راپۆرت
پرۆژه‌یه‌كى حكومه‌ت هاواری له هاوڵاتییانى هه‌ولێر هه‌ستاندووه
مەودا میدیا - سلێمانی |

مه‌ودا میدیا-
پرۆژه‌ى رووناكى كه مه‌به‌ست لێى كاره‌باى 24 كاتژمێرییه و ماوه‌یه‌كه له شارى هه‌ولێر ده‌ستیپێكردووه، هاواری له هاوڵاتییان به‌رزكردووه‌ته‌وه و مانگانه پاره‌یه‌كى زۆریان بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه.
پرۆژه‌ى رووناكى، له ماوه‌ى چوار مانگى رابردوو حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و وه‌زاره‌تى كاره‌با به گرنگییه‌وه باسى ده‌كه‌ن، تا ئێستاش له شارى هه‌ولێر بۆ چه‌ند گه‌ڕه‌كێك چووه‌ته بوارى جێبه‌جێكردن، به‌ڵام كێشه‌ى گه‌وره‌ى دروستكردووه بۆ هاوڵاتییان و مانگانه پاره‌یه‌كى زۆریان بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه.
هاوڵاتییه‌ك له‌و باره‌وه باسى له‌وه‌كردووه "له ماوه‌ى ته‌نها یه‌ك مانگدا، به‌پێى پرۆژه‌ى رووناكى نزیكه‌ى 270 هه‌زار دینار پاره‌ى كاره‌باى بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه، ئه‌و پاره‌یه‌ش زۆره و بارگرانییه بۆ خه‌ڵك".
هاوڵاتییان پێیان وایه ئه‌گه‌ر پرۆژه‌ى رووناكى كه حكومه‌ت باسى ده‌كات به‌و جۆره بێت، ئه‌وه نه‌ك هه‌ر نه‌بوونى باشتره، بگره خه‌ڵك به تاریكى دابنیشێت باشتره له‌وه‌ى مانگانه 200 بۆ 300 هه‌زار دینارى كاره‌با بدات له‌و حاڵ و گوزه‌رانه.
سه‌لمان جه‌میل، هاوڵاتییه‌كى هه‌ولێره و به مه‌ودا میدیاى راگه‌یاند "هاوڵاتییان ناڕازین له‌و پرۆژه‌ى رووناكییه، به‌ڵام به‌سه‌ریان ده‌سه‌پێندرێت، هیچ مانای نییه مانگانه 200 بۆ 300 هه‌زار دینارى پاره‌ى كاره‌با بده‌یت، له چ وڵاتێك وایه، ته‌نانه‌ت له وڵاته پێشكه‌وتووه‌كانیش به‌و جۆره نییه".
وتیشى "خه‌ڵك ناتوانێت ئه‌و بڕه پاره بدات له‌و دۆخه، له‌و خراپى گوزه‌ران و داراییه، 200 هه‌زار بۆ پاره‌ى كاره‌با، ئه‌ى چه‌ندى تر بۆ خزمه‌تگوزارییه‌كانى تر، ئه‌ى پاره‌و خه‌رجى رۆژانه، بۆیه باشتره حكومه‌ت كاره‌با ببڕیت نه‌ك ژیان له خه‌ڵك تێكبدات".
ع
بیروڕا



