چاوپێكەوتن

ڤیان مایی: لە چەندین فێستیڤاڵی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا بەناوی کوردەوە بەشداریم کردووە

مەودا میدیا - سلێمانی |


ڤیان مایی: لە چەندین فێستیڤاڵی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا بەناوی کوردەوە بەشداریم کردووە
مەودا میدیا- 
 
دەمەونیوەڕۆ بوو، هاتە نووسینگەی نارین، هەر بە هاتنی کەشی شوێنەکە گۆڕا. ئەو؛ پارچەیەکە لە جوانی، کێوێکە لە وزە، چستوچالاک و بزۆزە، زەردەخەنە لە لێوەکانی نابڕێت، پڕە لە بەسەرهات و ئەزموون... لەگەڵ ئەوەی ماوەیەکی زۆر لە تاراوگە ژیاوە، بەڵام تا سەر ئێسقان کوردە، کوردێکی رەسەن و پاک... نەک لە تاراوگە، لە مەریخیش بێت، رەگی هەر لە خاکی گوندەکەی خۆیدایە. 

خاتوو ڤیان مایی؛ چالاکوان و سینەماکاری کورد، گوڵێکی رەنگجوان و بۆنخۆشی گوڵدانی ژن، سەرەڕای ئاماژەدان بە کار و چالاکی و فیلمە پڕ بایەخەکانی، ژیان و سەرگوزشتەی خۆی و خێزانەکەیمان بۆ دەگێڕێتەوە، لەو سۆنگەشەیەوە باس لە کولتوور و نەریتی ناوچەیەکی گرنگی کوردستان دەکات و سنوورە دەستکردەکان دەسڕێتەوە. 

خاتوو ڤیان زۆر بە گرنگییەوە باس لە سینەما دەکات، پێی وایە لە رێگەی سینەماوە دەتوانین باشتر دۆزەکەمان بە دنیای دەرەوە بناسێنین. 

 سەرەتا با لە ناوەکەتەوە دەست پێ بکەین، ڤیان مایی ناوی راستیتە؟
نەخێر، ناوم ویداد عەبدولڕەحمان ئەحمەدە، بەڵام بە ڤیان مایی ناسراوم. 

ئەو (ڤیان مایی)یە لە چییەوە هاتووە؟
ویداد، واتە ڤیان. (مایی)یش ئەو گوندەیە کە تێیدا لەدایک بووم و شانازیی پێوە دەکەم. 

ساڵی چەند لەدایک بوویت؟
لە ساڵی 1960.

باسی گوندەکەتانم بۆ بکە... چ شتێک وای لێ کردوویت هێندە شانازیی پێوە بکەیت؟
مایی؛ گوندێکە سەر بە ناحیەی کانی ماسیی دەڤەری بادینان، کەوتووەتە نزیک جلەمێرگ لە باکووری قەزای ئامێدی. ئەوەشی بووەتە مایەی دڵخۆشی و شانازیم، ئەوەیە کە لە کولتووری ئێمەدا  گوێ نەدراوەتە ئەو سنوورە دەستکردەی بەسەر کورددا سەپێنراوە، کولتوورمان هەروەک کۆن وایە و پاراستوومانە، نەکەوتووینەتە ژێر هەژموونی پارچە پارچەکردنەوە؛ ناوی خواردن، جلوبەرگ، ستران و هەڵپەڕکێ و گۆڤەند، گرێدراوی وان و هەکارین زیاتر لە زاخۆ و دەوروبەری.

پاش ئەوەی چوویتە بواری دەرهێنان و فیلمسازییەوە، هیچ کارێکت کردووە لەو بارەیەوە؟
بەڵێ، بۆ نموونە؛ سترانێکی گەلێک کۆنم کردووە بە فیلم، بەناوی دۆست. بەو سترانەدا دیارە کە سنوور نەبووە لە نێوان پارچەکانی ئێستادا. سترانەکە چیرۆکی کچە ئاغایەک دەگێڕێتەوە کە تاقانە بووە و باوکی دەیەوێت لەپێناو پێگە و دەسەڵاتی خۆی بیدات بە کوڕی میری عەجەم. کچەکەش دەڕوات، بەڵام نازانێت بەرەو کام جێگە بڕوات. چیا بە چیا دەبڕێت، دواتر پرسیاری باعەدرێ دەکات و دەیەوێت بچێتە لای میری باعەدرێ. ئەوسا باعەدرێ پایتەخت بووە، دواتر هێرشی نەیارانیان هاتووەتە سەر، وایان بەسەر هێناوە کە کولتوور و جلوبەرگ و سترانیشیان گۆڕیوە، تا رادەیەکیش گۆڕانکاریی بەسەر زمانەکەشیاندا هاتووە.
من حەزم کرد ئەم گۆرانییە بکەمە فیلم، چونکە زۆربەی گۆرانی و سترانەکانمان چیرۆکن و ژیانی سەردەمانی خۆی باس دەکەن؛ مێژوو و جوگرافیای تێدایە، باسی رووداو و خانەوادەکان دەکەن، باسی ژن و ئەوین دەکەن، لەسەر چیاکانی کوردستان، تەشی خۆیان رستووە و حەیران و سترانی خۆیان وتووە. ئەو دەوڵەمەندییە لە رێگەی ستران و کولتوورەوە پارێزراوە، دەنا دوژمن و هێرشەکانی دوژمن، ویستوویانە کورد لەسەر زەوی نەهێڵن، بۆیە کورد خۆی قەرزاری  ئەو پاراستنە کولتوورییەیە. من لەگەڵ ئەوەم ئەو ستران و گۆرانییانە بکەمە فیلم، چونکە بەشێکی گەورەن لە مێژووی کورد.

تا کەی لەو گوندەدا بوون؟
تا ساڵی 1977 بوو یان 1978، لەو ساڵەدا گوندەکەمان لەگەڵ چەند گوندێکی تر لەلایەن رژێمی بەعسەوە سووتێنران، ئیتر بەرەو دهۆک رۆیشتین.

با بێینە سەر باسی خێزانەکەتان، ئەوەندەی من بزانم دایکی خۆتت نەبینیوە؟
بەڵێ وایە، من شێوەی دایکی خۆمم لەیاد نییە، زۆر درەنگیش زانیم کە دایە ئەسما دایکی من نییە. کاتێک منداڵ بووم و لە گوند بووین، پرسیاری زۆر لە مێشکمدا دەخولایەوە، بەڵام لە گونددا ئاستی رۆشنبیری بەجۆرێکی وا نییە وەڵامی پرسیارەکانمان دەست بکەوێت. زۆر جار لە خۆمم دەپرسی بۆچی بە دایکمان دەڵێین دایە ئەسما و ناڵێین دایە، بەڵام بەوە قەناعەتم بە خۆم دەکرد کچێکی هاوڕێمان هەبوو بەناوی کوردستان، پێمان دەوت "کوردێ". کوردێ بە دایکی دەوت "دایە دڕێ" و بە نەنکی دەوت "دایە حەلیمە"، دەموت کەواتە دەکرێت ناوی دایە لەگەڵ ناوی کەسەکە بهێنیت. 
هەروەها بیرمە کاتێک ژنێک لە ماڵی ئێمە مرد، خوشکەکەم کە لە خۆم گەورەتر بوو، ئەوەندە گریا گریانی نەدەوەستایەوە، بەڵام من ئەوەندە منداڵ بووم وێنەکەی نایەتەوە بەر چاوم.

دایکت ژنی یەکەمی باوکت بوو؟
نەخێر، دایکی من بەسەر دایە ئەسمادا هێنرابوو.

لە دایک و باوکی خۆت چەند خوشک و برا بوون؟
 لە دایک و باوکی خۆم چوار برا و چوار خوشک بووین، خوشک و برایەکم مردوون و ماوینەتەوە سێ خوشک و سێ برا.

لەگەڵ باوکت نێوانت چۆن بوو؟
لە ساڵی 1974 کاتی شەڕ و بۆردوومانی گوندەکەمان، ئێمە بەرەو دەرەوەی گوندەکە رۆیشتین و لەناو بێستاندا دەژیاین، خانوویەکی بچووکمان کردبوو، باوکم لە خانووەیەکدا بوو بەتەنیا، بۆ ئەوەی بە تەنیا نەبێت و ئاگام لێی بێت، لای ئەو دەمامەوە و لەوێوە بووین بە هاوڕێ و وەڵامی پرسیاری زۆرم لێ وەردەگرتەوە. رادیۆیەکی بچووکی پێ بوو، گوێی لە رادیۆی پێشمەرگە و رادیۆکانی جیهان دەگرت، دەیوت "کێشە نییە ئەگەر جنێویشمان پێ بدەن، گرنگ ئەوەیە ناومان بهێنن". زۆر حەزی لە دەنگی ئوم کەلسوم بوو، دەیوت "کە فێری عەرەبی بوویت، ئەوسا ماناکانیشت بۆ باس دەکەم". باوکم پیتی لاتینییشی دەزانی و شیعریشی دەنووسی، کە هەمووی لەسەر خۆشەویستیی کوردستان و وڵات بوو.

هیچ شیعرێکی وای هەبوو لەناو خەڵکدا ناسراو بێت؟
بەڵێ، کاتێک رێککەوتننامەی 11ی ئازار هاتە ئاراوە، باوکم دڵی زۆر خۆش بوو، بەو بۆنەیەوە شیعرێکی نووسی و ئاوازیشی بۆ دانا، ئێمە (کوڕ و کچی ئامۆزا و گەڕەک) دەمانوتەوە، دواتریش لە قوتابخانە دەوترایەوە. شیعرەکەی باوکم زۆر جوان بوو، بەناوی (گولیل) بوو، واتا گوڵی بچووک. گوڵی کەتان لە باکوور پێی دەڵێن چیچک و باسی سروشتی کوردستانی دەکرد، گوڵەکان پیرۆزبایی لە یەک دەکەن، باسی خۆشیی بەهار و ئازادیی کوردستان دەکەن؛ ئیتر بوو بە سروود لە قوتابخانەکەی گوندی مایی.

ئەی تۆ ئەو بەهرەیەت هەیە، مەبەستم شیعرنووسینە؟
بەڵێ، بەڵام زیاتر بە پیتی لاتینی شیعر دەنووسم، بۆ نموونە شیعرێکم هەیە بەناوی (Êdî were)، ئەمەش شیعرەکەیە:

Êdî were...

Germe sîngê min ê fireh bû evîna Te bêlaye,

Bû Te landikek a nerme pirrî axînk û laylaye…

êdî were...

Êdî were ew dem hat ku Te bibînim.

Te li baweşa xwe bi hejînim heyranokên evîndara, çîroka evîna cara her vehînim her vehînim...

Ji stiranên şeverok u ber distara, pawîzokên heyveşeva, narînkekê bû Te bêjim,

êdî were...

Ji welatek kavil u xwîn.. ji milletek têkda birîn,

ji pêlên karwanê kore brev riya tarî rrevîn,

lêk vegêrîn lêk vegêrîn....

Li kolanên biyanîya yên ku bêdengiyê koştîn, perîşanîn em dinalîn…

Nalêna me dengvediden Zozkê serbilind û Metîn...

باوکت باسی چیرۆکی یەکترناسین و هاوسەرگیریی خۆی و دایکتی بۆ کردوویت؟
کاتێک تەمەنم بوو بە 14 ساڵ، کەوتمە پرسیار: یەکەم خۆشەویستت کێ بوو؟ چۆن دایکی منت ناسی و بوو بە ژنی دووەمت؟ بەسەرهاتەکە زۆر سەرنجڕاکێشە و حەز دەکەم بیکەم بە فیلم. باوکم بەم شێوەیە بۆی گێڕامەوە: کچی خاڵم لە گوندێکی تر بوون، ئەوانیش شێخ بوون و نەقشبەندی بوون، زیاتر ژن و ژنخوازی لە نێوان کەسوکار دەکرا. کەسوکارم کچی خاڵمیان بۆ هێنام. بە کچی خاڵم وت من کچێکی رۆشنبیرم دەوێت، هەرچەندە تۆشم زۆر بە دڵە و رۆشنبیریشیت، بەڵام زیاتر لە کاری ماڵ دەزانیت. 
سەبارەت بە بینینی دایکیشم، وتی: جارێکیان لەسەر کانی لە گوندێکی (گوندی باتیفە) نزیک خۆمان، کە ناوچەی ئێمە چەند گوندێک نزیکی یەک بوون، دەستنوێژمان دەگرت، لەو کاتەدا ئەسپێک بە لامدا تێپەڕی، کچێکی لەسەر بوو، زۆر شیرین هاتە بەر چاوم؛ کەزیەکانی کەوتبوونە سەر پشتی ئەسپەکە، باوەڕی بە خۆی بوو. بە برادەرێکم وت کوڕە عەلۆ ئەمە کێیە؟ وتی ئەمە خاوەنی ئەم هەموو زەویوزارەیە، باوک و برا و خوشکی نییە، تەنیا دایکی هەیە و بەتەنیا لەو گوندەدا دەژین، دایکی لە گوندێکی ترەوە هاتووە و شووی بە خاوەنی ئەم زەوییانە کردووە، ئەم کچەی بووە و باوکەکە مردووە و ژنەکەشی بەدیار کچەکەیەوە دانیشتووە، بۆیە ئەم ناوچەیە بۆ ئەم کچە بەجێماوە. من دایکتم ئاوا ناسی.

ئەى دایکت باوکتی چۆن ناسیوە؟
باوکم ئەوەشی بۆ باس کردم، لەوبارەیەوە وتی: مامم بوو بە شێخ و گوند بە گوند دەگەڕا، بەیعەتی شێخی هەبوو. ئێمە چووینە گوندەکەی ئەوان، بە شێخم وت دەمەوێت بچینە ئەو ماڵە، چووین و لەوێش دایکتم بینی.
لەو ماوەیەدا شیعرم بۆ دەنووسی، من عاشقی ئەو بووم و ئەویش عاشقی من بوو. خەڵکیی هەندێک جار پێیان دەوتم لەبەر دەوڵەمەندی هێناوتە، بەڵام بە شیعر عاشقی خۆتت کردووە. ئەمە دوورە لە راستییەوە، من بەڕاستی عاشقی بووم. 

نەنکت (دایکی دایکت) کەسێکی چۆن بوو؟
دەڵێن ژنێکی زۆر رۆشنبیر بووە، ئەو چوار سەد گوندەی سەر بە بەرواری باڵا بوون، لە پشتی چیای مەتین، هەموویان نەنکمیان دەناسی، ناوی سەید حەفسە بوو. هەموو خەڵک پێیان دەوت فەیلەسووف، لە گیا دەرمانی بۆ خەڵک دروست دەکرد.

باشە کە باوکت ژنی هەبوو، چۆن ئەو رازی بووبوو شووی پێ بکات؟
دایکم وتبووی باشە شووت پێ دەکەم، بەڵام چەند مەرجێکم هەیە، یەکەم؛ دەبێت خۆم لەگەڵ دایکم بچم قسە لەگەڵ ئەسمای هاوسەرت بکەم. دووەم؛ کەس پێم نەڵێت خاتوون، چونکە من نامەوێت ژنی ماڵ بم، دەمەوێت هاوکاری تۆ بم و سەرپەرشتیی زەویوزاری خۆشم بکەم، هەرچەندە کەسوکار زۆرن یارمەتیم بدەن، بەڵام دەبێت خۆم سەروکاری زەوییەکانم بم. مەرجێکی تریشم ئەوەیە، دەبێت دایکم لەگەڵمان بژی. 

بۆی باس کردیت ژیان چۆن بووە؟
باوکم دەیوت ژیانێکی زۆر خۆشمان رادەبوارد بەیەکەوە. هەروەها وتی: "دایکت چەپە بوو، بۆیە دەریاس (داس)ێکم بۆ دروست کرد، کە کەسانی چەپە بەکاریان دەهێنا و پێکەوە درووێنەمان دەکرد".

هۆکاری چی بووە کە وا زوو کۆچی دوایی کردووە؟
دایکم بەسەر منداڵەوە رۆیشتووە، لە زستاندا بووە، بەفرێکی زۆر باریوە، نەیانتوانیوە بیگەیەننە ناوشار، ئیتر کۆچی دوایی کردووە. 
دوای ئەوە ئەرک و کاری دایە ئەسما زۆر قورس بوو، منداڵی خۆی و منداڵی دایکمی بەخێو دەکرد. هەرچەندە خۆشی هێشتا گەنج بوو، باوکم بە منداڵی هێنابووی و بە گەنجییش ژنی بەسەر هێنابوو.

لە گوندەکەی خۆتان چوویتە بەر خوێندن؟
بەڵێ، سەرەتاییم لە گوندی مایی بە زمانی کوردی خوێندووە. جا ئەوە چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشی هەیە، بۆ من وەک وانەیەک وابوو و هەرگیز بیرم ناچێتەوە.

کەواتە بۆم باس بکە...
کە منداڵ بووم زۆر دڵخۆش بووم بەوەی خوێندنگە لە گوندەکەماندا کرایەوە. باوکم وتی کوڕ و کچ بچن ناوی خۆتان تۆمار بکەن. ئیتر چووین و دەستمان کرد بە خوێندن، کچەکان کەم بووین، زۆربەی خوێندکارەکان کوڕ بوون. 
چیرۆکەکە بەم شێوەیە بوو؛ دراوسێیەکمان هەبوو بەتووڕەیەوە هات بۆ لای باوکم، من زۆر ترسام و بێدەنگ بووم، گوێم لێیان دەگرت بزانم چی دەڵێن. هاواری بەسەر باوکمدا کرد وتی: "ئەزبەنی، ئەگەر ئێوە هەڵە بکەن، ئەی ئێمە چی بکەین؟" باوکم وتی: "باشە، وەرە دابنیشە، ئاوێک بخۆرەوە، بزانم چیتە؟" وتی: "ئاوی ئێوە ناخۆمەوە. ئەوەی ئێوە دەیکەن گوناحێکی گەورەیە، چۆن دەبێت کچ لەگەڵ کوڕدا بچێتە خوێندنگە، مامۆستاکانیان هەموو پیاون، چۆن دەبێت، ئێستا کچەکەی منیش دەڵێت دەچمە خوێندنگە؟" باوکم وەڵامێکی دایەوە کە تا ئێستاش ئەو وەڵامە کاریگەریی لەسەر کەسایەتی من هەیە، وتی: "جیران، دەبێت کچ پێش کوڕ بخوێنن، دەزانیت بۆ؟ چونکە کچ دەبێتە دایک؛ دایکێکی رۆشنبیر، رۆڵەیەکی رۆشنبیر و کۆمەڵگەیەکی رۆشنبیر پەروەردە دەکات، ئەوەش زۆر گرنگە. دووەمیش؛ کچی ئێمە وەکوو کوڕ ناتوانن هەموو ئیشێک بکەن، باشترە خوێندەواری و بڕوانامەیان هەبێت، بەڵکوو رۆژێک چاویان لە دەستی خۆیان بێت و پێویستیان بە کەس نەبێت". پاشان وتی: "جیران، ئێمە کوردین، تۆ چوزانیت کە کچی تۆ گەورە بوو و بوو بە دایک؛ مێردەکەی شەهید نابێت، یان زیندانیی ناکرێت، بۆیە بۆ ئەوەی بتوانێت منداڵەکانی خۆی بەخێو بکات، پێویستە خوێندەواریی هەبێت". ئیتر وەکوو ئەرکێک سەر خۆم دانا کە دەبێت بخوێنم، دەبێت پێش بکەوم، دەبێت منداڵ پەروەردە بکەم، دەبێت مرۆڤی چاک و بە بیروباوەڕ پەروەردە بکەم.

ئەی قۆناغەکانی تری خوێندنت لە کوێ خوێندووە؟
لە گوندەکەی ئێمە ناوەندی نەبوو، بۆیە بەناچاری ساڵی یەکەم چووینە کانی ماسی بۆ خوێندن. من و خوشکم و دوو ئامۆزام، تەنیا کچ بووین لەناو ئەو هەموو کوڕەدا. ئەوسا بەفریش زۆر دەباری، رێگە ئەستەم بوو، پیاوەکان رێگەیان بۆ دەکردینەوە بۆ ئەوەی بچینە کانی ماسی بۆ خوێندن. بە پێ نازانم چەند دوور بوو، بەڵام زۆر زەحمەت و دوور بوو بۆ منداڵ. کە چوومە پۆلی دووەمی ناوەندی، ماڵمان چووە دهۆک. هەر لەو کاتەشدا بوو زانیم دایکم نەماوە، بەڵام باوکم زۆر باش بوو، جیاوازیی لە نێوان منداڵەکانی هەردوو ژنەکەیدا نەدەکرد، هەروەها لە نێوان کوڕ و کچیشدا. هەرچەندە دوو ژنی هەبوو، بەڵام مرۆڤێکی دیموکراسی و رۆشنبیر بوو. 

لە دهۆک تا چەندت خوێند و بە چ زمانێک دەتانخوێند؟
پاش ئەوەی لە دهۆک نیشتەجێ بووین و لەوێ چوومەوە بەر خوێندن، ناوەندی و دواناوەندیم لە خوێندنگەی برایەتی تەواو کرد. سەرەتا خوێندن لە دهۆک بەشێکی بە کوردی و ئەوەی تری بە عەرەبی بوو، دواتر هەموویان کرد بە عەرەبی.

دوای ئامادەیی بەردەوام بوویت لە خوێندن؟
بێگومان زۆرم حەز دەکرد بەردەوام بم لەسەر خوێندن، ئازاد بم، لەگەڵ خوێندکارە کوڕ و کچەکان بچمە موسڵ بۆ خوێندنی زانکۆ، چونکە ئەو کاتە لە دهۆک زانکۆ نەبوو، بەڵام بارودۆخەکە لەبار نەبوو بۆ ئەوە، تا ئەوەی لە سوید زانکۆم خوێند. 

کەی چوویتە سوید؟
ساڵی 1993.

بۆچی؟
دۆخەکە وردە وردە بەرەو خراپی دەڕۆیشت و بۆنی خوێنی لێ دەهات. جاران لەگەڵ ئەوەی دۆخەکە زۆر خراپ بوو و بەردەوام شەڕ و کوشتار و دەربەدەری بوو، بەڵام ئەوە دوژمن بوو، هەرچۆنێک بێت دەڵێیت دوژمنە و کۆڵ نادەیت. شەڕی ناوخۆ، یان با بڵێین شەڕی براکوژی، شتێکی ترە، تەحەمول ناکرێت، هەر بۆیە لەگەڵ منداڵەکانم بە رێگەی قاچاخ رۆیشتین بەرەو ئەوروپا.

چوونە سوید؟
بەڵێ.

لەوێ چۆن دەستت کردەوە بە خوێندن و چیت خوێند؟
ساڵ هات و رۆیشت، حەزم دەکرد بخوێنم، ئیتر چوومە زانکۆیەک بۆ ئەوەی بخوێنم، بەڵام دەبوو کۆرس بخوێنم، چونکە من دایکم بووم و کاتی ئەوەم نەبوو چوار ساڵ کۆلێژ بخوێنم. لە سوید شێوازەکانی خوێندن زۆر بوون، من دوو ساڵم خوێند لە بەشی (سەرکردایەتی و بنەماکانی دیموکراسی). کاتێک وەریان گرتم، زۆرم پێ خۆش بوو، چونکە حەزم لەو خوێندنە بوو. دەبوو نزیکە دە خولەک بە پێ بەناو بەفردا بڕۆم تا دەگەیشتمە لای شەمەندەفەر، لەوێشەوە سواری شەمەندەفەرێکی تر دەبووم و دەچوومە شارێکی تر، نزیکەی کاتژمێرێک و دە خولەکم پێ دەچوو تا دەچوومە ئەو شارە بۆ ئەوەى بخوێنم. کاتێک گەیشتمە ئەوێ، یەکەم جارم بوو، ناونیشانەکە لە دەستمدا بوو، نەمدەزانی چۆن بچم، زانکۆکە لە دەرەوەی شارەکەدا بوو. سەیری شوێنەکان و پاسەکان و کاتژمێرم دەکرد، درەنگ بوو، چۆن فریا بکەوم پێش ئەوەی دەست پێ بکەن! لەو کاتەدا ژنێکی سویدی هات، وتی: "بۆ کوێ دەچیت؟" وتم: "دەچمە زانکۆ." وتی: "منیش دەچمە زانکۆ، من مامۆستام لەوێ، با پێکەوە تاکسی بگرین، پارەکەی بە نیوەیی دەدەین بۆ ئەوەی هەرزانتر بکەوێت لەسەرمان." وتم: "باشە." کە گەیشتینە زانکۆ، ژنەکە رۆیشت بە لای کاری خۆیەوە، منیش چووم بەرەو ئەو ناونیشانەی کە پێم بوو، لە نهۆمی پێنجەمی بینایەکدا بوو. بیرم دێت پێنج خولەک دواکەوتبووم. 

لەو ماوەیەی خوێندنەکەت، چ یادەوەرییەکی گرنگت هەیە و بیرت ناچێتەوە؟
خۆی من چەند کۆرسێکم خوێند، بیرەوەرییەکی سەرنجڕاکێشم هەیە لەو کاتەی کۆرسێکی ترم دەخوێند لە (بەشی پەیوەندییەکان و میدیا) لە شاری ئۆپسالا لە سوید، لەوێ چەند بەشێک هەبوو، من بەشی رادیۆم هەڵبژاردبوو، دەبوو هەریەکەمان بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی دروست بکەین، وەکوو گرووپ کارەکانمان دابەش کردبوو. رۆژێک دەبوو لەسەر کامێرا بم، رۆژێکیش دەبوو هەواڵی گەرمی رۆژ ئامادە بکەم، یاخود پێشکەشکار بم و راستەوخۆ لە تەلەڤزیۆنەوە هەواڵەکە پێشکەش بکەم. ئەو رۆژەی کە نۆرەی من بوو هەواڵی گەرمی رۆژ ئامادە بکەم، دەبوو بەیانیی زوو بچم و گەرمترین رووداوی ئەو رۆژە بکەم بە هەواڵ، کاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆ هەواڵەکە پێشکەش دەکرا. 
بەیانیی زوو بوو، کاتژمێر 7ی بەیانی بوو، سەیری هەواڵەکانم دەکرد، گەرمترین رووداوی ئەو رۆژە، کەوتنی سەدام حسێن بوو لە بەغدا. دەبوو ئەو هەواڵە خۆم بڵاوی بکەمەوە، سەیرم کرد هەموو کەناڵەکانی هەواڵی کوردی و عەرەبی و جیهانیی باس باسی رووخانی رژێمی سەدام بوو، ئیتر منیش لای خۆم هەواڵەکەم داڕشت و دەبوو پێشکەشی بکەم. لەو کاتەدا کە دەچووم بەرەو ستۆدیۆ، حاڵەتێکی زۆر نامۆ بوو، لە نێوان خەون و راستیدا سەرم لێ شێوابوو، نەمدەزانی من خەون دەبینم یاخود ئەوەی روو دەدات راستییە. شتێکی سەیر بوو، بۆ دەبوو من ئەو هەواڵە بخوێنمەوە! 
پێش ئەوەی دەست پێ بکەم، لە ستۆدیۆ بووم، مایکیان لێ دەبەستم. دەستەکانم دەلەرزین، لە نێوان خەون و واقیعدا سەرم لێ شێوابوو؛ چۆن لە وڵاتی من ئەو هەموو گۆڕانکارییە رووی دەدا و منیش لەوێ نەبووم، بیرم لەوە دەکردەوە چۆن بتوانم بەزوویی خوێندنەکەم تەواو بکەم و بگەڕێمەوە. لەو هەیەجانەدا دەستم کرد بە گریان. ئەو کچەی مایکەکەی لێ دەبەستم، کچێکی گەنجی سویدی بوو، ناوی ئانا بوو، وایزانی سترێسم و کارەکەم بەلاوە زەحمەتە، باوەشی پێدا کردم و دڵنەوایی کردم کە ئەویش بەو جۆرە بووە و پێویست ناکات بترسم و نیگەران بم. پێم وت شتەکە بەو شێوەیە نییە، تەنیا ئەوەیە ئایا ئەوەی من دەیخوێنمەوە راستییە، یان خەونە! ئیتر تێگەیشت، وتی: "ئەها"، من تەنیا کەسی بێگانە بووم تیایاندا، ئێمە 42 کەس بووین، ئەوان هەموویان سویدی بوون، تەنیا من کورد بووم. 
من لە گرووپێکدا بووم هەشت کەس بووین، دەبوو بەرنامەی رادیۆیی ئامادە بکەین، بە هەموو کارەکانەوە، لە تۆمارکردن و هەواڵسازی و پێشکەشکردن... ئیتر ئەو کچە فرمێسکەکانی منی سڕی و وتی: "راست دەکەیت تۆ خۆت لە عیراقەوە هاتوویت، هەواڵە گەرمەکان و گۆڕانکارییەکان هەمووی لەسەر عیراقن و دیکتاتۆر دەڕووخێت". من تێر گریام، وتم: "بەس پێم بڵێ، ئەمەی ئێستا روودەدات راستییە یان خەونە؟" وتی: "راستییە، دەبێت هەواڵە بدەیت و زۆریشت پێ خۆش بێت کە ئەوە روویداوە". وتم: "بەڵێ، ئەوەندەم پێ خۆشە کە باوەڕ ناکەم ئەوەی روویداوە راستییە". ئیتر ئەو هەواڵە کاتژمێر 11 من پێشکەشم کرد. هەرچەندە من حەز بە شەڕ و کوشتار ناکەم، بەڵام ئەو رۆژەم زۆر بەلاوە خۆش بوو. رووخاندنی ئەو رژێمەی بڕیاری کوشتن و ئەنفالکردنی کوردی دا. لەخۆشیاندا زۆر گریام.

با کەمێک بگەڕێینەوە پێشتر و لێت بپرسم کەی هاوسەرگیریت کرد؟
دوای چوونمان بۆ دهۆک، لە ساڵی 1978 شووم کرد. هەرچەندە تەمەنم 18 ساڵ بوو، بەڵام کچێکی بەئاوەز و ئازا بووم. بیرمە ئەو کاتە لێیان پرسیم زێڕ چیت دەوێت؟ وتم بۆ لە من دەپرسن، بڕۆن بزانن کوڕەکە چی دەوێت، پاشان لە من بپرسن. بەو شێوەیە خۆم ئازادیی خۆم بەدەست هێناوە، کە ئەوسا ئەوە نامۆ بوو.

چەند منداڵتان هەیە؟
خاوەنی سێ کوڕ و کچێکی زۆر باشم و دڵم ئاسوودەیە لەئاستیان. کچەکەم ناوی تۆڵەیە، لە کاتی بۆردوومانی هەڵەبجە بەڵێنێکم بە خۆم دا کە ئەگەر کچێکم ببێت؛ ناوی دەنێم تۆڵە.

ئێستا با بچینە سەر باسی کارەکەت، چۆن چوویتە ناو بواری دەرهێنان و فیلمسازییەوە؟
لەو سەردەمەدا براکەم (جەعفەر) ئامادەکاریی بۆ بەرنامەیەکی رادیۆی کوردی لە بەغدا دەکرد، برادەرێکی بەرنامەکەی پێشکەش دەکرد. بەرنامەکە ناوی (هەر سترانێک چیرۆکێکە) بوو، هەر جارە باسی لە سترانێک دەکرد کە سترانەکە چیرۆکێکی لە پشتەوە بوو، هەندێکیانی کردبوو بە زنجیرە و لە رادیۆکەوە پەخش دەکران.
دواتر جەعفەری برام بە هاوکاریی ئیبراهیم سەلمانی دەرهێنەری کورد لە بەغدا، لە ماڵی باوکم ستۆدیۆیەکیان دروست کرد و هاوکاریی دەرهێنانەکەشی دەکردین، شوێنێکیان بۆ من تەرخان کردبوو، براکەم دەینووسی و منیش رۆڵم دەگێڕا. لەبیرمە یەکێک لەو کارانە بەناوی (ئاستەنگا رەش) بوو، من رۆڵەکەم دەبینی، بۆ من زۆر خۆش بوو. شەو تا بەیانی لە ستۆدیۆ دادەنیشتین دەنگی خۆمان تۆمار دەکرد، چونکە شەوان کپ بوو، دەنگەدەنگ لە دهۆک نەبوو.

باسی یەکێک لە کارە گرنگەکانی ئەو کاتەتانم بۆ بکە...
ئەو کاتە بابەتێکمان تۆمار کرد بەناوی (خورشید چاوبەخومار)، 20 ئەڵقە بوو، سترانێکی زۆر خۆش بوو. بە دەنگی حەسەن سیساوایی بڵاو بووەتەوە، ئەو زۆری وتووە و سترانبێژی تریش چەندین جار وتوویانەتەوە و بۆ چەندین ساڵیش دووبارە بووەتەوە. چیرۆکی سیرمێ خان، یاخود خورشیدی چاوبەخومار، چیرۆکێکی گرنگە بۆ مێژووی کورد، چونکە خاتوو سیرمێ لە سێرتی باکوور لە ناوچەی مێردینەوە دەچێتە باعەدرێی باشوور، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە هیچ سنوورێک لەو ناوەدا نەبووە. عەشقی ئەم چیرۆکە و عاشقی کوردستان و ئەو داستانە و سنوورە دەستکردە، وای لێ کردم حەزم دەکرد ببێتە فیلم، بەڵام ئەو سەردەمە ئێمە تەنیا زنجیرەی کورتمان بۆ رادیۆ دروست دەکرد، توانامان نەبوو کامێرامان هەبێت، هەروەها نەک تەنیا توانای دارایی بێ کامێرای کردبووین، بەڵکوو قەدەغە بوو کامێرامان هەبێت. باری سیاسیی ئەوسا زۆر شڵۆق بوو، راکردن بوو لە گوندێکەوە بۆ گوندێک و شەڕوشۆڕ هەبوو، ئیدی ئەوە وەک خەونێک لە سەرمدا دەهات و دەچوو.

هەر وەکوو خەون مایەوە، یان ئەنجامت دا؟
دوای ئەوەی لە سوید دەرفەتم بۆ رەخسا لە بواری سینەما و فیلمسازیدا بخوێنم، کاتێک تەواوم کرد، گەڕامەوە. ئەوسا توانام هەبوو، کەسانێکیش هەبوون هاوکاریم بکەن، وتم با ئەو فیلمە دروست بکەین. هەندێک سینەماکاری هەڤاڵ وتیان نامانەوێت خۆمان لەو چیرۆکە قورسە بدەین، ئیتر وتم با خۆم بیکەم و کردم. 

کەی گەڕایتەوە بۆ کوردستان؟
ساڵی 2005 گەڕامەوە، کە گەڕامەوە، بینیم لە شاری من هێشتا عەیبە ژن گۆرانی بڵێن، بۆیە یەکەم چالاکی کە ویستم ئەنجام بدەم؛ فێستیڤاڵی گوڵبەهار بوو. 

بۆچی گوڵبەهار؟
گوڵبەهار سترانبێژێکی ناسراوی شەستەکانی سەدەی پێشوو بوو، چەند دەیەیەک گۆرانیی دەوت و لە هەموو کوردستاندا ناسراو بوو. چەندین گۆرانیی شاعیرانی ناسراوی وتووە، لەوانە: د. بەدرخان سندی... گوڵبەهار لە کاتێکدا گۆرانیی دەوت کە گۆرانیی کوردی هەژار بوو بە دەنگی ژنی گۆرانیبێژ، ئەو بۆشاییەی بە توانایەکی زۆرەوە پڕ کردەوە. خێزانی گوڵبەهار خەڵکی ئامێدین، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی خێزانییەوە دەچنە گوندێکی سریانی لە جولەمێرگ و گوڵبەهار لەوێ لە دایک دەبێت. 
گوڵبەهار؛ دەنگی ژنە، یەکێکە لە هونەرمەندە شارەزا و ناسراوەکان، بۆیە ئەوەم هەڵبژاردووە.

لە ژیاندا مابوو ئەو کاتە؟
بەڵێ.

لە کوێ بوو؟
ئەوسا سامی شۆڕش وەزیری رۆشنبیری بوو، لێم پرسی: گوڵبەهار لە کوێیە؟ نەیاندەزانی، بۆیە خۆم بەدوایدا گەڕام و بەزەحمەت دۆزیمەوە.
زانیم لە لای تاقەکچەکەی (بێریڤان) لە ئوردن دەژی، کچەکەی کوردیی نەدەزانی. بۆ گوڵبەهار زەحمەت بوو کچەکەی کوردیی نازانێت، بەڵام کچەکەی لە شاری بەغدا پەروەردە بووبوو، شووشی بە کوڕێکی عەرەب کردبوو، دواتر چووبوونە ئوردن و لەوێ نیشتەجێ بووبوون.

دۆخی چۆن بوو؟
بەداخەوە، ئەو هونەرمەندە ناودارە، بێخاوەن بوو. 

توانیتان بیهێننەوە بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵەکەدا؟
بەڵێ، پاش هەوڵدانێکی زۆر هێنامانەوە بۆ دهۆک. هەندێک کوڕ و کچی گەنج لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکان، فێستیڤاڵەکەی گوڵبەهاریان بەڕێوەبرد و گۆرانییەکانیان دەوتەوە. 

چەند رۆژی خایاند؟
دوو رۆژ.

هەستت چۆن بوو کە توانیت ئەو کارە بکەیت؟
بێگومان هەستم بە شانازیی دەکرد، چونکە ئەو پرۆژەیەم زۆر لە لا گرنگ بوو؛ هونەرمەندێک بۆ ماوەی پەنجا ساڵ گۆرانیی بۆ وتوین، ویستم بێخاوەن نەیهێڵم.

چالاکیی ترتان ئەنجام دا؟
بەڵێ، چەندین چالاکیمان ئەنجام دا، یەکێکی تر لە چالاکییەکانم؛ هانی کچانی گەنجی دەنگخۆش و بەهرەمەندمان دەدا کە ببن بە گۆرانیبێژ و موزیکژەن. زۆربەیان دەیانوت خانەوادەکەمان ناهێڵن. فەیسبووک خۆش بێت، لەو رێگەیەوە بڵاومان کردەوە کە پێویستمان بەو کچانەیە کە خوازیارن فێری موزیک و گۆرانیوتن ببن. لە ماوەی یەک حەفتەدا 64 کچ ناوی خۆیان تۆمار کرد. گرووپەکەمان ناونا "چل کەزی"، مامۆستا و موزیکژەن و شوێن و ئامێرمان پەیدا کرد. بۆ ماوەی دوو ساڵ چەندین چالاکییان ئەنجام دا، لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک کۆنسێرتیان کرد و لە فێستیڤاڵی رانیەدا بەشدار بوون، کە لە میسر و هیندستانەوە بەشداربوو هاتبوون. 
لەو رێگەیەوە ئەو سترانانەی لە منداڵییەوە لە مێشکمدا دەخولانەوە، توانیم ژیان بکەمەوە بە بەریاندا، کە زۆربەیان ئازادیی کچ و لاوک و ژن دەردەخەن.

هەر چالاکیی هونەریتان ئەنجام دەدا؟
نەخێر، چالاکیی دیکەشمان ئەنجام دەدا، بۆ نموونە؛ یەکێک لە چالاکییەکان ئەوەبوو چوار پێنج کچمان کرد بە شەریکی یەکتری و چێشتخانەیەکی هاوبەشیان بەڕێوە دەبرد، کفتەیان بە جۆری جیاواز دروست دەکرد. ئەو کچانە کاری جوان و باشیان بەیەکەوە کرد.

ئەى لە بواری فیلم و سینەمادا چیتان کرد؟
سەرەڕای ئەوەی من یەکێکم لە دامەزرێنەرانی بەڕێوەبەرایەتی هونەری سینەما و ماوەی پێنج ساڵ بەڕێوەبەری بووم، کارەکانمان بە پێکەوەیی ئەنجام دەدا و تەنانەت سکرتێر و چایچی و شۆفێریشم نەبوو، کە ئەوە یەکێک بوو لە کارە سەرکەوتووەکانم، بەڵام ئەوەی زۆر دڵخۆشی کردم؛ پرۆژەی فێستیڤاڵی فیلم بوو. لەم پرۆژەیەدا کۆمەڵێک گەنج کاریان لەگەڵ دەکردم.  ئەو کاتە وەزیری رۆشنبیری هات وتی: "ئەم فێستیڤاڵە لە دهۆک مەکەن، وەرن بۆ هەولێر بیکەن لەژێر ناوی نیشاندانی فیلم"، بەڵام بڕیارمان دا فێستیڤاڵ بێت و لە دهۆکیش بکرێت. کاتێک کەتەلۆگی فێستیڤاڵەکەمان دروست کرد، تیایدا روومان کردەوە بۆچی فێستیڤاڵە نەک پرۆژەی نیشاندانی فیلم، چونکە خەڵاتکردن، میوانداری و پێشوازیکردن... ئەمانە هەموویان رێوشوێنی فێستیڤاڵن. راستە جیهانیی نەبوو، بەڵام فیلمسازەکان لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە هاتن و بەشدار بوون، هەروەها لە ئەوروپاشەوە هاتن. ئێستا بووەتە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی و شانازییەکی گەورەیە بۆ من کە لەم پرۆسەیەدا دەستپێشخەریم کردووە.

وەک فیلمسازێک، ئەوە خواست و خەونی تۆ بوو؟
خەونێکی گەورە بوو، ئەستەم بوو، بەڵام سەرکەوتووبوو. رەنگە لە ئاست خەونە گەورەکانم نەبووبێت، بەڵام دیسانەوەی دەڵێم سەر کەوت.

چەند فیلمت هەیە؟
فیلمی نامە؛ 2002 بە گرووپ لە سوید دەرمانهێنا.
مەرگ و نامووس؛ 2008 لە دهۆک.
دیدارێکی بێ ژوان؛ 2008.
کاڤۆکا سپی؛ 2008، یەکێکە لە فیلمە نازدارەکان لای من، دیبەتی زۆری لەسەر کراوە لە هەر فێستیڤاڵێکدا بەشداریی کردبێت.
کچا کوردا؛ 2009.
دۆز؛ 2011.
سەمای ژیان؛ 2022 لەگەڵ شیرین قوڕەیشی لە ئەڵمانیا دەرمانهێناوە.
فیلمی ئەڤین؛ فیلمێکی کورتە، بەڵام چیرۆکەکەی درێژە، ئەگەر کێشەی داراییمان چارەسەر کرد، ئەوا دەیکەینە فیلمێکی درێژ.

چیرۆکی فیلمەکان زیاتر باس لە چی دەکەن؟
هەر فیلمێک چیرۆکێکی جیاوازی هەیە، لە زۆربەی فیلمەکانمدا هەوڵم داوە ئەوە روون بکەمەوە کە جەهالەت هۆکاری کێشە و ئاژاوەی خێزانی و ناوچەییە، ژن و پیاو هەردووکیان قوربانیی دەستی پەروەردەی هەڵە و جەهالەتن. دار و بەرد، گوڵ و گیا، بوونەوەرەکان بوونەتە قوربانیی دەستی جەهالەت.

هیچ یەکێک لە فیلمەکانت بەشداریی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کردووە؟
بەڵێ، لە چەندین فێستیڤاڵی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا بەناوی کوردەوە بەشداریم کردووە، چەندین جاریش فیلمەکانم لە بۆنەی تایبەتدا نمایش کراون.

کام فیلمەیان لە هەموویان زیاتر بووەتە مایەی سەرنجی نێوەندی سینەمایی؟
فیلمی کاڤۆکا سپی، لە چەندین وڵات نیشان دراوە و خۆشم لەگەڵی دەڕۆیشتم. ئەم فیلمە بووەتە مایەی گەنگەشەی زۆر لەسەر خودی چیرۆکەکە. لە لای ئێمە بەردەوام قوربانییەکە ژنە، بەڵام وەک وتم، بە لای منەوە کچ و لاو پێکەوە قوربانین.

کاردانەوەی خەڵکی خۆمان چۆن بوو بەرانبەر ئەو فیلمە؟
جارێکیان کاتێک لە هەولێر نیشان درا، پیاوێک کە لە پێشەوە دانیشتبوو، وتی: "تۆ کێشەکەت لە عەبایەکدا بینیوەتەوە کە بەسەر کچەکەوەیە؟" پێم وت: "خۆت رۆژێک بڕۆ بۆ بازاڕ و عەبایەک بدە بەسەرتا، بزانە هەستت چۆنە؟" پێکەنینی هات، چونکە بە لایەوە ئەمە بۆ پیاو نابێت. پێم وت: "کاتێک تۆ عەبایەک دەپۆشیت، کەسێکی لاوازیت، ژنی بەهێز ئازادە و ژنێکیش ئازاد نەبێت، ناتوانێت منداڵی ئازا و چاونەترس و سەرکردە پەروەردە بکات."

بەشێوەیەکی گشتی فیلمەکانت زیاتر رووەو چ ئاراستەیەکە؛ گەشبینی، یان رەشبینی؟
زۆربەی فیلمەکانم گەشبینیی تێدایە، لای من، ئەگەر لە باخچەیەکدا دڕکوداڵ هەبێت، ئەوا گەلێک گوڵی رەنگاوڕەنگیشی لەناودایە.

فیلمەکانت هیچ خەڵاتێکی ناوخۆیی و دەرەوەیان بەدەست هێناوە؟
بەڵێ، حەوت خەڵاتی ناوخۆ و دەرەوەم هەیە لەسەر فیلمەکانم، لە هەموویان زیاتر؛ کاڤۆکا سپی.

خەونت چییە بۆ داهاتوو کە بەئەنجامی بگەیەنیت؟
خەونەکانم زۆرن، بەڵام کێشەی داراییمان هەیە، هەروەها لای ئێمە لە هونەر نان پەیدا نابێت، دەبێت لە پاڵ هونەر، کارێکی تریش بکەیت تا بتوانیت بژیت.

واتە جگە لە کاری هونەری و فیلم، کاری تریش دەکەیت؟
بەڵێ، لە پاڵ هونەر، لە شاری ستۆکهۆڵم خەریکی دروستکردنی کفتەم بە هەموو جۆرەکانییەوە، دەیانفرۆشم و مارکەی خۆمم هەیە.

بۆچوونت چییە سەبارەت بە کاری سینەمایی کوردی؟
سینەمای کوردی، پەرشوبڵاوی پێوە دیارە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا کاری زۆر جوانمان هەیە و هەوڵێکی زۆر باش لەو پێناوەدا دەدرێت و دراوە.

*ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز (نەرمین عوسمان) لە چوارچێوەی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی بەشداریی ژنی كورد لە بوارە جیاوازەكاندا سازیكردووە.


خ.غ


Qaiwan
Qaiwan