چاوپێكەوتن

سەرۆکى زانکۆی هەڵەبجە: بەپێى پێداویستى بازاڕ کۆلیژی نوێ دەکەینەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


سەرۆکى زانکۆی هەڵەبجە: بەپێى پێداویستى بازاڕ کۆلیژی نوێ دەکەینەوە
مەودا میدیا- کاروان رەسوڵ

دکتۆرە مهاباد کامل یەکەم ژنە  لەسەر ئاستی عیراق و کوردستان دەبێتە سەرۆکی زانکۆ و سەبارەت بە وەرگرتنی ئەو پۆستە لەم چاوپێکەوتنەی لەگەل مەوداپرێسدا رایدەگەیەنێت دوو هەستی هەیە، یەکەم هەستێکی خۆشە وەک یەکەم ژن دەبێتە سەرۆکی زانکۆ و مێژووییەکی بۆ خۆی و خانەوادەکەی و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان هەیە  دووەمیش بەرپرسیارێتییە، پێش ئەوەی پۆست بێت و ئاماژەش بەوەدەکات سێ کیشەی سەرەکیان هەیە، نەبوونی ستاف و پارەی پێویست و بینا.

وەک یەکەم ژن بوویتە سەرۆکی زانکۆ لەسەر ئاستی عیراق و کوردستان، ئێستا چ هەستێکت هەیە؟
د.مەهاباد کامیل: ئەو هەستە دوو لایەنەیە، یەکەم هەستێکی خۆشە وەک یەکەم ژن دەبمە سەرۆکی زانکۆ، مێژووییەکە بۆ خۆم و خانەوادەکەم و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان. دووەمیش بەرپرسیارێتییە، پێش ئەوەی پۆست بێت بەلای منەوە بەرپرسیارێتی و ئەرکە، وا کاردەکەم حەزدەکەم ئەو کەسانەی لەگەڵم کاردەکەن هەست بە متمانە و ئارامی بکەن. ئەرکەکەم قورسە و ئاسان نییە، چونکە مامەڵەی من رۆژانە لەگەڵ کۆمەڵێکە ئاست و تەمەنیان جیاوازە.

وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە بۆ هۆکارەکەى شایستەیتە یان پۆستێکە و بەهۆی حزبەوە پێت بەخشراوە؟
د.مەهاباد کامیل: وەڵامی ئەم پرسیارە بۆ من قورسە، بۆ ماوەی شەش مانگ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایانگەیاندبوو پۆستی سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە پڕدەکریتەوە کێ لە خۆی رادەبینێت سیڤی پێشکەش بکات بۆ ئەو پۆستە. من سەرەتا دڵەڕاوکێم هەبوو لەلایەک خیزانم و منداڵەکانم، بەڵام دواجار بڕیارمدا بۆ پێشکەشی نەکەم هەموو مەرجەکانم تێدا بوو لەسەروو هەموویانەوە خەڵکی هەڵەبجە بووم.
لە پێشبڕکێیەکەدا 14 کەس بووین و یەک ژنی تری تێدا بوو، لیژنەیەک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا چاوپێکەوتنی لەگەڵ کردین، ئینکاری ئەوەش ناکرێ ئەم پۆستە بەرکەوتەی یەکێتی بوو.

سەرجەم کاندیدەکان بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆکى زانکۆی هەڵەبجە یەکێتی بوون؟
د.مەهاباد کامیل: لە کۆتاییدا 3 کەس ماینەوە یەکێتی بووین، پۆستەکە بەر من کەوت، هەم مەرجەکانم تیابوو و هەمیش ژن بووم و هەڵەبجەییش بووم.

هەڵەبجەیی بوون مەرج بوو بۆ وەرگرتنی پۆستى سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە؟
د.مەهاباد کامیل: نا بڕواناکەم مەرجی سەرەکی بووبێت، من زۆرترین کۆنمرەم کۆکردووەتەوە.

لەکاتى چاوپێکەوتنى وەزارەتى خوێندنى باڵا، مەرج بوو کاندیدەکان کارنامەى تایبەتتان هەبێت بۆ پێشخستنى زانکۆ؟
د.مەهاباد کامیل: بەڵێ بەدڵنیاییەوە، پرسیاری ئەوەیان لێکردم وتیان پڕۆژەی تۆ چیە؟ وتم پرۆژەم بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی زانکۆیە ئەویش بەوە دەبێت زانکۆی هەڵەبجە بخەینە سەر نەخشەی زانکۆکانی جیهان و هەروەها بە ئەلیکترۆنی کردنی زانکۆ و بەرزکردنەوەی ئاستی مامۆستایانی زانکۆ و جێبەجێکردنی سیستەمی بۆڵەنیا.

ئەم پلانە تەنیا بەخۆت جێبەجێ دەکرێت یان تیمێکى کاراى پێویستە؟
د.مەهاباد کامیل: هیچ کارێک بە تەنها ناکرێت، حکومەت و وەزارەتی خوێندنی باڵا و پارێزگاری هەڵەبجە و زانکۆکانی تری کوردستان بەڵێنی هاوکارییان داوە، بەڵام دەبێت لەسەروو ئەو هاوکاریانەوە پشت بە خۆمان ببەستین و چەند لیژنەمان دروستکردووە بۆ بەرەوپێشچوونی زانکۆکەمان.

زانکۆی هەڵەبجە کەموکوڕیتانی مامۆستا یان ستافى بەڕێوەبردنى هەیە؟
د.مەهاباد کامیل: بەڵی کەموکوڕیمان زۆرە، هەڵەبجە شوێنێکی دوورەدەست و سەر سنوورە و هاندان بۆ مامۆستا نەکراوە بۆ ئەوەی بێتە هەڵەبجە و وانە بڵێتەوە.

لەئێستادا ئاستی زانستیی زانکۆی هەڵەبجە چۆنە؟
د.مەهاباد کامیل: من 20 رۆژە دەستبەکاربووم و قورسە هەڵسەنگاندن بکەم، بەڵام ساڵێکی تر ئاستەکەی دەبینین.

دەتانەوێت کولێژی نوێ بکەنەوە؟ زیاتر چاوتان لەسەر کردنەوەی چ جۆرە کۆلیژێکە؟
د.مەهاباد کامیل: بەڵێ بەرنامەمان هەیە ئەگەر حکومەت هاوکارمان بێت کۆلیژی نوێ دەکەینەوە. لەوانەش ئەوەی گرنگە کردنەوەی کۆلیژی پزیشکی رۆڵێکی گەورەی دەبێت لە چارەسەر بۆ بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی و دەبێت سەیری بازاڕ بکەین بزانین چی پێویستە.

لەو ماوەى کەمەى دەستبەکاربوونت ئەو کێشانە چین کە هەستت پێکردبێت؟
د.مەهاباد کامیل: سێ کیشەمان هەیە، نەبوونی ستاف و پارەی پێویست و بینا بەتایبەت بەشە ناوخۆییەکانی شارەزوور زۆر خراپە.

بیرتان لە کردنەوەی سەنتەرێک بۆ توێژینەوە لە جینۆساید نەکردووەتەوە؟
د.مەهاباد کامیل: بەڵێ ئەوە پلانی من بوو، ئێستا سەنتەرەکە لە دروستکردندایە وەک بینا دوای تەواوو بوون ستافی بۆ دابنرێت و توێژینەوە بکات.

لە زانکۆی هەڵەبجە کێشەی نەبوونی تاقیگەتان هەیە؟
د.مەهاباد کامیل: بەڵی بێگومان کێشەی نەبوونی تاقیگەمان هەیە.

چەند کۆلیژ و مامۆستا و خوێندکارتان هەیە؟
د.مەهاباد کامیل: جگە لەو خوێندکارانەى ئەمساڵ وەردەگیرێن 3500 خوێندکارمان هەیە، هەروەها 135 مامۆستا و 5 کۆلیژ و 16 بەشمان هەیە.
 
لە زانکۆی هەڵەبجە ژمارەی خوێندکارانی کچان یان کوڕان زیاترن؟
د.مەهاباد کامیل: ژمارەی کچان زیاترن.

دەستێوەردانی حزبی لای ئێوە بوونی هەیە، ئەگەر هەبێت چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکەیت؟
د.مەهاباد کامیل: ئەوە بۆ خۆی کێشەیەکی سەرەکییە، بەڵام ئەوە حزبەکان نین دەستدەخەنە ناو کاروبارەکانی زانکۆوە، بەڵکو ئەوە خۆمانین حزب پەلکێش دەکەینە ناو زانکۆ. بەداخەوە خەڵک کێشەیەکی دەبێت بە بەرپرسێک دەڵێت پەنا بۆ حزب دەبەن لەکاتێکدا بەئاسانى لە بەشەکەى چارەسەر دەدرێت.

لە هەڵەبجە ئایینى جیاواز هەنە، بەرناماتان چییە بۆ قوڵترکردنەوەى پێکەوەژیانی ئایینی؟
د.مەهاباد کامیل: کارمان لەسەر کردووە و چالاکیشمان هەبووە، دەمانەوێت پێکەوەژیان و ئارامی هەبێت و ئەوە کارێکى گرنگە و دەبێت ئێمە بەشێوەیەکى زانستى ئیشی لەسەر بکەین.

سەبارەت بە دروستکردنى پەیوەندی لەگەڵ زانکۆکانى دەرەوەى کوردستان، ئایا دەتانەوێت پەیوەندییەکی تەندروست لەگەڵ زانکۆ جیهانییەکان دروستبکەن؟
د.مەهاباد کامیل: بەڵێ کارمان لەسەر کردووە بەهۆی نزیکیەوە لەگەڵ زانکۆکانی ئێران پەیوەندییمان دروستکردووە، هەروەها لەگەڵ زانکۆکانى ناوخۆش، دەبێت ئێمە لەگەڵ زانکۆی وەک ئاستی خۆمان مامەڵە بکەین ناتوانین لەگەڵ زانکۆیەکی زۆر ئاست بەرزدا مامەڵە بکەین، چونکە ون دەبین.

بیرتان لەوە نەکردووەتەوە زانکۆی هەڵەبجە رۆڵی هەبێت لە یادکردنەوەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا و لەو شێوە یادکردنەوە تەقلیدییەى چەند ساڵە هەیە دووری بخەنەوە؟
د.مەهاباد کامیل: بیرمان لێکردووەتەوە لەو یادەدا وەرزێکی نویمان هەبێت مامۆستا و خویندکار و خەڵکیش تێدا بەشداربێت و کۆمەڵێک بابەتی جیاوازی تێدا باس بکەین.

بەهۆى کیمیابارانکردنى شارى هەڵەبجەوە ژینگەکەى پیس بووە، زانکۆ چی رۆڵی دەبێت لە پاکڕاگرتنی ژینگەی هەڵەبجەدا؟
د.مەهاباد کامیل: زانکۆی هەڵەبجە لە پلانیدایە رۆڵی خۆی هەبێت، ئەوەی جێی دڵخۆشییە خەڵکی هەڵەبجە زۆر بە خەمی پاکڕاگرتنی ژەنگەوەن.

ئەگەر داوات لێبکەم یەک داواکاری لە حکومەتی هەرێمى کوردستان بکەیت بۆ زانکۆکەت بەدیاریکراوی ئەو داواکارییە چی دەبێت؟
د.مەهاباد کامیل: داوای زیادکردنی ستافی ئەکادیمی و زانستی بۆ زانکۆ هەڵەبجە دەکەم، هاندانی زیاتر بکرێت بۆ مامۆستایانی زانکۆیی هەڵەبجە.
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

رێنوسی تابلۆی ئۆتۆمبێلەكانی هاتوچۆی هەرێم هەڵەن

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

پارستنی ئاو وەکو ئەرکێکی بنەڕەتیی ژیان

لەلایەن د.مونیرە ئەبوبەکر


News

بۆ ناهێڵن عەرەبە ئاوارەکان بگەڕێنەوە؟

لەلایەن خەڵەف غەفور


News

نەرمین عوسمان؛ خەباتگێڕێکی کۆڵنەدەر

لەلایەن هیوا محەمەد