چاوپێكەوتن

رازاو گوڵێ مەحمود: رقم لە هەموو 29ی مانگێک دەبێتەوە و دەمەوێت لە رۆژژمێردا بیانسڕمەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


رازاو گوڵێ مەحمود: رقم لە هەموو 29ی مانگێک دەبێتەوە و دەمەوێت لە رۆژژمێردا بیانسڕمەوە
مەودا میدیا-

کاتێک دەسەڵاتدارێکی ستەمکار زۆر بێباکانە واژۆ لەسەر بڕیارى کوشتن و بێسەروشوێنکردنی کەسێک دەدات، لێکەوتەکانی لە بازنەیەکی بچووکدا نامێنێتەوە و رەنگدانەوەی لەسەر ژیانی چەندین کەسی تر لە خێزان و کەسوکار و هاوڕێکانی دەبێت و چارەنووسیان بەرەو نادیار و سەختیی دەبات... خەندە و پێکەنین دەبێتە حەسرەت و گریان، سفرەی خوان و خۆشی دەپێچرێتەوە و بێحاڵی و بێماڵیی جێی دەگرێتەوە.
بەسەرهاتی خێزانی خاتوو رازاو، نموونەی مشتێکە لە خەروارێک، کە بەدرێژایی مێژووی داگیرکاری و زوڵم و ستەم، بەهۆی بڕیاری زۆردارانەوە هەزاران خێزان پەرتەوازەیی و لێکدابڕان و دەربەدەریی بەشیان بووە.
خاتوو رازاو، ناوی ئاوێتەی ناوی دایک و باوکی کردووە، چونکە لە دەمارەکانیدا خوێنی کەڵەپیاوێکی قارەمان و شیری شێرەژنێک ئاوێتە بوون، هەر لە منداڵییەوە بزۆز و چاونەترس بووە، کۆڵنەدەرانە چووەتە کۆڕی خوێندن و کار و چالاکیی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە و بەردەوام بووە و بەردەوامیشە...
  
کەی و لە کوێ لەدایک بوویت؟
ساڵی 1974 لە ناوچەی شارباژێڕ لە گوندی مڕانە لەدایک بووم.

باسی قۆناغەکانی خوێندن و ئەو خوێندنگەیانەم بۆ بکە کە لێت خوێندوون...
سەرەتاییم لە خوێندنگەی ئەمین زەکی لە گەڕەکی مەجید بەگ و ناوەندییش لە خوێندنگەی ڤیان (کە ئێستا رەوشەن بەدرخانە) لە هەمان گەڕەک خوێندووە. پۆلی چوارم لە ئامادەیی شیرین خوێندووە و پێنج و شەشیش لە ئامادەیی ئاشتی.

ئەی سەبارەت بە قۆناغی زانکۆ چی؟ بڕوانامەی چیت هەیە؟
سەبارەت بە قۆناغی زانکۆ و بڕوانامەکانم، دوو بکالۆریۆسم هەیە، یەکەمیان  لە زمان و ئەدەبی کوردی لە ساڵی 1996، دووەمیش لە یاسا لە ساڵی 2003، هەروەها ماستەر لە یاسا لە ساڵی 2009، کە ئەمانە هەمووی لە زانکۆ سلێمانی بووە، لە ئێستاشدا خوێندکاری دکتۆرام لە یاسا لە زانکۆی کۆیە.

ئەو بوارانە چین کە کارت تێدا کردوون؟
چواردە ساڵ لە زانکۆ خزمەتم هەیە، سەرەتا وەک فەرمانبەر، دواتر وەک توێژەر و پاشانیش مامۆستا. هەروەها سێ ساڵ وانەبێژی زمانی کوردی بووم لە دوو ئامادەیی هەر لە گەڕەکی مەجید بەگ. 
لە ساڵی2011 بووم بە بەڕێوەبەری گشتی لە ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان بۆ ماوەی حەوت مانگ، لەو کاتەدا یەکێک بووم لە کاندیدەکانی پەرلەمانی کوردستان لەسەر لیستی کوردستانی، دوای ئەوەی دوو کەس کشانەوە، من لە شوێنی ئەوان بووم بە ئەندامی پەرلەمان لە خولی سێیەم.

ئەى چالاکیی رێکخراوەیی؟
لە بواری رێکخراوەییشدا چالاکوانم، لە 2013ەوە کاری خۆبەخشی دەکەم وەک راوێژکار بۆ کاروباری ژنان، بۆردی سێ رێکخراوم کە هەر لەو بوارەدا کار دەکەن، وەک: سەرۆکی بۆردم لە (PDO - رێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان)، ئەندامی دەستەی گشتیم لە رێکخراوی ئازادبوون، هەروەها راوێژکارم لە ئینستتیوتی پەی.

لەبەر چی ناوی دایکت هەڵگرتووە؟
ئێمە لە ساڵی 2018 کەمپینێکمان کرد بەناوی (ناوی من ناوی دایکمە) چوار رێکخراو و نۆ کەسی پەرلەمانتار بووین. ئەو کەمپینە بۆ پشتگیریی ئەو منداڵانە بوو کە بەهۆی ئەو دۆخە نائاساییەی سەردەمی داعشەوە لەدایک بوون، بەتایبەتییش دوای رووخانی رققە. ئەو ژنە ئێزیدییانەی دەگەڕانەوە لە سووریاوە، منداڵیان بووبوو، دایکەکە ئێزیدی بوو، باوکیان داعش، لەسەر سنوور منداڵەکانیان لێ دەسەندن، چونکە ناسنامەیان نەبوو، دایکەکان زۆر ئازاریان دەکێشا و دەیانوت: "تاوانی ئێمە چییە؟ لێرە کە ئێمەیان فڕاند، لە منداڵەکانمان دووریان خستینەوە و ئازاری دووریی جگەرگۆشەکانمان دەیهاڕین و ئێستاش جارێکی تر بە دەستی هاوڵاتیی خۆمان هەمان ئازارمان دەدەنەوە."
مەبەست لەو کەمپینە ئەوە بوو، کە ئەو منداڵە ئێزیدییانەی لە ئەنجامی دەستدرێژیی چەکدارانی داعش لەدایک بوون، خێزانە ئێزیدییەکان نایانگرنە خۆیان و دایکەکانیش ناتوانن دەستبەرداری منداڵەکانیان بن، هاوکات باوکیشیان نادیارە، نازانرێت باوکی ئەو منداڵە کێیە و لە کوێیە، بەو کەمپینە دەمانەویست چارەسەری کێشەی ئەو منداڵانە بکەین. کێشەکان هەم لە دەستووری عیراقی و هەمیش لە یاساکاندایە بۆ تۆمارکردنیان وەک هاوڵاتییەک و بتوانن بخوێنن و ژیانێکی شایستە بژین دوور لە تانەی کۆمەڵگە، واتە کێشەی ئەو منداڵانە زۆرە، هەم لە کۆمەڵگەی خۆیان و هەمیش لە بەرانبەر یاسا، بۆیە تا ئێستاش بەردەوامین بۆ چارەسەری ئەو کێشانە، کە بەپێی هەندێک راپۆرت پێنج هەزار منداڵن، بەتایبەتییش بۆ ئەو منداڵانەی کە لەسەر سنوور لە دایکەکان سەنراون، هێشتا نازانین بەرەو کوێیان بردوون، هەر بۆیە زۆربەمان ناوی دایکمان لە خۆمان ناوە. هەندێکیان بە کاتیی بوو، بەڵام من ناوی باوکم و دایکمم هەڵگرتووە و شانازیی بە هەردووکیانەوە دەکەم و جێگەی شانازین بۆ من.

زۆرباشە، کەواتە باسی دایک و باوکتم بۆ بکە...
 دایکم ناوی (گوڵێ دەروێش کەریم)ە، لە ساڵی 1944 لە شارباژێڕ لە گوندی مڕانە لەدایک بووە. 
باوکم ناوی (مەحمود فەرەج)ە، لە ساڵی 1938 ئەویش هەر لە گوندی مڕانە لەدایک بووە.
لە ساڵی 1960 هاوسەرگیرییان کردووە، هەر کە هاوسەرگیری دەکەن دێنە سلێمانی و گرێبەستی هاوسەرگیرییان لە سلێمانی بووە.

باوکت ئیشی چی بووە؟
باوکم ئەو کاتە پۆلیس بووە و لە سلێمانی کاری کردووە، بۆیە هاتوونەتە سلێمانی، بەڵام دواتر واز لە پۆلیسی دەهێنێت و دوکان دەکاتەوە. یەکەم ماڵ لە گەڕەکی شێخان بوون، کرێچی بوون، دواتر باوکم لە گەڕەکی مەجید بەگ ماڵێک دروست دەکات و لە ساڵی 1967 چوونەتە ئەو خانووە و بۆ ماوەی 20 ساڵ لەو خانووەدا بووین تا ساڵی 1987 بەعس رووخاندی. خانووەکەمان دوو نهۆمی کراوە بوو، دوو دەرگای هەبوو لەسەر دوو کۆڵانی جیاواز.

وەک بزانیت باوکت کاری سیاسی دەکرد؟
باوکم کەسێکی خوێندەوار و کراوە بوو، سەرەتا وەک رێکخستن لە ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا کاری کردووە، بەڵام دوای ئاشبەتاڵ واز لە پارتی و شۆڕش دەهێنێت و کاسبی دەکات. لەگەڵ ئەوەش، بەپێی ئەو دیاردانەی خۆم دەمبینین، هەروەها بەپێی راپۆرتی رژێمی بەعس، لەوە دەچێت لە ریزەکانی کۆمەڵەدا کاری کردبێت، چونکە لەو بەڵگەنامانەی بەعسدا کە بەردەستمان کەوتوون، باس لەوە دەکەن کە خێزانی ئەم (موخەریبانە)، واتە "دایک و باوکم"، پەیوەندییان هەبووە بە شۆڕشەوە.  

دیاردەی وەک چی؟
جارێکیان کاتی قەدەغەی هاتوچۆ (منع التجول) لە ساڵی 1987، وەک باسم کرد؛ ماڵمان دوو نهۆم بوو، حەمامەکەمان لە نهۆمی خوارەوە بوو، کەمالی برام منی نارد بۆ ئەوەی بزانم هێزەکانی تەواری گەیشتوونەتە کوێ، چونکە من منداڵ بووم، جێی گومان نەبووم، کە گەڕامەوە بۆم باس کردن وا خەریکە دەگەنە گەڕەکی مەجید بەگ. باوکمم بینی پلاکی ناو ژووری ساردی حەمامەکە دەکاتەوە، هەندێک نامەی بچووکی پێچراوی دەخستە ناو بۆشایی پشتی پلاکەکە و پێی وتم: "لای هیچ کەس باسی نەکەیت." 
جگە لەوەش، لە ماڵی ئێمە کتێب خوێندنەوە و گوێگرتن لە رادیۆ و گفتوگۆی سیاسی زۆر هەبوو، هەر ئەوەش وای کردبوو کە منیش خوێندنەوەم زۆر لا گرنگ بێت.

چەند خوشک و برا بوون؟
شەش. یەکەم منداڵی دایکم و باوکم ناوی گەلاوێژ بووە، بەمنداڵی و لە تەمەنی پێنج ساڵیدا بە رووداوی سووتان کە دەڵێن تەنیا دەستی سووتاوە، گیانی لەدەست داوە، ئەوانی تریش بەم شێوەیە بووین:
شەهید کەمال، لەدایکبووی 1964.
رێبوار، لەدایکبووی 1966.
گەلاوێژ، کە بەناوی یەکەم کچەوە ناونراوە، لە ساڵی 1968 لەدایک بووە.
رێزان، لە ساڵی 1971 لەدایک بووە، لە ساڵی 2012 بە نەخۆشیی شێرپەنجە کۆچی دوایی کردووە.
من (رازاو)، لە 1974 لەدایک بووم.
جوتیار، لە ساڵی 1977 لەدایک بووە.
شەهید کەمال و رێبوار، لە گەڕەکی شێخان لەدایک بوون، ئەوانی تر لە گەڕەکی مەجید بەگ، تەنیا من نەبێت لە گوندی مڕانەی شارباژێڕ لەدایک بووم، چونکە لە نسکۆی 1974 کە خێزانەکەی ئێمە سلێمانی جێدەهێڵن و دەچنەوە گوندەکەی خۆیان، لەو کاتەدا دایکم دووگیان بووە بە من.

بەمنداڵی کەسێکی چۆن بوویت؟
منداڵێکی بزێو و لاسار بووم، ژیانێکی ئارامم نەبوو، هەر ئەوەندەی چاوم کردەوە و تۆزێک لە دنیا تێبگەم، کەوتمە بەر شەڕەشەقی دنیا. یەکەم جار کە خۆمم بیر بێت، لە گەڕەکی مەجید بەگ بووین، پوورێکم نەشتەرگەریی ریخۆڵەکوێرەی بۆ کرابوو، دایکم ئێمەی بردە لای ماڵێکی دراوسێمان، لە راکەڕاکەی ئێمە، سۆپای عەلادین کەوت و گڕی گرت، کچەکەیان بەرەو لای من فڕێی دا و قاچم سووتا، بەپەلە منیان گەیاندە هەمان نەخۆشخانەکەی کە پوورم لێی کەوتبوو (نەخۆشخانەی فێرکاری). دایکم زۆر ترسا بوو، چونکە کچێکی بەو کارەساتە لەدەست دابوو، من هەر کە دایکمم بینی دەگری، بەو منداڵییە پێم وتبوو ئەگەر بگریت، من دەمرم. دوای ئەوە هاتمەوە ماڵەوە، هەموو رۆژێک پەرستارێک دەهاتە ماڵەوە و برینەکەی بۆ تیمار دەکردم، ئازارم زۆر دەبوو. پەرستارەکە پیاوێکی سەرسپی بوو، جارێک هەردوو دەستم خستبووە ناو قژی و وتبووم: "توو خاتری ئەو قژە سپییەت، چیتر ئازارم مەدە." ئیتر پیاوەکە وتبووی من چیتر دڵم نایەت برینەکەی تیمار بکەم.

چ بیرەوەرییەکی ئەو سەردەمەت هەر لە یادە و بیرت ناچێتەوە؟
لە ساڵی 1980 چوومە بەر خوێندن، یەکەم رۆژی خوێندن، بۆردوومانی ئێران بوو، من هێشتا قاچم سووتاوییەکەی باش نەبووبوو، لەترسی بۆردوومان رامان کرد و کەوتم، هەموو گیانم بوو بە خوێن. هەرگیز ئەو رووداوەم بیر ناچێتەوە. 

تۆ کە باوکت و براکەت تێکەڵاوی کاری سیاسی و حزبایەتی بوون، هیچ کاتێک کاریان بە تۆ سپاردووە و یان هاوکاریت کردوون؟
ئەو کاتەی خۆپیشاندانەکانی سلێمانی دەستی پێ کرد، منیش شوێن خۆپیشاندەران دەکەوتم، لەماڵەوە لێیان دەدام، حەپسیان دەکردم، بەڵام چاوقایم بووم، هەر دەچوومەوە.
ماڵی ئێمە دوو دەرگای هەبوو، هەر کاتێک ئەمن و تەواری دوای خۆپیشاندەران دەکەوتن، خوێندکارەکان رایان دەکرد لە دەرگایەکیانەوە دەهاتنە ماڵی ئێمە و لە دەرگاکەی ترەوە دەچوونە ناو کۆڵانەکەی تر. ئەگەر خوێندکارێکیش فریای دەرچوون نەکەوتایە، ئەوا دایکم لە ماڵەوە گلی دەدایەوە و جلی ماڵەوەی لەبەر دەکرد، ئێمەشی وا فێر کردبوو پێی بڵێین کاکە یان دادە. ماڵەکەمان بە دەستە بیجامە و ماکسی تێدا بوو بۆ ئەوەی ئامادەبێت بۆیان.

واتە دایکیشت هاوکاریی دەکردن بۆ ئەوە؟
بەڵێ، دایکم خوری و لفکەی دەچنی و لەناو سەبەتەی خوری و لفکەکان نامەی دەشاردەوە. دایکم خوێندەواری پەیدا کردبوو، چونکە دەچوو بۆ بەرنامەی هەڵمەتی نەهێشتنی نەخوێندەواری.
جارێکیشیان دیسانەوە خۆپیشاندان هەبوو، من زۆر شانازیی دەکەم کە خوشکی شەهید کەمالم، ئەو کوڕە گەنجە چاونەترس و لێهاتووە، زۆربەی کات لە پێشی پێشەوەی خۆپیشاندەران بوو، من بەدوای دەکەوتم، چەندین جار منی دەخستە سەر شانی، بڵندگۆیەکی دەدایە دەستم و بە دەنگی بەرز هاوارم دەکرد. ئەو دروشمانەی کە بیرمە: 
- بژی عەلی عەسکەری، بەردی نباغەی گەلی. 
- ئەم دینارە بە وردە، سەدام قۆنەرەی کوردە. 
- کە جام پڕ بوو لێی دەڕژێ، سەدام خوێنی کورد دەڕژێ.

 دەتزانی شەهید کەمال چی دەکات و لە چ رێکخراوێکدایە؟
کەمالی برام، ناوە نهێنییەکەی هیوا بوو، بە کەمالە رەشپۆش، یاخود کەمالی گوڵێ ناسرابوو، ئەندامی کۆمەڵەی رەنجدەران بوو، سەر بە مەفرەزەی تۆڵە بوو. لە پۆلی شەشی ئامادەیی بوو لە ئامادەیی سەڵاحەدینی کوڕان، دوو ساڵ بوو لە زمانی عەرەبی دەرنەچووبوو، کە گیرا هێشتا لە پۆلی شەش بوو.

لەگەڵ شەهید کەمال پەیوەندیتان چۆن بوو؟
من لە باوکم و کەمالەوە فێری خوێندنەوە و سیاسەت بووم، هەرچەندە دایکم زۆر هانی دەداین، بەڵام باوەشەکەی کەمال لای من، باوەشە گەرمەکە بوو. 

شەهید کەمال خۆی بەشداریی ئەو چالاکییانەی پێ دەکردیت سەرەڕای کەمیی تەمەنت؟
بەڵێ، بۆ نموونە؛ رۆژێکیان دیسانەوە خۆپیشاندان هەبوو، ئێمە لە ماڵی کوڕێکی دراوسێمان بووین بۆ پیرۆزبایی هاوسەرگیری، وەک هەمیشە دایکم منی دەبرد و بەجێی نەدەهێشتم لە ماڵەوە، وتم دەڕۆمەوە بۆ ماڵەوە، دایکم دڵنیا کردەوە کە دەڕۆمەوە، تا لە دەرگاکە چوومە ژوورەوە سەیری کردم، بەڵام لە دەرگای دیوەکەی ترەوە رۆیشتم بەبێ ئاگاداریی ئەوان. کاتێک گەیشتینە لای مامۆستایان، هێزی رژێم گەیشتنە سەرمان و هەریەکە بە لایەکدا رامان دەکرد، شەهید کەمالم لێ ون بوو، خۆم گەڕامەوە بەرەو ماڵەوە و گەیشتمە لای خوێندنگەی ڤیان، دایکم و گەلاوێژم بینی لەسەر شەقامەکە بەرەو سلێمانیی تازە دەڕۆیشتن، کاتێک گەیشتمەوە ماڵەوە، کەمالی برام باوەشی بۆ کردمەوە و وتی: "دایکم و گەلاوێژ بەلایەکدا رۆیشتوون بەدواتدا و باوکیشم بە لایەکدا، بڕۆ سەربان و خۆت بکە بە نوستوو." کاتێک دایکم گەڕایەوە من لەناو جێگە خۆم کردبوو بە نوستوو، وتی: "با بنوێت، بەیانی سزای خۆی وەردەگرێت." بەیانی زۆر بە خراپی سزایان دام.
جارێکی تریش لە پۆلی چواری سەرەتایی بووم، بەهۆی ئەوەی باڵام بەرز بوو، منیان دەستنیشان کرد وەک (طلائع) و جلیان دامێ، کاتێک هاتمە ماڵەوە، کەمال لێم تووڕە بوو، یەکەم جاریش بوو ئەو لێم تووڕە ببێت، وتی: "هەرگیز نابێت بەشداریی لە هیچدا بکەیت، نە هەڵگرتنی ئاڵا نە تەلائیع نە هیچ شتێک کە پەیوەندیی بەو چالاکییانەوە هەبێت، سبەینێ جلەکەیان بۆ بەرەوە." وتم: "دەترسم مامۆستا لێم تووڕە ببێت"، دایکم وتی: "داینێ سبەینێ خۆم دەچم و بۆیان دەبەمەوە."

سەرەڕای مەترسییەکان، ئەو سەردەمە خەڵک زۆر دڵخۆش دەبوون بەوەی پێشمەرگە دەهاتنە ناوشار و چالاکییان دەکرد، هیچ بەسەرهاتێکی لەو جۆرەت بیرە؟
یەکێک لە  یادەوەرییەکانم لەو بارەیەوە؛ کاتێک پێشمەرگە زیلەکانیان سووتاند لە گەڕەکی مەجید بەگ، کە ئێستاش بەو گەڕەکە دەڵێن "زیلەسووتاوەکە"، هێزەکانی رژێم کەوتنە پشکنینی ماڵان و زۆر کەسیشیان گرت. دایکم وتی: "بڕۆ بۆ ماڵی باجی ئافتاوی دراوسێمان و بچنە حەمامەکەیان"، دەترسا لێم، هەم بەهۆی ئەوەی قاچم هێشتا سووتاوییەکەی زۆر مابوو، هەمیش بەهۆی ئەوەی زۆر سەرەڕۆ بووم. دوای ماوەیەک دایکیشم لەسەربانەوە هات بۆ لامان، دوو کاتژمێر لە حەمام بووین. دوایی زانیمان کە شێخ عەزیزی باوکی شێخ محەمەد (سکرتێری مام جەلال)یان گرتبوو کە هەر لە گەڕەکی خۆمان بوون.
بیرەوەرییەکی تریشم هەر لەو رووەوە؛ شەوێک (نەجدە)یان سووتاند، پێشمەرگە هاتبوونە ناوشار، گوێمان لە دەنگیان بوو. میوانێکمان هەبوو ناوی فارس دەروێش بوو، خزمی باوکم بوو، لەو کاتەدا چوو بۆ توالێت، سەروجامانەی لە سەردا بوو، ئەمن بینییان و دەستڕێژیان لێ کردین، وایانزانی پێشمەرگەیە. لە سەرەوە بووین و ویستمان بەپەلە بچینە خوارەوە، بیجامەکەی کەمال لە شیشی بالکۆنەکە گیرا، وا شڵەژابووین مقەستمان دەست نەدەکەوت بیبڕن. بەیانی کە هەڵساین سەیرمان کرد دیوای ماڵەکەمان وەک بێژنگ کونکون بووبوو.

شەهید کەمال کەسایەتییەکی چۆنی هەبوو؟
کەسێکی کۆمەڵایەتی بوو، پەیوەندیی زۆر باش بوو لەگەڵ کەسوکار و هاوڕێکانیدا، بێدەنگ بوو، زۆربەی کات ئازاری سەری هەبوو، واتە؛ ژانەسەر (شەقیقە)ی لەگەڵدا بوو. کەم کات دەرگای ژوورەکەی کاراوە بوو، حەزی لە خوێندنەوە و گوێگرتن لە گۆرانیی بوو (ژمارەیەکی زۆر زۆر شریتمان هەبوو).
 هەر لە منداڵییەوە لەگەڵ کوڕەکانی گەڕەک جیاواز بوو، شارەزای دنیای سیاسەت بوو، زۆری دەخوێندەوە، واشی کردبوو ئەو دوو سێ ساڵە ماڵی ئێمە ئاسایی نەبوو لەبەر پەیوەندییەکانی و هاتوچۆی خەڵکی نەناسراو بۆ ماڵمان، کە دواتر بۆمان دەرکەوت ئەوانە رێکخستن بوون.
 
هاوڕێکانیت دەناسی؟
بەڵێ، شەهید حاجی (جەلال)، شەهید تارق، بەکر فەرەج، ئارام (برای شەهید بەرهەم)، وەک خێزان تێکەڵ بووین، ئەمانە و هەندێک هاوڕێی تری بەردەوام لە ماڵی ئێمە بوون، هەروەها رێبواری برام بەردەوام لەگەڵ کەمال بوو.

بارودۆخی خێزانی و ئابووریتان چۆن بوو؟
زۆر باش بوو، ماڵی ئێمە زۆر بێئاژاوە بوو، لەناو یەکدا رێک بووین، باوکم و دایکم زۆر رێک بوون، خۆیان لە کێشەی خەڵک هەڵنەدەقورتاند، بۆ منداڵەکان زۆر باش بوون، پەروەردەی باشیان دەکردین، خۆشترین شت بەلایانەوە ئەوە بوو نمرەی بەرز بهێنین. 
باری ئابووریمان مامناوەندی بوو، خانووی خۆمان و ئۆتۆمبێل و دوکانمان هەبوو، پێداویستییەکانمان بۆ دابین کرابوو، خێزانێکی بەختەوەر بووین، بەڵام لە یەک شەو و رۆژ و لە رۆژی 29ی ئەیلوولی 1987 ئەمانە هیچی نەما.

کەواتە دەتوانم بڵێم گرتنی شەهید کەمال خاڵی وەرچەرخان بوو لە ژیانی خێزانەکەتاندا، کە ئەوە روویدا چیتان کرد و دایک و باوکت بڕیاری چییان دا؟
کاتێک کەمال گیرا، یەکەم بڕیاری دایک و باوکم ئەوە بوو ئێمە دوور بخەنەوە لە ماڵەوە، یەکەم دوو هەفتە ئێمەیان ناردە کەناروێ،  کەمپی زۆرەملێ (مجمع) بوو، ئەوانەی لە ساڵی 1978 لە مڕانەوە راگوێزرابوون، هێنرابوونە ئەوێ، لەبەر ئەوەی ئەو گوندە نزیکی سنوور بوو، زۆربەی زۆری راگوێزرابوون، ماڵی پوورم لەوێ بوون، نەیاندەویست بێنە شاری سلێمانی، هەر لەوێ دەژیان، دوو  هەفتە لەوێ بووین. زۆر تاقەتم چووبوو، ئیتر خوشک و براکانم دەرەقەتم نەدەهاتن و گەڕاینەوە، من پێش ئەوان گەڕامەوە. دوای ئەوە بە ڕۆژ لە ماڵی خۆمان دەبووین و دوای نانخواردنی ئێوارەوە هەر جارە لە ماڵێک دەخەوتین.

ئەو ماوەیە چەندێکی خایاند؟
لە 11ی ئابی 1987ەوە تا 29ی ئەیلوولی 1987 ئێمە شەوان لە ماڵی خۆمان نەدەخەوتین.

دایکت و باوکت کەی دەستگیر کران؟
لە 29ی ئەیلوولی 1987 نانی ئێوارەمان خوارد، دایکم رۆیشتبوو واستەیەکی دۆزیبووەوە بۆ بەردانی کەمالی برام کە بچن بۆ بەغدا، گەلاوێژ ویستی شتەکان کۆ بکاتەوە، باوکم وتی: "هیچ مەکەن و مەوەستن، بڕۆن بۆ ماڵی خاڵتان". ماڵی خاڵم و باپیرم لە گەڕەکی سلێمانیی تازە بوون، کە رۆیشتین، ئاوڕێکم لە ماڵەوە دایەوە، باوکم بینی هەردوو دەستی لەسەر بالکۆنەکە دانابوو و سەیری دەکردین. بە گەلاوێژم وت باوکم سەیرمان دەکات. وتی ئەوە سەیری تۆ دەکات بزانێت لەگەڵمانیت.

چۆن زانیتان کە ئەوان دەستگیر کراون؟
بەیانی کاتژمێر 10 بوو، بەتوندی لە دەرگای ماڵی خاڵمیان دا، رێزان بوو، کچی دراوسێیەکمان بوو، وەک ئەوەی وتار بخوێنێتەوە وتی: "باوکم وتی بە منداڵەکانی حاجی مەحمود بڵێ با نەیەنەوە، چونکە ئەمشەو دایک و باوکیان گیراون"، خاڵۆژنم کەوتە لەخۆدان و هاوار هاوار، من لەناو ئەو ژاوەژاو و دەنگەدەنگەدا رام کرد بەرەو ماڵەوە و لەبەردەم ماڵی ئێمە خەڵکی لێ بوو، باجی تەلیعەی دراوسێمان وتی: "بڕۆرەوە بۆ ماڵی خاڵت." وتم: "وەک کاکم گیراون و ئیتر نایانبینینەوە." وتی: "نا نا دەیانبیننەوە، بەس تۆ جارێ بڕۆرەوە بۆ ماڵی خاڵت، با نەتانبینن و ئێوەش بگرن." 

ئیتر لە ماڵی خاڵت دەمانەوە؟
نا نەخێر، هەر ئەو رۆژە لەوێ دابەش کراین، هەر یەکەمان چووین بۆ ماڵێک و لە ماڵی خاڵم نەماین.

ئەو کاتەی ئەوان لە زینداندا بوون، هیچ نامە و پەیامێکیان بۆ دەناردن؟
دوو نامەی دایکمان بەدەست گەیشت. یەکێکیان وتبووی هەواڵی نەخۆشەکە چییە و چۆنە؟ مەبەستی کەمالی برام بوو. دووەمیشیان بۆ هەواڵی ئێمە بوو، تا بزانێت چیمان بەسەر هاتووە. نووسیبووی: ماڵێک بۆ خۆتان دروست بکەن و مەترسن. لەوە دەچوو لەو رۆژەوەی گیرابوون، زانیبوویان کە کەمال شەهید کراوە.

ئەو کاتەی دایک و باوکت گیران نزیکی کاتی دەستپێکردنەوەی خوێندن بووە، ئێوە کە بەو شێوەیە پەرتەوازە بوون، چوونەوە بۆ خوێندنی ئەو ساڵە؟
1ی تشرینی یەکەم خوێندنگە دەکرایەوە، هیچمان پێ نەبوو، من کە لە هەموویان منداڵتر بووم، ناردمیان لە ماڵەوە بۆ هێنانی جل و جانتا و کەلوپەلی خوێندن. ئێستا بیر دەکەمەوە چەند بوێر و ئازا و چاونەترس بووین، کە ئەو بڕیارەمان دا بچینەوە بۆ خوێندنگە، چەند بوێرانە بوو. کە چووینەوە خوێندنگەکانمان، مامۆستاکان و بەڕێوەبەر زۆر باش بوون لەگەڵماندا.

چارەنووسی ماڵەکەتان بە چی گەیشت؟
دوای چەند رۆژێک هاتبوون شتی ماڵەوە بەرن و دایکیشمیان لەگەڵ خۆیاندا هێنابوو، لەبەر چاوی دایکم هەموو کەلوپەلی ئەو ماڵەی 20 ساڵ بوو پێکەوەی دەنا، خستبوویانە لۆرییەوە و بردبوویان.

ئەى ئێوە هیچ کاتێک چوونەوە بۆ ماڵەکەتان؟
بەڵێ، رۆژێکیان زۆر بیری ماڵەکەی خۆمانم دەکرد، چووم سەیرێکی بکەم، خۆزگە نەڕۆیشتمایە، ئەو رۆژە یەکێکە لە ناخۆشترین رۆژەکانی ژیانم، هەر ئەو رۆژە هاتبوون ماڵەکەمانیان بە بلدۆزەر رووخاندبوو، بەو منداڵییە زۆرم جنێو دا و لەهۆش خۆم چووم، جیاواز لە خوشک و براکانم، ئەم تراژیدیایەم هەمووی بینی.

پاش ئەوە چیتان کرد، هەر وا بەپەرتەوازەیی مانەوە؟
دوای دوو مانگ لەمسەر و ئەوسەر، ماڵێکی پوورم لە سلێمانیی تازە ژوورێک و هەیوانێکیان کە هیی منداڵەکانیان بوو، دایان پێمان و حەوت مانگ لەوێ ماینەوە. لەوێ دۆخمان زۆر خراپ بوو، فشارێکی زۆرمان لەسەر ماڵی پوورمان هەبوو، دوای ئەوە، لە هەواری تازە ماڵی کوڕی مامی باوکم ژوورێکیان داینێ تا کرێچییەکەیان نهۆمی سەرەوەی بۆ چۆڵ کردن، ئیتر لە نهۆمی سەرەوەی ماڵی ئامۆزاکەی باوکم ماڵمان دروست کردەوە و تا راپەڕین لەوێ ژیاین.

بژێویتان چۆن دابین دەکرد؟
کاتێک دایک و باوکم گیران، خانووەکەمان نەما، باوکم پارەی لە بانک هەبوو، دەستیان بەسەردا گرت، دەستیان بەسەر دوکانەکەشدا گرت و کەلوپەلەکانیشیان برد. باپیرم (باوکی دایکم) وتی: "دایکت هاتووە هەندێک پارە و ئاڵتوونی لا داناوم" و بۆی گەڕاندینەوە، ئیتر خانووەکەمان رووخێنرا و دەست بەسەر هەموو موڵک و ماڵماندا گیرا و هیچمان بەردەست نەکەوتەوە، تەنیا ئەو پارە و ئاڵتوونە نەبێت کە دایکم لای باوکی خۆی داینابوو.

بەو تەمەنە کەمەوە کێ سەرپەرشتی دەکردن و ماڵی بەڕێوە دەبرد؟
خوشکە گەورەکەم (گەلاوێژ). بەڕاستی ئەو خوشکەم زۆر باش بوو بۆمان و ئاگای لێمان بوو و هەردەم بەدەنگمانەوە بوو، ئەرکی بەخێوکردن و پەروەردەکردنی هەموومانی لەئەستۆ گرت (تا ئێستاش) وەک دایکێکی دڵسۆز و باشە.

لە میانەی قسەکانتدا زۆر باس لە دایکت دەکەیت کە بەردەوام پشتگیر و پشتیوانتان بووە، دەکرێت بڵێین دایکت وەک پارادایمێک وایە بۆ تۆ؟
بەڵێ بەدڵنیاییەوە، دایکم نموونەی باڵامە و هەوڵ و ماندووبوون و قوربانیدانی، رەنگدانەوەی زۆرە لەسەر بیرکردنەوە و ژیانم. دایکم کەسایەتییەکی بەهێزی هەبوو، وەک سەرکردەیەکی خۆڕسک، خەمی هەموو لایەکی بە کۆڵی خۆی هەڵدەگرت، پشتیوانیی ماڵی خەزووری (ماڵی باپیرم)ی زۆر دەکرد، زۆر کۆمەڵایەتی بوو، پرس و رایان زۆر پێ دەکرد. هەستی بە زوڵمی نەتەوەکەی دەکرد، هیواکانی زۆر بوون، ئەیویست ستەم و جەوری رژێم نەمێنێت. لەگەڵ شەهید کەمال زۆر هاوڕێ بوو و پشتیوانیی یەکیان زۆر دەکرد، هەوڵی شاردنەوەی هاوڕێ و نهێنییەکانی کەمال و هاوڕێکانی دەدا.
بیرمە سەرەتای شاڵاوی ئەنفال بوو، ماڵێک رزگاریان بووبوو، لە نزیک ماڵی ئێمە خۆیان شاردبووەوە، کەس نەیدەزانی جگە لە ماڵی ئێمە. نەورۆز بوو، منداڵی گەڕەک تایەی ئۆتۆمبێلیان لەبەردەمی ماڵەکە دەسووتاند، وایاندەزانی بەتاڵە، دایکم بۆ وەجبەی دووەمی تایەسووتاندن رای کرد لای برد و دەست و قۆڵی هەمووی سووتا بە گڕی تایەکان.
نەنکم بەردەوام دەیوت گوڵێ چاونەترسە و بەر دەبێت.
خێزانی شەهید عەلی کە لە زینداندا لەگەڵیان بوو و دواتر ئازاد کرا، باسی لە ئیرادەی بەهێزی دایکم دەکرد، کە دڵخۆشیی هەمووانی داوەتەوە و هانی داون هیچ نەدرکێنن.
نەهاوەند خان (هاوسەری مستەفا چاوڕەش)، بۆی گێڕاینەوە؛ کاتێک دەگەنە ئەمنی بەغدا، پێنجشەممە بووە، لێکۆڵینەوە نەماوە، بۆیە ئەو شەو و رۆژە لای دایکم و خێزانەکانی تر دایانناون، لەوێ دایکمی بینیوە و قسەیان کردووە، دایکم باسی ئێمەی بۆ کردووە کە نازانێت چیمان بەسەر هاتووە.

هەواڵی گوللەبارانکردنی شەهید کەمال و هاوڕێکانیتان چۆن زانی؟
کەمال و چوار هاوڕێکەی لە کاتژمێر 11:45 خولەکی 24ی تشرینی یەکەمی 1987 لە دووڕیانەکەی سەرچنار گوللەباران کران، ئێمە ئەو ساتە نەمانزانیبوو، چونکە ئاگاداریان نەکردبووینەوە، بەڵام کە هەواڵەکە بە شاردا بڵاو بووەوە، من ئەو کاتە لە ماڵی پوورێکم دەژیام لە گەڕەکی سلێمانیی تازە، لە خوێندنگە دەهاتمەوە، هەر لە دەرگای حەوشەوە پێیان وتم خۆت مەگۆڕە دەچین بۆ ماڵی مامت، ئیتر کە چووین بۆ ئەوێ هەموو کەسوکار کۆ بووبوونەوە و خەڵک دەگریان، پرسەیان بۆ دانابوو، بەڵام ئێمە، مەبەستم خوشک و براکانمە، نەمانتوانی لە پرسەکەشی دابنیشین، چونکە ترسی ئەوە هەبوو ئێمەش بگرن. لە ماوەی شەو و رۆژێکدا کە پرسەمان بۆ شەهید کەمال دانا، لەم ماڵ بۆ ئەو ماڵ سێ شوێنیان پێ گۆڕین. 

چارەنووسی دایک و باوکت بە چی گەیشت؟
ئێمە بەهیوا بووین رۆژێک لە یەکێک لە زیندانەکاندا بیاندۆزینەوە، بەڵام هیچ هەواڵێکیان نەبوو. دوای راپەڕین و ئازادکردنی سلێمانی، هەموومان رامان کرد بۆ ئەمنەسوورەکە، بەڵکوو هەواڵێک سەرەداوێکمان دەربارەیان دەست بکەوێت، بەڵام بەداخەوە، ئەوەی دەستمان کەوت، بەڵگەنامەی بڕیاری ملپەڕاندنیان بوو کە لە  12ی کانوونی یەکەمی 1987 دەرچووبوو، دواتریش دوای پرۆسەی ئازادی، چووین بۆ بەغدا و چووین بۆ زیندانی ئەمنی بەغدا، لەوێش هەمان بەڵگەی بڕیارەکە هەبوو.

کەواتە نەتانزانی لە کوێ ئەو فەرمانەیان جێبەجێ کردووە؟
نەخێر، تا ئێستاش گۆڕبزرن و نازانین لە کوێ ئەم کارەیان کردووە، لە کوێ بەخاک سپێردراون، ئەمەش یەکێکە لەو ئارەزووە پڕ ئازارانەی کە گۆڕەکانیان بزانین لە کوێن.

لە کۆتاییدا دەمەوێت بزانم ئەو کار و چالاکییانە چین کە لە ماوەی دوو ساڵی کاری پەرلەمانتاریتدا کردووتن و شانازییان پێوە دەکەیت؟
هەرچەندە ماوەیەکی کەم پەرلەمانتار بووم، بەڵام دەتوانم بڵێم لەو ماوەیەدا پەرلەمان زۆر چالاک بوو لە رووی یاسادانان و چاودێرییەوە، کوردستان و ناوچەکەش بە دۆخێکی پڕ لە کێشە و شەڕ و نەهامەتیدا تێدەپەڕی. لەگەڵ هاوڕێ پەرلەمانتارەکانمان توانیمان لەو ماوەیەدا چەند یاسایەکی زۆر گرنگ دەر بکەین، وەک: یاسای پشتگیریکردنی نەخۆشانی شێرپەنجە، یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی، یاسای بەدەستهێنانی زانیاری، یاسای رۆژنامەنووسی و چەند یاسایەکی گرنگی دیکە، بەڵام ئەوەی زۆر شانازیی پێوە دەکەم، ئەوەبوو کە ئەو کاتەی کوردستانی رۆژئاوا تووشی شەڕ و کێشە بوون و سنووریان لێ داخرابوو، لەگەڵ چوار پەرلەمانتاری هاوڕێم چووینە سەر سنوور و داوامان لە دەسەڵات کرد کە دەبێت ئەو سنوورە بکاتەوە بە رووی کوردانی رۆژئاوادا، بۆ ئەمەش رووبەڕووی ئاستەنگی و ئیجرائاتی حزبی بووینەوە، چونکە ئێمە سەرەڕای ئەوەی حزب خۆی لە دەسەڵاتدا بوو، بەڵام ئێمە وەک هەڵوێستی نەتەوایەتی و پەرلەمانتاری ئەو کارەمان کرد.
دوای کاری پەرلەمانتارییش، من بەردەوام بووم لە کاری رێکخراوەیی و حزبی و زیاتر وەک خۆبەخشێک لە بوارەکانی ژنان و منداڵان، هەروەها کارکردن لەسەر دۆخی ئێزیدییەکان و رزگاربووانی دەستی داعش. کارێکی تریش کە زۆر شانازیی پێوە دەکەم، ئەوەیە کە من یەکێکم لە دەستەی دامەزرێنەری (دەستەی داکۆکیکاران لە نەخۆشخانەی هیوا) کە کەمپینمان دەکرد بۆ دابینکردنی دەرمان و پێداویستی ئەو نەخۆشخانەیە و نەخۆشەکانی.

29ی ئەیلوول لای تۆ چی دەگەیەنێت؟
29ی ئەیلوول، ئەو رۆژە بوو کە بڕیار درا چیتر من کچە منداڵەکەی دایک و باوکم نەبم، بڕیار درا ئیتر خوشکە بزێوەکەی شەهید کەمال نەبم، ئەو رۆژە بوو کە خێزان و ماڵ و گەڕەک و منداڵییان لێ سەندمەوە، بەبێ ویستی خۆم گەورە بووم و بێبەش بووم لە بۆنوبەرامی باوەشی دایکم و یاریکردن بە ریشی باوکم، چیتر نەمتوانی را بکەم لە ماچەکانی، بێبەش بووم لە راکەڕاکی کۆڵان و دەستبەدیوار و هەڵماقوو و پەتپەتێن... چیتر تا ئێستاش نەمتوانی بەئارامیی تەنیا شەوێک تا بەیانی بخەوم و خەو بە ماڵەکەی مەجید بەگەوە نەبینم و بۆ باوەشی دایک و باوکم نەگریم. رقم لە هەموو 29ی مانگێک دەبێتەوە و دەمەوێت لە رۆژژمێردا بیانسڕمەوە و بگەڕێمەوە بۆ پێش 29ی ئەیلوولی 1987.

لە کۆتاییدا دەمەوێت بزانم هیوا و ئاواتەکانت چین؟
هیوا و ئاواتم زۆرە، بۆ نموونە؛ لەگەڵ بێستون بتوانین کوڕەکانمان پەروەردە بکەین و لەگەڵیان بین تا خۆیان پێ دەگەیەنن و ببن بە ئەندامێکی باش و بەسوود بۆ خۆیان و کۆمەڵگە. لەسەر ئاستی کەسییش، ئامانجم ئەوەیە بەردەوام بم لە خوێندن و هەرگیز نەوەستم لە هەنگاونان بەرەو ئەو ئاوات و ئامانجانەی کە هەمە، یەکێک لە ئەواتەکانیشم ئەوەیە بگەڕێمەوە بۆ زانکۆ بۆ وانەوتنەوە.
لەسەر ئاستی ژنانیش، هیوام وایە ژنان بەگشتی و ژنانی وڵاتەکەم بەتایبەت، بتوانن بە مافەکانیان بگەن و کۆمەڵگەیەکی یەکسان فەراهەم ببێت کە تیایدا هەمووان وەک یەک هەلیان بۆ بڕەخسێت و بەیەک چاو سەیر بکرێن.

*ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز (نەرمین عوسمان) لە چوارچێوەی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی بەشداریی ژنی كورد لە بوارە جیاوازەكاندا سازیكردووە.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

نەسرین قاسملۆ؛ تەوارێکی کوردپەروەر

لەلایەن زوڵفان غەریب



News

خانزاد خاتوون؛ تەوارێکی حوکمڕان

لەلایەن زوڵفان غەریب