کوردستانی
پارێزگاری کەرکوک داوایەک لە کەرکوکییەکان دەکات
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک داوا لە هاوڵاتیانی کورد لە کەرکوک دەکات کە نیشتەجێی شارەکانی هەرێمی کوردستان و دەرەوەن، لە رۆژانی سەرژمێریدا بگەڕێنەوە شارەکەیان و خۆیان تۆمار بکەن.
پارێزگاری کەرکوک راشیگەیاند "من سەرۆکی لیژنەی باڵای سەرژمێری دانیشتوانم لە کەرکوک و بە ئاسانی ناتوانن بمخەڵەتێنن، پڕۆسەکە ناوی نەتەوەی تێدا نییە، بەڵام گرنگە هەموو هاوڵاتییەکی کەرکوکی لە رۆژی سەرژمێریدا لە شارەکەی خۆی بێت".
ئاماژەی بەوەشکرد "زۆر گرنگە هاوڵاتییان بگەڕێنەوە و خۆیان تۆمار بکەن، چونکە ئەم سەرژمێرییە دەبێتە بەڵگەنامەیەک، دەیسەلمێنیت کە خۆتان و نەوەکانیان هاوڵاتی کەرکوکن هاوشێوەی سەرژمێری ساڵی 1957".
باسی لەوەشکرد "هەوڵدراوە بۆ گۆڕینی دیموگرافیای کەرکوک، بەڵام ئەو عەرەبانەی کە هاتوونەتە کەرکوک لەسەر بنەمای کارتی نیشتمانی مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن ، کە دانیشتووی هەر پارێزگایەکی تر بن لەسەر پارێزگاکەی خۆیان تۆمار دەکرێن و پەیوەندییان بە کەرکوکەوە نابێت، ئەوەش یەکێکە لە مەرجەکانی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتووان لە عیراق، ئەم کێشەیە تەنها لە کەرکوک نییە، و لە بەغدا و شارەکانی تریش هەیە".
ئەمەش لە کاتێکدایە، کورد مەتسی زۆری لەسەر پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان هەیە لە کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان، بە گومانە لە پڕۆسەکە، بەهۆی ئەوەی لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بە تایبەت لە سەردەمی راکان جبوری پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکوک بە لێشاو هاوڵاتی بە رەگەز عەرب لە شارەکە نیشتەجێ کراون.
ب ح