتێک سەیری چێشتخانەکانی ئەو وڵاتە دەکەن و دەبینن جمەی دێت لە خەڵک، سەریان سووڕدەمێنێت کە باسی کێشەی ئابووری لە وڵاتە دەکرێت، دواجار بۆیان دەردەکەوێت کە ئەوە رواڵەتی کۆمەڵگای تورکیایە فریودەر دەردەکەوێت. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی قەرەباڵغی چێشتخانەکانی تورکیا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە چینی مامناوەندی تورکیا پێیان باشە داهاتی ئەمڕۆ لە هەمان رۆژدا خەرج بکەن لەبری ئەوەی پارەکەیان بفەوتێت و چاوەڕێی هەڵاوسانی سەرووی %55 بکەن و رۆژی دواتر پاشەکەوتەکەیان هیچ بەهایەکی نەمێنێت.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بە کەمکردنەوەی رێژەی سوود و بەهای لیرە، هیوای خواست ئابووری وڵاتەکەی بەهێزتر بکات بە هەرزانکردنی هەناردەکردن و هاندانی خەڵک بۆ بەرهەمی ناوخۆ، بەڵام ئەم هەنگاوەی ئەردۆغان سەرکەوتوو نەبوو. هاوکات وەزیری دارایی حکومەتەکەی ئەردۆغان بەڵێنی دابوو بە "پلانی نوێی ئابووری تورکیا" پێش هەڵبژاردنەکان هەڵاوسان بگەیەنێتە کەمترین ئاستی خۆی، بەڵام باردۆخەکە بەوجۆرە نییە کە ئەوان پلانیان بۆ داڕشتبوو.

هاوردەکردن کە ئێستا تێچووەکەی بۆ حکوومەت زۆرە، پێویستییە و نرخی هەناردەکردنی هێناوەتە خوارەوە و ئەوەش گەورەترین کورتهێنانی لە تورکیا دروستکردووە کە لەماوەی 40 ساڵی رابردوودا هاوشێوەی نەبووە. 

دۆخی خراپی ئابووری، هاوکات لەگەڵ کاریگەریی ئەو بوومەلەرزانەی کە لە سەرەتای مانگی شوباتدا کە گیانلەدەستدانی زیاتر لە 50 هەزار کەسی لە باشووری تورکیا بەدوای خۆیدا هێنا، ئاسۆی سەرکەوتنی ئەردۆغانی لە هەڵبژاردنەکاندا تاریک کردووە.

بەپێی ڕاپرسییەکان، لە ئێستادا ئەردۆغان بەلایەنی کەمەوە چوار خاڵ لەداوی کەمال کلیچدارئۆغڵو کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن بۆهەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیاوەیە.

هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە 14ی ئایار بەڕێوەدەچن و ئەگەرهیچ یەک لە کاندیدەکان  زۆرینەی رەهای لە کێبڕکێی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بەدەست نەهێنا ئەوا لە 28ی ئایاردا خولی دووەمی هەڵبژاردنەکان بەڕێوەدەچێت.

لە لایەکی دیکەوە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لەو باوەڕەدان دەرفەتێکی مێژووییان دەستکەوتووە بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان. لەو سونگەوە لە 22ی ئازاربوو کە هەدەپە رایگەیاند، کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری ناخاتە روو و پشتیوانی کلیچدار ئۆغڵو دەکات بۆ ئەوەی دەنگی نەیارانی حکومەتەکەی ئەردۆغان ببەن بۆخۆیان.

 
ئەردۆغان بەنیازی هاوکاری لەگەڵ جیهاندایە
ئاماژەکانی ئەردۆغان لەئێستادا بەرەو هاوکاری بۆ جیهانی دەرەوەی تورکیا دەڕوات. لە 17ی ئازاردا، هەوڵی فینلاند بۆ پەیوەندیکردن بە ناتۆی پەسەند کرد، ئەمە لە کاتێکدایە کە تورکیا لە ساڵی رابردووەوە رێگری لە ئەندامێتی فینلاند لە ناتۆ کرد بوو.

تورکیا هێشتا رێگە بە گواستنەوەی کاڵا لە خاكی وڵاتەکەیەوە بۆ رووسیا نادات، کارێک کە پێشتر کێشەیەکی زۆری لە نێوان ئەم وڵاتە و هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ دروست کرد بوو.

ئەردۆغان لەم دواییانەدا داوای لە مەهمەت شیمشەک، یەکێک لە تەلارسازەکانی تورکیا کرد پەیوەندی بە تیمەکەیەوە لە حکومەت بکاتەوە، جێگەی باسە لە ساڵی 2018 ئەردۆغان لەبری شیمیشک، زاواکەی خۆی وەک وەزیری دارایی تورکیا دانا.

لەلایەکی دیکەوە حکومەتی تورکیا مەزەندە دەکات کە ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی بوومەلەرزە لێدان زیاتر لە 100 ملیار دۆلاری پێویستە هەرچەندە بەشێکی زۆری ئەم پارەیە دەبێت لە رێگەی وڵاتانی رۆژئاواوە دابین بکرێت، هەر بۆیە ئەردۆغان هۆکار و بیانووی زۆری لەبەردەستە بۆ چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وەبەرهێنەرانی بیانی و هاوپەیمانەکانی.

دواکەوتنی قەرەبووکردنەوە و وەڵامدانەوەی حکومەت بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی تورکیا پاڵپشتی بۆ ئەردۆغان و پارتی داد و گەشەپێدان کەمکردۆتەوە. ڕەهەندەکانی ئەم کارەساتە گۆڕاون و لە ئێستادا ئەم چیرۆکە وەک نیعمەتێکە بۆ نەیارانی.

 
پەنابردن بۆ "هەڕەشەکان دژی ئاسایشی نەتەوەیی" بۆ مانەوە لە دەسەڵات
ئەردۆغان بە ئاماژەدان بە هەڕەشەکان بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی، وەک سەرۆکێکی سەردەمی جەنگ خووی بە بانگەشەی هەڵبژاردنەوە گرتووە وەک ئەوەی لە کاتی کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی 2016 روویدا و ئەردۆغان ئۆپۆزسیۆنی بە خیانەت تۆمەتبار کرد و رۆژئاوا و سەرمایەدارەکانی بە پیلانگێڕی دژی تورکیا تۆمەتبارکرد.

سەلیم کۆرۆ، شرۆڤەکاری دامەزراوەی توێژینەوەی سیاسەتی ئابووری تورکیا دەڵێت، رەنگە ئەو بژاردەیە رووبەڕوو بوونەوەیەکی نوێ لەگەڵ یۆنان بێت لەسەر سنوورە دەریاییەکان. هەڵبژاردن لە یۆنان کە ئێستا چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی ئایاردا ئەنجامبدرێت مەترسیی ناکۆکی دروست دەکات. کۆرۆ بە ئاماژەدان بە ئەردۆغان و بازنەکەی دەوریی دەڵێت: "دڵنیام نیم ئەم کەسانە بە هێمنی و بێدەنگ بڕۆن".

 
ئەردۆغان بە پێدانی ئیمتیازاتی ئابووری سەرقاڵی کۆکردنەوەی دەنگە
لەماوەی سێ مانگی ڕابردوودا، حکومەتی تورکیا کەمترین مووچەی مووچەخۆرانی بەرێژەی 55% زیادکردووە و یاسایەکیشی دەرکردووە کە ملیۆنان تورک خانەنشینی پێشوەختە بیانگرێتەوە. رەنگە ئەردۆغان لە مانگی رەمەزاندا کە لە 23ی ئازارەوە دەستیپێکردووە هاوکاری زیاتر رابگەیەنێت، بەڵام گەورەترین هیوای ئەو ئەوەیە کە ئابووری ساڵی رابردوو بە رێژەی لە %5.6 گەشەی کردووە، ئەو گەشەکردنەی تا رادەیەکی زۆر بەهۆی پێدانی پێشینەکان و زیادبوونی خواستی بەکاربەرانەوە بەدەست هاتووە.

لە ئێستادا ئەردۆغان جومگەکانی سیاسەتی ئابووری و دراوی تورکیای بەدەستەوەیە، بەڵام بە ئاراستەی پێچەوانەدا روشتوون. 

لەلایەکەوە رێگەیدا هەناردەکردن بگاتە 254 ملیار دۆلاری وهاوردەکردنیش بۆ 364 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە و بەرزترین ئاستی تۆمارکردووە. هەروەها کورتهێنان کە پێوەرە بۆ بەهای پارەی تورکیا لەگەڵ جیهاندا، لە مانگی یەکدا گەیشتە 10 ملیار دۆلار.

ئەگەرچی بۆ ئەوەی لیرە زیاتر لەوەی کە هەیە دانەزێت، دەسەڵاتدارانی تورکیا قەرزە بانکییەکانیان بە بەشەخۆراک قەرەبوو کردووە، دەیان ملیار دۆلاریان لە یەدەگی دەرەکی فرۆشتووە و خەزێنەی بانکی ناوەندییان بەتاڵکردووەتەوە. لیرە کە لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا 80%ی بەهای دۆلارەکەی لەدەستداوە، ئێستا جێگیر بووە، بەڵام پێشبینی دەکرێت مۆدێلەکەی ئەردۆغان تەنها زیان بە هەناردەکاران بگەیەنێت.

لەم نێوەندەدا ئەو خێزانانەی لە توێژی ناوەندن لەم باردۆخەی لە تورکیا هاتووەتە ئاراو زەرەرمەندن، لەلایەکی دیکەوە حکومەت هیچی نەکردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی بەرزبوونەوەی نرخی شتومەک و کاڵاکان. 

هەروەها لە 23ی ئازاری ئەمساڵدا، بانکی ناوەندی ئەو وڵاتە رێژەی سوودی وەک خۆی هێشتەوە کە لە سەدا %8.5 بوو ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی رێژەی هەڵاوسان لە تورکیا.


​ژ.م
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان