چاوپێكەوتن

دکتۆر بەیاد: بەچەند رێگایەک چارەسەری ئازاری شەویلگە دەکرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


دکتۆر بەیاد: بەچەند رێگایەک چارەسەری ئازاری شەویلگە دەکرێت
مەودا میدیا-سازگار ئەحمەد

شەویلگە بەشێکی گرنگە لە جەستەی مرۆڤ ئەم بەشەش وەک سەرجەم بەشەکانی دیکە تووشی گرفت دەبێت یەکێک لە گرفتەکان وەک پزیشکان ئاماژەی پێ دەدەن داخورانی جومگەکەیەکەتی و پزیشکێکی پسپۆڕیش لەو بوارە باس لە هۆکار و نیشانە و چارەسەرییەکانی دەکات.

دکتۆر بەیاد جەزا، بۆرد "دکتۆرا" لە نەشتەرگەری رووخسار و شەویلگەکان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ مەوداپرێس باس لە شەویلگە و ئەو گرفتانە یاخود ئەو نەخۆشیانەی دەکات کە تووشی شەویلگە دەبێت.

ئەمەش دەقی چاوپێکەوتنی تایبەتی نێوان دکتۆر بەیاد جەزا و مەوداپرێس-ە

بەگشتی شەویلگە چیە؟

دکتۆر بەیاد: شەویلگەی مرۆڤ پێکدێت لە شەویلگەی سەرەوە و شەویلگەی خوارەوە بابەتی ئەمجارەمان باس لە شەویلگەی خوارەوە دەکەین، شەویلگەی خوارەوە دەجوڵێت و پەیوەندیی راستەوخۆی هەیە بە ئێسکی سەری مرۆڤەوە، ئەم جومگەیە چەند تایبەتمەندیەکی خۆی هەیە کە لەهیچ جومگەیەکی دیکەدا نیە.


ئەو تایبەتمەندیانە چین؟

دکتۆر بەیاد: تایبەتمەندی ئەم جومگەیە ئەوەیە کە پێکهاتەکەی پێکهاتووە لە فایبەر لەبەر ئەوەی زۆرترین جوڵەی تێدا روو ئەدات، هەروەها تایبەتمەندیەکی دیکە ئەو جومگەیە ئەوەیە کە رێبەری دەکرێت بە ددانەکان واتە ددانی سەر و خوار رێک دەکرێت بۆ داخستن و کردنەوە واتە رێبەر دەکرێت بە ددانەکا وە تایبەتمەندیەکی دیکەی ئەم جومگەیە ئەوە دوو جومگە لەیەک کاتدا دەجوڵێت کە لای چەپ و لای راستن پێکەوە دەجوڵێن.


ئەو حالەتانە یان ئەو نەخۆشیانە چین کە رووبەڕووی جومگەی شەویلگە دەبنەوە؟

دکتۆر بەیاد: هەندێک کات بەهۆی بەرکەوتنی زەبرێکەوە تووشی شکاوی دەبێت یاخود خواردنی شتێکی رەق تووشی زەبری ناوەکی دەکات، هەروەها ئەو نەخۆشیانەی رووبەڕووی جومگەی شەویلگە دەبنەوە چەند جۆرێکن لەوانەش:

جۆری یەکەم:ئەو نەخۆشیانەی لە زگماکیەوە تووشی جومگەی شەویلگە دەبن واتە لە تەمەنی منداڵیەوە ئەمەش پەیوەندیی بەزیادبوونی خانەکانی ئێسکی جومگەی شەویلگەوە هەیە کە ئەمەش هەندێک کات پەیوەندیی بە بۆماوەییەوە هەیە.

جۆری دووەم: ئەو نەخۆشیانەی ناشێرپەنجەین تووشی جومگەی شەویلگە دەبن.

جۆری سێیەم: تووشبوونی جومگەی شەویلگەیە بە ئازار کە ئەمەش جومگەکە و کڕکڕاگەی نێوان جومگە و ئێسکی سەر تووشی ئازار دەبن.

جۆری چوارەم: نەخۆشی شیرپەنجەیە کە جومگەکە تووشی شێرپەنجە دەبێت.

چۆن نەخۆش بتوانێت ئازاری شەویلگە لە ئازاری گوێیەکان جیابکاتەوە؟  

دکتۆر بەیاد: ئازاری جومگەی شەویلگە جیاوازە لە ئازاری گوێ کاتێک پشکنین بۆ نەخۆش دەکرێت ئەتوانرێت جیابکرێتەوە کە ئازاری گوێیە یان شەویلگەیە بۆنمونە، ئازاری گوێیەکان لەوانیە خوارانی بەشی دەرەوە و ناوەوەی گوێیەکانی لەگەڵدا بێت یان گوێ زڕنگانەوە و کەم بیستن و هەبوونی ئازار لە ناو گوێیەکان، بەڵام ئازاری شەویلگە جیاوازە کاتێک نەخۆش یەت بۆلات باری دەروونی باشنیە بە گشتی و هەست دەکەیت ئارەق دەکاتەوە و لایەکی سوور هەڵگەڕاوە و بێتاقەتە و لەکاتی دەم کردنەوەدا ئازاری دەبێت وە تەقتەقی جومگەی شەویلگە یەت، هەروەها بەشێوەیەکی دیکەش ئازاری شەویلگە دیاری دەکرێت ئەویش تاقی کردنەوەیە پەنجە دەخینە ناو گوێیەکان یان پێش گوێیەکان بە نەخۆشەکە دەڵێین دەم بکرەوە بەو شێوەیە حاڵەتەکە دیاری دەکرێت.

تێکچوونی توێکاری جومگەکانی شەویلگە چیە؟

دکتۆر بەیاد: ئەم حاڵەتە تێکچوونی ناو جومگەکە خۆیەتی بۆ نمونە رووشاندن و زبربوونی نەمانی ئەو لینجیەی کە لە نێوان کڕکڕاگە و جومگەی شەویلگەکەدا دەبێت، هەروەها بۆ دیاری کردنی ئەم حاڵەتە سەرەتا پێویستە هۆکاری ئەوە بزانین کە نەخۆشەکە بەهۆی چییەوە تووشی ئەم حاڵەتە بووە.


ئەم حاڵەتە لە پیاواندا زیاترە یان خانمان، هەروەها ئەو لە تەمەنی چەند ساڵیەوە مرۆڤەکان ئەگەری توشبوونیان هەیە بەم حاڵەتە، ئایا لە منداڵاندا روو دەدات؟

دکتۆر بەیاد: ئەم حاڵەتە لە خانماندا زیاترە وەک لە پیاوان، هەروەها ئەم حاڵەتە زیاتر لە تەمەنی هەرزەکاریدا روو دەدات واتە لەتەمەنی   14 ساڵی بۆ 35 ساڵی روو دەدات، بەڵام ئەم حاڵەتە لە منداڵاندا روو نادات مەگەر هۆکارێک هەبێت یان زەبرێکی بەر بکەوێت بەهۆی رووداوەوە. 


بۆچی لە خانماندا زیاترە؟

دکتۆر بەیاد: کۆمەڵی هۆکار هەیە کە وایکردووە ئەم حاڵەتە لە خانماندا زیاتر بێت لەوانەش "بەهێزبوونی لایەنی سۆزداری خانمان، خواردنی بنێشت زیاترە لە خانماندا، تێکچوونی هۆڕمۆنەکانی لەش"، هەروەها کۆمەڵێ هۆکاری دیکە هەیە کە بە گشتی هۆکارن بۆ تووشبوونی ئەم حاڵەتە ئەوانیش "بەکارهێنانی مۆبایل بەشێوەیەکی ناتەندروست، بەرکەوتنی زەبری دەرەکی، نەبوونی ددانەکانی دواوە، دانە جیڕە لەکاتی خەوتندا بەتایبەتی، ناڕێکی لە ددانەکاندا".


نیشانەکانی ئەم حاڵەتە؟

دکتۆر بەیاد: هەبوونی ئازار لە شەویلگە، باش نەکرانەوەی دەم، تەقە تەقی شەویلگە، ئاوسانی دەموچاوەی نەخۆشەکە لە هەندێک کاتدا، تێكچوونی باری دەروونی نەخۆشەکە.


چارەسەرەکانی ئەم حاڵەتە چییە؟

دکتۆر بەیاد: کۆمەڵێک چارەسەر هەیە کە دەبێت رێگا رێگا بگیرێتە بەر بۆ چارەسەر کردنی نەخۆشەکە ئەوانیش بریتین لە: 


رێگای یەکەم: سەرەتا دەبێت چارەسەری هۆکارەکان بکرێت بۆ نمونە ئەگەر نەخۆشەکە کێشەی دەروونی هەیە باری دەروونی چارەسەر بکرێت.


رێگای دووەم: ئەگەر رێگای یەکەم چارەسەر نەوبوو ئەوا رێگای دووەم بەکار دەهێنین کە چارەسەری سروشتییە بۆ نمونە، نەکردنەوەی دەم لەکاتی باوێشکدانادا دەستگرتن بەژێر چەناگەوە و مەساجکردنی ماسولکە و جومگەی شەویلگە بە دانانی پارچە پڕۆیەکی گەرم یان دەبەیەک ئاوی گەرم لە بەشی خوارەوەی شەویلگە، نەخواردنی بنێشت، بەدەما نەخەوتن، لەکاتی بەکارهێنانی مۆبایل دەبێت لە ئاستی چاودا بێت، هەروەها دروستکردنی قاڵبێکی ئاوی بۆ ددانەکان ئەمەش بۆ ئەو نەخۆشانە بەسوودە کە ددانە جیڕەیان هەیە.


رێگای سییەم: ئەگەر نەخۆش بەرێگەی دووەم چارەسەر نەبوو رێگای سێیەم بەکاردەهێنین ئەویش بریتیە لەشۆردنی جومگەی شەویلگە بەدانانی دوو دەرزی لە پێش گوێیەکان جومگەکانی بۆ دەشۆین، هەروەها ئەگەر شۆردنەکە سوودی نەبوو پلازمای خوێن بۆ جومگەی شەویلگە دەکەین کە لە خوێنی نەخۆشەکە وەردەگرین و لە دوای شۆردنی بۆی دەکەینە جومگەی شەویلگەوە، هەروەها حاڵەتێکی دیکە هەیە ئەویش بەکارهێنای لێزەرە بۆ خاوکردنەوەی ماسولکەکانی شەویلگە، ، هەروەها رێگای نوێ ئێستا ئەوەیە لەرێگەی نازۆرەوە بە لێزەر ئەو جومگانەی بەشێوەی نارێک پێکەوە نوساون جیابکرێنەوە لەیەکتر.


رێگای چوارەم: کە کۆتا رێگەیە ئەویش نەشتەرگەری جومگەی شەویلگەیە، ئەویش لەرێگەی کڕاندنی جومگەی شەویلگەوەی بەشی سەرەوەی جومگەی خوارەوە دەبێت بۆ ئەوەی کورت ببێتەوە و بۆشایی دروست ببێت لە نێوان جومگەی شەویلگە و ئێسکی سەر.
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن


News

ئیتر براکان دەستی یەکتر ناگرن

لەلایەن سۆزان حەمەتاتە