تەکنەلۆژیا

چین دەیەوێت باڵەخانە لەسەر مانگ بنیادبنێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


چین دەیەوێت باڵەخانە لەسەر مانگ بنیادبنێت
مەودا میدیا- شادان عەلی

لە رێگەی بەركارهێنانی بەرنامە تەكنەلۆژییەكانی، چین لە پلانیدایە لەسەر مانگ زیاتر بكۆڵیتەوە بە مەبەستی بەكارهێنانی تەكنەلۆژیای پرینتكردنی وێنەی سێ رەهەندیی بۆ بنیادنانی باڵەخانە لەسەر رووی مانگ، ئەوەش بەپێی میدیای چین و رۆژنامەی زانستیی وڵاتەكە.

ئاژانسی شینهوا-ی چین، 24ی نیسانی 2023  لەسەر زاری رۆژنامەی چاینا دەیڵی وڵاتەكەیەوە بڵاویكردووەتەوە، (وو وی رن) زانای تایبەت بە لێكۆڵینەوە لە شاندی نیشتیمانیی گەردونیی چین بڕیارە ئامێری پشكنەری (چانگاهـ-8) بەكاربهێنێت بەمەبەستی پشكنین و كۆكردنەوەی زانیاریی لەسەر ژینگە و پێكهاتە كانزاییەكانی سەر مانگ.

ئەو زانا چینییە روونیكردووەتەوە "یەكێك لە هۆكارەكانی دیكەی بەكارهێنانی ئەو ئامێرە پشكنەرە بۆ دڵنیابوونەوەیە لە ئەگەری بەكارهێنانی هەندێك تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو وەك پرینتكردنی وێنەی سێ رەهەندیی لەسەر رووی مانگ"، ئاماژەی بەوەشكردووە ئەگەر وڵاتەكەی ویستی لەسەر مانەوە لەسەر مانگ هەبێت بۆ ماوەیەكی درێژخایەن، پێویستی بە بنیادنانی ژمارەیەك وێستگە دەبێت بە بەكارهێنانی ئەو مادە و كانزایانەی لەسەر رووی مانگ هەن.

لەئێستاشدا بە شێوەیەكی كرداریی هەریەك لە زانكۆكانی تونگژی و شیان چیاوتونگ دەستیانكردووە بە توێژینەوە و لێكۆڵینەوە تایبەت بە ئەنجامدانی هەنگاوە كردارییەكان بۆ ئەنجامدانی تەكنەلۆژیای پرینتكردنی وێنەی سێ رەهەندیی لەسەر رووی مانگ.

س.ر
Qaiwan
Qaiwan