کوردستانی

تورکیا هۆکاری پەلاماردانی گەڕەکە کوردییەکانە

مەودا میدیا - سلێمانی |


تورکیا هۆکاری پەلاماردانی گەڕەکە کوردییەکانە
مەودا میدیا-

سەرۆکی تیمی کوردستانی-عیراقی رێکخراوی سی پی تی (CPT)ی ئەمەریکی ئاشکرایکرد هەفتەی رابردوو، شاندی هەسەدە و حکومەتی سوریا لە دیمەشق رێککەوتن، بەهۆی سەربەخۆنەبوونی ئیرادەی حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع، رێککەوتنەکە بۆ رایگشتیی بڵاونەکرایەوە.

کامەران عوسمان، سەرۆکی تیمی کوردستانی-عیراقی رێکخراوی سی پی تی (CPT)ی ئەمەریکی رایگەیاند " تورکیا و هاکان فیدان، نیگەران بوون لە رێککەوتنەکە و دەستبەجێ بۆ جوڵەی سیاسی، دیپلۆماسی و سەربازیی خۆیان ئامادەکرد و  ئەحمەد شەرعیان راسپارد بۆ هێرشی سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب کە تورکیا بە کەرکوکی ناو سوریا ناوی دەبات".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "چەکدارانی سەر بە شەرع، لە هێرشی زەمینیدا شکستیانخوارد و بە درێژبوونەوەی شەڕەکە تووشی بێئومێدی هاتن، بۆیە تورکیا دەستیکرد بە جوڵەی سەربازیی و سێ رۆژە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاکەنجی، هەم بۆ چاودێری و هەمیش بۆ هێرش لە ئاسمانی گەڕەکە کوردییەکانی حەڵەبدا دەسوڕێنێتەوە".

ئەوەشی خستەڕوو "دوو رۆژ بەر لە ئێستاش، هۆزێکی عەرەب کە ئاسایشی بەشێکی گەڕەکی «ئەشرەفیە»یان لەدەستدابوو و سەر بە هەسەدە بوون، لەلایەن تورکیاوە هەڵخەڵەتێندران و خیانەتیان کرد، ئەمەش بووەهۆی ئەوەی کە ئەم هێزەی ئاسایش، بەشێکی گەڕەکەکە رادەستی چەکدارەکانی ئەحمەد شەرع بکات و هەسەدە جڵەوی بەشێکی گەڕەکەکەی لەدەستدا نەمێنێت".

باسی لەوەشکرد "تورکیا و ئەحمەد شەرع، دەیانەوێت بڵێن ئەوان کێشەیان لەگەڵ کورددا نیە و کێشەی ئەوان هەسەدەیە، بۆیە دەیانەوێت لە رێگەی رۆڵپێدان بەهەندێک سەرکردەی کورد و هێزی چەکداری کوردی پرۆکسییەوە، بەدیلێکی ساختە بۆ هەسەدە دروستبکەن، هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش، هەڵوێستێکی هەواییە و چاوەڕێ دەکەن بزانن، بازووی سەربازی ئەو هێزانە بەرانبەر بە یەک چۆنە و بەرژەوەندییان بەپێی هێزی سەردەست و براوەی شەڕ بگونجێنن".

وتیشی "گەلی رۆژئاوا، شەڕڤانان و هەسەدە بەرانبەر بە حکومەتی بێ ئیرادەی سوریا، دەوڵەتی پاوانخوازی تورکیا و هێزی کڕدراوی خائینان، بەرخۆدانێکی مێژوویی بەڕێوەدەبەن، ئەم بەرگریکردن و خۆپارێزییە بە هەر بارێکدابکەوێت، سەرکەوتنی ئیرادەی ژنان و پیاوانی رۆژئاوایە بەرانبەر دوو دەوڵەتی داگیرکەر و دەیان گروپۆچکەی بێ ئیرادەی کڕدراو".

ب ح
Qaiwan
Qaiwan