چاوپێكەوتن
ستران عەبدوڵڵا: راگەیاندن رۆڵی گەورەی هەیە، بەڵام ناتوانیت پێشەنگایەتی بكات
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا- خەڵەف غەفور
بەشی دووەم
ستران عەبدوڵڵا ھەم سەرنووسەری رۆژنامەی کوردستانی نوێ و ھەمیش ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتتمانیی کورستانە، رۆژنامەوانی قاڵبووی قۆناغی دوای راپەڕین و ئەزموونی جیاوازی کایەی سیاسیی نزیک بە سێ دەیەی کوردستانی دوای ئازادبوونە.
لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ مەودا میدیا باسی زۆر بوار و کایە دەکەین، بەشی دووەمی گفتوگۆکەمان تەرخانكراوە بۆ
ئەركی راگەیاندن و چۆنیەتی بەشداریی لە رێگریكردن لە گەڕانەوەی وەرزری دووەمی كۆرۆنا، ئەوەشی ئایا راگەیاندن دەتوانێت پێشەنگایەتی خێزان و كۆمەڵگە بكات بۆ خۆپارێزی و تەندروست بوون؟
كۆرۆنا خەریكە دەڕوا، چی بكەین و ئەركی راگەیاندنەكان چییە بۆ ئەوەی زۆر كەم سەرمان لێبداتەوە؟
ستران عەبدوڵڵا: كۆرۆنا با بڕوا و ئاو و ئاوچێ وەكو عەرەب دەڵێت "غەیرو مەئسوف عەلییە". ئەركی راگەیاندن لەدوای ئەم تەنگژەیە زۆرە زۆرە. هەموو تەنگژەیەك دوای تەواوبوونی لە هەڕەشەوە دەبێتە تەحەدا و لە تەحەداشەوە دەبێتە دەرس و پەند بۆ باشتر رێكخستنەوەی ژیانی خۆمان كە لێرە مەبەست ژیانی میدیاییمانە.
ھەمیشە لە پەنای نەمانی پەتای ئیقلیمگیر و جیھانیدا دونیای دواتر دەگۆڕێت و بۆ ئەوەی نەچینەوە بازنەی یەکەم گەرەکە کونو کەلەبەرەکانی بوونە مایەی ھاتنە ژوورەوەی بەڵاکان بگرین و نەھێڵیین بەناوی تر و رەنگی ترەوە بێنەوە.
راگەیاندنەکان سەکۆی گەیاندن و پەخشکردن و ناساندن و ئینجا ھەڵسەنگاندنی ئەو کۆشش و خەباتە زانستی و جڤاکی و ئیدارییەیە کە دونیا و سەنتەرە گەورەکان بۆ بەرچەرچدانەوە و ئیحتواکردن و لەناو بردنی پەتا و بەڵا گەورەکان دەینێن.
دەوترێت پێویستمان بە ھۆشیارییەکی بەردەوام ھەیە بۆ تەندروست بوون، کێ ئەرکی لەپێشینەی ئەو ھۆشیارییەی لەسەرە، راگەیاندن دەکارێ چی پێشکەش بکات؟
ستران عەبدوڵڵا: ئەگەر پۆلینێکی گشتی بکەین، بەشی زۆری میدیای كوردی سیاسییە، كە ئەمە هۆكاری مێژوویی خۆی هەیە و جێی باسی ئێرە نییە. لە تایتڵی رۆژنامەكاندا دەبینین نووسراوە سیاسیی گشتییە، ئەم مەبەستی "گشتییە" كەمترین كاری لەسەر كراوە. زۆربەی جار رۆژنامەكان (لەوێشەوە دەتوانین گشتگیری بكەن بۆ كەناڵەكانی پەخشی رادیۆ و تەلەفزیۆن و میدیای نوێیش).
بەشی «گشتییە» بە بەشێكی ناكام و بێكەڵك دەبینیت، وەكو وانەی رەسم و وەرزش و سرودە لە قوتابخانە بێ حەوسەڵەكانی كوردستاندا . بایەخی تواناداری و دارایی پێنادرێت و پۆشتە و پەرداخ ناكرێت. كە لێرەدا بەشی تەندروستی و زانستی گشتیش هەروایە.
لەمەودوا گرنگە میدیای كوردی لەسەر سێ تەوەری بواری تەندروستی كاربكات:
یەكەم: بواری گۆڤار و بڵاوکراوە و کەناڵی تایبەتی تەندروستی و گۆڤاری پسپۆڕی تایبەتمەندی پێشبخات. ئەمە دەکرێ بەشێك بێت لە هۆشیاری گشتی تەندروستی و كۆمەڵایەتی . پانتایی پێکەوە هاوبەشێتی رۆژنامەوانی تایبەتمەندی تەندروستی و دكتۆر و كارمەندانەی تەندروستی خاوەن سەلیقەی لێكۆڵینەوە و نووسین گەشەپێبدات .
دووەم: لە میدیا گشتییەكانەوە سەكۆی تەندروستی گشتی و ئەوەی دەشێ پێی بوترێ های لایف ژیانی دروست بەردەوام لە کایەدا بێت. میدیای ژیان دروستی بە زمانی سادە و تێگەیشتنی ئاسان فەرھەنگی تەندروستی باش و خۆپارێزی و ساغلەمی لە ناو کۆمەڵدا دەباتە سەرێ.
سێیەم: میدیاكان چەند جیا بن لە سەنگەربەندی سیاسی و ئایدۆلۆژی لە دۆسێی گرنگ و لە هەڕەشە هاوبەشەكاندا ژووری هەماهەنگی هاوبەش پێكبێنن و زانیاری و پێدراوی پێویست لەگەڵ یەک بگۆڕنەوە و بیكەنە ئەزموونی پێكەوە كاركردن. ئەمە قەت رێگە لە تایبەتمەندی کار و پێشبڕکێی پیشەیی ناگرێت، بەڵکو رێگەی زیاتریشی بۆ خۆش دەکات.
راستییەکەی تەگبیرە گشتییەكانی خۆپارێزی لەم بەڵایە کە ھەمووان فێری بوون نابێ بێ خەزینی باشی گۆڕینی رەفتار و هۆشیاری تەندروستی گشتی و کولتووری پاکوتەمیزی تازە بەدەست ھاتوو بۆ كۆمەڵگەمان تێپەڕێت و ئەزموونی لێ وەرنەگرین، میدیاش دەبێ سەكۆی ئەم كایەیە و دەرس وەرگرتن بێت.
ئایا راگەیاندن دەكارێ پێشانگایەتی خێزان و كۆمەڵگە بۆ خۆپارێزی لەئەستۆ بگرێ. دەمەوێ بزانم چۆن ئەو ئەركە وازی دەكات؟
ستران عەبدوڵڵا: دەتوانێ رۆڵی زۆر گەورە بگێڕێت، بەڵام ناتوانێت پێشانگایەتی بكات. ئەمە ئەركێكی گشتی دامەزراوەكانی وڵاتە كە پێكەوە تۆڕی بەرپرسیارێتی و پێشەنگایەتی رێكبخەن و شوێنی میدیاش لەم تۆڕەدا دابین بكەین، یان وەك هەمیشە خۆی شوێنی خۆی بكاتەوە.
میدیا و باڵ و باسكەكانی لە پەخش و چاپ و مەڵتی میدیا بەگشتی دەگەنە هەموو ماڵ و خێزانێك. بۆیە بێ ئەوان هیچ ناكرێ، بەڵام هەر بەتەنیا بەوانیش ناكرێت.
دامەزراوەكانی تەندروستی و زانكۆكان و ناوەندەكانی توێژینەوە دەبێ وانە لە كەرەنتینەی لوتبەرزی و بورجی عاجی دووری لە خەڵک و میدیا كە چاو و دڵ و گوێی كۆمەڵگەیە وەربگرن و واز لە خۆبەدوور گرتن بێنن و پەیوەندییە گشتییەكانی خۆیان لەگەڵ میدیاكان ئەبدەیت بكەنەوە. میدیاكان كراوەن و ئامادەی هەموو هاوكارییەكەن، بەڵام خوویەكی خراپمان هەیە کە ئەگەر هاوكارییمان نەكەن خۆمان ئیجتهاد دەكەین و لەو ئیجتهادەدا دەكەوینە هەڵەی زەقەوە. جا هەڵەی زەق لە سیاسەتدا دەڕوا و كەس پێی نازانێ و كەسیش لێپرسینەوەی لەسەر ناكات لەم گەڕەلاوژێیەی وڵاتی ئێمەدا، بەڵام ئیجتهادی هەڵە و پەڵە لە كایەی زانست بەگشتی و ھی پزیشكی و تەندروستی بەتایبەتی كارەسات دەخوڵقێنێ وەك هەڵەی دكتۆر وایە كە مردووی پێ چاك ناكرێتەوە. لەم ماوەی بەڵای کۆرۆنادا ناشارەزایی و کەم حەوسەڵەیی میدیامان بینی کە خەریک بوو نیەت باشی و ھیمەتی دڵسۆزانە تێکبدات.