گێتی
خۆپیشاندانەکانی بەهاری عەرەبیی سەرهەڵدەداتەوە؟
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
ماوەی چەند رۆژێکە لە وڵاتی میسر چەند رێکخراو و چالاکوانێکی سیاسی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەسوود وەرگرتن لە رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سوریا بانگەشەی خۆپیشاندان و راپەڕینی جەماوەریی دەکەن و چاودێرێکی سیاسیش هەر هەوڵێک بۆ دووبارەبوونەوەی خۆپیشاندانەکان لەو وڵاتە رەتدەکاتەوە.
دکتۆر سەنگەر سەید قادر، لێکۆڵەر لە سیاسەت و پەیوەندییە نێودەڵەتییەکان لە وڵاتی میسر بە مەودا میدیای راگەیاند "تاوەکو ئێستا هیچ خۆپیشاندانێک لە میسر نییە و بلاوکردنەوەی ئەو وێنە و دیمەنەکان کۆنن و مێژووەکەیان بۆ چەند ساڵێک پێش ئێستا دەگەڕێتەوە".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "چەند کەس و لایەنێک کە لەئێستادا لە دەرەوەی میسرن و خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دەناسێنن، هەوڵدەدەن لەرێی ئەو بڵاوکراوانەوە شەقام بجوڵینن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ جوڵەیەک بوونی نییە و دۆخی میسر زۆر ئاساییە".
ئەمە لە کاتێکدایە، بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و خراپی دۆخی ئابووری بووەڤهۆکاری خۆپیشاندا و راپەڕینی بەرفراوانی جەماوەریی لە وڵاتانی عەرەبیی کە بە بەهاری عەرەبیی ناسرا، لە کۆتاییەکانی ساڵی 2010 و سەرەتای2011 لە هەندێک وڵاتی عەرەبی دەستیپێکرد، لەژێر کاریگەریی شۆڕشی تونس لە ئەنجامی خۆسووتاندنی محەمەد بوعەزیزی سەریهەڵدا و توانی ببێتە هۆی رووخاندنی دەسەڵاتی زەینولعابدینی سەرۆکی پێشووی تونس، دواتر هەریەک لە وڵاتانی میسر و لیبیا و یەمەن و سوریا و بەحرێنی گرتەوە.
ب ح