چاوپێكەوتن

فەرید ئەسەسەرد: کۆنگرەى یەکێتى بەبێ رێککەوتن ئەنجام نادرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


فەرید ئەسەسەرد: کۆنگرەى یەکێتى بەبێ رێککەوتن ئەنجام نادرێت
مەودا میدیا_ کاروان رەسوڵ

ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت" هیچ ئەگەرێک نییە بۆ دواکەوتنی کۆنگرەی یەکێتی و ئاماژەیش بەوەدەکات سێ بۆچوون هەیە لەسەر ژمارەی ئەندامانی گۆنگرە".

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەم چاوپێکەوتنەیدا سەبارەی بەئەندامانی کۆنگرەی چوارەمی حزبەکەی کە وابڕیارە مانگی یازدەی ئەم ساڵ ببەسرێت بە  روونیکردەوە "سێ بۆچوون هەیە لەسەر ژمارەی ئەندامانی کۆنگرە یەکەمیان پێیان وایە زیاتر لە 1000 ئەندام کۆنگرە دابمەزرێنین و چونکە یەکێتی ماوەیەکی زۆرە کۆنگرەی نەبەستوە دووەمیان پێیان وایە 1000 ئەندام بێت و سێیەمیان رایان وایە کەمتر لە 1000 هەزار ئەندام بێت بۆچوونی دووەم و سێیەم پابەندبوونە بە پەیڕەوەوە".

لەسەر دۆخی خراپی بەغدا و خۆپیشاندانەکان لە ئێستادا وتی "ئەم خۆپیشاندانانەی لەئێستا لە بەغدا روودەدەن کاریگەری خراپی لەسەر هەرێم دەبێت لەوەیە بگوازرێنەوە بۆ هەرێم هەرچەندە ئەمە ئەگەرێکی دوورە و لەوانەیە کاریگەری هەبێت لەسەر بڕینی ئەو بڕە پارەیەی لە بەغداوە دێت وەک مووچەی فەرمانبەران".

یەکێتی و کۆنگرە

بڕیارتان دابوو مانگی 12ى ئەمساڵ کۆنگرە ببەستن، هەوڵەکانتان بەکوێ گەیشتوون لەوبارەیەوە؟
فەرید ئەسەسەرد: ئەو لیژنەی بۆی دروستکراوە کارەکانی بە ئاسایی دەڕوات و هەموو ئەرکەکان لەسەر ئەو لیژنەیەیە.

هیچ ئەگەرێک هەیە بۆ گۆڕینی رۆژی کۆنگرە؟ 
فەرید ئەسەسەرد: کۆنگرەی یەکێتی لە کاتی خۆیدا دەبەسترێت و هیچ ئەگەرێک نییە بۆ دواکەوتنی، ئەو لیژنەیە دڵنیاییان داوە پێش ماوەکە کارەکانیان تەواو بکەن.

کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی چەند ئەندامی دەبێت؟
فەرید ئەسەسەرد: هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە چەند ئەنداممان دەبێت بۆ کۆنگرە، پەیڕەو رێگەی بە 1000 ئەندام داوە، سێ بۆچوون هەیە لەسەر ژمارەی ئەندامانی کۆنگرە یەکەمیان پێیان وایە زیاتر لە 1000 ئەندام کۆنگرە دابمەزرێنین، چونکە یەکێتی ماوەیەکی زۆرە کۆنگرەی نەبەستووە دووەمیان پێیان وایە 1000 ئەندام بێت و سێیەمیان رایان وایە کەمتر لە 1000 هەزار ئەندام بێت بۆچوونی دووەم و سێیەم پابەندبوونە بە پەیڕەوەوە.

ئەم کۆنگرەیە تەوافقی ئەبێت؟
فەرید ئەسەسەرد: تائێستا باس لە تەوافقی نەکراوە، پێشەکی دەبێت ژێرخانی کۆنگرە کۆتایی پێ بێت، کاتێک لە کۆنگرە نزیک بووینەوە ئەو کاتە بڕیار لە تەوافق دەدرێت یان سازان دەکرێت. من پێموایە کۆنگرە بەبێ سازان ئەنجام نادرێت و دەبێت لەو سازانەدا مافی کادر و ئەندامان نەفەوتێت و لەبەرچاو بگیرێت، دەبێت سازان لەسەر ئاستێکی دیاریکراو بێت.

پۆستى سکرتێر دەمێنێتەوە و بەنیازن هەڵیبژێرن؟
فەرید ئەسەسەرد: ئەم بابەتە دەکەوێتە سەر ئامادەکردنی ئەو پەیڕەوەی دەبرێت بۆ کۆنگرە، دەشکرێت لەسەر شتێک رێبکەوێن بچێتە ناو پەیڕەوەوە و لەهەمانکاتدا ئەو دەقەی دەچێت بۆ کۆنگرە شیاوی گۆڕان و دەستکاریکردنە بۆیە نازانین ئەم بابەتە چۆن دەبێت.

یەکێتی و پارتی

لەئێستادا چەند رێککەوتنتان لەگەڵ پارتی هەیە؟
فەرید ئەسەسەرد: لەگەڵ پێکهێنانی کابینەی نۆیەم سێ رێککەوتن هاتە کایەوە جێبەجێکردنی ئەم سێ رێککەوتنە کەشێکی ئاسایی و باش لە پەیوەندییەکان دەهێنێتە کایەوە، بەڵام هەندی بابەت دێنە پێشەوە کە باسوخواسی لێنەکرابوو وەک دەسەڵاتی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و هەندێکجار کێشە بەخۆڕایی دروستدەکرێت کەسیک لە یەکێتی بچێتە حکومەتەوە دەسەڵاتی پێنەدریت ئەوە پێویستی بە پۆست نییە نەچێت باشترە.

دەسەڵاتی وەزیرەکانی یەکێتی کەمکراوەتەوە؟
فەرید ئەسەسەرد: هەر وەزارەتێک یاسای خۆی هەیە و بەو یاسایە کاردەکەن، ئەوەی پەیوەندی بە وەزیرەوە هەبێت کێشەکان کەمترن، بەڵام دەسەڵاتەکانی جێگری سەرۆک وەزیران بە یاسا رێکنەخراوە و ئەوەستێتە سەر سازانی لایەنەکان و ئەم کێشەیەش یەکەمجارە سەرهەڵدەدات لە سەردەمی مەسرور بارزانی.

یەکێتی و گۆڕان

پەیوەندیەکانی یەکێتی لەگەڵ گۆڕان لەچی ئاستێکدایە؟
فەرید ئەسەسەرد: پەیوەندییەکانی یەکێتی و گۆڕان بەراورد بە جاران تائەندازەیەک ساردی و سڕی هەیە، ئێمە لای خۆمان هەوڵی ئەوەمان داوە ئەو ساردی و سڕیە نەمێنێت، بەڵام کۆمەڵێک کێشە هەیە تائێستا چارەسەر نەکراون، ئەگەر ئەم سارد و سڕیە چارەسەر نەکرێت دەچێتە قۆناغێکی ترەوە.

مامەڵەکردنتان لەسەردەمی کاک نەوشیروان باشتربوو لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان یان ئێستا؟
فەرید ئەسەسەرد: ئێمە لە سەردەمی کاک نەوشیروان رێککەوتنی سیاسی و ئیرادیمان هەبوو، بەڵام لە ئێستادا دۆخی خراپی  پەیوەندییەکانمان هەندیکی پەیوەندی بە ناوخۆی یەکێتیەوە هەیە هەندێکیشیان پەیوەندی بە ناوخۆی گۆڕانەوەیە، بەڵام ئێمە ئارەزوی ئەوەمان دەربڕیوە پەیوەندییەکانی یەکێتی و گۆڕان ئاسایی بکرێتەوە فۆڕمێکی نوێ وەربگرێت بە پێویستێشی دەزانین.

بۆ هەوڵی باشترکردن نەدراوە؟ 
فەرید ئەسەسەرد: ئەمە پێوستی بە ئیرادەیەک دەبێت لە هەردوولا من دڵنیایی دەدەم ئەو ئیرادەیە لەناو یەکێتی هەیە ئایا گۆڕان چەند بەدەم ئام ئیرادەی یەکێتیەوە دێت.

یەکێتی و بەغدا 

تاچەند خۆپیشاندانەکانی بەغدا کاریگەری لەسەر هەرێم دەبێت؟
فەرید ئەسەسەرد: هەمیشە کاریگەری دەبێت، ئەم خۆپیشاندانانەی لەئێستا لە بەغدا روودەدەن کاریگەری خراپی لەسەر هەرێم دەبێت و لەوەیە بگوازرێنەوە بۆ هەرێم هەرچەندە ئەمە ئەگەرێکی دوورە و لەوانەشە کاریگەری هەبێت لەسەر بڕینی ئەو بڕە پارەیەی لە بەغداوە دێت وەک مووچەی فەرمانبەران.

هەرێم بۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا ئاسایی ناکاتەوە؟
 فەرید ئەسەسەرد: هەرێم پێویستی با ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا هەیە و هەوڵیشدراوە، بەڵام ئەنجامی باشی نەبووە و هۆکار زۆرن، یەکێک لەوانە رادەستنەکردنی نەوتە بە بەغدا و پێویستە چارەسەر بکرێت بە زووترین کات.

