چاوپێكەوتن

"ئەگەر رۆژێک کوردستان ئازاد بوو، خۆڵەکەشم بێت کۆی بکەنەوە و لەبن دارێکی کوردستان بمنێژن"

مەودا میدیا - سلێمانی |


"ئەگەر رۆژێک کوردستان ئازاد بوو، خۆڵەکەشم بێت کۆی بکەنەوە و لەبن دارێکی کوردستان بمنێژن"
مەودا میدیا-

هەستی نەتەوایەتی بەجۆرێک قووڵ و فراوانە، نێر بیت یان مێ، شارستانی بیت یان گوندی، خوێندەوار بیت یان نەخوێندەوار، بەجۆرێک لە جۆرەکان هانت دەدات بەشدار بیت لە بەرەنگاربوونەوەی زوڵموزۆری دوژمن و داگیرکەران. 

زوڵم و ستەمی داگیرکەر بەجۆرێک هەمەلایەنە و فراوانە، کە هەموو بوارەکانی ژیان دەگرێتەوە و تەنانەت دەست بۆ مێژوو و زمان و شارستانیەتیش دەبات و هەموو سنوورەکانی مرۆڤایەتی دەبەزێنێت.

سەرگوزشتەی ژیانی ژنی کورد، چیرۆکە خەیاڵییەکانیشی ناگاتێ، لەم دیدارەدا، خانمێک دەدوێنین، هەموو تیرە نەگریسەکانی نەریت و دواکەوتوویی و دوژمن پێکاویانە، بەڵام نە کەوتووە و نە خۆی بواردووە. 
 نازە خان، وەک دەڵێن بە بووکەشووشەکەیەوە دراوە بە شوو، لەگەڵ ئەوەش، بووەتە پشت و پەنا نەک هەر بۆ هاوسەرە خەباتگێڕەکەی، بەڵکوو بۆ برا جمکەکەشی... 

 ناوی تەواوت چییە و لە کوێ لەدایک بوویت؟
ناوم نازە حەسەن ساڵحە و بە نازەنین ناسراوم، هەرچەندە باوکم ژاژڵەیی بوو، بەڵام بەهۆی کارەیەکەیەوە کە پۆلیس بوو، لە ساڵی 1953 لە گوندی گرگاشێ لەدایک بووم.

قۆناغەکانی خوێندنت لە کوێ خوێندووە؟
بەداخەوە، نەچوومەتە بەر خوێندن.

بۆچی؟
چونکە بەپێی نەریتی ئەوکاتی ئەو ناوچەیەی ئێمە، زۆر گرنگیی بە خوێندن نەدەدرا، بەتایبەتییش بۆ کچان، منیش هەر لە تەمەنی 12 ساڵییەوە دراوم بە شوو. 

لەگەڵ کێ هاوسەرگیریت کرد؟
لەگەڵ ئەحمەد مەولود ئەحمەد، کە جمکی شەهید حسێن (شەهید مەلا عەلی)ە و زۆر لە یەک دەچوون.

هاوسەرەکەت خوێندەواریی هەبوو؟
بەڵێ، ئەو خوێندەواری هەبوو، دەرچووی ئامادەیی کشتوکاڵ بوو. لەگەڵ شەهید مەلا عەلی لە سەرەتای ژیانیانەوە خولیای ئەدەب و نووسین بوون، ئەوان زۆر بەئاسانی خوێندنیان نەکردووە، دوای خوێندنگە هاتوونەتەوە خەریکی ئیشوکاری کشتوکاڵ و شوانی بوون. حسێن زیاتر حەزی بە شوانی کردووە و دانیشتووە خەریکی خوێندنەوە بووە. 

چەند منداڵتان هەیە؟
چوار کوڕ و دوو کچمان هەیە.

دوای ئەوەی هاوسەرگیریت کرد هەر لە گوندەکەی خۆتان مانەوە؟
نەخێر، هەرچەندە ماڵی ئەحمەدیش خەڵکی شارباژێڕ بوون، بەڵام ئەوان پێشتر ماڵیان چووبووە گوندی کۆکە لە ناوچەی پیرەمەگروون و چووینە ئەوێ.

ئاشکرایە کاک ئەحمەد و شەهید مەلا عەلی دوو ئەندامی کارای کۆمەڵەی رەنجدەران بوون، ئەمە کاریگەریی چی بوو لەسەر ژیانی خێزانیتان؟
کاریگەریی زۆر بوو، ژیانێکی ئاساییمان نەبوو، هێشتا چوار رۆژ بوو ئاسۆی کوڕم لەدایک بووبوو، کە دەکاتە ساڵی دوای دەرچوونی ئەحمەد لە ئامادەیی کشتوکاڵ، لە شارەدێی هێرۆ دامەزرابوو، چوار مانگ بوو لەوێ بوو، وای دانابوو بێتەوە سلێمانی و ئێمەش ببات، پێش ئەوەی بێتەوە، کاکە حسێن چووبوو بۆ لای، چونکە لە ماوەی ئەو چوار مانگەدا یەک جار گەڕابووەوە، ئیتر من نازانم بۆ کاری سیاسی چوو بوو یان نا. کاک سەردار (کوڕێکی قەڵادزێیی) بوو، ئەویش لەگەڵ حسێن چووبوو، کاتێک گەڕایەوە بۆ لامان وتی ئەحمەد خانووی گرتووە و رەنگە بێتەوە بەدوای ئێوەدا. پاش دوو رۆژ ئەحمەد گەڕایەوە، بەڵام وتی ناتوانم بتانبەم، چونکە دەبێت بچم بۆ ئەبوغرێب بۆ بەشداریکردن لە خولی کشتوکاڵیدا. ئیتر ئەحمەد ماوەی چوار مانگ لە ئەبوغرێب مایەوە. ئەو کاتانە حسێن خوێندکار بوو لە زانکۆ. چوار مانگی تریش دوای خولەکە لە هێرۆ مایەوە و دواتر گەڕایەوە بۆ گوندی کۆکە بۆ لامان. لە هەمان کاتدا حسێنیش هات بۆ لامان، بۆ بەیانییەکەی چوون بۆ سلێمانی، حسێن چووبوو بۆ سەردانی بەشە ناوخۆیی، هاوڕێیەکیان پێی وتبوون باش بوو شەو لێرە نەبوون، چونکە (قوات خاسە)یەکی زۆر هاتوون بۆ بەشە ناوخۆیی و گەڕاون بەدوای خەڵکدا و زۆرێک لە هاوڕێکانمانیان گرتووە. 65 کەس گیرابوون، هەر یەکەیان لە شوێنێک بوون، بە قسەی حسێن پێنجیان حوکمی لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو و ئەوانەی تریش حوکمی زیندانی. 

