هێمن ئەحمەد

هێمن ئەحمەد

راگوێزانی زۆرەملێی پەنابەران بۆ رواندا کارێکی دڕندانەیە

ئینگلیزەکان لەوەتەی بوونیان هەیە لەسەر زەوی، بەدەگمەن کارێکی جوانیان ئەنجامداوە، بە حکومەت و سوپا و دەسەڵاتەوە. هەمیشە دژە شارستانیەت و مافی مرۆڤ و مافی نەتەوەکانی تر بوون و چاوچنۆک و چەتە و داگیرکەر بوون. هەتا گەوهەر و بابەتە بەنرخەکانی شاژنەکانیان هەمووی سامانی وڵاتان و نەتەوەکانی ترن و تاڵان کراون.

هەمیشە هەموو خەڵک و کەسانی تر بە سووک و کۆیلە سەیردەکەن و خۆیان لە لوتکەی هەڕەمی شارستانیەت و زیرەکی و جوانی و پێشکەوتندا دەبینن، بەڵام هەمووی پێچەوانەکەی دروستە. ئەوان داهێنەری چەوسانەوە و داگیرکاری و کۆیلایەتی بوون و لەم بوارەشدا پێشینە و شارەزایی تەواویان هەبوە لە کوشتن و دیلکردن و کۆیلەکردن و دەستدرێژیی کردنە سەر خەڵکی سیڤیل لەکاتی جەنگدا، تایبەتتر لە ئەڵمانیا و دوای شکانی هیتلەر و سوپای ئەڵمانیا لە جەنگی جیهانیی دووەمدا کە ئەو ساڵانە ئینگلیزەکان بەشێک بوون لەبەرەی جەنگی هاوپەیمانەکان و وڵاتە یەکگرتووەکان.

ئەوان بۆ ماوەی زیاتر لە شەش سەدە دوژمنایەتی بەردەوامی ئایرلەندیەکانیان کرد.

لە ساڵی ۱۳٦۷ قەدەغەی زمانی ئایرلەندیان کرد، کە وڵاتێکی داگیرکراوی ئەوان بوو، بەپێی بڕیارێک رێگەیان نەدەدا خەڵکی ئەوێ بە زمانی دایکیان بدوێن کە زمانی ئایرلەندی بو.و
لە ساڵی ۱٦٤۱ لەماوەی جەنگدا (٦۱٨۰۰۰) ئایرلەندیان کوشت کە دەیکردە (لە سەدا چلی) هەموو دانیشتوانی ئەوکاتی ئایرلەند.

ئەوان مێژوویەکی دوورودرێژیان هەیە لە برسیکردنی خەڵکی خۆیان لە ئایرلەند، لە ساڵانی هەشتسەدەکاندا رێگەیان بە پاپۆڕەکان نەدەدا خواردن بگەیەننە ئایرلەندیەکان و لەئەنجامدا نیوەی خەڵکی ئایرلەند لەبرسا گیانیان لەدەستدا.
ئەوان بەدرێژایی مێژوو کوشتوبڕی سکۆتلەندیەکانیان کردووە و هەر جارەی بە بیانوویەک هێرشیان کردووەتە سەریان و هەزارانیان لێ کوشتن و بەدیلکردن.
وێڵزیەکانیش لە زەبر و زەنگ و چەوسانەوەی ئەوان بەدور نەبوون و بەردەوام لە ململانێدا بوون لەگەڵیاندا.

لە سەدەی هەژدەدا ئینگلیز پاش ئەوەی یاسای کۆیلەکردن سەربەست دەکات (یەک ملیۆن) کۆیلە لە ئەفریقاوە بۆ جامایکا رادەگوێزێت کە داگیرکراوی خۆیان بوو، پاشان لەگەڵ هەزاران کۆیلەی تری جامایکا کۆدەکرێنەوە لە شارۆچکە و کەنیسەکاندا و بەدەست و قاچ پەیوەستکراوی بەرەو ئینگلتەرە بە پاپۆڕ رایاندەگوێزن. دوای گەشتێکی چەند مانگی و تاقەت پڕوکێن سەدانیان لێ مردن لە دەریادا. ئەوانەی گەیشتیشن ژیانیان لە ئەوانە خۆشتر نەبوو کە گیانیان لەدەستدا.

کوردیش تائێستا چەپۆکی گڵاو و نەفرەتیی ئەوانی پێوە دیارە، کە چۆن خاکیان وەک کەیک و شیرینی پارچە پارچە کردووە و پاشان بەخشیویانە بە هاوکار و هاوپەیمانەکانیان. کوردی خاوەن ماڵیان کردووەتە بیانی و بێبەشیان کردووە لە مافە نەتەوایەتییەکانی خۆی و ئێستاش کەرکوک بە مڵکی باپیرانی خۆیان دەزانن، چونکە داگیرکراوی ئەوان بووە لە ساڵانی جەنگی جیهانیی یەکەم.

لەئێستادا، سەرەڕای بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکانی ساڵی (۱۹٥۱ ی جنێف) کە ماف دەداتە هەموو ئەو پەنابەر و رزگاربووانەی وڵاتانی پڕ جەنگ و نائارامی و کێشمەکێش، کە شوێنی خۆیان جێدەهێڵن، کە بەپێی یاسای پەنابەری نێودەوڵەتیی، دەبێت مافی پەنابەری و ژیان و پارێزراوی و تەندروستیان بۆ فەراهەم بکرێت لە وڵاتانی ئەوروپا و هەندێ وڵاتانی بەشدار لە رێککەوتن و بڕیارەکەی جنێڤ. کەچی لەم سەردەمەدا و بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە ئینگلیز بەزۆر پەنابەران بۆ وڵاتێکی وەک رواندا رادەگوێزێت. کە ئەم پڕۆسەیە دژی هەموو یاسا و رێسایەکی پەنابەری نێودەوڵەتی و بنەمای پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و بەهای مرۆڤایەتی و ئایینییە لەکاتێکدا رواندا یەکێکە لەو وڵاتانەی خۆی بەدەست چەندان قەیرانی ناوخۆییەوە دەناڵێنێت.

کاتی ئەوەیە وڵاتان، رێکخراوەکان، سەرکردەکان، کەسانی دیاری جیهانی و میدیاکان دژ بەو رەفتارە قێزەونە ببنەوە و بێنەدەنگ و سەرزەنشتی حکومەت و دەسەڵاتدارانی ئینگلیز بکەن، تا ناچاریان بکەن پاشگەزببنەوە لەو رەفتارە نامرۆڤانەیە.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan