گێتی
سەرۆکی یەکێتیی و وەزیری دەرەوەی رووسیا جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسییەکان کردەوە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مهودا میدیا-
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە مۆسکۆ لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا کۆبووەوە .
لە کۆبوونەوەکەدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەبوو، دوایین گۆڕانکارییە سیاسیی، ئابووریی و ئەمنییەکانی ناوچەکە تاوتوێکران و جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان، عیراق و رووسیا کرایەوە، لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکاندا.
سەبارەت بە هێرشە تیرۆریستییەکەی هەفتەی رابردووی مۆسکۆ کە خەڵکی مەدەنیی کردە قوربانی، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، پرسە و هاوخەمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی گەیاندە گەل و وڵاتی رووسیا و جەختی لە پتەوکردنی هەوڵە جیهانییەکان کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی بیری توندڕەویی، هەماهەنگیی نێوان وڵاتان بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییە ئەمنییەکان و لەناوبردنی پاشماوەکانی تیرۆر کە تاوەکو ئێستاش هەڕەشە لە مرۆڤایەتی دەکات.
لەدرێژەی کۆبوونەوەکەدا بافڵ جهلال تاڵهبانى، هەڵوەستەی لەسەر دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکان کرد و ستراتیژیی یەکێتی خستەڕوو، هەروەها جەختی لە گەشەپێدانی پەیوەندییە سیاسییەکان کردەوە بە ئاڕاستەی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و وتی، پێویستە سەروەریی خاکی عیراق و هەرێمی کوردستان پارێزراوبێت و وڵاتەکەمان نەبێتە جێگەیەک بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان.
لەبەرامبەردا سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا پابەندبوونی رووسیای بە ئاشتیی درێژخایەن لە ناوچەکە دووپاتکردەوە لە رێگەی سیاسەتی دەستوەرنەدان لە کاروبار و سەروەرییەکانی عیراق، هاوکات هەردوولا پێویستیی پاراستنی سەقامگیریی سیاسیی و ئاشتییان لە عیراق و ناوچەکە دووپاتکردەوە.
پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان گەلی کورد و رووسیا تەوەرێکیتری کۆبوونەوەکە بوو و هەردوولا بەپەرۆشییەوە جەختییان لە پەرەپێدان و فراوانترکردنی کردەوە، هەروەها هەوڵەکانی سەرۆک مام جەلال لە دانانی نەخشەرێگای پەیوەندییەکە، بەرزنرخێنرا و هەردوولا هاوڕابوون، پابەندبوون بەو نەخشەرێیەوە دەبێتە مایەی فراوانکردنی هاریکاری و هەماهەنگییەکان و لەبەرژەوەندیی هەردوولا دەبێت.
پ ح ع