کوردستانی

زیاتر لە 80 هەزار ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا بوونیان هەیە

مەودا میدیا - سلێمانی |


زیاتر لە 80 هەزار ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا بوونیان هەیە
مەودا میدیا-

بڕیارەکەی بەڕیوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی سلێمانی سەبارەت بە دەستبەسەردا گرتن و رێگەنەدان بە هاتوچۆی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان کاردانەوەی لێکەوەتەوە.

سوارە عومەر کەریم، سەرۆکی ئەنجومەنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان بە مەودا میدیای راگەیاند "هەموو ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان، وەک یەک نین و زۆربەیان کوالێتییان بەرزە و مەرجی تووند و تۆڵی و سەلامەتییان تێدایە ، بەپێی پشکنینەکانی بەڕادی هەولێر زۆرینەیان دەرچوون لە مەرج و هەززە، داوا لە حکومەت دەکەن لە چوارچێوەی یاسادا، لیژنەیەک بۆ پێداچوونەوە بە ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان پێکبهێنێت".

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد "ئۆتۆمبێلەکان دابەش بوون بەسەر (ساغ ، مووس ، بڕاوە) ، وە هەروەها ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان هەر لە جۆری تۆیۆتا کراون (شاهینە و مەلیکە) پێکنەهاتوون بەڵکو ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا لە دروستکراوی هەموو کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە، کە مۆدێلەکانیان لە 2005 وە بۆ 2021 دەستپێدەکات".

ئەوەشی خستەڕوو "ئەوان لە یاسا یاخی نەبوون و ماوەی چوار ساڵە داوا دەکەن ئۆتۆمبێلەکانیان لەچوارچێوەی یاسا و رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ و هاتوچۆی هەرێم تۆماربکرێن و ئامادەی هەموو حۆرە باج و رسوماتێکن".

باسی لەوەشکرد "لەئێستادا 37 هەزار ئۆتۆمبێل لە جۆری تۆیۆتا کراون ( شاهینە و مەلیکە) لەسنووری پارێزگای سلێمانی بوونیان هەیە و لەسەر شەقامەکانن، پێشتر لە  ساڵانی 2015  و 2016 لە پارێزگاکانی هەولێر ، سلێمانی ، دهۆک ژمارەیان پێدراوە ، لە ساڵی  2021 حکومەتی ناوەند لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عیراق ژمارەی پێداون".

وتیشی "ئەم ئۆتۆمبێلانە چینی هەژار دەیانکڕن و مامەڵەیان پێوەدەکەن ، تەنانەت لەناو خودی هێزە ئەمنییەکانش، ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتایان پێیە و نیگەرانییەکانی خەڵکیش لە سەرپێچی بەشێک لە شۆفێری ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان لەجێی خۆیەتی، بەڵام زۆرینەی شۆفێرەکان پابەندی یاساکانی هاتووچۆن، داوا لە حکومەتی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆ  دەکەن بە بڕیارەکەدا بچێتەوە. وە هەروەها داوا دەکەن بڕیارەکەی لیژنەی ئەمنیی سلێمانی گشتگیر بکرێت و بۆ هەموو هەرێمی کوردستان بێت نەک تەنها لە پارێزگای سلێمانی جێبەجێبکرێت، ژمارەی سەرجەم ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان 80 هەزار ئۆتۆمبێلە و داوا دەکەن حکومەت ژمارەی پارێزگای هەڵەبجە یان کارتێکی رێگە پێدانیان پێببەخشێت".

هەر دەربارەی بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆبێلە بێ سەرەتاکان مەودا میدیا پەیوەندی بە هاتوچۆی سلێمانییەوە کرد.

سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆی سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "بڕیارەکەی لیژنەی باڵای ئەمنیی پارێزگای سلێمانی وەک خۆی جێبەجێ دەکرێت".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "هیچ گۆڕانکارییەک لە شێوازی جێبەجێکردنی بڕیارەکەدا نەکراوە و لیژنەی ئەمنیی سوورە لەسەر نەهێشتنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان لەسەر شەقامەکان".

ئەوەشی خستەروو "بڕیارەکە تەنها بۆ ناو سەنتەری پارێزگای سلێمانی نییە بەڵکو   ئیدارە سەربەخۆکان، هەموو شارو شارۆچکەکان دەگرێتەوە، نوسراو بۆ هەموو بەڕێوەبەرێتی و بەش و بنکە و زاڵگەکان کراوە".

دەربارەی داواکاریی خاوەن ئۆتۆمبێلەکان بۆ پێدانی تابلۆ و ژمارەی پارێزگاکان ، وتی "بەپێی یاسا هیچ ئۆتۆمبێلێکی خوار مۆدێلی 2022، لە هەرێمی کوردستان تۆمار ناکرێت ، بۆیە هیچ مەرج و رێنماییەک ئەو ئۆتۆمبێلانە ناگرێتەوە".

ب ح


Qaiwan
Qaiwan