کوردستانی
راکێشانی تۆڕی ئاو بە گوندەکانی گەرمیان بەردەوامە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
پڕۆژەی راکێشانی تۆڕی ئاو بە گوندەکانی سنووری گەرمیان بەردەوامە و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەری گەرمیانیش تۆڕی ئاو دەگەیەنێتە چەند گوندێکی ناوچەکەی.
سالا عەزیز، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاوی دەوروبەری گەرمیان بە مەودا میدیای راگەیاند "لە ئێستادا دوو پڕۆژەی راکێشانی تۆڕی ئاو بۆ هەر یەک لە گوندەکانی شێخ فەیزوڵڵا، بەردی عەلی سەروو، بەردی عەلی خواروو لەگەڵ گوندەکانی ژاڵە و سەید خەلیل جێبەجێ دەکەن".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "ئەوان پلانی ساڵانەیان هەیە و بەشێکی پلانەکانیان بۆ گەیاندنی تۆڕی ئاو بە گەڕەک و گوند و ناوچەکان لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانە و بەشێکی لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارە، وە هەروەها بەشێکیشی لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتییەکەیانە".
ئەوەشی خستەڕوو "کە پڕۆژەکانیان بەردەوامە و جێی دڵخۆشییە کە پارەی پێویستیان لە بەردەستە بۆ بوژاندنەوەی تۆڕەکانی ئاو لە سنووری گەرمیان".
ئەمە لە کاتێکدایە، کە بەهۆی وشکەساڵییەوە چەند ساڵێکە هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی سنووری گەرمیان رووبەڕووی کەم ئاوی بووەتەوەو چەندین گوند بەهۆی بێ ئاوییەوە چۆڵکراون.
ب ح