زوڵفان غەریب
لە رۆژنامەوانییەوە بۆ پاڵەوانی زیندان
گوڵتان كشاناك ناوێكی دیار و كەسایەتییەكی كاریگەری خاوەن خەباتێكی دوورودرێژی سیاسییە لەناو بزووتنەوەی رزگاریخوازیی باکووری کوردستان.
كاتێك لە نووسین و باسكردن لە هەر تەوارێكی كورد بكرێت دەبینین كە مێژووی بزووتنەوەی ژنان و خەباتی رەوای گەلەكەمان خاوەنی چەندین سیمبولی ئازا و بوێر و چاونەترسن، ئەم تەوارە بەرزەفڕەش یەكێكە لە پاڵەوانەكانی زیندانەكانی دەوڵەتی توركیا لە ماوەی ژیانی كاركردنیدا وەكو كەسایەتییەكی سیاسی كاریگەر چەندین جار راپێچی زیندان كراوە و سزای بەندكردنی بەسەردا سەپێنراوە، بەڵام بۆ جارێكیش پەشیمانی نیشان نەداوە، لەدوای ئازادبوونیشی زیاتر سووربووە لەسەر خەبات و هەڵوێستەكانی بۆ دۆزی گەلەكەی، بۆیە بووەتە كەسایەتییەكی كاریگەر لەناو پارتەكانی كورد لە باكووری كوردستان.
گوڵتان كشاناك لە (15ی حوزەیرانی ساڵی 1961) لە خارپێت لە باكووری كوردستان لەدایكبووە و خەڵكی دەرسیمە و زازایە و سەر بە هۆزی ئاهوجەیە و هاوسەرۆكی پێشووتری پارتی ئاشتی و دیموكراسی و دەرچووی بەشی توركی كۆلیژی پەروەردەیە و خاوەن بڕوانامەی زانكۆیە لە راگەیاندن و پەیوەندییەكان لە ساڵی (1990) لە زانكۆی ئیجە، لە كودەتای ساڵی (1980) لە تەمەنی (19 ساڵی) بۆ ماوەی (2 ساڵ) زیندانی كراوە و بە وتەی خۆی "بۆ ماوەیەكی زۆر ناچاردەبێت لە کولانەی سەگەكان بخەوێت".
ئەم خاتوونە بەهەڵوێستە لە ئەنجامی دەربڕینی ناڕەزایی دژی هێرشی كیمیایی لەلایەن سەدام حسێن و رژێمی پێشووی عیراق بۆ سەر پارێزگای هەڵەبجە بۆ ماوەی ساڵێك زیندانی كراوە و لە ساڵی (1988) لە دوای ئازادكردنی دەستدەكات بە كاری رۆژنامەوانی و لە چەندین رۆژنامەدا كاردەكات.
لە ساڵی (1990) رۆژنامەی (تۆپلۆمساڵا دیرەنیش) دادەمەزرێنێت، بەڵام دوای ماوەیەكی كورت دادەخرێت.
ئەم سیاسەتمەدارە لە ساڵی 2007 لەناو پارتی كۆمەڵگەی دیموكراسی لە دیاربەكر بەربژێر دەكرێت و دەبێتە ئەندامی پەرلەمانی توركیا و لە یەكەم كاریشیدا پرۆژە یاسایەك ئامادەدەكات بۆ رێپێدان بە زمانی كوردی لە شوێنە گشتییەكان، لەدوای داخستنی پارتەكەی لە ساڵی 2009 چووەتە ناو پارتی ئاشتی دیموكراسی و لەگەڵ سەلاحەدین دەمیرتاش دەبێتە هاوسەرۆك.
لە ساڵی (2011) جارێكی تر وەكو بەربژێرێكی سەربەخۆ بە پاڵپشتی پارتی ئاشتی و دیموكراسی دەبێتەوە ئەندامی پەرلەمان و دووەم جاری خولی پەرلەمانی دەبێت.
لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی (2014) دەبێتە سەرۆكی شارەوانی شاری ئامەد و بۆ جارێكی تریش لە ساڵی 2016 بەتۆمەتی پاڵپشتیكردنی پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK) و رەوانەكردنی داهاتی شارەوانی دەستگیركراو داواكاری گشتی داوای كرد ئەم پاڵەوانە بە (230 ساڵ) زیندانی بكرێت و لە ساڵی (2019) بە چواردە ساڵ و (3) مانگ زیندانی كرا.
ئەم خاتوونە نووسەریشە خاوەنی كتێبی (رەنگی مۆری سیاسەتی كوردی)یە كە لەگەڵ هاوبەندییەكانی بە هاوبەشی نووسیویەتی و باس لە ئەزموونی ئەو ژنانە دەكات كە لە سیاسەتی خۆجێیی و گشتیدا بەرپرسیارێتیان هەیە و ئێستا لە زینداندان.
لەو ماوەیەدا دەم پارتی ویستوویەتی كاندیدی بكات بۆ گەورە شارەوانی ئەنقەرە، بەبێ ئامادەبوونی خۆی جەماوەرێكی زۆر وێنە و دروشمی پشتیوانیان بۆ بەرزكردبووەوە و هەر لە ماوەی زیندانیشیدا كوردەكان ویستوویانە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری توركیا كاندیدیان هەبێت، ئەویش ئەم خاتوونە سیاسەتمەدارە بێت لەدوای حەوت ساڵ و نیو لە زیندانكردنی ئازادكرا، بەڵام جارێكی تریش دەوڵەتی توركیا زیندانی كردەوە.
خ.غ