هێمن ئەحمەد

هێمن ئەحمەد

لەپێناو گەیشتن بە ژیانێکی ئەفسوناوی

گەر زۆر بەوردی بیربکەینەوە و بڕوانینە میللەتان و کۆمەڵگەکانی دەوروبەر و بگرە هەموو گۆشەیەکی جیهان، هیچ میللەت و کۆمەڵگەیەک نادۆزینەوە هێندەی میللەتی کورد تامەزرۆی قوربانیدان و مردن بێت لەپێناو ژیانێکی نموونەیی و ئەفسوناوی و ئەو خەونانەی کە هەرگیز بۆی نایەنە دی. هەرچەند نموونەی زۆر کۆمەڵگەمان هەن کە بەرەو رووی دۆخ و ژیانی زۆر ناهەموارتر و ترسناکتر بوونەتەوە، کەچی وەک کۆمەڵگەی ئێمە یان مردن یان گەیشتنیان نەکردووەتە بژاردە لەوانە؛ فەلەستینییەکان، ئوکراینیەیکان، بلوجەکان، سوننەکانی عیراق، کشمیرییەکان، بۆرمییەکان، هەندێک کۆمەڵگەی ئەفریقایی...هتد. لەڕاستیدا، لەم کۆمەڵگەیانەشدا هەڵهاتن و سەرکێشی هاوشێوە هەن، بەڵام بە بەراورد زۆر کەمترن.

ئاشکرایە، لێرە وڵات لێوانلێوە لە قەیران و ناهەمواری، هاوڵاتیش  ئازادە لە هەڵبژاردنی شێوازی ژیانکردن و گەڕان بەدوای باشترین و ئاسودەترین شوێنی ژیانکردن، بەڵام چەند بارە بوونەوەی ئەم کارەساتە تراژیدیانە و بەکۆمەڵ خنکان و بێسەروشوێنبوونە، پێمان دەڵێت؛ ئیتر بەسە هەڵپە هەڵپ و بڕیاردانی نالۆژیک و سەرکێشیکردن بە رۆحی خێزان و منداڵەوە، لەپێناو گەیشتن بە دۆخێکی نادیار و مەنزڵێکی ون و هیوایەکی نوقومبووی دەریاکان.

ئاشکرایە، ئەوانەی وڵات جێدەهێڵن، پاساویان هەیە بۆ ئەو کردەیە لە؛ نادادی، بێکاری، ناسەقامگیری باری ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی، فەراهەم نەبوونی ژیانێکی شایستە و بێ ئومێدی لە ژیانکردنی داهاتوو....هتد.

بەڵام گەر ئەمانە هەمووی لەتای تەرازویەک دابنێین و ئەو سەرکێشیە گەورانەش لە تایەکەی تری، لاسەنگییەکە زۆر گەورەیە. باشە گەر هەژارێک یان بێکارێک ناچار بێت کۆچ بکات، ئەی دەوڵەمەند و خاوەن سامانەکان بەچی بیانوویەک خۆیان و خێزانەکانیان رووبەڕووی مەرگ دەکەنەوە؟

ئینجا زۆربەی ئەو خێزان و هاوڵاتییانەی کۆچ دەکەن پەند و وانە وەرناگرن لەو کارەساتانەی پێشان روویانداوە. لە هەمووی کارەساتتر و جەرگبڕتر ئەمەیە؛ هەموو ئەندامانی خێزانێک بخەیتە یەخت و بەلەمی شەقوشڕی ناو ئەو دەریایەی کە شەپۆلەکانی بەزەییان بە خەندە و گریانی هیچ منداڵێکدا نایەتەوە.

ئینگلیزەکان وتەیەکی جوانیان هەیە کە دەڵێت "هەموو هێلکەکان مەخەرە سەبەتەیەکەوە". کەواتە بۆچی خێزانێک بەکۆی ئەندامەکانیانەوە دەبێت بە هەمان هۆکاری گواستنەوە گەشت بکەن و خۆیان بدەنە دەست قەدەری هات و نەهات و نوقمی دەریا ببن و بنەبڕاو ببن.

یان بۆچی هاوڵاتی لە وڵات و شاری خۆی هەرچی هەیەتی هەڕاجی بکات، یان خۆی داماڵێت لەهەمو وابەستەییەکانی بە وڵاتەکەی و پاشان هەموو هیوا و حەزەکانی ببەستێتەوە بە دۆخێکی نادیار و دەستکەوت و ژیانێکی ئەستەم.

ئاسان نییە مرۆڤ بەرگەی بیستن و بینینی ئەم کارەساتە جەرگبڕانە بگرێت، کە مەرگی بەکۆمەڵ و لەناکاوی هاوڵاتییەکانی رۆژانە دەبنە سەردێڕ و هەواڵ. 

هیوا دەکەین دەسەڵات و لایەنی بەرپرس هەوڵی جدی بدەن لە رێگریکردن و کۆچکردنی بە لێشاوی هاوڵاتییان، تایبەت گەنجان و هاوکاربن لە فەراهەمکردنی ژیانێکی شایستە و پڕ شکۆ بۆیان. تا چیتر ئەم کارەساتانە چەندبارە نەبنەوە و تاک و کۆمەڵگەش پەند و وانە فێرببن و هەرگیز تامەزرۆی مردن نەکەن لەپێناو ژیانێکی لێڵ و نادیار.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan