راپۆرت

مەترسیدارترین و خراپترین 4 زیندان لە جیهاندا

مەودا میدیا - سلێمانی |


مەترسیدارترین و خراپترین 4 زیندان لە جیهاندا
مەودا میدیا-

لە فیلمی (The Shawshank Redemtion) (ذە شاوشانك ریدێمپشن) ئێڵیس بۆید دەڵێت "كاتێك دەتخەنە خانەیەكی زیندان و شیشی دەرگاكانی پێكدادەدەنەوە، ئەوە ئەو كاتەیە كە دەزانیت (شتەكە بوو بە راستی)".

بەپێی ناوەندی داتای جیهانیی تایبەت بە ئامارەكانی زیندان، هەتا مانگی دووی 2023 زیاتر لە 10 ملیۆن و 350 هەزار دانیشتووی سەرزەوی لەپشتی شیشی زیندانەكانن. گرتووخانەكان زۆرینەی جار دەبنە كۆتا لانەی مەترسیدارترین و خراپترین دانیشتووانی زەوی، بەڵام هەندێكجاریش هەلومەرجی نێو زیندانەكان مرۆڤ تووشی سەرسوڕمان دەكەن، چوار مەترسیدارترین و خراپترین زیندانەكانی جیهان وەك؛


زیندانی گیتاراما - رواندا
جەنجاڵترین زیندانی جیهانە، شوێنی 600 بەندكراوی تێدایە، بەڵام دەسەڵاتدرانی ناوچەكە حەوت هەزار بەندكراویان لەو گرتووخانەیە داناوە و زۆرینەیان تۆمەتبارن بە جینۆسایدی ساڵی 1994ی رواندا.

زیندانییەکان لە گیتامارا ژن و پیاو، بە درێژایی كاتژمێرەكانی رۆژ ناچارن بەپێوە بوەستن، بەوهۆیەوە پێیەكانیان تووشی كانگرێن دەبێت و سەرەنجام زۆرینەیان ئەندامەكانی جەستەیان دەبڕدرێتەوە، بەهۆی ئەوەش كە زیندانەكە تەنها یەك پزیشكی هەیە، زۆرینەی زیندانییەکان ناتوانن چارەسەر وەربگرن و ئەندامە رزیوەكانی جەستەیان ببڕێتەوە، تێكڕا بەوهۆیەوە رۆژانە شەش كەس لە گیتامارا گیانلەدەستدەدەن.


زیندانی "EDX" - ویلایەتە یەكرگرتووەكانی ئەمەریکا
لەژێر توندترین چاودێرییدایە، ساڵی 1994 لە دامێنی چیایەكی بەردین لە ویلایەتی کۆلۆرادۆی ئەمەریکا دروستکراوە، ژمارەیەك تۆمەتباری بەناوبانگی جیهانی تێدایە، لەوانە تۆمەتباری بۆردومانی ناوەندی بازرگانیی جیهانی ساڵی 1993، تۆمەتباری تەقینەوەکانی 11ی سێپتەمبەر و کەسانی دیکە، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز دەڵێت "زیندانییەکانی ئەو گرتووخانەیە رۆژانە 23 کاتژمێر لە ژوورێك بچووكی كۆنكریتیی تاکەکەسیدا بەسەردەبەن كە رووبەرەكەی 2 بە 3.6 مەترە و پەنجەرەكانیان زۆر بچووكن، ژەمەخواردنەكانیان وەردەگرن، ئەو یەك كاتژمێرەی لە دەرەوەی ژوورە بچووكەكان بەسەریدەبەن دەستبەنددەكرێن و پاسەوانێك لەگەڵیان دەبێت بۆ چوونە نێو قەفەسێكی بچووك تا هەوای دەرەوە هەڵبمژن،  بەهۆی سەختی ئەم زیندانە، رۆبێرت كە زیندانیكراوێكی پێشووی ئی دی ئێكسە بە "كۆپییەكی بچووك لە دۆزەخ" ناویدەبات.

 
گرتووخانەی مێندۆزا - ئەرجەنتین 
ژمارەی بەندكراوەكانی نزیکەی سێ هێندەی توانای وەرگرتنی زیندانییانە، لە ژوورێكی رووبەر تەنها 4 مەتر چوارگۆشەدا پێنج بەندكراو هەیە، ژمارەیەک زیندانی ناچارن بێ دۆشەک لەسەر زەوی بخەون.

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێکیدا ساڵی 2005 لەسەر دۆخی سەختی بەندكراوانی مێندۆزا دەڵێت "ئەو کەسانەی لەوێ زیندانیکراون لە دۆخێکی هێندە نائومێددان گەیشتووەتە ئاستێك دەمیان دەدوورنەوە بۆئەوەی  داوای بارودۆخی ژیانێکی باشتربکەن،  

لەو زیندانەدا ئەشکەنجەدان هەتا مردن هەبووە و هیچ خزمەتگوزارییەكی تەندروستییان نەبووە، ئاو و پاكوخاوێنیی پێویستیشی نەبووە و ناچاربوون کیسی نایلۆن و بوتڵ بەکاربهێنن بۆ بەتاڵكردنی میزەڵان و ریخۆڵەكانیان.
 
 دۆلفینی رەش - روسیا
ئەمەیان گرتووخانەیەكە لە روسیا، دەکەوێتە سنووری نێوان روسیا و کازاخستان، تایبەتە بە مەترسیدارترین و توندوتیژترین تاوانبارانی وڵاتەكە، لەوانە بکوژانی زنجیرەیی، مرۆڤخۆرەكان، دەستدرێژیکارانی منداڵان و تێرۆریستان، ناوی "پەیكەری دۆلفین"ی لێنراوە كە پەیكەرەكە لەلایەن بەندكراوانەوە دروستكراوە و لەسەر چیمەنی بەردەم پێشوازی زیندانەکەدایە.

 بەردەوام 24 كاتژمێر بەندكراوانی ئەم بەندیخانەیە بە ڤیدیۆ لەژێر چاودێریدان و هەر 15 خولەك جارێك پاسەوانەكان خولێك بەدەوری بەندكراوەكاندا دەسووڕێنەوە، هەر دوو زیندانییەك لە خانەیەكی 4.6 مەتر چوارگۆشەدان كە سێ دەرگای پۆڵایینی بەسەردا دادەخرێت، بۆ ئەوەی زۆرترین مەودایان لەگەڵ پاسەوانان و زیندانیكراوانی دیكە هەبێت، رێیان پێدەدرێت رۆژانە 90 خولەک لە ژوورەکانیان بچنەدەرەوە و بۆ ناو حەوشەیەکی وەرزشیی کۆنکرێتی، كاتێكیش دەبرێنە هەر شوێنێكی دیكەی زیندانەكە، کۆت و بەنددەکرێن، چاویان دەبەسترێت و دەبێت لەسەر ئەژنۆ بڕۆن، بۆ ئەوەی نەتوانن فێری رێڕەوی زیندانەکە ببن، یان هەماهەنگیی لەگەڵ زیندانییەكانی دیكە بكەن و دژ بە پاسەوانەكان بوەستنەوە.

شادان، ع، ع

Qaiwan
Qaiwan