نەیوت ئەوە چۆن روویداوە؟
حسێن وتی (ئیبراهیم حسێن) ناوێک لە رێکخستنەکەماندا بووە و بەرپرسیشمان بووە، چووەتە دەرەوە و لە رێگە گیراوە و ئیعترافی لەسەر هەموومان کردووە. پێیان وتبوو وا چاکە تۆش نەیەیتەوە بۆ زانکۆ.

تۆ ئەو ئیبراهیم حسێنەت دەناسی؟
ئەوەی من لەبیرم بێت، ئەو ئیبراهیمە دوو جار هاتووەتە کۆکە بۆ ماڵمان. ئیتر ئەوەبوو ئەحمەد و حسێن گەڕانەوە بۆ کۆکە. حسێن وتی: براژن تازە خوێندنی من فت، من تازە قاچاخ دەبم، رەنگە ئەحمەدیش بگیرێت. لە کۆکە هەندێک کتێبی هەبوو، هەمووی پێچایەوە، وتی دەچم سەردانێکی سلێمانی دەکەم. رۆیشتەوە بۆ سلێمانی و سێ شەوی پێ چوو، بەڵام خۆی ئاشکرا نەکردبوو، لە ماڵی خاڵە سلێمان مابووەوە.

نەتزانی بۆچی چوو بۆ سلێمانی؟
ئەو سەردانە بۆ ئەوە بوو سەردانی هەندێک لەو ماڵانە بکات کە کەسوکاریان لە رێکخستن لەگەڵیدا بوون، بۆ ئەوەی بزانن کە ئەم نەگیراوە و بەنیازە بچێتە دەرەوە، هەروەها بۆ ئەوەی زانیاری تەواوی سەبارەت بە هاوڕێکان و گیراوەکان دەست بکەوێت و بزانێت کێ لەناو رێکخستن گیراوە.

دوای ئەوەی گەڕایەوە چی کرد؟
کە گەڕایەوە بۆ کۆکە، پێشتر بە خاڵۆژنە مینای وتبوو رەحمانی براتم بۆ بانگ بکە ئیشم پێیەتی، بە رەحمانی وتبوو بچۆ بۆ لای مەلا کەریم و پێی بڵێ حسێن دەیەوێت بچێتە دەرەوە، ئەویش تەگبیری بۆ کردبوو. ئێوارەیەکی درەنگ رەحمان لە لای شیوەکەی پشت ماڵی حاجی کەریمەوە هات، لەو کاتەدا ئەحمەدیش لە ماڵ بوو، دوای نانخواردنی ئێوارە لەگەڵ رەحمان رۆیشت. جا ئەو شەوە ماڵی برایمی مام سەمەد، برای کوێخا عەلی، هەرەوەزێکیان هەبوو، بەڵام نازانم چ هەرەوەزێکیان هەبوو، لەسەر خەیاڵ نەماوم، ئەوەندە دەزانم کە چرای لۆکسیان داگیرساندبوو، ئەو ناوچەیەیان کردبوو بە چراخان، ئەوکات دیوار و حەوشەکەمان بەم شێوەیە نەبوو، هەر بە داروپەردوو ئامانێکیان کردبوو، ئیتر ئەحمەد و حسێن هاتنە دەرەوە، منیش بەری رووناکییەکەم لێ گرتن بۆ ئەوەی نەبینرێن، ئەحمەد و حسێن ماڵئاواییان کرد و حسێن لەگەڵ رەحمان رۆیشت. ئیتر ئەو دوو برایە بۆ دواجار، دیدارئاخر بوون لە یەکتری و چاویان بەیەک نەکەوتەوە.

تا کەی هەواڵیتان نەزانی؟
وەک لە خەیاڵمدا ماوە، ماوەی مانگێک بوو هیچ هەواڵێکی نەبوو، شەوێک وەک شەوەکانی تر لە هەیوان بۆ خەوتن پاڵکەوتبووین، من خەریکی لانکەکەی ئاسۆ بووم رامدەژاند. هەستم کرد کەسێک هاتووەتە ماڵەکەمانەوە، ئەو کاتە دوکانێکی بچووکمان هەبوو پاکەت و نوقڵ و وردەواڵەی تێدا بوو، خەڵکی ناو دێ دەهاتن بۆ شتکڕین، وەک ئێستا نەبوو حەوت جار لە دەرگا بدەیت و لێت نەکەنەوە، کە ئاوڕم دایەوە کاکە حسێن بەهێواشی هاتە هەیوانەکە و وتی براژن ئەوە نەخەوتوویت. هات و دانیشت. منیش نەمویست ناوی بهێنم، بانگی خەسووم کرد، وتم پوورێ هەستە دیسان ناسر پیسی کردوویت. ئەوکات ناسری برام بچووک بوو، هەر لای من بوو، ئەویش هەستا و وتی جا توخوا ناسر کەی پیسی نەکردووم. کە ئاوڕی دایەوە، کاکە حسێنی بینی، لەخۆشیدا وتی "دەگ لەبەرت مرم". نەمهێشت قسەکەی تەواو بکات، توند دەمیم گرت.
ئیتر هەر بەو شەوە هەستام، نان و چام بۆ ئامادە کرد، دوای نانخواردن وتی بەخوا براژن چڵکنم. هەر بەدەم قسەوباسەوە وتم باشە تۆ ئاوا دەگەڕێیت؟ هیچت پێ نییە تەنیا ئەو جانتایە نەبێت، چۆن دەبێت؟ وتی مەترسە، ئاوا چووم بۆ ماوەت، لەوێ خاڵە مەلا برایم ئەو دەمانچەیەی بە دیاری بۆ کڕیم و پێی وتم با  پێت بێت، خۆتی پێ بپارێزە. 

هەر بۆ سەردان هاتبووەوە؟
نەخێر، بیستبووی ئەحمەد گیراوە، لێی پرسیم کە ئەحمەد چۆن گیراوە و ئایا ئێوە خەبەرتان هەیە لێی.

 بۆ کاک ئەحمەد گیرابوو؟
بەڵێ، بەم شێوەیە بۆ ئەویشم گێڕایەوە: رۆژێک تالیبی حاجی موشیر هاتبووە ماڵی ئێمە، من و نەسرینی رەحمەتی لە بژاری نیسک بووین، بە خەسوومی وتبوو کاک ئەحمەدم بینیوە لە سلێمانی کەلەپچەی لە دەستدا بووە و بە دەستی دوو ئینزیباتەوە بووە، بەرەو ئینزیباتخانەیان بردووە، لەو کاتەدا بانگی منی کرد و پێی وتم کاکە دوو دینارم بدەرێ، کە لێی نزیک بوومەوە، وتی کاکە خۆ پارەم پێیە، بەڵام بەم شێوەیە نەبێت تۆش دەگرن، وا دەزانن تۆش تەنزیمیت، بچۆ بۆ ماڵی ئێمە، پێیان بڵێ کە من گیراوم، نازانم لەسەر ئیشی خۆمە یان لەسەر حسێنی برامە، بۆیە بە باوکم بڵێ، ماڵ و منداڵەکانم نەنێرێت بۆ هێرۆ، چونکە ئەوا من گیراوم. ئەگەر هەواڵێکی حسێنیش هەبوو، بۆم بپرسە.

