زوڵفان غەریب

زوڵفان غەریب

باشاك دەمیرتاش؛ تەوارێكی تر

بەشێكی زۆر لە وتەی پێشینانی كورد هێندە جوان نەخشێنراون کە لە چەند وشەیەك پێکهاتوون، بەڵام هێندەی كتێبێك واتا دەبەخشن، بە نموونە "شێر لە بێشە هاتەدەر چ نێر بێ‌ چ مێ‌"، "لەپشت هەر پیاوێكی مەزن ژنێكی دڵسۆز‌ و كارامە ‌و سەنگین هەیە" و زۆر نموونەی تری لەو جۆرە هەیە لە ژیانی سیاسی‌ و كۆمەڵایەتیی گەلاندا.

ئەوەی جێگەی سەرنج ‌و گرنگی پێدانە لەئێستادا دەركەوتنێكی ژنێكی پێشەنگ كە سیمای شۆڕشێكی مەدەنی ‌و ئاشتیخوازانەی لەخۆی گرتووە، ئەویش خاتوو باشاك دەمیرتاش، هاوژینی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپەیە.

لەم ساڵانەی دواییدا بەشێك لە شۆڕشەكانی كورد ژنان پێشەنگ بوون تیایاندا ‌و خەباتیان كردووە لە دژی حوكمڕانیی دیكتاتۆری ‌و نادادپەروەرانە، بەتایبەت لە سێ‌ پارچەی كوردستان كە دەكرێت شەهید ژینا ئەمینی وەكو سونبولی ئەو خەباتە ناوزەدبكەین ‌و خەباتەكەشی شۆڕشی ژن- ژیان- ئازادی لێ‌ بەرهەمهات‌ و بەگیانی خۆی دەوڵەتێكی هەژاند‌ و هەموو جیهانی خستەسەر شەقام بۆ دەربڕینی هاوسۆزی‌ و پشتیوانی بۆ راپەڕاندنی ژنی كورد.

لە رۆژئاوای كوردستان ژنان بەرەنگاری گەورەترین دوژمن‌ و ترسناكترین رێكخراوی تیرۆریستی بوونەتەوە و لەجیاتی هەموو جیهان جەنگان ‌و شۆڕشێكیان بە بەرگی ژن ئاسا درووستكرد ‌و سەرنجی هەموو جیهانیان بەلای خۆیاندا راكێشا‌ و هاندەرێكی كاریگەریش بوون بۆ ژنانی تری جیهان‌ و هەر لەو رووەشەوە چەندین تێڕوانین ‌و لێكۆڵینەوە لەسەر توانا ‌و ورەی پۆڵاینیان كراوە.

ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەگەر خاتوو باشاك دەمیرتاش بەربژێری پارتی یەكسانی‌ و دیموكراسی گەلان دەم پارتی بێت، بۆ گەورە شارەوانیی ئیستانبوڵ، پێویستە پارتە كوردییەكان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئەمجارەی توركیا جۆرێك لە یەكگرتووییان هەبێت، چونكە دەنگی كورد سەنگ ‌و قورسایی خۆی هەیە ‌و لە هەندێك شوێن یەكلاییەكەرەوە دەبێت بۆ سەركەوتن، بەتایبەت ئیستانبوڵ گرنگترینە سەرەڕای جیاوازی ئایدیۆلۆژیایی پارتە كوردییەكان.

ئەگەر باشاک دەمیرتاش سەركەوتن بەدەستبهێنێت، ئەوا دەبێتە نموونەیەكی پێشەنگ‌ و گۆڕانكاریی گەورە درووستدەكات ‌و رەنگدانەوەی لەسەر دەسەڵاتی حوكمڕانیش دەبێت لە توركیادا‌ و قۆناغێكی تر دێتەپێش بۆ نەتەوەی كورد لەسەر ئاستی دامەزراوە حكومییەكان ‌و چالاكییە سیاسییەكان لە تورکیا بەگشتی بە سەركەوتنی ئەو خاتوونە مێژوویەكی پرشنگدار بۆ خەباتی ژنانی كورد دەستپێدەكات ‌و ژنێك پێشەنگ دەبێت.

لە مێژووی كوردەواری ئەگەر بە پەنجەی دەستیش ئەژماربكرێت، بەڵام ژنان لەكاتی لاوازبوونی میرنشینەكانی كوردان وەكو خاتوو مەستوورەی ئەردەڵان‌ و خانزاد خاتوونی میری سۆران بەدرەوشاوەیی لە مێژووی حوكمڕانی‌ و بزووتنەوەی ژنان‌ و شۆڕشەكانی كورد دەدرەوشێنەوە‌ و هیوادارم ئەو خاتوونەش بەربژێر بكرێت ‌و سەركەوتووبێت‌ و گۆڕانكاری لە دەسەڵاتی ئەنقەرەدا رووبدات ‌و دادپەروەری بەدی بێت‌ و ئەوەی جێگەی ئاماژەیە لێرەدا ‌و گرنگە پاڵەوان سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەری خاتوو باشاكە، چونكە هەمیشە سەركردەكان یان جەنگ یان نادادپەروەری ‌و داگیركاری درووستیان دەكات، بەڵام لە هزری دیموكراسی پێویستی بە پاڵپشتی هەیە، ئەوەی پێویستە لێرەدا بزووتنەوەی ژنان‌ و رێكخراوەكان ‌و پارتە كوردییەكان پاڵپشتی تەواوی ئەو خاتوونە بكەن وەك قەڵایەك لە پشتیدا بووەستن ‌و بەوەش پشتیوانییەكی عادیلانە بۆ قارەمانی زیندان سەلاحەدین دەمیرتاش مسۆگەردەكەن.
 
خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan