راپۆرت
ئارام تیگران ئەو هونهرمهنده ئەرمەنییەی وهك وهفایهك بۆ كورد به كوردى ژیا
مەودا میدیا - سلێمانی |

مهودا میدیا-
ئارام تیگران مەلیکان، هونهرمهندێكى بهناوبانگى ئهرمهنییه و لە 15ی1ى1935 بههۆى ئاوارهییهوه له قامشلۆ لە دایکبووە، بنەماڵەكهی سهرهتا لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان دهژیان، بەڵام بەهۆی کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکان لەلایەن عوسمانییەکانەوە ئاوارە دەبن و بە هاوکاری خێزانێکی کورد روو دەکەنە قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستان، ئەو خێزانە کوردەش زۆرجار لەلایەن تورکەکانەوه رووبەڕووی هەڕەشە و تۆمەت بوونەتەوە بەوەی ماڵێکی ئەرمەنییان حەشارداوە، بەڵام ئەوان هەندێکجار بە بیانووی جیا جیا تۆمەتەکانیان رەتدەکردەوە یان هەندێجار ناچار دەبوون بەرتیل بە تورکەکان بدەن تاوەکو رازییان بکەن و چاو بپۆشن لەو خێزانە ئەرمەنییە کە بنەماڵەی ئارام تیگران بوون.
تیگرانی باوکی لە شاری قامیشلۆ هاوسەرگیری دەکات و شەش منداڵی بووە کە یەکێک لەوان ئارام تیگران دەبێت، ئارام له تهمهنى مێردمنداڵییهوه بههرهى دهنگخۆشى تێدا دهردهكهوێت و باوكى پاڵپشتى تهواوى دهبێت بۆ دهستپێكردن به كارى هونهرى و سهرهتا لەگەڵ گرووپی قوتابخانەکەی گۆرانی دەوت و هەندێکجاریش لە کڵێسا سروودە ئایینیەکانی دهوتەوە.
تیگرانی لە رێگهی هونەرەکەیەوە خزمەتێكى زۆرى به زمان و هونەری کوردی کردووە، ئەوەش لەسەر وەسێتی باوکی کە پێی دەڵێت "کوڕم چاکەی کوردان لە یاد نەکەیت، ئەوەی ئێمەی لە ژیاندا هێشتەوە و پاراستینی لە تورکەکان، کوردەکان بوون"، ئارامیش بههۆى ئهوهى هەر لە منداڵییەوە شارەزاییەکی زۆری لە کولتوور و زمانی کوردی هەبووە، لە رێگهی هونەرەکەیەوە بە زیندووی هێشتوونیهتییهوه و رێگهی نەداوە لەناوبچن.
ئارام، باوکی بلورژەن و شاعیر بووە و چهندین هۆنراوەی کردووه بە گۆرانی، نزیکەی 15 ئەلبوومی هەیە، کە هەموویان ناوەکانیان کوردین، ههروهها خاوەنی زیاتر لە 230 گۆرانی کوردی و نزیکەی 150 گۆرانى ئەرمەنییه، جگە لەوەش چەند گۆرانییەکی بە عەرەبی و سریانی و یۆنانی بڵاوکردووەتەوە
هونهرمهند لە ساڵی 1957 لە تەمەنی 23 ساڵیدا هاوسەگیری لەگەڵ کچێکی ئەرمەنی هاو شێوەی خۆى ئاوارەی قامشلۆ بە ناوی (سیروارت) دەکات و دوای ئەوەی ئەرمەنستان ئازاد دهبێت لە ساڵی 1966 دەگەڕێنەوە بۆ ئەرمینیا و پاشانیش له ساڵی 1995 لە رێگهی (پارتی سۆسیالیستی کوردستان) ڤیزای یۆنان وەردەگرێت، بە یەکجاری لەگەڵ خێزانەکەی ئەرمینیا بەجێدەهێڵن، كه دواتر بەلجیکا بۆ ژیانکردن هەڵدەبژێرن.
ئارام تیگران له رێكهوتى 8ی8ى2009، بههۆى نەخۆشی دڵهوه، كۆچى دوایی كرد و سەرەتا داوای کردبوو ئەگەر مرد لە شوێنی لە دایکبوونی لە (قامیشلۆ) بنێژرێت، دواتر دوای ئەوەی سەردانی (ئامەد) دەکات و خەلکێکی یەکجار زۆر پێشوازی لێدەکەن و خۆشەویستی خۆیان بۆ دەردەبڕن، داواکەی دەگۆڕێت و دەڵێت "ئەگەر مردم لە (ئامەد) بمنێژن"، بهڵام حکومەتی تورکیا بە بیانووی ئەوەی هاوڵاتی تورکیا نییە، رێگهی نەدا لە ئامەد بنێژرێت، حکومەتی سووریاش بە هەمان بەهانە رێگهی نەدا لە قامیشلۆ بنێژرێت، ناچار لە وڵاتی بەلجیکا و لە گۆڕستانی شارۆچکەی (ژێتەی) نزیک برۆکسل بە خاک سپێردرا
پ ح ع
پ ح ع
بیروڕا