 ئەى تۆ چۆن زانیت؟
فاتمی خوشکی ئەحمەد ئەو شەوە منداڵی بووبوو، (سۆران)ی بووبوو، کە لە بژاری نیسک هاتینەوە، فاتم لە حەوشە هەر دەهات و دەچوو، وتم فاتم چییە، خێرە؟ بۆ لە دەرەوەی، تۆ ئەمشەو منداڵت بووە؟ فاتم گریا، وتی کاکم گیراوە.
با بێینەوە سەر باسەکەی خۆمان، هەر شەو پەرەمێزم بۆ داگیرساند، ئاوم بۆ گەرم کرد و یەک تەشت هەویریشم شێلا، کاک حسێن پرسی: براژن بەم شەوە ئەم هەویرەت بۆ چییە؟ منیش وتم دەرودراوسێ زۆر دێنە لامان، بەتایبەتی فاتمی کوێخا عەلی، ئەگەر هات دەڵێم ئەم پەرەمێزەم بۆ نانکردن هەڵ کردووە. لەو قسانەدا بووین فاتمی کوێخا عەلی بەو شەوە هات، وتی ئەوە چییە دەڵێی نانتان نەماوە؟ فڕەفڕی پەرەمێز دێت. وتم نانمان ماوە، بەڵام تاقی دەکەمەوە بۆ سبەینێ.
لەو کاتەدا کاکە حسێن لە ژوورەوە خۆی دەشۆرد، لە دوای خۆشۆردن وتی دەچم بۆ ماڵی مامە مەحمود بزانم هیچ جێگەیەکی لەناو چەم و چنارەکان بۆ ئامادە نەکردووم، چونکە پێش ئەوەی بڕۆم بەڵێنی پێ دابووم شوێنێکم بۆ خۆحەشاردان بۆ ئامادە بکات. خۆی پێچایەوە و رۆیشت بۆ ماڵی مامە مەحمود. 
رۆژی دوای ئەوە زوو لە خەو هەستام و چووم بۆ ماڵی مام مەحمود وتم شەو کاک حسێن هات بۆ ماڵی ئێوە، دەمەوێت بزانم ئەو شوێنەی بۆت ئامادە کردووە لە کوێیە؟ ئەویش وتی لەناو بەراوەکانی کۆکە شوێنێک هەیە تەقتەقەکانی پێ دەڵێن، زۆر شوێنێکی زەبەند و چۆڵە، لەناو چەم و چنارەکان شوێنێکم بۆ پاک کردووەتەوە. ئیتر منیش بەپەلە چووم نان و چای ئامادەکراوم بۆ برد، بەڵام مامە مەحمود پێی وتم: "وا دەچیت، بەڵام نابێت بکەویتە حیکایەتان، نەکا دەنگتان بڕوات و خەڵک پێ بزانن." ئیتر لە لای نەماوە، چەند رۆژێک بەم شێوەیە دەچووم و دەهاتمەوە، شەوانە درەنگ دەهاتمەوە بۆ ماڵەوە، تەنانەت نیوەی خێزانەکەی خۆشمان چاویان پێی نەکەوت.

ئەى هەواڵی کاک ئەحمەد چی، کەستان سۆراخیتان نەکرد؟
شەوێک بە کاکە حسێنم وت ئەگەر ئیشوکارت بە من نەبێت، دەچم بۆ سلێمانی، بەڵکوو بە هەر شێوەیەک بێت هەواڵێکی ئەحمەد پەیدا بکەم.
بۆ بەیانی هەستام و ئاسۆ و شیرین و شنۆم پێچایەوە و چووم بۆ سلێمانی بۆ ماڵی سەبریی خوشکم لە کانێسکان.
محەمەد حەمەکەریمێک هەبوو، کاتی خۆی لەگەڵ شەهید مەلا عەلی لە زانکۆ بەیەکەوە بوون، لەگەڵ ئەو 65 کەسە کە ناوەکانیان بەردەست کەوتبوو بەهۆی (ئیبراهیم حسێنەوە) گیرابوو، ماڵیان لە گەڕەکی سابوونکەران بوو. حسێنی برام لە ماڵی سەبریی خوشکم بوو، وتی من دەچم بۆ ماڵیان. وتم نابێت تۆ بچیت، چونکە ئێستا لەبەر دڵی من دەچیت وێنەیەک و نامەیەک دەهێنیتەوە و دەتەوێت دڵم خۆش بکەیت. پوورێکی ئەحمەد لەوێ بوو (خوشکی خەزوورم) وتی من لەگەڵی دەچم. ئیتر پوورە مروەت و حسێنی برام رۆیشتن و درەنگانێکیان پێ چوو، کە هاتنەوە حسێن وتی نازەنین با مزگێنیت بدەمێ، بەڵام لە پێشەوە با پێت بڵێم؛ دەڵێی دڵت خەبەری داوە، وا باسی نامە و وێنەت کردووە. ئیتر بۆی باس کردم کە دایکی محەمەد کەریم چووە بۆ ئەبوغرێب گوایە بۆ مواجهەی کوڕێکی تر، لەوێ بە زیندانییەکانی تری وتووە من لە سلێمانییەوە هاتووم، دایکی محەمەد کەریمم، کێ دەمناسێت با هەواڵێک شتێکی بۆ بەرمەوە. بۆ ئەوەی بووە بزانێت کوڕەکەی لەوێیە، هەر لەوێ محەمەدی کوڕی خۆی دۆزیوەتەوە و چاوی پێ کەوتووە، نامەیەکی بچووکی ئەحمەد و وێنەیەکیشی لەگەڵ خۆیدا هێنابوو. بەم شێوەیە هەواڵی ئەحمەدمان دەست کەوت.

چۆن دڵنیا بوویت کە ئەو وێنەیە ئەو ناردوویەتی؟
ئەحمەد پێش ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ هێرۆ، وێنەیەکی گرتبوو و نیشانی دام وتی ژنەکە با ئەم وێنەیەم هەر پێ بێت. ئیتر زانیم ئەم وێنە و نامەیە لای ئەوەوە هاتووە و باوەڕم کرد. نامەکەش بەپەلە لەسەر پارچە کاغەزێکی بچووک لە سووچێکیدا نووسرابوو: ئەحمەد مەولود. 

دوای ئەوە چیت کرد؟
کاتێک ئەم هەواڵەم دەست کەوت، گەڕامەوە بۆ کۆکە. پاشان جارێکی تر گەڕامەوە بۆ سلێمانی، هەر بۆ ماڵی سەبریی خوشکم، بەنیاز بووم سەرێکی ماڵی محەمەد حەمەکەریم بدەم، دیسانەوە حسێنی برام وتی من دەچم لەبەر منداڵەکان تۆ مەیە. کە گەڕایەوە، بۆ ئەوکات هەواڵێکی دڵخۆشکەری پێ بوو، نامەیەکی هێنابوو، ئەحمەد نووسیبووی: دوای دوعا و سەلام بۆ هەموو لایەک، باوک و دایک و خوشک و برا و مام و هەموو کەسوکار، من بۆ ماوەی پێنج ساڵ و یەک مانگ حوکم دراوم، ئەگەر هاتن بۆ مواجهەم، جووتێک نەعل و بیجامەیەکم بۆ بهێنن، زۆر قەرەباڵغی دروست مەکەن، رۆژانی مواجهەشم بەم شێوەیەیە: 20ی مانگ مواجهەیە، رۆژی هەینی دوای 20ی مانگ هەر مواجهەیە، 5ی مانگ مواجهەیە، رۆژی هەینی دوای 5ی مانگ مواجهەیە.

دوای گیرانی کاک ئەحمەد دۆخی ژیانتان چۆن بوو؟
بە ئیشوکاری ئاژەڵداری و فەلاحەتەوە سەرقاڵ بووین، ئەمە لە لایەک، لە لایەکی ترەوە، دڵمان لە لای ئەحمەد بوو کە لە ئەبوغرێب گیراوە و ئاخۆ دەبێت چی بەسەر بێت. حسێنیش خوێندنەکەی بۆ نەکرا و دەربەدەر بوو و بووبوو بە پێشمەرگە، هەر شەوە و لە بن بەردێک بە سەرما و گەرما رۆژ دەکاتەوە. ماڵەکەی خۆمانیان لێ کردین بە دۆزەخ.
 شەو هات و رابورد، نزیکەی دوو مانگێک زیاتر بوو، شەوێکی سارد بوو، باران دەباری، هەروەک عادەتی شەوانی تاریک منداڵەکان (حەسەنی رەحمەتی، کەریم و رەحیم)م هەستاند و بردمنە دەرەوە، لەژێر گوێسەبانەکەی دیواری وڵاخەکان میزم پێ کردن و خۆشم بەدیاریانەوە وەستابووم، بەهۆی ئەو باران و سەرمایە، بە خەیاڵمدا هات و بیرم لە حسێن دەکردەوە، خوا شاهیدە بەو سەرەوە، چۆنی دەگێڕمەوە ئاوا بوو؛ بەو تاریکەشەوە، لەبەرخۆمەوە دەموت دەبێت ئێستا کاکە حسێن بەم باران و سەرمایە لە کوێ بێت؟ لەگەڵ ئەوەی ماوەی دوو مانگ بوو هیچ هەواڵێکیمان نەدەزانی، لەپڕ خشپەیەکی هات و هاتە بەردەمم، وتی براژن وەڵڵا ئەوەتا لێرەم لە هیچ شوێنێکی تر نیم. 
هەمیشە دڵم لە لای بوو، لەبەر ئەوەی لەگەڵ ئەحمەد دوانە بوون، زۆر یەکتریان خۆش دەویست و لە تەمەنێکی زۆر لاوێتی بوو کە دەربەدەر بوو.

باسی چیتان کرد؟
هەواڵی ئەحمەدی لێ پرسیم، چیم بۆ تۆ باس کرد ئەوەشم بۆ ئەو گێڕایەوە، وتی ئیتر خەمت نەبێت، وابزانە لە ماڵەیەوە، تازە ون نابێت و حوکم دراون، دەتوانیت مواجهەی بکەیت.

دوای ئەوە گەڕایەوە بۆ شاخ؟
دوای ئەوە لە ماڵی ئاسکۆڵی خوشکم خۆی دەشارەوە، لەبەر ئەوەی ماڵەکەیان گونجاو بوو.

 ئەی کەی گەڕایەوە بۆ پێشمەرگایەتی؟
ئەوەندەی لەسەر خەیاڵ بم، لە نێوان وەرزی زستان و بەهاردا بوو، وتی من دەڕۆم ماوەیەک نایەمەوە، چونکە بێخەمم لەوەی ئەحمەدی برام ماوە و ئێوەش خەمی منتان نەبێت.

 تا کەی نەتانبینییەوە؟
ئیتر رۆژ و مانگ هاتن و رۆیشتن، نزیکەی سێ مانگی خایاند، رۆژێک من و حەسەنی جوانەمەرگ، ئەوکات هەر منداڵ بوو، چووین بۆ بەراوەکان، لەبەر ئەوەی ئێمە شەتڵی تەماتە و تووتنمان ناشت بوو، چووین پاراویان بکەین. لە زەوییەکەی حاجی مەولودی خەزوورم، لە پشت جۆگەکەی، جۆگە گەورەکە، کە لە سەرچاوەی کۆکەوە ئاوی بۆ دەهات، پارچەیەک زەوی ماڵی خاڵە ئەحمەد و باوکی سابیر کۆکەیی هەیە، ئەو ساڵە کردبوویان بە گەنم، ئەو ساڵەش وەک دەڵێن ساڵێکی تەڕ بوو، گەنمێکی باشی هێنابوو، باڵای کردبوو، ئێمە خەریکی دێراو بووین و لەگەڵ حەسەن باسی دێراوبڕینەوەمان دەکرد، خشپەیەک لەناو گەنمەکان هات، کە تەماشام کرد، شەهید مەلا عەلی بوو، لەسەرخۆ پێی وتم مەیە پێشەوە. لەناو گەنمەکە کەمێک دانیشتین، وتی زۆرم برسییە بڕۆ نان و چام بۆ بهێنە و بە دایکیشم بڵێ کە هاتوومەتەوە، بەڵام با نەیەت، شەو خۆم دێم بۆ ماڵەوە. ئیتر منیش بەرەو ئاوایی رۆیشتمەوە و کەوتمە نان و چا ئامادەکردن، پرسییان باشە تۆ نانت خواردووە، ئەمەت بۆ چییە؟ وتم لەگەڵ خۆم دەیبەم و بەدزییەوە بە خەسووم وت.

ئەم جارە باسی چیتان کرد؟
دەستی کرد بە گیرفانیدا و دوو سەعاتی دەرهێنا، سەعاتەکان ناویان (Riko) بوو، چوارخشتەکی رەش بوون، وتی ئەوە دوای ئەوەی کە چووم بۆ قەندیل، چووم بۆ دیوی ئێران و ئەو سەعاتانەم لە سەردەشت کڕیوە، بۆ تۆ و بۆ حەسەنی برات. وتم ئێستا ئەو کوڕەگەورەی ماڵەکەیە و دڵی پێ خۆش دەبێت.

شەو هاتەوە بۆ ماڵەوە؟
شەو نەهاتەوە بۆ ماڵی خۆمان، چوو بۆ ماڵی ئاسکۆڵی خوشکم، خەسووم چوو بۆ دیدەنی. ئەمە بۆ ماوەیەک بەو شێوەیە مایەوە، لە ماڵی خۆمان و ماڵی مامە مەحمودی و چەم و چنارەکاندا دەمایەوە.

هیچ نامە و پەیام گۆڕینەوەیەک لە نێوان کاک ئەحمەد و شەهید مەلا عەلیدا هەبوو؟
بەڵێ، رۆژێک لێی پرسیم کەی دەچیتە مواجهەی ئەحمەد؟ منیش وتم 20ی مانگ. وتی دە باشە، من نامەیەک دەنووسم، لەگەڵ خۆت بیبە بۆ ئەحمەد. ئەوکات وەک ئێستا نەبوو، لەسەر کاغەزێکی سەوزی تەنک نامەکانیان دەنووسی، بەڵام مێژووی نووسینەکانی لەسەر کاغەزەکە نەدەنووسی، بۆ ئەوەی ئەحمەد نیگەران نەبێت.

نامەکەت برد؟
زۆر جار هەر بۆ خۆشی لە نێوان خۆیاندا (ئەحمەد و حسێن) دەیانوت جەژنمان بۆیە پێ خۆشە، چونکە چا و نوقڵی تێدایە. هەر لەبەر ئەمەش بوو هەموو سەردانێک، نوقڵ و چوکلێتم دەبرد بۆ ئەحمەد لە ئەبوغرێب. کاکە حسێن نامەکانی دەنووسی و بەجێی دەهێشت لە لام. وتم منیش مشورێکیان دەخۆم، تۆ حەقت نەبێت بەسەریانەوە. دەچووم چوکلێتم دەکڕی و هەڵمدەوەشاندن و نامەکەم تێدا دەپێچایەوە و پاشان کاغەزی نوقڵەکەم بەدەوریدا دەدایەوە. ئەحمەد لە ئەبوغرێب لە ژوورێکدا بوو شەش کەس بوون، ئاودەستێکیشی تێدا بوو، بەڵام ئەوان چاکیان کردبوو، کردبوویان بە چێشتخانە و بۆ ئاودەست دەچوونە دەرەوە. بەهەرحاڵ، کە چووم بۆ سەردانی ئەحمەد، وتی نازەنین ئەم جارە زۆریان لێ دام، پێیان وتم تۆ براکەت چووەتە دەرەوە و بووە بە پێشمەرگە. هەروەها وتیان کەوا لە سنووری دوکان و سورداش براکەت بینراوە. منیش زۆرم پێ خۆش بوو و لەبەردەمیان وەستام، چۆن ئەشکەنجەم دەدەن بە کەیفی خۆیان.

یەکەم جار کە سەردانت کرد بۆ زیندان، چۆن بوو؟
یەکەم جار کە چووین بۆ مواجهە، لەناو زیندانییەکان بەدوایدا دەگەڕاین، باوکی سێ منداڵم بوو کەچی نەمناسییەوە، لەبەر ئەوەی سەروڕیشی هاتبوو، جگە لەوەش، ئەو خوانەناسانە ئەوەندەیان ئەشکەنجە دابوو، گۆڕا بوو. ئەوکات ئاسۆی کوڕم شیرەخۆرە بوو، لەگەڵ خۆم بردبووم بۆ سەردانی، ئێمە بە شوێن ئەودا دەگەڕاین، لەناکاو گوێم لێ بوو یەکێک بانگی کرد "ئاسۆ! ئاسۆ..." دەنگی ئەحمەدم نەناسییەوە، دەنگیشی گۆڕا بوو، ئینجا لەگەڵ ئەو هەموو دەردەسەرییەی بەسەریدا هاتبوو، کەچی دڵنەوایی ئێمەی دەکرد و دەیوت لەسەر مەسەلەیەکی گرنگ کەوتوومەتە ئەم شوێنە تاریک و تەنگە، لەسەر کوردایەتییە و کەس بەزۆر نەیناردووم، خۆم ئەم رێگەیەم هەڵبژاردووە.

نامەکەت چۆن دا پێی؟
لێی نزیک بوومەوە و وتم نامەی کاکە حسێنم بۆ هێناویت، لەو چکلێتانەم پێچاوە، من کام رەنگم هەڵگرت تۆش ئەو رەنگە هەڵبگرە، چونکە نامەیان تێدایە. هەروەها وتم ئەو سەعاتەشی بۆ هێناوم، لە سەردەشت بۆی کڕیوم. ئیتر ئەحمەد وتی ئەو سەعاتە بدە بە من. منیش سەعاتەکەم دا بەو و سەعاتەکەی خۆیم لێ وەرگرت.

دۆخی خەزوورت چۆن بوو، کە کوڕێکی گیرابوو کوڕێکیشی دەربەدەر؟
ئەویش هەر لەو سەروبەندەدا گیرابوو.

ئەو لەسەر چی گیرابوو؟
هەر لەسەر ئەوەی کە حسێن چووەتە دەرەوە و بووە بە پێشمەرگە.
 
چۆن گیرا؟
رۆژێکی مانگی بەهار بوو، بەوەش بیرمە کە بەهار بوو، حاجی مەولود چووبوو بۆ سلێمانی، وتی دەچم پاچەکۆڵەکان و دەورداسەکان دەمەزەرد دەکەمەوە. هەر ئەو رۆژە لە دوکانەوە ئۆتۆمبێلێکی پاش بەتاڵ، کە ئەو کاتە پێی دەوترا (موسەلحە) هات و چەند پۆلیسێک و پێم وابێت ئەمنیان لەگەڵدا بوو، هاتن بۆ گوندی کۆکە و هاتنە ماڵی ئێمە و هەواڵی حاجی مەولودیان پرسی، وتمان لە ماڵ نییە و چووەتە سلێمانی. ئەوان گومانیان لە قسەکانمان هەبوو، هەر بە ئۆتۆمبێلەکە رۆیشتن بۆ دەوری چەم و چنارەکان، دانیشتوانی گوندەکە و دەوروبەری دەزانن، شوێنێک هەیە لەسەر چەمەکە پێی دەوترێت "بڵاخ" چەکدارەکان بە ئۆتۆمبێلەکەیان چووبوون بۆ بڵاخ بۆ پشکنین، بەهەڵەدا نەچووبم خەڵکی شارەزا شوێنەکەیان پێ وتبوون، کە ئەو چەم و چنارە هیی ئێمەیە، بەکورتی و کرمانجی، خەڵکانێکی دوژمن بە ئێمە و کوردایەتی، ئەو کاتە ئەو خێرەیان کردبوو بۆ خۆیان و هاوکاریی چەکدارەکانیان کردبوو. خۆشبەختانە حاجی لە سلێمانی بوو، هەر ئەو رۆژە منیش بە حەسەنی رەحمەتیی برامم وت تۆ منداڵی کەس گومان لە تۆ ناکات، بچۆ بۆ گوندی کرژە و لەوێشەوە بۆ سلێمانی، بە حاجی بڵێ با نەیەتەوە بۆ کۆکە، لەبەر ئەوەی عەسکەر بەدوایدا دەگەڕێن. حەسەن چاوی بە حاجی مەولود نەکەوتبوو، ئۆتۆمبێلی گرتبوو و گەڕایەوە بۆ کۆکە. ئۆتۆمبێلی چەکدارەکان لەوبەر لە نزیک ماڵی (حەشکور) وەستا بوون، ئەوەندەمان زانی یەکێک وتی ئەرەوەڵڵا حاجی مەولود هاتەوە، بەڵام نەمانزانی کێ بوو، هەر لە ئۆتۆمبێلەکە دابەزی، چەکدارەکان سواری ئۆتۆمبێلەکەی خۆیان کرد و نەیانهێشت بێتە ماڵەوە، ئەوەندە نەبێت وتی نازە وەرە ئەو تەماتە و خەیار و داس و پاچەکۆڵانە بەرەوە بۆ ماڵەوە. بەو شێوەیە ئەو دڕندانە نەیانهێشت تەنانەت سەردانی ماڵەوەش بکاتەوە.

دوای ئەوە چۆن زانیتان لە کوێیە؟
هەتا یەک مانگ هیچ سۆراخێکی نەبوو، ئەوەبوو رۆژێک کەسێک لە (چێشتخانەی عەلی سوور) بە دکتۆر نەورۆزی وتبوو، چونکە ئەوکات خاڵە ئەحمەد (دکتۆر نەورۆز) لە چێشتخانەکەی عەلی سوور شاگرد بوو، پێی وتبوو خاڵت هەیە بەناوی حاجی مەولود؟ ئەویش وتبووی بەڵێ. پێی وتبوو لە ئەمنەکە گیراوە. بەو شێوەیە زانیمان کە لە کوێیە.

سەردانتان کرد؟
دوای ئەوەی بۆمان روون بووەوە حاجی مەولود لە کوێ گیراوە و زیندانی کراوە، دەمانویست سەردانێکی بکەین. لە هەندێک کەس پاڕاینەوە بچن هەواڵێکی بپرسن، بەڵام نەیاندەوێرا. رۆژێک لە ماڵی خاڵە عەلی، کە خاڵی (ئەحمەد)ە و سەبریی خوشکم هاوسەرێتی، ئەوکات لە گەڕەکی کانێسکان لای فولکەی ئاسکەکان بوون، بە پوورە مروەتم وت کە خوشکی خەزوورم بوو، "با خۆمان هەوڵێک بدەین". ئێمە نەماندەزانی دائیرەی ئەمن لە کوێیە، بەڵام زۆر جار خەڵکانی چەکدار و خەڵکی مەدەنیمان دەبینی لەژێر جلەکانیانەوە دەمانچەیان پێ بوو و بەو کۆڵانانەدا هاتوچۆیان دەکرد. رۆژێک لەگەڵ پوورە مروەت، دوورونزیک بەدوایاندا رۆیشتین، کاتێک گەیشتینە شوێنێک، نزیک بوو لە باخی گشتییەوە. بەهەرحاڵ، دوورونزیک گەیشتینە ئەو شوێنە، چەند کەسێکی سەروڕیش هاتوو و شەرواڵقوڕاویمان چاو پێ کەوت، دیاربوو هەموویان گرتبوون، بە گوریسێک بەیەکیانەوە بەستبوون، بۆمان دەرکەوت ئەو شوێنە دائیرەی ئەمنە. هەرچۆنێک بێت، چووم لە پرسگەکە پرسیارم لە یەکێکیان کرد، وتی چیت دەوێت؟ وتم کەسێکمان لێرە گیراوە. وتی چۆن دەزانیت لێرەیە؟ ئێستا زۆر بەباشی نایەتە خەیاڵم چیم وتووە. وتی باشە، ناوی چییە؟ دواتر دەفتەرێکی دەرهێنا و تەماشای کرد، وتی بەڵێ، لێرەیە. پاشان وتی باشە، لەسەر چی گیراوە؟ وتم کاکە راستیت دەوێت؟ وتی بەڵێ. وتم لەبەر ئەوەی کوڕەکەی پێشمەرگەیە. وتی باشە، دە وەرە ژوورە بچۆ بۆ لای. وتم نەخێر. ئەوەی راستی بێت نەموێرا، چونکە هیچ کاتێک ئەو جۆرە کەسانەی لە دامودەزگاکانی بەعس کاریان دەکرد جێی متمانە نەبوون. 

با بەسەرماندا تێنەپەڕێت؛ کاتێک دەفتەرەکەی هێنا، ئەوەندەی زانیاریی لەبارەی ئێمەوە لا بوو، هەر وات دەزانی هاتووەتە ماڵەکەمان، پرسیاری یەک بە یەکی لێ کردین. وتی حاجی مەولود ئەوەندە کوڕی هەیە (ئەحمەد، حسێن، حەسەن، کەریم، رەحیم و محەمەد) کچەکانیشی ناویان (خونچە، فاتمە و نەسرین)، پاشان وتی ئەحمەد گیراوە لە ئەبوغرێبە و حسێنیش پێشمەرگەیە و ئەوانی تریش منداڵن، تۆش ناوت نازەنینە و ژنی ئەحمەدیت. بەو شێوەیە هەمووی لە دەفتەرەکەدا نووسرابوو. پرسیارێکم لە پاسەوانەکە کرد وتم حاجی مەولود زیندووە؟ وتی بەڵێ، مەجود. وتم باشە، جلوبەرگەکانیم بۆ بهێنە. کە هێنای، ناسیمەوە. پوورە مروەت وتی بەخوا رۆڵە راستە برای منە، بەڵام تۆ باشتر شارەزایت، چونکە زۆر گرنگی بە جلوبەرگی خۆی نەدەدا. لە مەنجەڵێکدا هەندێک شلەم بۆ بردبوو، ئێمە هەر وتمان نامانەوێت بچینە ژوورەوە چاومان پێی بکەوێت، هەرچەندە زۆرمان پێ خۆش بوو، بەڵام هەر جێی متمانە نەبوون. کابرا وتی ئەگەر باوەڕ ناکەن کە ماوە، چی ترتان بۆ بهێنم بۆ ئەوەی دڵنیا بن. وتم مەنجەڵەکەی کە شلەکەم تێدا هێناوە. وتی بۆچی؟ وتم ئەگەر حاجی مابێت، ئەوا نیشانەیەکی ئەوی هەر پێوەیە. کە چوو هێنایەوە، بەڕاستی پێوەی دیاربوو. پاسەوانەکەی وتی چۆنت زانی؟ وتم لەبەر ئەوەی لە دوای خواردنی شلەکە، ئەوەتا بەبێ ئەوەی ئاوی تێ وەر بدات، ماستاوی تێدا گرتووەتەوە. وتی (عافیە، خۆش). 

وەک بزانیت، تەنیا گرتبوویان یان ئەشکەنجەشیان دابوو؟
ئەو ماوەیەی لە ئەمنی سلێمانی گیرابوو، زۆر ئەشکەنجەیان دابوو، نینۆکیان دەرهێنابوو، دواتر بۆی گێڕاینەوە کە لە ئەمنە سوورەکە سێ کەسیان کوشتووە. شەوێک چاویان بەستووەتەوە، هەر جارە لاشەیەکیان بەکۆڵدا داوە و بەدرێژایی نێوان ئەمنە سوورەکە و ئوتێل پاڵاس بردوویەتی، لەسەر فولکەکەی پاڵاس کە ئەوسا (حەسیب ساڵح)یان پێ دەوت، لەوێ پێیان فڕێ داوە، بۆ ئەوەی بەیانی زوو خەڵک چاویان پێیان بکەوێت. ئەوسا لە ساڵی 1977 ئەو فولکەیە جۆرێک بوو کۆترێکیان لێ دانابوو، پێیان دەوت فولکەی کۆترەکە. هەروەها بە حاجی مەولودیان وتبوو ددانەکانت هەڵدەکێشین، بەڵام حاجی خۆی دەستی بردبوو هەردوو تاقمی سەروخواری بۆ دەرهێنابوون، وتبووی ئێوە عەزێت مەکێشن خۆم دەریدەهێنم.

هەر لە ئەمنەکە مایەوە؟
نەخێر، ئیتر رۆژێک لە سلێمانییەوە گواستیانەوە بۆ سەماوە. من لەوێ بووم کە خستیانە ناو ئۆتۆمبێلێکی قەفەسەوە لە فیرقەی کۆنی سلێمانی، ویستم ماچی بکەم لەناو قەفەسەکە، بەڵام پاسەوانەکان پاڵیان پێوەنام و نەیانهێشت.

واتە سەردانی ئەویشتان دەکرد؟
بەڵێ، لە سەماوە سەردانمان دەکرد. من قاچێکم لە ئەبوغرێب بوو، قاچێکم لە سەماوە. لەوێش خەزوورم هەر خەمی زەوییەکانی بوو بکێڵدرێن و دانەوێڵە بچێنین. جارێکیان حاجیژنە ئایشە (خەسووم)، هەواڵی ساغ و سەلامەتی و تەندروستیی لێ پرسی، بەڵام حاجی وتی ئایشێ تۆ لە من گەڕێ، ئەی تۆوەکانتان چاندووە؟ ئیتر ئەوەبوو خەسووم لێی تووڕە بوو، وتی تۆ جارێ لەژوورێ کراویت، خەمی جووت و تۆوکردنت چییە!

لەوێ زۆر مایەوە؟
هەشت مانگ لە سەماوە بوو. جارێکیان چووین بۆ مواجهە، لەگەڵ خاڵێکی و مامێکی، 6ی ئێوارە گەیشتینە سەماوە، تا 12ی شەو ئێمە گەڕاوین ئوتێلێک بدۆزینەوە پشووی تێدا بدەین، یەک ئوتێل وەری نەگرتین، خەڵکەکە دەترسان، دوایی خاوەنی چایخانەیەک وتی من کەرکوکیم و شەش ساڵە لێرە ئەم کارە دەکەم، با ئەم ژن و منداڵەشیرەخۆرە بچنە ناو چایخانەکە. 

لە کاتی سەردانەکان چۆن هاتوچۆتان دەکرد؟
پاسێک هەبوو لە سەرچنار بۆمان دەوەستا، هەموو ئەو کەسوکاری زیندانییانەی دەچووین بۆ مواجهە دەیبردین و پارەیەکی کەمتری لەچاو شۆفێری تر لێ دەستاندین و هاوکارمان بوو.

 کەست نەدەناسی لەوانەی بەیەکەوە دەچوون بۆ سەردان؟
جارێکیان لەناو ئەو پاسەدا ژنێک لێی پرسیم ئەم منداڵەت ناوی چییە؟ منیش وتم ئاسۆ. وتی ناوێکی خۆشە. منیش وتم وەڵڵا مێردەکەم ناوی ناوە، بەناوی برادەرێکی خۆیەوە، دەڵێن ئەویش گیراوە، رەنگە حوکمەکەی لەسێدارەدان، یاخود کەمترینی زیندانیکردنی بێت بۆ ماوەی 20 ساڵ. وتی وەڵڵا ئەوە کوڕی منە. دایکی ئاسۆی شێخ نوری بوو. زۆر پەشیمان بوومەوە، بەڵام تازە وتبووم.

کاک ئەحمەد کە لە زیندان بوو و دواتریش شیعری زۆری نووسیوە، هیچ شیعرێکی بۆ تۆ نووسیوە؟
بەڵێ، چەندین شعیری بۆ نووسیم و راستەوخۆ ناوی هێناوم، زۆربەشیان باس لە ئازارەکانی من و دووریی نێوانمان و ژیانە زەحمەتەکەم دەکات.

کەی ئازاد کرا؟
لە 16ی ئابی 1979 بە لێبووردنی گشتیی سەدام، هەموویان بەیەکەوە ئازاد کران.

ئەو ماوەیەی کاک ئەحمەد گیرابوو بژێویتان هەر لەسەر کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بوو، یان کاری دیکەت دەکرد؟
بەڵێ هەر لەسەر کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بوو، هەرچەندە بەهۆی بارگرانییەوە جار جار هەوڵم دەدا کارێک بکەم، بۆ نموونە؛ جارێکیان لە مەجیدبەگ بووم لای براکەم، هێشتا ژنی نەهێنابوو، خزمێکمان هەبوو ناوی رووناک بوو، خوێندکاری ناوەندی بوو، لێم پرسی وتم بزانە مامۆستاکان کەسیان پێویست نییە لە ماڵیاندا ئیش بکات. ئەویش وتی بەرەوەڵڵا مامۆستایەکمان باسی کردووە. سەیدی برام گوێی لێ بوو، وتی نازە ئەوە دەڵێیت چی؟ وتم ئاخر تۆ گەنجی هێشتا ژنت نەهێناوە، چۆن دەبێت خەرجیی من و هاتوچۆم لەسەر تۆ بێت؟ ئەو کرێکار بوو لە قەڵاچوالان لەو خانووانەی دروست دەکران. وتی تا من هەبم ناهێڵم تۆ لە یەک شوێن ئیش بکەیت.

ئەى کاک حسێن (شەهید مەلا عەلی) چۆن گیرا؟
کاکە حسێن پێشمەرگە بوو، لە هاوینی ساڵی 1978 دوابەدوای شکستەکەی هەکاری، لە قەندیل ماوەتەوە، دواتر بۆ ئیشوکاری رێکخستن دێتە گوندی کرژە، خۆی و عوسمان عەبدولڕەحمان عەسکەریی ناسراو بە (د. مارف)، هێزێکی سوپا ئابڵووقەیان دابوون و شەڕێکی قورسیان کردووە، هەردووکیان بریندار بوون و کەوتنە دەستی دوژمن. پاشان دەیانبەنە ئەمنە سوورەکە و دواتریش هەیئەی کەرکوک. زۆر زۆریان ئەشکەنجە دابوو، بەڵام زۆر خۆڕاگر بوو، هیچی نەدرکاندووە، بە هەمووی شەش مانگ مایەوە لەناو زیندانەکان.

کاتی لەسێدارەدانیت بەوردی لەبیرە؟
شەوی 22\23ی تەمووزی ساڵی 1979، لەگەڵ هەریەک لە عەلی عالی حسێن و ئەڵوەند عومەر حسێن لە سێدارە دران، لە 11:30 خولەکی شەودا، پەتی سێدارە دەنێنە گەردنی و بە جەللادەکان دەڵێت: "القرار بیدیکم، والتأریخ لن یرحمکم".

پێش ئەوەی لە سێدارە بدرێت، تۆ بینیت؟
بەڵێ، رۆژێک پێش لەسێدارەدانی وتم یاخوا مەرگم پێش مەرگت بکەوێت. وتی نا براژن، تۆ لەبەر ئەو سێ منداڵە و ئەحمەد بمێنە، وا مەڵێ.
ئەڵقەیەکی لە پەنجەدا بوو، وتی براژن، من لەشم دەڕزێت، بەڵام ئەم ئەڵقەیە لە دەستمدا دەمێنێت و دەتوانن گۆڕەکەم بەوەدا بناسنەوە. هەروەک خۆی وتی، کاتێک سەدامی گۆڕبەگۆڕ رووخا و ئێمە چووین بەدوای گۆڕەکەیدا دەگەڕاین، بەو ئەڵقەیەدا و پێش لەسێدارەدانیش بیجامەیەکی قاوەیی لە پێدا بوو، قۆپچەکانی مابوون و ناسیمنەوە و دڵنیا بووین ئەمە گۆڕی حسێنە. 

دوایین وەسێتی شەهید مەلا عەلی چی بوو؟
شەهید مەلا عەلی لەناو زیندانی موسڵ وتی براژن، ئەگەر رۆژێک کوردستان ئازاد بوو، خۆڵەکەشم بێت کۆی بکەنەوە و لەبن دارێکی کوردستان بمنێژن. ئیتر منیش دوای ئازادبوونی موسڵ و هێنانەوەی تەرمی شەهیدەکان، دوای کۆکردنەوەی ئسکوپروسکی شەهیدەکان، من هەندێک خۆڵی گۆڕەکەیم لە زەرفێکدا کۆکردەوە و هێنامەوە بۆ ماڵەوە، کە ئەوکات ماڵمان لە زەرگەتە بوو. دارتوویەکمان لە ماڵەکەدا هەبوو، لەژێر ئەو دارتووەدا ناشتم.

هیچ یادگارییەکی ئەو سەردانانەت لا ماوە؟
لە یەکێک لە سەردانەکاندا شەهید مەلا عەلی جگەرەی کێشا و قنچکە جگەرەکەی فڕێ دا، من بەدزییەوە هەڵمگرتەوە و خستمە گیرفانم.

وەک ئاشکرایە شەهید مەلا عەلی لە زینداندا شیعری زۆری نووسیوە، تۆ هیچ یەکێک لەو شیعرانەت لە زیندان هێناوەتە دەرەوە؟ ئەگەر هێناوتە، چۆن؟
لە سەدا هەشتای شیعر و نامەکانی زیندانی شەهید مەلا عەلیم بە دوو شێوە هێناوەتە دەرەوە: هەندێکیانم لەناو جلەکانم و جلی ئاسۆی کوڕم، کە منداڵ بوو دەشاردەوە، چونکە لەسەر پەڕەی جگەرە دەینووسین، بچووک بوون، هەندێکیشیان لەناو جزدانی زەنگیانە شاردبوونییەوە لە نێوان پەڕۆ و بەرگی دەرەوەی. دڵێکیشی بۆ ئاسۆی کوڕم دروست کردبوو و ناوی ئاسۆی لەسەر بوو، لەوەشدا شاردبوویەوە.

کە کاک ئەحمەد ئازاد کرا، تازە شەهید مەلا عەلی لە سێدار درابوو، هەستی چۆن بوو ئەو کاتەی زانیی؟
کاتێک ئەحمەد لە زیندان ئازاد کرا، بەسەر پرسەی شەهید حسێنی برایدا هاتەوە، ئیتر ژیانی بوو بە دۆزەخ.

دوای ئازادکردنی، کاک ئەحمەد چی دەکرد؟
دوای ئەوە، ئەحمەد لە ساڵی 1981ەوە بوو بە پێشمەرگە تا ئەنفال. دواتریش ئاوارەی ئێران بووین. شەوان تا درەنگ چراکەی کز دەکرد و دەینووسی، ئێستا نووسینەکانی چاپ کراون و خەڵک بە ئازادانە دەیبنن و دەیخوێننەوە، بەڵام رۆژانێک بوو، ئەو نووسینانەمان، هەر جارە بە شێوەیەک دەشاردەوە لە ترسی ئەوەی نەکەونە بەردەستی بەعس و نەفەوتێن. 

کە گەڕانەوە چوونەوە گوندی کۆکە؟
کە گەڕاینەوە لە پیرەمەگروون نیشتەجێ بووین تا 22ی ئەیلوولی 2002، پاشان ماڵمان چووە سلێمانی و لە گەڕەکی زەرگەتە نیشتەجێ بووین. 

کاک ئەحمەد کەی و بە چی کۆچی دوایی کرد؟
ئەحمەد لە بەهاری 1993 تووشی نەخۆشیی مێشکۆڵە بوو و لە بەغدا نەشتەرگەرییان بۆ کرد. پاشان لە ساڵی 2003 نەخۆشییەکەی سەری هەڵدایەوە.
دوای پرۆسەی ئازادیی عیراق، دیسانەوە لە بەغدا نەشتەرگەرییان بۆ کردەوە، نەشتەرگەرییەکەی سەرکەوتوو نەبوو، تووشی خوێنبەربوونی دەماری سەری بوو، لە 20ی تشرینی دووەمی 2003 کۆچی دوایی کرد.
ئێستا هەردوو برا لە گۆڕستانی ئابڵاخ (مۆنۆمێنتی شەهیدان) بەتەنیشت یەکەوە نێژراون.

*ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز (نەرمین عوسمان) لە چوارچێوەی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی بەشداریی ژنی كورد لە بوارە جیاوازەكاندا سازیكردووە.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد


News

وڵاتانی ناوچەكە كامیان هەڵدەبژێرن؟

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن