عارف قوربانی
دیوێكی دیكه‌ی بڕیاری دادگه‌ی نێوبژیوانیی نێوده‌وڵه‌تیی پاریس
له‌دوای بڕیاری دادگه‌ی نێوبژیوانیی نێوده‌وڵه‌تیی پاریس، تایبه‌ت به سكاڵای عیراق له‌سه‌ر توركیا بۆ رێگه‌دان به به‌كاربردنی بۆریی نه‌وتی (عیراق - جه‌یهان) بۆ به‌بازاڕكردنی نه‌وتی كوردستان، ئه‌گه‌ر له په‌یج و ئەكاونتی كه‌سیی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی هاوڵاتییه‌كه‌وه تاوەکو گوتاری میدیایی حزبه‌كان و هه‌ڵوێستی سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی فه‌رمیی به‌شێك له هێزه سیاسییه‌كان بڕوانیت، هه‌ست به دابه‌شبوونێكی گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ده‌كه‌یت به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا؛ به‌ره‌یه‌كیان چۆكیان شكاوه و به‌شێكیان به‌هاریان هێناوه‌ته ئه‌ژنۆ.
ئه‌وانه‌ی چۆكیان شكاوه، پێیانوایه ئه‌م بڕیاره نێوده‌وڵه‌تییه كۆتایی به‌وه ده‌هێنێت كورد مافی به‌سه‌ر سامانی سرووشتیی خاكه‌كه‌یه‌وه بمێنێت. به‌ره‌ی دووه‌میش شادومانن به‌وه‌ی ده‌ست و هه‌ژموونی به‌غدا به‌سه‌ر سامانی سرووشتیی كوردستاندا زاڵ ده‌كات و بۆ هه‌میشه (نه‌وت له ده‌ستی ئه‌و گرووپانه ده‌رده‌هێنێت كه بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان به‌كاریان بردووه).
زۆرترینی ئه‌و كاره‌كته‌ره سیاسی و په‌رله‌مانتار و نوخبه رۆشنبیر و میدیاكاره‌ی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه دژ به بڕیاری سه‌ربه‌خۆیی ئابووریی كوردستان بوون و به‌رده‌وام هان و دنه‌ی به‌غدایان ده‌دا بۆ دروستكردنی رێگری له‌به‌رده‌م سه‌ركه‌وتنی ئه‌و ستراتیژه‌ی كوردستان، ئێستا خۆیان به براوه ده‌زانن و لۆمه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد ده‌كه‌ن بۆ به قسه‌ی ئێمه‌تان نه‌كرد تاوەکو واتان به‌سه‌ر نه‌یەت. ئه‌وانه‌شی پشتیوانی ئه‌و ئاراسته‌یه بوون كه هه‌رێم ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر حسابی برسێتیی میلـله‌تیش بێت، سازشی ستراتیژی بۆ به‌غدا نه‌كات و نه‌چێته‌وه ژێر هه‌ژموونی ناوه‌ند، تووشی داڕووخان هاتوون و ئه‌گه‌ر دان به شكستی ئه‌و ئاراسته و سیاسه‌ته ئابوورییه‌شدا نه‌نێن، پێیان وایه وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مەریكا خیانه‌تیان لێكردوون و جارێكی دیكه كوردستانیان به ته‌نها جێهێشت.
به‌ڵام پێناچێت ئه‌م هاوكێشه‌یه هه‌روا به‌رده‌وام بێت، ره‌نگه كاتی زۆر نه‌بات سه‌ما و شادیی ئه‌وانه‌ی به‌هاریان هێناوه‌ته ئه‌ژنۆ، ببێته‌وه به شین، چونكه پێناچێت (ئه‌سڵی مه‌قسه‌د) له بڕیاری دادگه‌ی نێوبژیوانیی نێوده‌وڵه‌تیی پاریس بۆ ئه‌وه بێت رێگه له هه‌نارده‌ی سامان و وزه‌ی كوردستان بگرێت، ره‌نگه حه‌قیقه‌تی پشتی بڕیاره‌كه بۆ شه‌رعیه‌تپێدان و كردنه‌وه‌ی رێگەی گه‌یاندنی گازی كوردستان بێت به بازاڕه‌كانی جیهان.
راسته عیراق له مانگی چواری ساڵی 2014وه له‌م دادگه‌یه سكاڵای له‌سه‌ر توركیا تۆماركردووه. چه‌ند جارێك له‌لایه‌ن عیراق خۆیه‌وه سكاڵاكه سڕكراوه و كارا كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام پێویسته هه‌لومه‌رجی ئێستای جیهان و سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ (وزه) وه‌كو خۆی ببینین. هه‌روه‌ها له‌وه‌ش بگه‌ین كێ هه‌ژموونی به‌سه‌ر ئه‌م دادگه نێوده‌وڵه‌تییه‌دا زاڵه. ئه‌وكات به‌رچاومان روونتر ده‌بێت بۆ تێگه‌یشتن له ئامانجه نهبیندراوهكانی بڕیاری ئه‌م دادگه نێوده‌وڵه‌تییه.
ئه‌وه‌ی له جیهاندا ئیداره‌ی سیاسه‌تی وزه ده‌دات، به ته‌نها ئه‌و وڵاتانه نین كه به‌رهه‌می ده‌هێنن. ئه‌مەریكا و ئه‌وروپا تاوەکو ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر جڵه‌وی ئه‌م سیاسه‌ته‌یان كۆنترۆڵ كردووه. هه‌لومه‌رجی ئێستای جیهانی و به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌وان له‌وه‌دایه رێژه‌ی زیاتری نه‌وت بخرێته بازاڕه‌وه و رێگری له به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت بكه‌ن. به‌تایبه‌تیش دوای جه‌نگی رووسیا و ئۆكراینا، به‌هۆی ئه‌و سزا ئابوورییانه‌ی خستوویانه‌ته سه‌ر كه‌رتی وزه‌ی رووسیا، به‌رده‌وام گوشاریان له‌سه‌ر وڵاته دۆسته‌كانیان له‌ناو ئۆپیك ئه‌وه‌یه نه‌وتی زیاتر به‌رهه‌مبهێنن. بۆیه هیچ لۆژیك نییه له‌م بارودۆخه دژوار و پڕ له ململانێیه‌ی جیهان له‌سه‌ر نه‌وت، ئه‌مەریكا و ئه‌وروپا كارێك بكه‌ن هه‌نارده‌ی نه‌وت بۆ بازاڕه‌كانی جیهان كه‌م بكرێته‌وه.
گه‌رچی هه‌رێمی كوردستان سه‌رچاوه‌یه‌كی گه‌وره‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت نییه، به‌ڵام بۆ ئه‌م دۆخه جیهانییه‌ی ئێستا، نزیكه‌ی 500 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه، كاریگه‌ریی زۆری به‌سه‌ر نرخ و سیاسه‌تی وزه‌ی جیهانییه‌وه ده‌بێت. ئه‌گه‌ر بڕیار بێت رێگری له هه‌نارده‌ی نه‌وتی كوردستان بكرێت، هاوكێشه‌كان به زیانی ئه‌مەریكا و ئه‌وروپا ده‌كه‌ونه‌وه. هه‌رچه‌نده به‌پێی هه‌ندێک راپۆرتی نێوده‌وڵه‌تی پێناچێت زۆر ته‌با بن له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت و دۆخی ناوخۆیی ئێستای هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه نییه خۆڵ به‌سه‌ر خۆیاندا بكه‌ن.
