راپۆرت
محەمەد ئەمین پێنجوێنی: مام جەلال شایەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بوو
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا پۆلەتیک- خەڵەف غەفور
دانیشتن لەگەڵ مامۆستا محەمەد ئەمین پێنجوێنی، بۆ من یەکجار چێژبەخش و بەسوودە، بەتایبەت ئەگەر بابەتەکە پەیوەندیی بە دۆزی کورد، باکووری کوردستان و سەرۆک مام جەلالەوە هەبێت.
ئەم گفتوگۆیە زۆر تەوەر و رووداوی مێژوویی تیادا باس کراوە کە پێویستن بۆ ئێستا و داهاتووی مێژووی نەتەوەی کورد.
محەمەد ئەمین پێنجوێنی، یەكێک لە سیاسەتمەدارە دیارەکانی کوردستانە، تەمەنی زۆری بە سیاسەت، کوردایەتی، ئەدەب و شیعر بەخشیوە، هەروەها یەکێک لە دۆستە نزیکەکانی رەوانشاد سەرۆک مام جەلالیشە کە خاوەن متمانەی زۆر بووە لای.
با لەوەوە دەستپێبکەین چۆن مام جه‌لالتان ناسی؟ له كوێ و كه‌ی بوو؟
پێش ئه‌وه‌ی مام جه‌لال له نزیكه‌وه بناسم و بكه‌ومه گفتوگۆ له‌گه‌ڵیدا و هه‌ندێك ئیشوكاری تایبه‌تی سیاسیی بكه‌ین، له دووره‌وه ناسیومه و بۆ یه‌كه‌م جار له ساڵی 1961 بینیم، كه هاتن له مه‌ركه‌زه‌كه‌ی (بنكه‌ی پۆلیسی) پێنجوێن بووین، ناویمان بیستبوو كه مام جه‌لال هاتووه، ئاخر یه‌كه‌م جووڵه‌ی شۆڕشگێڕیی له شارباژێڕه‌وه بۆ پێنجوێن ده‌ستیپێكرد. ده‌یانوت مام جه‌لال هاتووه، ته‌سه‌ورم ده‌كرد پیاوێكی به‌ته‌مه‌نی درێژ بێت، به‌ڵام ئه‌و ئێواره‌یه‌ی كه هاتن مهخفهرهكهی (بنكه‌ی پۆلیسی) پێنجوێن بگرن، ئێمه شاری پێنجوێنمان چۆڵ كرد و رۆیشتین بۆ ئێران و گونده‌كانی سه‌ر سنووری ئێران و باشماخ. خزم و كه‌سوكارمان له‌و ناوچانه هه‌بوو، شاره‌كه چۆڵ بووبوو، هه‌مووان بۆ ئه‌و ناوه ده‌چوون. سه‌یرم كرد مام جه‌لال دوو كه‌سی پێنجوێنی و كۆمه‌ڵێك پێشمه‌رگه‌ی له‌گه‌ڵدایه و له پێشیانه‌وه ده‌ڕوات، به قسه و پێكه‌نینه‌وه له دووره‌وه منیان بینی، تەبعەن من پیاوێكی كادیری ره‌قه‌م یه‌كی حزبی شیوعی بووم له ناوچه‌كەدا، پێشمه‌رگه‌كان به ئیشارهتهكهیاندا دیار بوو منیان نیشانی مام جه‌لال دا و ئه‌ویش ناوی منی بیستبوو. كاتێک لێم نزیك بووه‌وه، جا ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه نه‌بووین جووڵه‌ی چه‌كداریی كوردی بكه‌ین، هه‌ر حزبێك بووین و به‌یانیشمان ده‌ركردبوو كه ئه‌م حزبه (پارتی)، حزبی ئاغاكانی كوردستانه، دژی ئیسڵاحی قانونین كه له راسیشدا هه‌ر وابوو. ئه‌نجامه‌كه‌ی باش نه‌بوو، حكومه‌تی قاسمیش هێشتا نه‌گه‌یشتووه‌ته ئه‌وه‌ی چه‌كی لێ هه‌ڵبگریت و نه‌چووبووه ئه‌و چوارچێوه‌یه تا ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌مان بڵاو كردبووه‌وه. ئه‌وانه، پارتییه‌كانی ئه‌و كاته (هه‌ر پارتی هه‌بوو ئه‌و كاته، هێشتا جه‌لالیی دروست نه‌بووبوو)، پێیان ناخۆشبوو. كه منیان نیشان دا، ئه‌وان وایان ته‌سه‌ور ده‌كرد ئێستا مام جه‌لال هه‌ڵوێستێكی توندی له‌گه‌ڵم ده‌بێت. منیش ئاگام لێ بوو، كه‌سه‌كانم ده‌ناسی، پێنجوێنی بوون؛ جه‌مالی حه‌مه سه‌عید و جه‌مالی میرزا سه‌عید و براده‌رێكی تری له‌گه‌ڵدا بوو ناوی ره‌شید بوو، كادیری پارتی بوون، به‌ڵام كه هات، وتی: "كاكی شیوعی چۆنی؟" ده‌ستیكرده ملم و منی برده ئه‌و لاوه بۆ بن دارێك، مانگی 10 بوو وا بزانم، چونكه من خوێندكار بووم و ده‌هاتمه‌وه بۆ سلێمانی. وتی: "ده‌چیته‌وه بۆ سلێمانی؟" وتم: "به‌ڵێ". وتی: "براده‌ران پێیان وتووم كه تۆ لێره به‌رپرسی حزبی شیوعیت"، وتم: "به‌ڵێ". وتی: "ئێوه له‌گه‌ڵ شێخ له‌تیفی شێخ مه‌حمود نێوانتان باشه"، نامه‌یه‌كی دامێ و وتی: "كه‌ی ده‌گه‌ڕێیته‌وه سلێمانی؟" وتم: "سبه‌ینێ". وتی: "هه‌ر كاتێك رۆیشتیته‌وه ئەم نامەیە بدە دەستی"، وتم: "به‌سه‌رچاو". هه‌ر له بنباغهڵهكهی ده‌فته‌رێكی ده‌رهێنا و به‌سه‌ر پێوه لاپه‌ڕه‌یه‌كی بۆ نووسی، سڵاوی كرد و ناوه‌ڕۆكی نامه‌كه‌ی ئه‌وه بوو كه "ئه‌م شۆڕشه گڕی شۆڕشه‌كه‌ی شێخ مه‌حمودی نه‌مره، به‌ڵام پێشمه‌رگه‌كانمان ده‌چنه ئه‌و گوندانه‌ی سه‌ر به جه‌نابتن (شێخ له‌تیف گوندی زۆره له ناوچه‌كەدا)، كه هیی ئێوه‌ن و خه‌ڵكه‌كه زۆر تهرحیبیان پێ ناكەن، داوا ده‌كه‌م كه ئیعازێك بده‌یت به‌و خه‌ڵكه كه ئه‌م شۆڕشه، شۆڕشه‌كه‌ی شێخ مه‌حموده و پشتگیری بكه‌ن". نامه‌كه دانه‌خرابوو، خوێندمه‌وه.
به‌هه‌رحاڵ، ئاوا بوو كه مام جه‌لالم ناسی. ته‌بعه‌ن گرتنی مه‌ركه‌زی پێنجوێن كه قه‌زایه‌كه، چونكه مام جه‌لالیش جه‌وله‌ی ده‌كرد و ته‌قه‌ی له هه‌ر بنكه‌یه‌ك ده‌كرد چۆڵیان ده‌كرد و ده‌هاتنه‌وه بۆ ناو مه‌ركه‌زی قه‌زاكه، هه‌موو بنكه و مهخفهرهكانی ده‌وروبه‌ری پێنجوێن هاتنه‌وه بۆ ناو مهخفهرهكهی پێنجوێن كه بینایه‌كی گه‌وره‌ی سه‌رده‌می عوسمانییه‌كان بوو، ئینگلیزه‌كان دروستیان كردبوو، عوسمانییه‌كانیش تێیدا بوون. له‌وێدا بوون، گرتنی ئه‌و مهركهزهی پێنجوێن و گرتنه ده‌ستی ئه‌و هه‌موو چه‌ك و پاره زۆره (کە نزیكه‌ی 20 هه‌زار دینار دەبوو)، بۆ ئه‌و كاته زۆر بوو، شۆڕشی پێ ده‌كرا. ئه‌وانه هه‌موو كه‌وتنه ده‌ست شۆڕش. ئه‌وانه هه‌مووی به قیاده‌ی شه‌خسی مام جه‌لال بوو، خودی مام جه‌لال خۆی وه‌ك پێشمه‌رگه ته‌قه‌ی ده‌كرد. ئێمه‌یش كه بوو به ته‌قه، له‌و شاخانه‌ی ده‌وری پێنجوێن خۆمان شاردبووه‌وه و ئاگامان لێ بوو له‌ملا بانگیان ده‌كرد؛ پێشمه‌رگه‌ی مام جه‌لال شه‌ڕ مه‌كه‌ن، پێشمه‌رگه‌كانی مام جه‌لال ته‌قه مه‌كه‌ن... مهخفهرهكه ته‌سلیم بوون، چونكه بەرپرسی پۆلیسه‌كان كه معاونێك بوو، دواییش هاته ناو شۆڕشه‌وه، به‌هه‌رحاڵ، فیعله‌ن خۆی له شه‌ڕه‌كه‌دا بوو كه مهخفهرهكه گیرا.
مه‌ركه‌زی پێنجوێن گیرا، بازێكی گه‌وره بوو بۆ شۆڕشی ئهیلوول، چونکە مه‌ركه‌زێك و قه‌زایه‌ك ته‌سلیمی پێشمه‌رگه بوون. هه‌رچه‌ندە ئه‌و معاونه هاته سه‌ر مه‌ركه‌زه‌كه و هاواری كرد "من خۆم ته‌سلیمی حه‌مه‌ڕه‌شید خان ده‌كه‌م، حه‌مه‌ڕه‌شید خانتان له‌گه‌ڵدایه". ئه‌و كاته حه‌مه‌ڕه‌شید خان مابوو، فیعله‌ن ناوبراو له‌وێ بوو، ئیشاره‌تێكی كرد وتی: "من ئه‌وم"، ئیتر خۆی ته‌سلیمی ئه‌و كرد و ته‌سلیمی مام جه‌لال بوو. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه به‌فیعلیی مام جه‌لال خۆی له شه‌ڕه‌كه‌دا بوو و ته‌قه‌ی ده‌كرد.
دواتر په‌یوه‌ندیتان چۆن به‌رده‌وام بوو؟ كه‌ی بوو جارێكی تر یەکتان بینییه‌وه؟
ئه‌وه یه‌كه‌م یه‌كترناسین بوو. دوای ئه‌وه سوتفه هه‌روا رێکكهوت یه‌ك دوو جارێكی یەکمان بینییەوە، ساڵی 1963 مه‌سه‌له‌ی لامه‌ركه‌زی هه‌بوو، مام جه‌لال جه‌وله‌یه‌كی كرد و هاته هه‌ڵه‌بجه، ئه‌و وه‌خته به‌رپرسی حزبی شیوعی هه‌ڵه‌بجه بووم، شاندێكمان رێكخست و رۆیشتین بۆ لای مام جه‌لال هەم بۆ ئەوەی پیرۆزبایی لێ بكه‌ین و به‌خێرهاتنی بكه‌ین، هەم چونکە چه‌ند كه‌سێكیشیان له ئه‌ندامانی حزبه‌كه‌مان گرتبوو، داوا بكه‌ین ئازادیان بكه‌ن. له‌وێ جارێكی تر به خزمه‌تی گه‌یشتم، ئه‌وه ئه‌و مێژووه دوورودرێژه بوو. ئیتر نه‌مبینیوه هه‌تاوه‌كوو ساڵانی 1994 و 1995.
ئەو ساڵانە له ئه‌وروپا بووم، ته‌له‌فۆنیان كرد و وتیان: "مام جه‌لال له پاریسه، ده‌یه‌وێت بتبینێت". وابزانم كاك سەڵاح یان د. ئه‌حمه‌د به‌رواری بوو، چونكه ئه‌و له‌وێ نوێنه‌ری ئه‌و ده‌ڤه‌ره بوو. یه‌كێكیان بوو، زۆر دڵنیا نیم. كه چووم و بینیم، وتی: "حه‌ز ده‌كه‌م بێیته‌وه بۆ كوردستان، چی ده‌كه‌یت لێره؟" وتم: "وه‌ڵڵا لێره وه‌كوو پاشام، سه‌رۆكی ئینستتیوتی كوردیم، هه‌ر مانگە له وڵاتێكی ئه‌وروپیم، له زانكۆکاندا سیمینار پێشكه‌ش ده‌كه‌م و ده‌نووسم و ده‌خوێنمه‌وه، شاره‌كانی ئه‌ڵمانیا و هۆڵەندا نه‌ماوه نه‌چم و به‌ناوی به‌ڕێز ئۆجه‌لانه‌وه وتار نه‌ده‌م"، چونكه ئه‌و كاته من له رێگه‌ی ئه‌وانه‌وه رۆیشتم، پێی وتبوون كه پێنجوێنی دێته ئه‌وێ و وه‌ك نوێنه‌ری من مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ن. وتی: "باشه، وه‌ره‌وه بۆ كوردستان، چونكه كێشه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌و براده‌رانه‌ی قه‌ندیل هه‌یه، من ده‌مه‌وێت یارمه‌تییان بده‌م، به‌ڵام هه‌رچییه‌ك ده‌كه‌م، تورکەکان دوای ماوه‌یه‌ك ده‌یده‌نه‌وه به ناو چاومدا، حه‌ز ده‌كه‌م تۆ بێیته‌وه و له‌نێوانماندا بیت". من براده‌رانی ئه‌وێم ئاگاداركرده‌وه کە ده‌مه‌وێت بگه‌ڕێمه‌وه كوردستان، ئه‌وانیش وتیان پێمان خۆشه (چونكه ئه‌وان حه‌ز ده‌كه‌ن هاوڵاتییان بگه‌ڕێنه‌وه وڵات)، مادام داوای مام جەلالیشە، زیاتر پێیان خۆش بوو.
ئیتر كه گه‌ڕامه‌وه، چوومه قه‌ندیل، پێم وتن کە مه‌سه‌له‌كه ئاوایه. وتیان ئێمه‌ش پێمان خۆشه و به ئێمه‌شی وتووه، ئێمه‌ش رازین. ئیتر هاتمه‌وه بۆ کوردستان، ئەوکاتە بەڕێکەوت مام جه‌لال له سلێمانی نه‌بوو، چووم بۆ لای كاك نه‌وشیروان. ته‌له‌فۆنم بۆ كرد، له ماڵه‌وه بوو، هه‌ر ئه‌و كاته وتی وه‌ره (دیاربوو قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردبوو فڵان كه‌س ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه). ئیتر كه هاتمه لای كاك نه‌وشیروان، وتم: "من ته‌مه‌نم كردووه و تاقه‌تی ئه‌م مه‌سه‌لانه‌م نییه، مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م براده‌رانه بۆ كه‌سێكی به‌ته‌مه‌نی وه‌ك من زۆر ناڕه‌حه‌ته". وتی"رای ئێمه رای مام جه‌لالیشه، رای ئێمه ئاوایه كه حه‌ز ده‌كه‌ین بێیته‌وه لێره دابنیشیت و له‌نێوانماندا بیت، ده‌مانه‌وێت په‌یوەندیی خۆمان له‌گه‌ڵیان زۆر پێش بخه‌ین. مام جه‌لال وتوویه‌تی ئیعتیمادم له‌سه‌ر حه‌مه ئه‌مینه". دوای ئه‌وه مام جه‌لال هاتەوە، رۆیشتینه لای، وتم: "ئه‌مرت به چییه!" ئیتر بهكورتییەکەی 13 بۆ 14 ساڵ من له به‌ینی مام جه‌لال و قیاده‌ی ئه‌و برادهرانەدا بووم و هاتوچۆم كردووه.
جەنابی مام جه‌لال تا چه‌ند سوور بوو له‌سه‌ر ئه‌و داوایه؟ یان تا چه‌ند له هه‌وڵی به‌رقه‌راربوونی ئاشتی بوو له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه، یان با بڵێین دۆزی كورد به‌گشتی؟
دوای گرتنی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان، مام جه‌لال، بە شه‌خسی و بە قه‌ناعه‌تی خۆیه‌وه رۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌بوو لە رێگرتن لەو پیلانه‌ی دژی په‌كه‌كه كردیان و دەیانویست لەناوی ببەن. دوای ئەوەی مام جه‌لالم بینی، چوومه ده‌ره‌وه، یه‌كه‌م جار عوسمان ئۆجه‌لانم بینی، ئه‌و كاته عوسمان مه‌سئولی ئه‌م ناوچه‌یه بوو، به حزبی و به چه‌كدار و به هه‌موو شتێكه‌وه. بابه‌ته‌كه‌م بۆ باسكرد. تەنانەت مام جه‌لال وتی: "بزانم پێویستیان به چییه، ده‌توانم هاوكارییان بكه‌م؟" ئیتر ئه‌ویش زۆری پێ خۆش بوو. ئه‌و جاره هاتمه‌وه و وه‌ڵامی ئه‌وانم بۆ مام جه‌لال هێنایه‌وه، زۆربەی شته‌كان شه‌فه‌یی بوو. جار جار كه مام جه‌لال نامه‌ی ده‌نووسی به عه‌ره‌بی، من له‌وێ بۆیانم ده‌خوێنده‌وه و ده‌مكرده سورمانجی و ئه‌وانیش تێده‌گه‌یشتن. ئیتر ئه‌وان وه‌ڵامه‌كانیان به لاتینی ده‌نووسی، مام جه‌لال لاتینی و توركییشی ده‌زانی، كێشه‌ی له‌وه‌دا نه‌بوو. ماوه‌یه‌ك به‌و شێوه‌یه رۆیشت، مام جه‌لال قسووریی نه‌كردووه بۆ یارمه‌تیدانیان به فكر و به سیاسیه‌ت و به دیپلۆماسیه‌ت، هەروەها به مادی و مه‌عنه‌وییش.
هه‌ر بۆ ئه‌وان وابوو، یان بۆ كوردی پارچه‌كانی تریش؟
راستییەکەی بۆ هەموو پارچەکانی دیکەش وابوو، من زیاتر ئاگاداری ئەو قۆناغەی پەیوەندیی مام جەلال و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی باکووری کوردستانم کە خۆم رۆڵم تیایدا هەبووە. ته‌بعه‌ن دیاریشه، خۆی له‌شكری برد و چوو بۆ مه‌هاباد و بۆكان كاتێك شۆڕش ده‌ستیپێكرد، بۆ یارمه‌تیدانی دیموكرات و كۆمه‌ڵه و كوردی رۆژهه‌ڵات. تهفاسیلەکەی ئه‌وان خۆیان ده‌یزانن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی دیاره، خۆی و هێزه‌كه‌ی چوون بۆ ئه‌وێ. من خۆم خزمێكم هه‌بوو، بۆی گێڕامەوە و وتی: "كۆیكردینه‌وه و وتی ده‌ڕۆین بۆ یارمه‌تیدانی شۆڕش، بۆ یارمەتیدانی دیموكرات و كۆمه‌ڵه ده‌چینه مه‌هاباد و بۆكان و ئه‌و شوێنانه (جا ئه‌و كاته زه‌مانی شا بوو)، به‌ڵام من جارێ نایه‌م. ئیتر دابه‌شی كردین له‌گه‌ڵ كێ بڕۆین و بۆ كوێ بڕۆین و چۆن په‌یوه‌ندی بكه‌ین، له چ جهبههیهكهوه له‌گه‌ڵیان به‌رخودان و مقاومه بكه‌ین". خزمه‌كه‌م وتیشی: "ئێمه رۆیشتین به‌ره‌و بۆكان، پێش ئه‌وه‌ی بگه‌ینه ناو شاره‌كه، سه‌یر ده‌كه‌ین قه‌ره‌باڵغییه، ئه‌مه مام جه‌لال وتبووی جارێ من نایه‌م، كه‌چی چووین سه‌یر ده‌كه‌ین مام جه‌لال له‌سەر بەرزاییەک وەستاوە و خه‌ڵكه‌كه‌ی كۆكردبووه و داوای ئه‌وه‌ی لێ ده‌كردن کە خەبات بکەن". فیعله‌ن خۆی به‌شداربوو، هه‌مووان ئه‌وه ده‌زانن. ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به براده‌رانی باكووره‌وه هه‌بێت، ئه‌و ماوه‌یه من لەو بەینەدا بووم، 14 بۆ 15 ساڵه هه‌موو شتێكی بۆ كردن.
ده‌مه‌وێت سه‌رنج بخه‌ینه سه‌ر ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی مێژوویی له سه‌رده‌می تورگوت ئۆزال كه مام جه‌لالیش هه‌وڵی داوه و قسه‌ی تێدا كردووه، ته‌نانه‌ت بەڕێز ئۆجه‌لانیش له ساڵی 1993 رایگه‌یاندووه، ئەو باسوخواسە چۆنه؟
ئه‌وه به‌ڕاستی جه‌نگیز چاندار ده‌وری بنه‌ڕه‌تیی تیایدا هه‌بوو، ئەو یه‌كێك بوو له چه‌په ماوییه‌كان، وه‌كوو رەمزی جووڵه‌ی چه‌پی ماوییهكانی توركیا ده‌ناسرا. له کودەتای كه‌نعان ئیڤرین رایان كرده ده‌ره‌وه، عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لانیش له‌و ماوه‌یەدا چووبووە سوریا و هه‌موویان لەوێ یه‌كیان گرت. ئه‌و كاته‌ی مام جه‌لال له سووریا بوو (خۆیشی له كتێبهكهیەدا باسی كردووه)، چاندار له‌وێ ته‌عاروفی له‌گه‌ڵ كردووه. مام جه‌لال هێنایه باشووری كوردستان و له به‌كره‌جۆ بوون، لێره زۆر مونسه‌جیم بوون. عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان و مام جه‌لال هه‌ر له رێگه‌ی جهنگیزهوه یه‌كیان گرته‌وه، فكره‌ی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لانیش ئه‌گه‌ر نوسخه‌یه‌كی فۆتۆكۆپی شۆڕشی چین و ڤێتنام نه‌بێت، به‌شێكه له ئه‌زموونی ئه‌وان. ئه‌مانه یه‌كیان گرت. منیش چه‌ند جار به‌نهێنی سه‌فه‌ری سووریام كردووه، منیش له‌وێ جه‌نگیز چاندارم بینی. جه‌نگیز له‌وێ فێری عه‌ره‌بییه‌كی باش بووبوو، كێشه‌ی نه‌بوو. دوای ئه‌وه‌ی كه ئۆزال هاته سه‌ر حوكم، لێبووردنێکی گشتیی ده‌ركرد بۆ ئه‌وانه‌ی چوونه‌ته ده‌ره‌وه و ئۆپۆزسیۆنن. زۆریان رۆیشتنه‌وه، یه‌كێك له‌وانه جه‌نگیز بوو. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خوێنده‌واره و خێزانێكی ناسراون له‌ناو توركیا و نزیكایهتییهكیان له‌گه‌ڵ ماڵباتی ئۆزال هه‌یه، هەروەها رۆژنامه‌نووسێكی به‌توانا و خاوه‌ن فكر بوو، دواتر بووە سکرتێری رۆژنامەوانی تورگوت ئۆزال و رۆڵی باشی هەبوو، تەنانەت مام جه‌لال و براده‌رانی پارتیش (كاك مه‌سعود و كاك نێچیر) له رێگه‌ی جهنگیزهوه گەیشتنه تورگوت ئۆزال. چه‌ند جارێك بۆی باس كردووم کە ئۆزال قه‌ناعه‌تی به‌وه هه‌بوو كێشه‌ی په‌كه‌كه و كوردی توركیا به شه‌ڕ چاره‌سه‌ر نابێت و ده‌بێت رێگەچارهیهك بدۆزنه‌وه تاوه‌كوو ئه‌م شه‌ڕه (وه‌ك خۆیان ناویان ده‌برد: ئه‌م به‌ڵایه گه‌وره‌یه) له كۆڵی توركیا بێته‌وه. جه‌نگیز ده‌وری هه‌بوو له ناساندنی مام جه‌لال به تورگوت ئۆزال. مام جه‌لال ئه‌و توانایه‌ی هه‌بوو ده‌رفه‌تی ده‌قۆسته‌وه، په‌یوه‌ندییان وا پته‌و بوو، وه‌ك جه‌نگیز ده‌ڵێت؛ زۆر جار سەرۆک ئۆزال به جه‌نگیزی وتووه حه‌ز ده‌كه‌م جه‌لال ببینم. (ئه‌مه گێڕانه‌وه‌ی جه‌نگیزه بۆ مێژوو)، هەروەها ئۆزال وتوویه‌تی ئاره‌زوو دەکات قسه‌ی له‌گه‌ڵ بكات له‌سه‌ر كێشه‌ی كورد. جا بۆ مێژوو ده‌یڵێم؛ مام جه‌لال له ئۆزاله‌وه بۆ سه‌رۆكه‌كانی تر، له چیله‌ره‌وه هه‌تا گەیشتووه‌ته ئەردۆغان، هه‌ر سه‌رۆكێكی له‌وانه بینیبێت، باسی دۆزی كوردی كردووه کە "ئه‌م كێشه‌یه چاره‌سه‌ر بكه‌ن، خزمه‌تێكی گه‌وره‌یه به تورك و به گەلی كورد. گەلی كورد ساڵههایە له‌گه‌ڵ تورك له‌م وڵاته‌دا پێكه‌وه ده‌ژین و دۆستن..."، ئیتر به ئسلوبهكهی خۆی وای كرد كه قه‌ناعه‌ت به ئۆزال بكات له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لاندا بكه‌ونه قسه‌كردن به ناڕاسته‌وخۆ له رێگه‌ی مام جه‌لاله‌وه، كه ئه‌و داوای كردبوو چاره‌سه‌رێك بۆ مه‌سه‌له‌ی كورد بدۆزنه‌وه.
بە رێکەوت من له شام له لای ئۆجه‌لان بووم، مام جه‌لال ئه‌م دانا ئه‌حمه‌د مه‌جیده كه نوێنه‌ری یه‌كێتی بوو له سووریا، ناردی بۆ لای ئۆجه‌لان، کاتێک هات وتی: "مام جه‌لال سڵاوت لێ ده‌كات، له شوقهكهیهتی (جا شوقه‌یه‌كی هه‌بوو، منیش چوومه‌ته شوقه‌كه‌ی) حه‌ز ده‌كات بتبینێت، له توركیاوه هاتووه" كه وتی له توركیا هاتووه، تێگه‌یشت كه موباده‌ره‌یه. ئه‌وه بوو قه‌ناعه‌تی به ئۆجه‌لان كرد كه له لایه‌نی خۆیه‌وه ئیعلانی شهڕوهستاندنێك بكات. هه‌رچه‌ندە تورگوت ئۆزال دوای كردبوو بڵێت چه‌ك داده‌نێم. ئیتر هه‌ندێك مناقه‌شه‌یان كرد، منیش هه‌ندێك گوێم له گفتوگۆكه‌یان گرت، مام جه‌لال پێی وت، عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان وتی: "چهكدانانم ناوێت له ئێستادا، ناتوانم ئه‌وه بكه‌م، به‌ڵام شه‌ڕوه‌ستان راده‌گه‌یه‌نم بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو". ئیتر مام جه‌لال هه‌ر له‌وێ بوو، هه‌ندێك كه‌سایه‌تیش هاتن، ملازم عومه‌ریشی لێ بوو، هه‌تا له وێنه‌كه‌شدا دیاره له پشتی مام جه‌لالەوە وه‌ستاوە. ئه‌و كاته من له‌وێ بووم، شه‌و هات له‌گه‌ڵ ئێمه مناقه‌شه‌ی كرد، له منیشی پرسی. منیش هه‌ندێك شتم له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لاندا باس كردبوو، نموونه‌ی ئێره‌م (كوردستانی عیراق) بۆ هێنایه‌وه کە له هه‌ر راپهڕینێكدا گفتوگۆ کرابێت، گه‌ر راپه‌ڕینه‌كه سه‌ری گرتبێت یان نه‌یگرتبێت، هه‌ندێك جار هه‌ندێك دەستکەوتی هه‌بووه. راپه‌ڕینه‌كان هه‌ندێك جار دەستکەوتیشی نه‌بووه بۆ شۆڕش، به‌ڵام دۆزه‌كه چووەتە ناوه‌وه و حكومه‌ته مهركهزییهكه دانیشتووه له‌گه‌ڵ سەرکردەی بزووتنەوە كوردییەکە له كوردستانی عیراق، ئه‌مانه ئێوه‌ش سوودی لێ ده‌بینن... مام جالالیش به ته‌فاسیل ئه‌م شتانه‌ی بۆ باسكردبوو.
به‌هه‌رحاڵ، له ئه‌نجامی ئه‌م شتانه، كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسی گیرا له شام، مام جه‌لال ئاماده‌ی بوو و ئیعلانی ئاگربهستێكیان كرد. ئه‌وه به هەوڵی مام جه‌لال بوو، بۆ مێژووش ده‌یڵێم؛ مام جه‌لال هه‌ر سه‌ركرده‌یه‌كی دیبێت باسی دۆزی كوردی بۆ كردوون. به شێوه‌یه‌كی وا قسه‌ی ده‌كرد قه‌ناعه‌تی ته‌واوی هه‌بوو كه كێشه‌ی كورد به‌ستراوه به توركیاوه، هه‌ر شتێكی باش و پۆزه‌تیڤ ده‌رباره‌ی كورد هه‌بووبێت، كاریگه‌رییه‌كی زۆر گه‌وره ده‌كاته سه‌ر هه‌موو كورد و بزووتنەوەکانی كورد له ناوچه‌كانی تر. قه‌ناعه‌تی شه‌خسیی مام جه‌لال وا بوو كه ده‌یوت پێویسته هه‌موومان یارمه‌تی شۆڕشی كوردی باكوور بده‌ین، ئه‌وه‌شی كه ناتوانێت و نایه‌وێت یارمه‌تی بدات، با دژایه‌تی نه‌كات. رۆڵی مام جه‌لال وا بوو.
كاریگه‌ری هه‌بوو له‌سه‌ر تێڕوانینی سەرکردایەتی په‌كه‌كه و ئۆپۆزسیۆنه‌كانی تر؟
بەڵێ، كاریگه‌ریی هه‌بوو. یه‌كێك له‌م رۆژانەدا هه‌ندێك شتی نووسیبوو، شتی هه‌له‌ق و به‌له‌ق. نووسیبووی مام جه‌لال نامه‌ی بۆ ئۆجه‌لان ناردووه، من له‌وێ بووم كه نامه‌كه‌ی خوێنده‌وه، له شوێنێك بوو پێیان ده‌وت ئه‌كادیمیای عه‌سكه‌ری، نزیكه‌ی 800 بۆ 900 گه‌نجی تێدابوو، له‌وێ مەشقیان ده‌كرد و ئه‌وانه‌ی ده‌رده‌چوون، ده‌بوون به گه‌ریلا و ده‌ڕۆیشتن بۆ شاخ. ناوەڕۆکی نامه‌كه‌ی مام جه‌لال ئه‌وه‌ی تێدا بوو كه ده‌ڵێت باوی شۆڕشی چه‌كداری نه‌ماوه و دنیا گۆڕاوه، سیاسه‌تێكی نوێ له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دروستبووه و دروست ده‌بێت، نه‌خشه‌ی سیاسی ده‌گۆڕێت، له‌به‌رئه‌وه پێویسته تۆش له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخه بڕۆیت. ئه‌وان وتیان راسته وایه، به‌ڵام ئێمه كه ئێستا له سه‌ره‌تای شۆڕشهكهمانداین، چه‌كدانان بۆ ئێمه زه‌ره‌ری هه‌یه و قازانجی نییه، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا وه‌ڵامه‌كه‌ی مام جه‌لالیان وا نووسیوه کە تۆ چیت پێ ده‌كرێت، ئێمه سوپاست ده‌كه‌ین و ده‌زانین ده‌ورت هه‌یه، به ئۆزالیش بڵێ كه ئه‌و ئێستا وا ده‌ڵێت. هه‌تا ئۆزالیش له چه‌ند جێیه‌ك باسی كردووه و ده‌ڵێت، من ئێستا ناوێرم هەنگاوی ئاشکرا بنێم، چونکە عه‌سكه‌ر و كهمالیستهكان كودهتام لە دژ ده‌كه‌ن و له ناوم ده‌به‌ن.
كاتێك من چووم بۆ توركیا لە سه‌ره‌تای پرۆسه‌ی ئاشتیی ئه‌م دواییه، دوای ساڵی 2013، به ئاگاداریی مام جه‌لال و سەرکردایەتیی په‌كه‌كه بوو و نامه‌ی ئه‌وانم برد. ئه‌و كه‌سه‌ی من بینیم، بەرپرسی مه‌له‌فی په‌كه‌كه بوو، به‌ڕێوه‌به‌ری موخابه‌راتی پێشوو بوو، ئه‌ویش ئه‌و قسه‌یه‌ی كرد. من داوام كرد وتم باشه ئێمه ئه‌م هاتوچۆیه ده‌كه‌ین و ئێمه وا ده‌ڵێین و ئه‌وان وا ده‌ڵێن، له زۆر شت‌دا هه‌ردوولا گه‌یشتوونه‌ته ئه‌نجام و هه‌ردوولا قبوڵی ده‌كه‌ن، ئه‌ی بۆ رایناگه‌یه‌نن؟ ئه‌و وتی ئێستا زۆر به‌هێزن. له سه‌رووی گۆڕەپانێک بوو كه ساڵانه یادی سەربەخۆییان تێدا ده‌كرده‌وه و مه‌شقیان تێدا ده‌كرد، جا ئه‌و رۆژه یادی سەربەخۆیی بوو، وتی: له په‌نجه‌ره‌كه‌وه سه‌یر بكه! ئه‌و ژه‌نه‌راڵانه‌ی له‌وێ وه‌ستاون، هه‌موویان سوێندیان به گۆڕی ئه‌تاتورك خواردووه، 170 ژه‌نه‌راڵی گه‌وره رۆیشتنه سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی و یاداشتیان نووسیوه و وتوویانه هه‌تا مردن ئێمه دڵسۆزی تهوسییهكانی تۆین". وتیشی: "ئێستا ئه‌وانه بزانن، ته‌داخول ده‌كه‌ن". ئه‌مه قسه‌ی ئەو بەرپرسە هەواڵگرییەی تورکیا بوو.
به‌هه‌رحاڵ، ئه‌ویش (ئۆزال) وتبووی ئێستا باسی بكه‌م و بڵێم له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌م و له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان كه‌وتوومه‌ته گفتوگۆ، کودەتام بەسەردا ده‌كه‌ن و خۆشم ده‌كوژن. هەر واش بوو، ئەوەبوو كوشتیان.
ئه‌وانه رۆڵی مام جه‌لال بوو، ئیتر له‌و ساڵانه‌دا مانگ نه‌بووه جارێك و دوو جار نه‌یبینم.
ئه‌و چەند ساڵەی مام جه‌لال سه‌رۆك كۆمار بوو، دیپلۆماسیەتی خۆی بۆ چاره‌سه‌ری دۆزی كورد به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به‌كارده‌هێنا و پێگەکەی خسته خزمه‌ت دۆزی كورده‌وه، ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ی باست كرد کە ویستوویه‌تی كۆنگره‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی بكات، چۆن بوو؟
من زوو زوو سەردانی مام جه‌لال دەکرد، له هه‌موو بینینێكیدا، کە جاری وا هەبووە لە مانگێکدا دوو جار چووم بۆ لای، ئەوکاتەشی هاتووه‌ته‌وه بۆ سلێامنی، پاش ئه‌وه‌ی ئیشه‌كانی خۆی ته‌واو كردووه، ناردوویه‌تی به شوێنمدا و چووم بۆ لای بۆ ده‌باشان. نامەی جەنابیانم بۆ ئەوێ بردووه، نامه‌ی ئه‌وانم هێناوه‌ته‌وه، واتە مه‌شغوڵ بووم. بۆ مێژوو ده‌یڵێم، جارێكیان به منی وت: "دۆخی سلێمانی چۆنه؟" من قسه‌م نه‌ده‌كرد، چونكه ده‌مزانی ته‌بیعه‌تی مام جه‌لال چۆنه. خه‌ڵك بۆی باسكردووم، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ڵێت ئیستیغلالی ئه‌م شتانه ده‌كات؛ بێده‌نگ، نه پرسیار و نه داوای شتم لێ ده‌كرد، مه‌گه‌ر خۆی پرسیاری بكردایه. ئیتر وتم: "وه‌ڵا باڵباڵێنه". وتی: "ئه‌گه‌ر ته‌مه‌ن مه‌ودام بدات، ئه‌م هه‌موو مه‌كته‌ب سیاسییانه كه ئه‌م باڵباڵێنهیان دروست كردووه، هه‌ر هه‌موویان به‌م گۆچانه ده‌نێرمه‌وه ماڵه‌وه". پێشم ناخۆشه ئه‌م قسه‌یه ده‌كه‌م، به‌ڵام واقیعه‌كه وه‌كوو خۆی ده‌گێڕمه‌وه. ئه‌وه مێژووه، دەستی هەڵبڕی و وتی: "دووان سیانێكیان نه‌بێت هه‌موویان له ماڵه‌وه داده‌نیشێنم و مه‌كته‌بێكی سیاسی داده‌مه‌زرێنم، وا ده‌كه‌م ئه‌مانه كۆتایی پێ ده‌هێنم". هەروەها وتی: "ده‌مه‌وێت دوو شت بكه‌م پێش ئه‌وه‌ی بڕۆم؛ ئه‌و كۆنفرانسه بۆ كوردی باكوور و شۆڕشی باكوور، ئه‌م ته‌سفییه‌ی ناو یه‌كێتی و كردنه‌وه‌ی به یه‌ك حزب، به یه‌ك قیاده، به یه‌ك ئیراده‌ی سیاسی". ئه‌مه قسه‌ی مام جه‌لال تاڵه‌بانییه له به‌غدا، ئه‌و رۆژه‌ی من له لای بووم. به نیسبه‌ت ئه‌و كۆنفرانسه‌ی ویستی بیكات، جارێ پێش هه‌موو شتێك ده‌ڵێم مام جه‌لال زۆر ئازا بوو، زۆر نه‌ترس بوو، شتێكیش قه‌ناعه‌تی پێ بوایه، هه‌رچییه‌كی بكردایه هه‌وڵی ده‌دا بیكات. ئه‌وه‌ی من تێبینیم لێ كردووه، وتی بڕیارم داوه كۆنفرانسێك بۆ ئاشتی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌تایبه‌تی له توركیا بكه‌م، له‌ژێر ئه‌م دروشمه (ئه‌مه قسه‌ی خۆیه‌تی): "به سەرۆکایەتی جه‌لال تاڵه‌بانی، سه‌رۆك كۆماری عیراق، كۆنفرانسه‌كه له‌سه‌ر ئاستی سەرکردە و کەسایەتییە كاریگه‌ره‌كانی ده‌وڵه‌ته‌كان بێت كه بانگهێشتیان ده‌كه‌م، هەروەها كه‌سایه‌تییه سیاسییه ناوداره‌كانی جیهان، بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاره‌كانی نیمچە مولزه‌م بێت". وتیشی: "بان كی مون تازه هاتبووه به‌غدا، سکرتێری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بوو، له‌گه‌ڵیدا قسه‌م كردووه، كه نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان پشتگیریم بكات، واته سه‌رده‌كه‌وم". هەروەها وتی: "فرانسۆ هۆلاند، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا، لێره بووه و پێی وتووم له‌گه‌ڵتم و پشتگیریت ده‌كه‌م". له‌و ماوه‌یەدا چی سه‌رۆكی وڵاتان هاتبوون ئه‌م بابه‌ته‌ی بۆ باس كردبوون، كه ده‌یه‌وێت كۆنفرانسێك ئه‌نجام بدات بۆ ئاشتی، بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد له‌ناو توركیا. پرۆگرامه‌كه وابوو (ئاشتی له توركیا، هێنانه‌ده‌ره‌وه‌ی ئۆجه‌لان بۆ شوێنێك، وه‌كوو ماندێلا... ناوی نابوو پرۆسه‌ی ماندێلا)، "ماندێلاش ئه‌وه بوو له راپهڕینێكدا هێنایه‌نه ده‌ره‌وه و له شوێنێك له‌گه‌ڵ حزبه‌كه‌ی كه‌وته گفتوگۆ". وتیشی: "بۆ ئه‌وه‌ی ئۆجه‌لانیش له‌گه‌ڵ حزبه‌كه‌ی ده‌ستی كراوه‌بێت و بكه‌وێته گفتوگۆ، ئه‌وانه‌ی دژن له‌ناو حزبهكهیەدا، قه‌ناعه‌تیان پێ بكات". هەروەها وتی: "ئه‌م كۆنفرانسه، بزووتنەوەیەکی مێژوویی گه‌وره ده‌بێت بۆ پێشخستنی دۆزی كورد، هه‌تا توركه‌كان و ئێرانیشم ئاگادار كردووه‌ته‌وه كه شتێكی وا ده‌كه‌م". وتی: "توركه‌كان وتوویانه مانعمان نییه، دژ دهرناكهوین، به‌ڵام بزانن چی ده‌كه‌ن. ئێرانییه‌كانیش وتوویانه مانعمان نییه و حه‌ز ده‌كه‌ین كێشه‌ی كورد چاره‌سه‌رێكی بۆ بدۆزرێته‌وه". شته‌كه ئه‌وه بوو کە چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد و په‌كه‌كه له توركیا به ئاشتی، به دیالۆگ، هێنانه‌ده‌ره‌وه‌ی ئۆجه‌لان وه‌ك ماندێلا له شوێنێكدا دایبنێن له ئوتێلێك له ئیستانبوڵ، یان دیاربه‌كر، یان هه‌ر شوێنێك رێکبکەون له سه‌ری تاوه‌كوو بتوانێت ئه‌و حهرهكهیهی له‌ناو حزبه‌كه‌ی ناڕازین، قه‌ناعه‌تیان پێ بكات، بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد به گشتی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، زۆربه‌ی ده‌وڵه‌ته‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، بۆ نموونه؛ میسری ئاگادار كردبووه و پێیان وتبوو شتێكی باش ده‌كه‌یت. سووریا ئه‌وه هیچ، زۆر له ده‌وڵه‌ته‌كان، به‌تایبه‌ت ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه كوردی تێدایه، هه‌مووی له ئاستی سەرۆکەکان و سه‌رۆكوه‌زیران و شه‌خسی ئه‌ساسی، لیستێكی له‌به‌رده‌مدا بوو هه‌موو ناوه‌كانی نووسیبوو. وتم: "ده‌وری من چی ده‌بێت؟" وتی: "لیژنه‌یه‌ك پێكده‌هێنم تۆ ده‌كه‌م به سکرتێری لیژنه‌كه، دوو شت هه‌یه ئێستا ده‌بێت بیكه‌یت، یه‌كه‌م: موافه‌قه‌تی قه‌ندیل بێنه، نه‌وه‌كوو شتێك بكه‌ین و دوایی بڵێن ئێمه ئاگامان لێی نییه". وتم: "ئه‌وان حه‌ز ده‌كه‌ن و خواخوایانه شتێكی وا روو بدات". وتی: "یه‌كێك له‌ناو خێزانی ئۆجه‌لان، ژن بێت باشتره، ناوی ئه‌وم بۆ بهێنه". جا كه من ئه‌و كاته به‌ڕێوه‌به‌ری ئینستتیوت بووم له به‌رلین، بۆ له‌سێداره‌نه‌دانی ئۆجه‌لان، ناوی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵیان بۆ ئاشتی وه‌رگرتبوو، له لام بوو. وتی: "تۆ هه‌وڵ بده بزانە كێ خه‌ڵاتی نۆبڵی بۆ ئاشتی وه‌رگرتووه، ناوه‌كانیانم بۆ وه‌ربگره و ته‌له‌فۆنیان بۆ ده‌كه‌ین به ناوی لیژنه‌كه‌وه". هەروەها وتی: "بڕۆره‌وه قه‌ندیل و دوو براده‌ری قه‌ندیل بهێنه، ته‌له‌فۆن بكه بۆ ئه‌حمه‌د تورك و سەڵاحه‌دین و له‌یلا". سێ كه‌سی پێ وتم و دوو كه‌سی تریش له سه‌رەوە و یه‌كێكیش له خێزانی ئۆجه‌لان، ئیتر هه‌ر كه‌سێكیان خۆیان هه‌ڵیده‌بژێرن، به‌ڵام با ژن بێت.
ئه‌مه وابزانم 13ی کانوونی یەکەم بوو، وتی: "1ی کانوونی دووەم دێمه‌وه بۆ سلێمانی، ئه‌و براده‌رانه كه هاتن و رازی بوون، یه‌كسه‌ر رایده‌گه‌یه‌نم رهسمیهن و دوهلییهن، نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ئاگادار ده‌كه‌مه‌وه و لیژنهك پێكده‌هێنم و تۆش دەکەمە سكرتێری لیژنه‌كه". وتم: "ئه‌وە ئاواتی منه له ژیانمدا، سكرتێری لیژنه‌یه‌كی وا بم کە مام جه‌لال، سه‌رۆك كۆماری عیراق سه‌رۆكی بێت".
من زیاتر لە ژوورێکی نزیک لە ژوورەکەی خۆی دەمامەوە، ئه‌و رۆژه به‌یانی زوو ناردی به شوێنمدا، ئه‌م به‌رزانی قالەی خه‌ڵوزه لای بوو، وتی: "هه‌سته مام بانگت ده‌كات"، وتم: "ئاخر هه‌موو جارێك دوای سەعات 12 دەچمە لای"، وتی: "نا وەرە"، جا كه چوومه لای، بێتاقه‌ت بوو، ریشی نه‌تاشیبوو، به بیجامهیهكهوه له ژووری نووستنه‌كه‌ی، ژوورێكی بچووكی هه‌بوو. ئه‌و ئه‌وراقانه‌ی باسم كرد، له به‌رده‌میدا بوو. ئینجا ئه‌م شتانه‌ی كه بۆتم باس كرد، بۆی باس كردم. ئه‌و رۆژه زۆر به بێتاقه‌تی هاته پێش چاوم، قه‌ت مام جه‌لالم وا نه‌بینی بوو، هه‌موو جارێك كه ده‌چووم، ریشی تاشی بوو و جلی له‌به‌ر كردبوو. له‌گه‌ڵ میوانه‌كانیدا و له‌گه‌ڵ هه‌موو كه‌س وابوو. وتی: "بۆیه زوو ناردم به شوێنتدا (حه‌ز ده‌كه‌م بۆ مێژوو ئه‌وه بڵێم) له كاتژمێر 12ه‌وه هه‌تا 7ی شه‌و مه‌وعیدم هه‌یه، یه‌ك له دوای یه‌ك، كاتژمێر 6 مه‌وعیدم له‌گه‌ڵ مالیكی هه‌یه و له‌وانه‌یه بیكه‌ینه شه‌ڕ، چونكه زۆر شت ده‌ڵێت و من قبوڵی ناكه‌م، زۆر شت من ده‌مه‌وێت بیکەم و ئه‌و ناهێڵێت، تەگەرەی تێ ده‌خات". دوای ئه‌وه منیان نارده‌وه بۆ سلێمانی، كه گەیشتمهوه، بی بی سیم كردبووه‌وه، هێشتا نهگەیشتبوومه ماڵه‌وه، له فڕۆكه‌خانه بووم، هەواڵێکی بڵاو کردەوە وتی: "مات جلال الطالباني، رئیس جمهوریة العراقیة، بالسكت القلبیة". رادیۆی بی بی سی وای وت. ئیتر من له‌وێ ئینهیارم كرد؛ خۆم ئۆتۆمبێله‌كه‌م لێده‌خوڕی، دابه‌زیم به شۆفێركهم وت تۆ ئۆتۆمبێله‌كه لێبخوڕە، زۆر تێكچووم. كه هاتمه ئێرە، ته‌له‌فۆنم كرد، وتیان به‌ڵێ وایه، بەڵام وه‌فاتی نه‌كردووه، له نه‌خۆشخانه‌یه. بیستم له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ مالیكی ده‌مه‌قاڵێی بووه و به ده‌نگی به‌رز قسه كراوه و له‌و ماوه‌یەدا تووشی جه‌ڵته‌كه بووه.
سەروەختی گەمارۆدانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش، وادەزانم جەنابی مام جەلال پەیام و پشتگیری بۆ دەربڕی، ئێوە بەوردی لەوە ئاگادارن؟
راستە، ئەو کاتەی به‌ڕێز ئۆجه‌لان له رۆما ده‌ستبه‌سه‌ر بوو، ماوه‌یه‌ك له نه‌خۆشخانه‌یه‌كی سەربازی دایان‌نابوو، مهیدانێكیش له‌به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌كه‌دا هه‌بوو، خەڵکی خۆمان زۆر كۆده‌بوونه‌وه، خه‌ڵك له ئه‌وروپاوه ده‌هاتن و له‌وێ ده‌مانه‌وه به شه‌و و رۆژ. ئیتر ئۆجه‌لانیان گواسته‌وه و ئه‌وێیان دایەوه بە شاره‌وانی رۆما و ناویان لێنا (مه‌یدانی كوردستان).
دوای ئه‌وه خه‌ڵكه‌كه زۆر بوو، ئه‌و شوێنه تهحەمولی نه‌ده‌كرد، ئۆجه‌لانیان گواسته‌وه بۆ شوێنێك له قه‌راغ رۆما له بینایه‌كدا بوو. ئه‌و كاته له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێك رۆیشتین بۆ لای، كه ویستم بڕۆمه ژووره‌وه، یه‌كێك بانگی كردم "پێنجوێنی"، كه ئاوڕم دایه‌وه، د. ئه‌حمه‌د بامەڕنی بوو، وتی: "پێی بڵێ ئه‌وه من چه‌ند كاتژمێره لێره‌م، نامه‌یه‌كی مام جه‌لالم بۆ هێناوه بۆ ئه‌وه‌ی بیده‌مێ". منیش كه چووم و پێم وت، وتی: "ده‌زانم، نامه‌كه عه‌ره‌بییه، وتیان تۆ دێیت، وتم با ئه‌و بێت"، فیعله‌ن نامه‌كه عه‌ره‌بی بوو. كه د. ئه‌حمه‌د هاته ژووره‌وه و پێی دا، نامه‌كه‌م خوێنده‌وه، به‌كورتی ده‌ڵێم، نووسیبووی: (پێمناخۆشه كه تۆ له‌و دۆخه‌دایت، هه‌رچییه‌كت ده‌وێت و چی به من بكرێت ئاماده‌م یارمه‌تیت بده‌م). ئۆجەلان به منی وت بنووسه: (من ئێستا له شوێنێكم مه‌گه‌ر ههڵمبكێشن بۆ ئاسمان، هیچ چارم نه‌ماوه...)، حكومه‌تی رۆماش کە ماسیمۆ دالیما، سه‌رۆكوه‌زیرانی ئه‌و كاته‌ی ئیتاڵیا بوو "ئۆجەلان نامه‌یه‌كی نیشاندام"، وتی: "نامهیەكیان هاتووه و ده‌ڵێن ده‌بێت له ماوه‌ی 15 بۆ 20 رۆژ رۆما و ئیتاڵیا به‌جێبهێڵیت". هەروەها وتی: "بۆ مام جه‌لال بنووسه کە به حوكمی ئه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌كان هه‌یه، هه‌وڵبدات به زووترین كات ڤیزایه‌كی ئێرانم بۆ وه‌ربگرێت، تاوه‌كوو بڕۆمه تاران و له‌وێشه‌وه بۆ ئورمێ و له‌وێشه‌وه بڕۆمه لای براكانم له قه‌ندیل". ئه‌وه‌ش هه‌ڵوێستێكی جوامێرانه‌ی مام جه‌لال بوو، فیعله‌ن نامه‌كه هه‌ر به‌و جۆره نووسرا و دایان به كاك ئه‌حمه‌د و پێمان وت، ئه‌و نامه‌یه زۆر زوو بگه‌یه‌نێته مام جه‌لال و بابه‌تێكی زۆر زۆر زه‌رووری تێدایه. ئه‌وه‌بوو تا د. ئه‌حمه‌د هاته‌وه و مام جه‌لالی بینی، ئه‌و كه‌وته ئه‌و شهبهكهیهی دنیاوه و ئاوای به‌سه‌ر هات و راده‌ستی توركیا كرا.
بابەتێکی دیکە هەیە پەیوەندیدارە بە سەروەختی هەڵگیرسانی شۆڕشی گەلانی سووریاوە لە ساڵی 2011، سەرۆک مام جەلال بۆ ئەوەی کورد دەستکەوتی هەبێت لەو کاتەدا چی پێ وتی و چۆن باسی بەشار ئەسەدی کرد؟
لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشەکەدا چاوه‌ڕوان ده‌كرا ئه‌مڕۆ، سبه‌ی، مانگێكی تر، دوو مانگی تر، به‌شار ئه‌سه‌د بڕووخێت، له‌و كاتەدا مام جه‌لال له دهباشانەوە ناردی به شوێنمدا، وتی: "له براده‌رانی رۆژئاوا كێ لێره‌یه؟ حه‌زده‌كه‌م بیانبینم". چەند كه‌سێکیان لێره بوون، یه‌كێكیان ناوی دكتۆر حسێن كۆچه‌ر بوو، کۆمکردنەوە و چووینه خزمه‌تی. پێی وتن: "من پێتان ده‌ڵێم به‌شار ناكه‌وێت". وتیان: "چۆن؟ مام جه‌لال ئه‌وه فڵان وا ده‌ڵێت و فیسار وا ده‌ڵێت"، هه‌تا منیش قسه‌یه‌كم كرد وتم: "وه‌زیری به‌رگریی ئیسرائیل له وتارێكدا ده‌ڵێت به‌شار مانگێكی ماوه". وتی: "به‌هه‌رحاڵ، من پێتان ده‌ڵێم، هه‌ر كه‌س چی وتووه ئه‌وه قسه‌ی خۆیانه، به‌شار ناكه‌وێت، له‌به‌رئه‌وه ئه‌گه‌ر بتوانن وه‌كوو ده‌ڵێن دەرەفت یان هیڵێک بهێڵنه‌وه له‌گه‌ڵیدا". من ئه‌مه‌تان پێ ده‌ڵێم بۆ مێژوو، فیعله‌ن ئه‌و هه‌موو کاتە رۆیشت و قسه‌كه‌ی مام جه‌لال راست ده‌رچوو، ئه‌وانیش سوودیان له‌و قسەیەی وەرگرت كه ئه‌و پێی وتن.
نه‌خۆشكه‌وتنی چ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسیی عیراق و ئاشتیی نێوان پەکەکە له‌گه‌ڵ توركیا هه‌بوو؟
سیستانی قسه‌یه‌كی هه‌یه ده‌ڵێت: "مام جه‌لال تاڵه‌بانی سەمام ئەمان بوو بۆ عیراق". بەدڵنیاییەوە قسه‌كه‌ی راستبوو، كه ئه‌و نه‌ما، عیراق ئاوای لێ هات. منیش ده‌ڵێم نه‌ك بۆ عیراق و كوردستان و پرۆسه‌ی سیاسی له كوردستانی عیراق زه‌مان بوو، سەمام ئەمانیش بوو بۆ هەموو لایەک، كه ئه‌و نه‌ما، پرۆسه‌ی سیاسیشمان له ده‌ست ده‌رچوو. مام جه‌لال بمایه، نه به‌و شێوه‌یه ریفراندۆم ده‌كرا، نه به‌و شێوه‌یه كوردستان وای لێ ده‌هات کە له سەدا پەنجای خاک و دۆسیه‌ی نه‌وت و ئابووری و سیاسی و دوهلیمان رۆیشت.
پێگه‌ی كورد لاواز بووە؟
پێگه‌ی كورد لاواز بووه و رۆژ به رۆژیش لاوازتر ده‌بێت. دوای مام جه‌لال، عیراق و كوردستانیش تێكچوو، دۆزی كورد دوهلییهن سه‌دان جار هاتووه‌ته خواره‌وه.
گرێ‌دراو به‌وه، كاتێك مام جه‌لال سه‌رۆك بوو، ده‌عوه‌تێكیان كردم بۆ قاهیره، كۆمه‌ڵێک رۆشنبیر و چه‌پ هه‌ن له‌وێ، دۆستی مام جه‌لالیش بوون، رۆژنامه‌نووسی ئه‌هرام و ئه‌وانه بوون. محازهرهیەک بوو دەربارەی (قضیة الكوردیة في توركیا، افاق المستقبل)، من چووم له‌وێ 10 بۆ 15 خولهك قسه‌م كرد له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته، یه‌كێكیان هه‌ستا وتی: "هه‌ندێك بۆچوون هه‌یه له‌ناو كورده‌كانی عیراق (جا نازانم مه‌به‌ستی كێ بوو)، ده‌ڵێن نه‌ده‌بوو مام جه‌لال كوردستان وا چۆڵ بكات و بڕواته به‌غدا و ببێته سه‌رۆك كۆمار، كوردستان فه‌وزای تێدایه". وتم: "ئه‌ی بۆچوونی تۆ چییه؟" وتی: "من ده‌ڵێم بوونی مام جەلال بە سه‌رۆك كۆماری عیراق، دۆزی كوردی هه‌ر زۆر برده بردەپێشەوە". ئه‌مه بۆچوونی رۆژنامه‌نووسێكی ئه‌هرام بوو، كه دواییش هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌وه راپۆرتێكی نووسی، له‌سه‌ر دۆزی كورد. ئیتر ده‌وری مام جه‌لال وا بوو.
مام له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان به ناوی عیراقەوە قسەی کرد، ئاخر عیراق كه‌م نییه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، راستە وه‌كوو توركیا و ئێران به‌هێز نییه، به‌ڵام ده‌وڵه‌تی سێیه‌مه ئه‌گه‌ر ئه‌وان وه‌ك یه‌كه‌م و دووه‌م حساب بكه‌یت. ناحیه‌ی ستراتیژی و ئابووریی نه‌وت و كێشه گه‌وره‌كان كه لێره هه‌یه، عیراق ده‌وڵه‌تێكی گه‌وره‌یه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و وه‌كوو جیهان حسابی بۆ ده‌كرێت"، ئێ سه‌رۆكی ئه‌م ده‌وڵه‌ته به‌كوردی قسه بكات و ئه‌ردۆغانیش له پشته‌وه دانیشتووه و چاوی لێ زه‌ق بكات و ده‌ڵێت "كوردی باش ئه‌وه‌یه له ژێر خاكدایه، زمانیان نییه و كولتووریان نییه"، ئه‌مه له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كه‌م نییه، بۆیه دەبێت ئه‌مه له شته گه‌وره‌كانی مام جه‌لال حساب بكرێت.
دوای مام جه‌لال، دۆزی كورد وه‌كوو دۆز زۆر هاتووه‌ته دواوه، پرۆسه‌ی سیاسیی كوردستانی باشوور به‌ره‌و تێكچوون ده‌ڕوات و جگه له‌و كارهساتهشی به سه‌ریدا هاتووه کە هه‌موو كه‌س ده‌زانێت، عیراقیش فه‌وزایه‌كی گه‌وره‌ی تێ كه‌وتووه. وتوومه و ده‌یڵێمه‌وه؛ له سه‌ده‌یه‌كدا چه‌ند كه‌سێك له مێژوودا هه‌ڵده‌كه‌ون و ده‌وری مێژوویی ده‌بینن، بۆ نموونه؛ سوهارتۆ له ئه‌نده‌نووسیا، تیتۆ له ئه‌وروپا، جه‌مال عەبدولناسر له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و له‌ناو عه‌ره‌ب، جه‌لال تاڵه‌بانی ئه‌گه‌ر كورد نه‌بوایه، وەڵڵایی رۆڵ و توانای له‌وان زیاتر بوو، هه‌ر ناسنامه‌كه‌ی كورد نه‌بوایه وه‌كوو ئه‌وانه مێژوو باسی ده‌كرد.
وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسی كه نزیك بوویت لێی، یان هه‌ر ئاوا وه‌ك سه‌رۆكێك بیبینی، به شایه‌نی ئه‌وه‌ی ده‌زانیت خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتیی بدرێتێ؟
دڵنیابه ئه‌و كۆنفرانسه بگیرایه، خه‌ڵاتی نۆبڵی وه‌رده‌گرت. ئه‌و كۆنفرانسه كه بۆ ئاشتی له توركیا و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بگیرایه، ئه‌نجامه‌كه‌ی هه‌رچۆنێك بوایه و سه‌رۆكی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له‌وێ ئاماده بوایه، هەروەها سه‌رۆكی ئەو کاتەی قوبرس، سه‌رۆكی ئەوکاتی یۆنان كه ناوه‌كانی هه‌موو نیشاندام و وتی ئه‌وانه هه‌موویان دێن، ئه‌وه بكرایه، به‌بێ پێچوپه‌نا خه‌ڵاتی نۆبڵی وه‌رده‌گرت.
به‌ده‌ر له‌و كۆنفرانسه، هه‌ر به شایه‌نی ئه‌وه‌ی ده‌زانیت پێی بدرێت؟
به‌ڵێ به شایه‌نی ده‌زانم، ئه‌و یه‌كێكه له‌و كه‌سانه‌ی كه له سه‌رده‌می سه‌ده‌ی پێشوو هه‌ڵكه‌وت. به‌نیسبه‌ت كورده‌وه، یه‌كێكه له سه‌ركرده ئازا و بوێرەکان کە خۆی بە فیعلی به‌شداریی بزووتنەوەی چه‌كداریی كردووه، خوێنده‌وار، شاعیر، رۆژنامه‌نووس، شیكه‌ره‌وه‌ی سیاسی... بۆچی نه‌هرۆ بووبوو به سه‌رۆكێكی جیهانی، چونكه ئه‌و سیفاتانه‌ی تێدا بوو. كتێبی له مێژووی جیهاندا بخوێنهرەوه، بزانه له‌و چه‌ند به‌رگه كتێبەدا بۆت ده‌رده‌كه‌وێت كه نه‌هرۆ چی بوو، جگه له‌وه‌ی سه‌رۆكی وڵاتێكه و میلله‌تێكی له‌ژێر ده‌ستی ئینگلیزه‌كان ده‌رهێنا. جه‌لال تاڵه‌بانی یه‌كێك بوو له‌وانه، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی كورد خۆمان دوژمنی خۆمانین و خۆخۆرین، زۆر دەرفەت و دەستکەوتمان لەدەست دەچێت. جا مهسهلێك هه‌یه له‌سه‌ر كورد ده‌ڵێن "یه‌كێك چووه دۆزه‌خ، سه‌یر ده‌كات هه‌موو مه‌نجه‌ڵی گه‌وره زه‌لامی تێدا ده‌كوڵێنن، یه‌كێك له‌ناویاندا هه‌ر سه‌ر ده‌رده‌هێنێت و ده‌یه‌وێت ده‌ربچێت و رایدهكێشنهوه. پرسی: بۆ ئه‌وانه‌ی تر هه‌موو داماون و خه‌ریكە ده‌كوڵێن، به‌ڵام ئه‌و زه‌لامه هه‌ر ده‌یه‌وێت بێته ده‌ره‌وه؟ وتیان ئه‌وه كورده، ده‌یه‌وێت رزگاری بێت، له خواره‌وه كورده‌كان رایدهكێشنهوه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ویش وه‌كوو ئه‌وانی تر بسووتێت." ئه‌وه حاڵی كورده.
خ.غ
خ.غ