هێمن ئەحمەد

هێمن ئەحمەد

شۆڕبوونەوەی دیاردەی بێگاری لە دەسەڵاتەوە

بێگار(forced labour)  واتە کردنی ئیشوکار بە خەڵک بە زۆرەملێ و بەبێ پارە و بەرانبەر.

(بێگار، ئۆلام یان سوخرە)، جۆرێکە لە پەیوەندیی دەرەبەگایەتی کە لە کوردستان ماوەتەوە، بریتییە لەو کارانەی کە خاوەن موڵک و ئاغا بە جووتیار و خەڵکی گوند دەیانکردن، وەک؛ دروستکردنی خانوو و رێگە بۆ دەوڵەت و خاوەن موڵک، هەموو کاروبارێکی ئاودێری، کێڵانی زەوی بێجگە لە زەوی خۆی بۆ خاوەن موڵک، گواستنەوەی بەرهەمەکان بۆ هەرکوێیەک بێت، کۆکردنەوە و کێشانی تفاقی زستان مەڕ و ماڵاتی خاوەن موڵک، ئارودووی زستان و ئامادەکردنی بۆ خاوەن موڵک....هتد.

لەئێستادا گەر سەرنج بدەین دەسەڵات زۆر بێباکانە بێگار بەسەر کارمەند و مووچەخۆر و کاربەدەستەکانیدا دەسەپێنێت و ئەم بابەتەش بووەتە دیاردە و وەک نەخۆشی شێرپەنجە هەمو کەرتە تایبەتی و شوێنە گشتییەکانیشی گرتووەتەوە.

ئەم دیاردەیە لێرەدا قەتیس نابێت، ئەوە هەر دەسەڵات نییە چەند مانگێک بێگاری و سوخرەکێشی بە هاوڵاتییانی دەکات و هەمان ئەو شێوە مامڵە و تێڕوانینەی هەبێت بۆ مووچەخۆرانی کە دەرەبەگ و خاوەن زەوی و موڵک هەیانبووە بەرانبەر بە جووتیار و چینی هەژار، لە سەدەکانی پێشوو لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا.

ئەم پەتایە لەئێستادا گوازراوەتەوە بۆ کەرتی تایبەت و ئەوانیش ئەم خراپ بەکارهێنان و چەوسانەوەیان قۆستووەتەوە و بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاری دەهێنن. باشە گەر دەسەڵات بەبیانووی نەبوونی بودجە و پارەی تەواو مافی هاوڵاتییەکانی نادات، ئەی بۆچی هەندێک لە کەرتە تایبەتەکان و کارخانەکان چەند رۆژێک مووچە لەوادەی خۆی  دوادەخەن و خۆشی و سوود لەوە دەبینن چەند رۆژێک کاری خۆڕایی و سوخرەکێشی بە کارمەند و کاریگەرەکانیان بکەن؟

پەتاکە زیاتر و زیاتر شۆڕ دەبێتەوە و تا دەگاتە ناو مارکێت و شوێنکار و شوێنە گشتییەکان. رۆژانە لێرە و لەوێ دەبینین و دەبیستین، کارمەندێک یان کاریگەرێک مانگێک یان چەند هەفتەیەک بەناوی تێست و بابەتی تر کاری پێکراوە و پاشان بەبیانووی جۆراوجۆر لەکارەکەی دەریانکردوە بەبێ ئەوەی رۆژانی ماندووبوون و کارکردنی بۆ ئەژمار کرابێت. خۆ ئەگەر کەسەکە بەردەوامیش بێت لەسەر کارەکەی دۆخێکی قبوڵ کردووە کە پێی دەوترێت (نانە سکی)، واتە بەرانبەر بە کارەکەی تەنها بڕێکی زۆر کەم پارەی پێدەدرێت کە تەنها دەتوانێت خواردنی رۆژانەی فەراهەم بکات و هیچی تر کە ئەمە نزمترین ئاستی بژێویە.

ئەم دیاردەیە بێگاری و سوخرەکێشی نەبێت چی ناوێکی تر هەڵدەگرێت؟

هەموو ئەو کەسانەی کوشتە و چەوساوەی ئەم دیاردە قێزەونەن چینی خوارەوەی کۆمەڵگە و هەژارن، باش درک دەکەن ئەو بابەتە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە. بۆیە ئەو چینەی کە هیچ پشت و پەنایەک شک نابات تا سکاڵا و گازاندەی بگەیەنێتە لای، بەئەوپەڕی نائومێدیەوە ناچار دەبێت قەپوقڕ بکات و پاشەکشە لە سکاڵا و داواکردنی هەموو مافەکانی بکات.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan