راپۆرت
ئەو پیاوەی لە دوو بۆردوومانی بۆمبی ئەتۆمی رزگاری بوو
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
دەمژمێر 8:15 خولەكی بەیانیی 6ی ئابی 1945، تەنها یەك مانگ بوو جەنگی دووەمی جیهانیی كۆتایی پێهاتبوو و دانیشتووانی سەرزەوی لە هەوڵی بەرەو ئاساییبردنەوەی ژیان بوون لەم هەسارە ماندووە.
دەمژمێر 8:15 خولەكی بەیانیی 6ی ئابی 1945، تەنها یەك مانگ بوو جەنگی دووەمی جیهانیی كۆتایی پێهاتبوو و دانیشتووانی سەرزەوی لە هەوڵی بەرەو ئاساییبردنەوەی ژیان بوون لەم هەسارە ماندووە.
سوتۆمو یاماگوچی 29 ساڵ، كە ئەندازیارێكی بەنەژاد ژاپۆنی بوو و دیزاینی كەشتییە نەوتهەڵگرەكانی دەكرد بۆ كۆمپانیای میتسوبیشی لە هیرۆشیما – ژاپۆن، ویستی بە گەشتێكی دورودرێژ بگەڕێتەوە بۆ ماڵەكەی لە ناگازاكی بۆ بینینی هاوژینەكەی و كوڕە تازەلەدایكبووەكەی.
ئەو ئەندازیارە لە رێگەدا بوو كاتێك ژاوەژاوێكی بەرزی بیست و تەماشای ئاسمانی كرد، فڕۆكەیەكی بۆمبهاوێژی B-29ی ئەمەریكی بینی كە شتێكی بچووكی هەڵدایەخوارەوە، ئەو شتە بەسەر ئاسمانی شارەوە هێواش دەهاتەخوارەوە كە بە دوو پەڕەشووتەوە بەسترابووەوە.
چەند چركەیەكی نەخایاند جیهان لەبەرچاوی یاماگوچی تەقییەوە و تەنها ئەوەندە كاتی هەبوو خۆی فڕێبداتە ناو رێڕەوێكی باراناو؛ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بە بۆمبی ئەتۆمی هیرۆشیمای بۆردومانكرد، شارەكە لەگەڵ زەوی یەكسانبوو، نزیكەی 226 هەزار كەس بەهۆیەوە گیانیان سپارد.
كاتێك یاماگوچی چاوی كردەوە، پەردەی گوێیەكانی تەقیبوو، قۆڵ و دەموچاوی سووتابوون و پەرجووئاسا زیندووبوو، گەڕایەوە بۆ شوێنی كارەكەی و لەگەڵ دوو هاوڕێی لەوێ مانەوە، رۆژی دواتر چوونە وێستگەیەكی شەمەندەفەر، رێگەكەیان وەك خەوێكی ترسناك بوو، تەرم لەسەر شەقامەكان رژابوو، بە رووبارێكدا پەڕینەوە كە پردەكەی رووخابوو و تەواوی رووبارەكە پڕبوو لە تەرم.
تەنها دوو رۆژ دوای وەرگرتنی چارەسەر، رێكەوتی 9ی ئاب-1945، یاماگوچی بە برینداری چووەوە سەر كارەكەی لە نووسینگەی كۆمپانیاكەی لە ناگازاكی، لەوێ كاتێك تەقینەوەكەی بۆ بەڕێوەبەرەكەی باسكرد، بەڕێوەبەرەكەی باوەڕی پێنەكرد كە تەنها یەك بۆمب تەواوی شارێك یەكتای زەوی بكات و بووە شەڕیان.
لە نێوەندی شەڕەكەی یاماگوچی و بەڕێوەبەرەكەی، بۆ جاری دووەم لەماوەی سێ رۆژدا بۆمبێكی ئەتۆمی ناوچەی دووەمی ژاپۆن "ناگازاكی" هەژاند، 70 هەزار هاوڵاتیی دیكە لە ژاپۆن گیانیانلەدەستدا.
كاتێك یاماگوچی چاوەكانی كردەوە سێ كیلۆمەتر لە خوار زەمینەوە بوو، وا هەستیدەكرد بۆمبە شێوە قارچكییەكە دوایكەوتووە بۆ هەموو شوێنێك، هەستایەوە و بەرەو ماڵەكەی خۆی رێیكرد، هاوژینەكەی و كۆرپەكەی لە ژیاندا بوون، ئەمجارە رەوشی تەندروستیی یاماگوچی بەتەواوی تێكچوو و بۆ ماوەی هەفتەیەك بە بەردەوامیی دەڕشایەوە و تا-یەكی بەرزی هەبوو، لەناو ئەو هەنگامەیەشدا نەخۆشخانەكان سەرجەمیان بەهۆی بۆردومانەكەوە خاپووربوون و كەس نەبوو بە هانای بریندارانەوە بڕوات.
هەتا ئەمڕۆ، بەكارهێنانی بۆمبی ئەتۆمی دژ بە خەڵكی مەدەنی لەژێر پرسیاردایە، كاریگەریی ئەو بۆمبە ئەتۆمییانەش هێشتا ماوە لەسەر منداڵ و نەوەی بەركەوتووانی ئەو چەكە، كوڕەكەی یاماگوچی بەهۆی بەركەوتنی كارلێكەكانی بۆمبەكە، لە تەمەنی 59 ساڵیدا بەهۆی تووشبوونی بە شێرپەنجە گیانیلەدەستدا.
هاوژینەكەشی بەهۆی وەستانی گورچیلە و جگەری لە كاركردن بەهۆی بەركەوتەی لەگەڵ تیشكی ژەهراویی بۆمبی ئەتۆم گیانی سپارد، دواتر سوتۆمو یاماگوچی تووشی شێرپەنجەی خوێن بوو، بەڵام هەتا تەمەنی 93 ساڵی ژیا و سەرەنجام بەهۆی شێرپەنجەی گەدە كۆچی دواییكرد.
سوتۆمو نازناوی "بەختەوەرترین بەدبەخت"ی پێبەخشرا، چونكە سەختترین كارەسات و دیمەنەكانی لە ژیانیدا بەدیكرد، لەلایەكی دیكەشەوە هەتا كۆتاییەكانی ژیانی بەردەوامبوو لە هەوڵدان بۆ رێگریكردن لە دووبارە بەكارهێنانەوەی بۆمبی ئەتۆمی.
ش.ع.ع