گێتی
ژمارهى كاندیدهكان بۆ سهرۆك كۆمار زیادى كرد
مەودا میدیا - سلێمانی |
مهودا میدیا-
ماوهى دوو رۆژه تۆماركردنى ناوى كاندیدان بۆ ههڵبژاردنى سهرۆك كۆمارى ئێران دهستیپێكردووه و لهو دوو رۆژهشدا حهوت كهس ناوی خۆیان تۆمار کردووە، كه له نێویاندا سەرۆکی پێشووتری پەرلەمان و راوێژکاری ئێستای عەلی خامنەیی، رێبەری باڵاى ئێران ههیه.
ئەمڕۆ 31ى ئایارى 2024، دووەههمین رۆژی تۆمارکردنی ناوی كاندیدانه بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران كه دوێنێ پێنجشەممە دەستیپێکرد و تاوەکو 3ی حوزەیران بەردەوام دەبێت.
بەپێی میدیای فەرمیی ئهو وڵاته، له ماوهى ئهم دوو رۆژهدا حەوت کەس ناوی خۆیان تۆمار کردووە، ئهوانیش(سەعید جەلیلی، مستەفا کەواکبیان، عەباس موقتەدایی، محەممەد رەزا سەباغیان، قودرەتعەلی حشمەتیان، عەلی لاریجانی و مەحموود ئەحمەدی بیغەش)ە.
ههڵبژاردنى ئهمجارهى سەرۆک کۆماری ئێران بۆ چواردەههمین خوله و زیاتر لە 90 هەزار شوێن لە سەرانسەری ئێران، سندووقی دەنگدان دادەنرێت.
بەپێی خشتەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئیران، لە حەوت رۆژدا لێکۆڵینەوە لەسهر شیاوبوونی كاندیدهكان دەکرێت، و 14 رۆژ بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن دانراوە و لە رۆژی 28ی حوزەیرانیش هەڵبژاردن ئهنجام دهدرێت.
بەپێی مادەی 35 لە یاسای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری وڵاتهكه، مەرجە سەرەکییەکانی كاندیدبوون بۆ ئهو پۆسته بریتین لە:
* کەسایەتی مەزهەبی، سیاسی بێت
* بە رەچەڵەک ئێرانی بێت
* نیشتەجێی ئێران بێت
* باوەڕی بە بنەماکانی کۆماری ئیسلامیی و مەزهەبی شیعەی 12 ئیمامی هەبێت
* توانای بەڕێوەبردنی هەبێت
* لانیکەم چوار ساڵ بەرپرسیارییەتی لە دامودەزگاکانی دەسەڵاتدا هەبێت
* پێشینەی تاوانی نەبێت و سزا نەدرابێت
* تەمەنی لەنێوان 40 بۆ 75 ساڵ بێت
* بڕوانامەی ماستەر بە سەرەوەی هەبێت
* سەر بە گرووپ و رێکخراوی نایاسایی نەبێت
پ ح ع