نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

ژن و ئابووریی کشتوکاڵی

 
رەنگە جێگەی سەرسوڕمان بێت بۆ کۆمەڵگەیەکی نێرسالاری، کە دۆزینەوەی کشتوکاڵ و یەکەم مامۆستاکانی ئەم بوارە، ژن بوون. هەر لە سەرەتای ژیانەوە، ژن و پیاو پێکەوە لە چالاکییە ئابوورییەکاندا بەشدار بوون، پیاوان خەریکی راو بوون و ژنانیش بە تێپەڕبوونی کات لە جیهانی رووەک شارەزا بوون بۆ پەیداکردنی خۆراک و بژێوی.

لێرەدا نامەوێت بچمە سەر گێڕانەوەی چۆنێتی ئەم شارەزابوونە. لەو ساتانەی کۆمەڵگە ناونراوە کۆمەڵگەی دایکایەتی، منداڵ پەیوەندی بە دایکەوە هەبووە نەک باوک. ئەم مێژووە دەگەڕێتەوە بۆ 10 هەزار ساڵ لەمەوبەر، لە رۆخ و کەنارەکانی رووبارەکانی عیراق و میسر و هیندستان و چین، هەر ئەمەش بووەتە هۆی جێگیربوونی خێزان لەو ناوچانە و دروستبوونی یەکەم پێکهاتەی کۆمەڵگە و دواتر شارستانیەتی لێ پەیدا بووە. لەبەر ئەوە، هەموو مرۆڤایەتی قەرزاری ژنن، بەڵام هەر کە شارستانیەت دەستی پێ کرد؛ لەو سەرەتایەوە دەست کرا بە چەوساندنەوەی ژن و دوورخستنەوەیان لە دەسەڵات، بەتایبەتییش دەسەڵاتی ئابووری.

وەک باسم کرد، ژن ئاشنایە بە کاری کشتوکاڵی و بۆ بەردەوامیی ژیان پشتیان پێ بەستووە. ژنان رۆڵێکی گرنگیان گێڕاوە و دەیگێڕن لە سیستمی کشتوکاڵی و خۆراکیی ئێمەدا، وەک: جووتیار، فرۆشیار، پاڵە، خاوەنکار و... هتد، بەڵام بارودۆخی کارکردن و دەرفەتە ئابوورییەکان و کاریگەریی نایەکسانیی جێندەرییان لەسەرە. سیستمی کشتوکاڵی و خۆراک، لە گرنگترین ئەو سێکتەرانە ئەژمار دەکرێت کە هەلی کار بۆ ژنان دەرەخسێنێت و دەرکەوتووە لە کۆی ئەو ژنانەی لە جیهاندا کار دەکەن، لە سەدا سی و شەشیان لە بواری کشتوکاڵ و خۆراکدا کار دەکەن، بەڵام لە رووی دەستکەوت و بەشداریکردنیان، زۆر جار نایەکسانن لەگەڵ پیاوان؛ جگە لە پەراوێزخستنیان، زۆربەی جاریش بارودۆخی کارکردنیان لە پیاوان خراپترە و رێکوپێک و سیستماتیک نییە و مەترسیدارە و ماندووبوونێکی زۆر دەخوازێت. زۆربەی جاریش بە نیوەکات کرێکارییان پێ دەکەن، بۆ نموونە؛ ژنان لە راوکردنی ماسی و بەخێوکردنی بوونەوەرە ئاوییەکاندا، لە سەدا حەفتا و یەکیان لە کۆی گشتیی کرێکارانی ئەم بوارە لە سەرتاسەری جیهان، بە نیودەوام کار دەکەن.

بۆ کەمکردنەوەی ئەو جیاوازییەی لە نێوانیاندا دەکرێت، پێویستە هەمان هەلی پیاوانیان بۆ بڕەخسێنرێت لە دەستگەیشتن بە سەرچاوە دارایی و خزمەتگوزارییەکان، تەکنەلۆژیا و راهێنان.

ئەو بوارانەی ژنان لە کەرتی کشتوکاڵیدا کاری تێدا دەکەن:
− کشتوکاڵ؛ وەک: جووتیار، پاڵە، خاوەنکار... ئەمەش لە ئاستی گەورە و بچووکدا.
− بەخێوکردنی ماسی و بوونەوەرە ئاوییەکان، راوەماسی.
− دروستکردنی خۆراکی کشتوکاڵی و بەرهەمەکانی.
− کۆکردنەوەی بەروبوومی کشتوکاڵی.
− پیشەسازیی بەروبوومی کشتوکاڵی.
− کارکردن لە کێڵگەی پەلەوەر و بەخێوکردن، یاخود بەخێوکردنی پەلەوەر لە ماڵەوە.
− بەرهەمهێنانی تۆو و فرۆشتنیان.
− گوڵفرۆشتن و کارکردن لە باخداریدا.
− شوانکارەیی و بەخێوکردنی مەڕوماڵات.
− دروستکردنی بەرهەمەکانی شیر (ماست، پەنیر، قەیماغ، کەرە و...هتد).
− کۆکردنەوە و فرۆشتنی گیا و خۆراکە وەرزییەکان، وەک: تۆڵەکە و کەنگر و قارچک...
 
یەکێک لە رێسا و دابونەریتە جیاکارییە کۆمەڵایەتییەکان؛ جیاکارییە لە نێوان ژن و پیاودا، کە لە ناوەڕۆکدا نایەکسانیی جێندەرییە، بەڵام بیرمان نەچێت؛ هیچ شتێک رەها نییە و دەکرێت گۆڕانکارییان بەسەردا بێت. نایەکسانییەکان تەنیا خۆیان لە نایەکسانیی جێندەریدا نابیننەوە، بەڵکوو لایەنی تریش هەن کە نایەکسانییان تێدا دەکرێت، وەک: تەمەن، نەتەوە، ناسنامەی نەتەوە رەسەنەکان، کەمئەندامی، ئاستی باری ئابووری، دووریی جوگرافی و... هتد.

بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی فاو، یەکێک لەو جیاکارییانەی لە نێوان نێر و مێدا دەکرێت؛ پرسی مووچەیە، کە تیایدا هاتووە: بەکۆی گشتی، مووچەی ژنان لە سەدا هەژدە کەمترە لە مووچەی پیاوان لە کەرتی کشتوکاڵیدا. هەروەها لە هەر کاریگەرییەکی ژینگەیی و کەشوهەوا و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە درمەکاندا، ژنان زیانمەندی یەکەمن لە رووی ئابوورییەوە. لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، لە سەدا بیست و دووی ژنان بێکار بوون، لە بەرانبەردا پیاوان لە هەمان سێکتەر، تەنیا لە سەدا دوویان بێکار بوون.

هەروەها زۆربەی جار لە دەستگەیشتن بە زەوی و موڵک، پیاوان ئاسانتر بەدەستی دەهێنن. بە هەمان شێوە تەکنەلۆژیای کشتوکاڵی و بەکارهێنانی ئامێرەکان بەگشتی.

گەیشتن بە یەکسانیی جێندەری، سوودێکی زۆر بە هەموو لایەک دەگەیەنێت. بە نەمانی ئەو جیاوازییە لە رووی بەرهەمهێنانی کێڵگەکان و جیاوازیی مووچەکانیان لە بواری کشتوکاڵدا، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی رادەی بەرهەمی ناوخۆیی جیهان بە رێژەی لە سەدا یەک، واتە نزیکەی یەک ترلیۆن دۆلاری ئەمەریکی. ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاسایشی خۆراک لە جیهاندا بە نزیکەی لە سەدا دوو و کاریگەری دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی ژمارەی ئەو کەسانەی بەدەست کەمیی خۆراکەوە دەناڵێنن بە نزیکەی 45 ملیۆن کەس بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی فاو.

ئەو پرۆژە گەورە کشتوکاڵییانەی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەی کشتوکاڵیی بە ژن و پیاوەوە لەو بوارانەدا کار دەکەن، بریتین لە:
1. بازرگانیی کشتوکاڵی، بە هەموو جۆرەکانییەوە.
2. بەڕێوەبردنی کێڵگە و دامەزراوەکان.
3. بواری نەخۆشی و ئافاتی کشتوکاڵی.
4. زانستی خاک و رووەک.
5. ئەندازیاریی کشتوکاڵی و باخ.
6. ئەندازیاریی ئامێر و ئامرازەکانی کشتوکاڵی.
7. دروستکردنی خۆراکی ئاژەڵی.
8. دروستکردنی پەینی سروشتی.
9. بەڕێوەبردنی سایلۆکان و عەمبارەکانی دانەوێڵە.
10. توێژینەوە و لێکۆڵینەوە دەربارەی باشترین رووەکی گونجاو بۆ وڵات.
11. کردنەوەی پێشانگەی رووەک و گوڵ بۆ کڕین و فرۆشتن.
12. حەوزی بەخێوکردنی ماسی و بوونەوەرەکانی ناو ئاو.
13. نەمامگەی رووەک.
ئەمانە و چەندین جۆری تر

ر.س
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan