کوردستانی

ئیدارەی خۆسەر: ئامانجی پەلاماردانەکە گۆڕینی دیمۆگرافیایە

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئیدارەی خۆسەر: ئامانجی پەلاماردانەکە گۆڕینی دیمۆگرافیایە
مەودا میدیا-

ئیدارەی خۆسەری باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا، دوایداگیرکردنی هەردوو گەڕەكی شێخ مەقسودو ئەشرەفیەی كورد نشین لە حەڵەب لەلایەن چەکدارانی جۆلانییەوە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە.

ئیدارەی خۆسەر رایگەیاند "گەڕەكەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە  لە چوارچێوەی پیلانێكی توركیا و بە پاڵپشتیی رانەگەیەندراوی زلهێزە نێودەوڵەتیی و ناوچەییەكان کەوتنەبەر پەلاماری گرووپە چەکدارەکانی سەربە دەسەڵاتی کاتی دیمەشق".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "پەلاماردانی گەڕەکان شەش رۆژ بەردەوام بوو کە لەناوەڕۆكدا پەلاماری چەند دەوڵەتێک بوو، كە تێیدا جۆرەها چەكی قورس لە دژی چەكی تاكەكەسی سادە بەكارهێنرا و هەزاران ئەندامی گرووپی چەكداریی و داعش، دژی 300 كارمەندی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ. شەڕێكی تەواو نابەرانبەر، دوور لە بەها مرۆییەكان و ئەخلاق و یاساكانی جەنگ كە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دانپێدانراون".

ئەوەشی خستەڕوو "دەستبەسەرداگرتنی گەڕەكەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لەلایەن گرووپە چەكدارەكانی سەربە جۆلانی بە سەركەوتن وەسف ناکرێت، بەڵكو كردەوەیەكی خیانەت و تاوانێكی گەورەیە كە لەلایەن دەسەڵاتێكەوە ئەنجام دەدرێت كە بانگەشەی نوێنەرایەتی دەوڵەت دەكات، دەسەڵاتێک كە بانگەشەی پابەندبوون بە ئیسلامەوە دەكات، لەبەرانبەردا سووكایەتی بە تەرمی مردووەكان دەکات و بەڕوونی تاوانی جەنگ ئەنجامدەدات".

باسی لەوەشکرد " داوا لە ڕێكخراوە نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤ و مرۆییەكان دەكەین كە بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن و چاودێری بارودۆخی مرۆیی و ئەمنی لە گەڕەكەكانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بكەن، دوای ئەو پەلامارە دڕندانانە، پێشێلكردنی كەرامەتی مرۆڤ، لەسێدارەدانی مەیدانی، تاوانی جەنگ، پاكتاوی نەتەوەیی و گۆڕانی دیمۆگرافی كە گەلەكەمان تووشی دەبێت. هەروەها داوای جێگیركردنی هێزێكی نێودەوڵەتی لەو دوو گەڕەكە دەكەین بۆ ڕێگریكردن لە ئەنجامدانی تاوانی نوێ، لەبەرچاوگرتنی نەبوونی متمانە بە هێزە ئەمنییەكانی دەوڵەت، كە لە لایەن كەسانێكەوە سەرۆكایەتی دەكرێن كە ئایدۆلۆژیای توندڕەو و داعشیان هەیە".

وتیشی "ئامانجی سەرەكی ئەم پەلاماردانە هێنانەدی گۆڕانی دیمۆگرافییە، داوا لە خەڵكە خۆڕاگرەكانمان لەو دوو گەڕەكە دەكەین دەستبەرداری ماڵوحاڵیان نەبن، هەروەک داوا لەو كەسانە دەكەین كە ناچاربوون ئاوارەبن، بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان".

ب ح
Qaiwan
Qaiwan