به‌پێچه‌وانه‌وه، ئه‌وان چاویان له‌وه‌یه هه‌رێمی كوردستان رۆڵی زیاتر بگێڕێت له پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ی به‌هۆی گه‌مارۆ له‌سه‌ر وزه‌ی رووسیا بۆ ئه‌وروپا دروستبووه. له ماوه‌ی ئه‌م سیازده مانگه‌ی جه‌نگی رووسیا و ئۆكراینا، چه‌ندین نێرده‌ی ئه‌وروپی و ئه‌مەریكی تایبه‌ت بۆ پرسی گازی كوردستان سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان و عیراقیان كردووه و ده‌یانه‌وێت رێگەیه‌كی ئاسان و سه‌لامه‌ت بۆ گه‌یاندنی گاز له كوردستانه‌وه بۆ ئه‌وروپا بدۆزنه‌وه كه هیچ كه‌س نه‌توانێت هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه بكات (مه‌گه‌ر به‌سه‌ر لاشه‌ی مندا گازی كوردستان هه‌نارده بكرێت). بۆیان ده‌ركه‌وت له ناوخۆی هه‌رێمی کوردستان و له عیراقیشه‌وه دژبه‌ری زۆر هه‌ن بۆ هه‌نارده‌كردنی گازی كوردستان.
به‌هۆی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ئه‌مەریكا له مامه‌ڵه‌كردن به دۆلاری ئه‌مەریكی به‌رانبه‌ر عیراق گرتیه‌به‌ر، تاوەکو ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر لایه‌نه (عیراقییه‌كانی سه‌ر به ئێران) له‌وه تێگه‌یشتن ناتوانن له‌وه زیاتر دژ به ستراتیژی ئه‌مەریكا بن له ناوچه‌كه. بۆیه به‌دوور نازانرێت رێككه‌وتنی عیراق و ئه‌مەریكا كه (فوئاد حوسێن) عهڕابهكهی بوو، ئه‌وه‌ی لێكه‌وتبێته‌وه به ئاگاداریی عیراق و توركیا بڕیاری دادگه‌ی نێوبژیوانیی نێوده‌وڵه‌تی له پاریس ئه‌و رێگەیه بێت كه ئه‌مەریكا و ئه‌وروپا به‌دوایدا ده‌گه‌ڕان به‌هۆیه‌وه گازی كوردستان بگاته ئه‌وروپا.
ئه‌وروپی و ئه‌مەریكییه‌كان كێشه‌یان نییه كێ پاره‌كه‌ی وه‌رده‌گرێت، هه‌رێم یان به‌غدا، یاخود به هاوبه‌شی به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن. ئامانجی رۆژئاواییه‌كان ده‌ستخستنی نه‌وت و گازهكهیه. ئه‌و گوشارانه‌ی له‌ئێستاشدا له‌سه‌ر توركیا و عیراق هه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به چاودێری و ئاگاداریی عیراق وزه‌ی كوردستان بگاته‌وه بازاڕه‌كانی جیهان، به دیوێكی دیكه‌دا لابردنی ئه‌و كۆسپ و تهگهرهیهیه كه له شوباتی ساڵی رابردوو دادگەی فیدراڵیی عیراق له‌ژێر گوشاری سیاسیی لایه‌نی ده‌ره‌كیی دژ به وزه‌ی كوردستان ده‌ریكرد.
بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌و ئاراسته دروسته‌ی عیراق و هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و رێككه‌وتن ده‌بات سه‌ركه‌وتوو بێت كه عیراق ره‌زامه‌ندیی فه‌رمی بدات به ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت و وزه‌ی كوردستان بۆ بازاڕه‌كانی جیهان و ئیداره‌یه‌كی هاوبه‌ش بۆ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌موو سامانی عیراق دروستبكه‌ن، كوردستان ده‌باته قۆناغێكی گهشهكردووترهوه و ره‌نگه تاوەکو ئه‌ندازه‌یه‌ك جۆرێك دڵنیایی دروستبكات بۆ مووچه‌خۆران و بووژاندنه‌وه‌ی بازاڕ و ژێرخانی هه‌رێمی كوردستان.
خ.غ