یەکێتی هەوڵی دوو ئیدارەیی داوە؟
فەرید ئەسەسەرد: ئەمە بەس دەنگۆیە یەکێتی هەوڵی وای نەداوە، بۆچوونی فەرمی یەکێتی ئەوەیە لەگەڵ بەغدا بگەین بە رێککەوتن و هەماهەنگی لەسەر سەرجەم بابەتەکان هەبێت.

پێتان وایە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی بەغدا دەستی دەرکی تێدایە؟
فەرید ئەسەسەرد: ئەوەی ئێمە دەیبینین خۆپیشاندانەکانی بەغدا گوزارشت لە گروپێکی بچوکی دانیشتوان ناکات، چونکە شیعە و سوننەی تێدایە و گروپی تریشی تێدایە، بەڵام بەدڵنیاییەوە هەر لایەنێک حەزدەکات بە قازانجی خۆی کۆتایی بێت، هەر سەرکردەیەک بیەوێت خەڵک بهێنێتە سەر شەقام دەیهێنێت، چونکە حکومەت نەیتوانیوە خزمەت بە خەڵک بکات، ئەم دۆخە گونجاوە بۆ هێنانی هاوڵاتیان بۆ سەرشەقام.  

یەکێتی بۆ هەندێ پۆست و بەرکەوتەى خۆى لە بەغدا پڕ نەکردووەتەوە؟ 
فەرید ئەسەسەرد: بابەتەکە پەیوەندی بە رێککەوتنەوە نییە، یەکێتی دەزگایەکی هەیە بە ناوی بانکی زانیاری ئەرکەکە بەوان سپێردراون، فایلەکان نێردراون بۆ ئەوان کۆتایی ئەم ساڵ یان سەرەتایی ساڵی داهاتوو سەرجەمیان پڕدەکرێنەوە.

یەکێتی و کەرکوک

دەنگۆی گۆڕینی ئەو بەربژێرە هەیە کە یەکێتی و پارتی لەسەری رێککەوتبوون بۆ پارێزگاری داهاتووی کەرکوک، ئەمە راستە؟
فەرید ئەسەسەرد: تائێستا وەک خۆیەتی و هیچ گۆڕانیکی بەسەردا نەهاتووە.

هۆکاری دەستبەکارنەبوونی چییە؟
فەرید ئەسەسەرد: ئێمە و پارتی هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەین، بەڵام ئەم ئەمەش پەیوەندی بەساردی نێوانمانەوە هەیە، ئێمە لەسەر هەموو شتێ رێکەوتووین لە ناکاو شتێک روودەدات کاریگەری خراپی لەسەر زۆر شت دەبێت، ئەمەش هەمان هۆکارە.

پارتی دەیەوێت پارێزگار دانەنێت و چاوەڕێی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکات؟
فەرید ئەسەسەرد: باشتروایە لە پێش هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک دابنرێت، چونکە دەبێتە زۆرتر بوونی نفوسی کورد لە هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و دەوروبەری، ئەگەر پارتی وابکات دژی بەرژەوەندییەکانی کورد کردویەتی.

هێشتنەوەی (راکان جبوری) کاریگەری خراپی لەسەر کاریگەری کورد دەبێت لە هەڵبژاردنەکاندا؟
فەرید ئەسەسەرد: هێشتنەوەی ئەو پارێزگارە عەرەبە ئەجوایەکی باش بۆ عەرەبەکان دابین دەکات، ئەو پارێزگارە خۆی بە خزمەتکاری عەرەبەکان دادەنێت بە هی کوردەکان دانانێت و ناشتوانێت بێ لایەن بێت و گرفت دەبێت لەبەردەم دەستکەوتەکانی کورد، بەڵام پارێزگارەکانی پێشووی کەرکوک کە کوردبوون خزمەتیان بە عەرب و تورکمانیش کردووە.

 بۆچی تائێستا پارتی بارەگاکانی نەگەڕاندۆتەوە بۆ کەرکوک؟
 فەرید ئەسەسەرد: هێچ رێگرییەک نییە و خۆیان نایانەوێت بگەڕێنەوە، بەڵام وتووێژ لەنێوانیان هەبووە بۆ وەرگرتنەوەی بارەگاکانیان.
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

رێنوسی تابلۆی ئۆتۆمبێلەكانی هاتوچۆی هەرێم هەڵەن

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

پارستنی ئاو وەکو ئەرکێکی بنەڕەتیی ژیان

لەلایەن د.مونیرە ئەبوبەکر


News

بۆ ناهێڵن عەرەبە ئاوارەکان بگەڕێنەوە؟

لەلایەن خەڵەف غەفور


News

نەرمین عوسمان؛ خەباتگێڕێکی کۆڵنەدەر

لەلایەن هیوا محەمەد