چاوپێكەوتن

مەسعود حەسۆ: لە ھەڵوێستی حزبەکان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان نیگەرانین

مەودا میدیا - سلێمانی |


مەسعود حەسۆ: لە ھەڵوێستی حزبەکان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان نیگەرانین
مەودا میدیا_

مەسعود حەسۆ، نوێنەری ڕۆژئاوای کوردستان لە هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە شەڕ و پێکدادان و لە گرێ سپی و سەرێ کانی بەردەوامە و ڕەتیشی دەکاتەوە سەرێ کانی داگیر کرابێت، دەشڵێت: "لەشکرکێشیی تورکیا پیلانێکی نێودەوڵەتییە."
مەسعود حەسۆ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ مەوداپرێس دوایین پێشهاتەکانی شەڕ لە ڕۆژئاوای کوردستان دژی سوپای تورکیا دەخاتە ڕوو و سەبارەت بە هەڵوێستی حزبە کوردییەکانی هەرێم و حکومەتی هەرێم ڕەخنەی هەیە و دەڵێت: "کۆمکاری عەرەبی تورکیای وەک داگیرکەر ناساند، تا ئێستا هیچ هێزێکی کوردی و حکومەتی هەرێم بە تورکیای نەوتووە داگیرکەر، لە هەوڵوێستیان نیگەرانین."

با لە دوایین زانیارییەکان لەسەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەست پێ بکەین، ڕووداوەکان چۆنن؟
مەسعود حەسۆ: شەڕ و بەرخۆدانی ئێمە لە ڕۆژئاوای کوردستان هەر بەردەوامە، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سوپای تورکیا هاتنە ناو سەرێ کانی بەڵام دواتر هێرشەکانیان تێک شکێندران و کرانە دەرەوە، کێشەکە فڕۆکە جەنگییەکانن، دەرفەت بە هەڤاڵان و شەڕڤانانی ئێمە نادات دەربکەون و بە هەموو توانای خۆیانەوە شەڕ بکەن، بەڵام بەرخۆدان و بەرگری و شەڕ هەر بەردەوامە، ڕەوشی گرێ سپی و سەرێ کانی زۆر خراپە و ئەگەر بکەونە دەست تورکیا کارەساتی مرۆیی تیایاندا ڕوو دەدات.

واتە تورکیا سەرێ کانی داگیر نەکردووە؟
مەسعود حەسۆ: نەخێر ئەوە ڕاست نییە و من ئاگاداری وردی بەرەی شەڕم، تورکیا نەیتوانیوە سەرێ کانی داگیر بکات و بەرپەرچی هێرشەکانیان دراوەتەوە.

لەو شارانەی کە شەڕ بەردەوامی هەیە چەند کەس ئاوارە بوون؟
مەسعود حەسۆ: تا ئێستا نزیکەی ٢٠٠ هەزار کەس ئاوارە بوون، بەشی هەرە زۆریشیان لە دەشتاییەکان ماونەتەوە و بە بێ بوونی خانوو و خێمە دەخەون و دەمێننەوە و بارودۆخیشیان زۆر زۆر خراپە و پێویستیان ە هاوکاریی مرۆیی بە پەلە هەیە.

لەسەر دوایین هەڵوێستەکانی وڵاتانی دونیا، هیچی دڵخۆشکەر بۆ کورد هەیە؟
مەسعود حەسۆ: ئەوەی تا ئێستا هەیە تەنها قسەیە و لە کرداردا هیچ شتێک نە دەبیندرێت نە کراوە، ئەوانە بۆ خۆدەرخستنە لە ناو کورد، ئەسڵەن ئەوەی ڕوو دەدات ڕێککەوتنە بۆ تەسلیمکردنی سەرێ کانی گرێ سپی بە تورکیا.

واتا ئەمە پیلانێکی نێودەوڵەتییە؟
مەسعود حەسۆ: بەڵێ بە دڵنیاییەوە ئەمە پیلانێکی نێودەوڵەتییە و بۆ داگیرکردنی گرێ سپی و سەرێ کانییە.

هەوڵوێستی لایەنە سیاسییە کوردییەکان بە لاتانەوە چۆنە؟
مەسعود حەسۆ: بە داخەوە هەڵوێستی هێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکان زۆر جێی نیگەرانیی ئێمەیە، ئەوەتا ئەنجوومەنی کۆمکاری عەرەبی تورکیا بە وڵاتێکی داگیرکەر ناو دەبات، بەڵام تا ئێستا حکومەتی هەرێم، پەرلەمان و هێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکان پێکەوە نەیانوتووە تورکیا داگیرکەرە، شەڕڤانانی ڕۆژئاوا لە باشوور و باکوور ئامادە بوون و شەڕیان کرد، بەڵام حکومەتی هەرێم تا ئێستا نەیتوانیوە ئەو هێرشە بە داگیرکاری و تورکیاش بە داگیرکەر ناو ببات. دەبێت هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان لە ڕۆژئاوا، باشوور، باکوور و ڕۆژهەڵات ئەوە بزانن کە ئامانجی تورکیا هەر ڕۆژئاوا نییە، ئەوان کوردیان قبووڵ نییە، دوای ڕۆژئاوا باشووریش و بەشەکانی تری کوردستانیش لەناو دەبات، بۆیە یەکگرتوویی و بەتەنگەوەهاتنی کورد لە هەرچوارپارچە زامنی مانەوەی کوردە. ئێمە لە ماوەکانی ڕابردوو چەندان جار داوای کۆنگرەی نەتەوەیی کرد و ناکۆکیی شەخسی و حزبی نەیانهێشت، هەموو دونیا دژی کوردە و ئێمەش لە ناو خۆماندا پەرتەوازەین.

تورکیا سنوورێکی دیاریکراوی هەیە وەک ئەوەی ترەمپ باسی دەکات لەو لەشکرکێشییە یاخود دەیەوێت هەموو ڕۆژئاوای کوردستان داگیر بکات؟
مەسعودحەسۆ: بە پێی زانیارییەکانی ئێمە تورکیا بە درێژایی ١٢٠ کیلۆمەتر بە قووڵایی ٣٥ کیلۆمەتر دێتە ناو خاکی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان، واتا لە سەرێ کانییەوە تا گرێ سپی دێت، وەک دیاریشە ڕێککەوتن لەسەر هاتنی تورکیا بۆ ئەو سنوورە کۆتایی پێ هاتووە و جێبەجێ دەکرێت.

زانیاری هەبوو وەفدێکی هەسەدە چوونەتە دیمەشق بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەشار ئەسەد تا سوپای حکومەتی سوریا بەرگری لە سنوورەکانی بکات؟
مەسعود حەسۆ: من ئاگام لەو هەوڵە نییە و زانیاریم لە بارەیەوە نییە.

ئامادەکارییەکانی هەسەدە بۆ ڕووبەڕوونەوەکان لەو ئاستەدان بتوانن بەرامبەر هێزی تورکیا بووەستن؟
مەسعود حەسۆ: حەز دەکەم ئەوەتان پێ بڵێم کە ئەگەر فڕۆکەی جەنگیی تورکیا نەبێت سوپای تورکیا ناتوانێت یەک مەتر بێتە ناو خاکی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستانەوە، هەسەدە بە شەڕی دژی داعش و لەناوبردنیان ئامادەیی شەڕ و شارەزایی و ئازایی خۆی سەلماندووە، بەڵام بە داخەوە فڕۆکە جەنگییەکان کێشەی گەورەن لە بەردەم شەڕڤاناندا. هەتا ئێستا سوپای تورکیا جورئەتی نەکردووە بێتە شەڕەکەوە بەرەڕووی شەڕڤانان، ئەوی هەیە ئیسلامییە توندڕەوەکانی بەرەی نوسڕە و چەند گرووپ و هێزی تری چەکداری توودڕەون سەر بە خۆیان.

مەترسیی هەڵاتنی داعشە زیندانیکراوەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان تا چەند ڕاستە، ئایا جێی مەترسین؟
مەسعود حەسۆ: بەشێک لە داعشەکان لە قامیشلۆ هەڵاتوون دوای ئەوەی فڕۆکە جەنگییەکان ئەو زیندانەیا بۆردوومان کرد، لە زیندانییەکی تریش هەندێ داعش هەڵاتوون و بەرپرسانی باڵای هەسەدەش پێشتر ئەوەیان ڕاگەیاند، ئەو داعشانە مەترسین لەسەر جیهان و ئەگەر وڵاتانی دونیا بەر بە هێرشی تورکیا نەگرن ئەو ئازادیان دەکات و بۆ هەسەدەش بەرگری دەبێت بە پرسی یەکەم و پاراستنی داعشەکان دەبێتە پرسی دووەم.
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن


News

ئیتر براکان دەستی یەکتر ناگرن

لەلایەن سۆزان حەمەتاتە