کوردستانی

مامۆستایانی ناڕازیی تا رۆژى دوو شه‌ممه‌ مۆڵه‌ت ده‌ده‌نه‌ ده‌سه‌ڵات

مەودا میدیا - سلێمانی |


مامۆستایانی ناڕازیی تا رۆژى دوو شه‌ممه‌ مۆڵه‌ت ده‌ده‌نه‌ ده‌سه‌ڵات
 
مه‌ودا میدیا-

 
 ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازیی به‌رده‌وامن له‌ هه‌ڵویسته‌كانیان و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، بڕیاره‌كانی دادگای فیدڕاڵی عیراق ، ژیانی سیاسیی و ئابووری رێكده‌خاته‌وه‌ و هه‌رلایه‌نێكیش دژی ئه‌وه‌ بێت له‌ دادگا سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر تۆمار ده‌كه‌ین، هاوكات راشیده‌گه‌یه‌نن، ئه‌گه‌ر یه‌كێتیی تا رۆژی دووشه‌ممه‌ بڕیاری راگرتنی كاره‌كانی "هه‌ژماری من" نه‌دات، ئه‌وا هه‌مان رۆژ خۆپیشاندانی فراوان له‌ ده‌باشان ئه‌نجامده‌ده‌ن.
 
 ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌21ى ئازارى 2024، عادل حه‌سه‌ن، ئه‌ندامی ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازیی له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، به‌ڕوون و راشكاوی جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ پڕۆژه‌ی "هه‌ژماری من" كه‌ سه‌پێنراوه‌ ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ پێمانوایه‌ ئه‌م سیستمه‌ وه‌ك ئابووری سه‌ربه‌خۆ ته‌نها خزمه‌ت به‌ بنه‌ماڵه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان ده‌كات و ده‌بێته‌ مایه‌ی ته‌مه‌ن درێژی و خۆسه‌پاندنی زیاتری تاڵانكاران، هاوكات پێچه‌وانه‌ی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عیراقه‌ كه‌ له‌ 21ی شوباتی 2024 ده‌رچووه‌.
 
 ئه‌وه‌شى وت، بڕیاری به‌نیشتمانییكردنی مووچه‌ و كورسی كۆتاكان له‌ یه‌ك رۆژدا له‌لایه‌ن دادگای فیدڕاڵییه‌وه‌ ده‌ركراون، ناكرێت پابه‌ندی یه‌كێكیان بن و ئه‌وی تر‌یان ره‌تبكرێته‌وه‌، بۆیه‌ رێگه‌ی دروست هاوكاریكردنی بانكه‌كانی رافیده‌ین و ره‌شیده‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌زوویی ده‌ستبكرێت به‌ دروستكردنی كی كارت بۆ مووچه‌خۆرانی ئه‌م سنووره‌ و هه‌روه‌ها پێدانی مووچه‌ی مانگی شوبات كه‌ ئێستا سێ قۆڵی ده‌ستان به‌سه‌ریدا گرتووه‌.
 
 له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازیی داوای ده‌ستبه‌جێ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سزاكانی پێشووی مامۆستایان ده‌كرێت و هاوكات پشتیوانی بۆ بڕیاره‌كانی دادگای فیدڕاڵی عیراق ده‌رده‌بڕن و ده‌ڵێن، ژیانی سیاسيی و ئابووری رێكده‌خاته‌وه‌ و هه‌رلایه‌نێكیش دژی ئه‌وه‌ بێت له‌ دادگا سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر تۆمار ده‌كه‌ین.
 
 مامۆستایانى ناڕازیی تایبه‌ت روو له‌ یه‌كێتى ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن، ئه‌گه‌ر یه‌كێتیی تا رۆژی دووشه‌ممه‌ی ئاینده‌ (25ی 3ی 2024) بڕیاری راگرتنی كاره‌كانی پڕۆژه‌ی "هه‌ژماری من" له‌م سنووره‌ نه‌دات و له‌ ئه‌گه‌ری زیاتر دواكه‌وتنی مووچه‌ بڕیاری مامه‌ڵه‌ی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی عیراق نه‌دات ئه‌وا رۆژی دووشه‌ممه‌ له‌ كاتژمێر 11:00ى پێشنیوه‌ڕۆ خۆپیشاندانی به‌رفراوانی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران له‌به‌رده‌م پاركی مه‌لیك مه‌حموده‌وه‌ به‌ره‌و ده‌باشان ئه‌نجامده‌ده‌ین و په‌یامی راسته‌وخۆ ده‌ده‌ینه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌م سنووره‌.
 
 ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازیی داوا له‌ هه‌موو فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان ده‌كات كه‌ به‌شداری بكه‌ن له‌و خۆپیشاندانه‌دا و پڕۆژه‌ی "هه‌ژماری من" ره‌تبكه‌نه‌وه‌، ده‌شڵێن، دوای خۆپیشاندانه‌كه‌ی به‌رده‌م ده‌باشان، داواكارییه‌كانیان ده‌گه‌یه‌ننه‌ نوێنه‌ری وڵاتان له‌ هه‌رێمی كوردستان. 

پ ح ع
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان