راپۆرت

رژێمی سوریا و دەرکەوتنی قەیرانی بنەماڵەیی

مەودا میدیا - سلێمانی |


رژێمی سوریا و دەرکەوتنی قەیرانی بنەماڵەیی
ئینستتیوتی نارین- هێمن سەعید 

لە سەرەتای ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووەوە، ناكۆكی كەوتووەتە نێو بنەماڵەی ئەسەد. رۆژنامەی گاردیان، لە راپۆرتێكدا باس لە ناكۆكیی پشت پەردەی ناو بنەماڵەكە دەكات لەنێوان بەشار ئەسەد و رامی مەخلوفی خاڵۆزای.
 
لە راپۆرتەكەدا هاتووە "رامی مەخلوف، ملیاردێری سوری، ماوەی 20 ساڵە هاوكاریی دارایی بەشار ئەسەد دەكات و لە ساڵی 2012وە هاوکارییەکانى زۆر زیاتر کردووە".

رامی مەخلوف
 هەروەها لە راپۆرتەكەدا هاتووە "مەخلوف، سەرمایەكەی بە بەهای دەیان ملیار دۆلارە، زیاتر لەسەدا شەستى ئابووریی سوریای كۆنتڕۆڵ كردووە و بە ئیمپڕاتۆری كار ناسراوە لە بوارەكانی بازرگانیی نەوت و پەیوەندی و خانووبەرە و رێگاوبان". 

لە تازەترین ڤیدیۆیدا، مەخلوف پەیامێك ئاڕاستەی ئەسەد دەكات، کە تیایدا هۆشداریی دەداتێ لە پەیڕەوكردنی سیاسەتێكی نادروست و نامرۆڤانە بەرانبەر هاوڵاتییان و كارمەندانی كۆمپانیای رامی مەخلوف و دەڵێت "ئەوانە خەڵكی خۆتن و هاوڵاتیی وڵاتەكەتن، ئەگەر بارودۆخەكە بەو شێوەیە بەردەوام بێت، زۆر خراپ دەبێت و وڵات دەكەوێتە مەترسییەوە". 

هەروەها بەپێی هەندێك لە سەرچاوە عەرەبییەكان؛ خانمی یەكەمی سوریا (ئەسما‌ ئەسەد)، رۆڵێكی گەورەی هەبووە لە دروستكردنی درز لەنێوان بنەماڵەكەدا و دەیەوێت خۆی وەك سەركردەیەك رۆڵی هەبێت لە ئاڕاستەكردنی رووداوەكان، بەتایبەتی دووبارە ژیاندنەوەی ئابووریی سوریا.

ئەسما‌ ئەسەد
لەمبارەیەوە، سەرچاوەیەك لەناو سوریاوە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، بە ئینستتیوتی نارینی راگەیاند "ماوەی پێنج مانگە ناكۆكیی دارایی كەوتووەتە نێو بنەماڵەی ئەسەدەوە. لەلایەك لەنێوان ئەسما ئەسەد و بەشار ئەسەد، لەلایەكی دیكە لە نێوان رامی مەخلوف و باوكی (محەمەد مەخلوف)". 

هەروەها وتیشی "ناكۆكیی نێوان ئەو دوو لایەنە؛ تەنيا كورت نابێتەوە لە بابەتی باج و كۆمپانیای سیریاتێل وەك ئەوەی باس دەكرێت، بەڵكو پەیوەندیی بە دەیان كۆمپانیاوە هەیە لە دەرەوەی سوریا، كە موڵكی مەخلوفە و ئەسما ئەسەد داوای بەشی مێرد و منداڵەكانی لێدەكات". 

لە نوێترین هەواڵدا، پێگەی ئەلجەزیرە رایگەیاندووە؛ ململانێی نێوان ئەسەد و مەخلوف زۆر لە وەرگرتنی باجی كۆمپانیاكان زیاترە، بەڵكو ناكۆكییەكانی نێوانیان لەسەر بڕی زياتر لە 120 ملیار دۆلارە كە لە دەرەوەی سوریایە.

ئەلجەزیرە
هەر بەپێی راپۆرتەكەی جەزیرە؛ گەورەترین بەڕێوەبەری كۆمپانیاكانی مەخلوف لە سوریا، دەستبەسەر كراوە و رێگای چوونەدەرەوەی لێ قەدەغە كراوە.
 
پێگەی ویكلیكس، ساڵی 2011، ئاماژەی بە بڕی 10 ملیار دۆلاری تایبەت بە کەسێکى سوری كردووە لە یەكێك لە لقەكانی بانكی ژنێڤ. 

لە راپۆرتێكی واشنتۆن پۆستدا، رامی مەخلوف بە بزوێنەری سەرەكیی دارایی بنەماڵەی ئەسەد دادەنێت و دەڵێت "لە ساڵانی جەنگی ناوخۆدا، مەخلوف، گەورەترین پاڵپشتی دەزگای ئەمنیی سوریا بووە. لە ئێستادا ئەسەد داوای پارەیەكی زۆری لێ دەكات و ئەویش وەك خۆی دەڵێت توانای نییە ئەو بڕە پارە زۆرە بدات".

بەپێی وتەی رامی مەخلوف، حكومەتی سوریا داوای بڕی 180 ملیۆن لیرەی سوری لێ دەكات وەك باجی سەر كۆمپانیاكانی. هەروەك خۆی دەڵێت؛ ئەو رازییە بە پێدانی ئەو باجە، بەڵام بەشێوەی قیست نەك بەسەریەكەوە.

رووسیا چاودێریی دۆخەكە دەكات

رۆژنامەی گاردیان، لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەش كردووە "ناكۆكییەكانی نێوان ئەسەد و مەخلوف كاتێك پەرەیسەند، كە رووسیا نیگەران بوو لە درێژەكێشانی گرفتەكانی ئەسەد و لاوازیی لە كۆنترۆڵكردنی بارودۆخی ناوخۆی سوریا". 

ئاماژەی بەوەشكردووە کە "لەئێستادا رووسیا دەیەوێت بەرهەمی هەوڵەكانی خۆی بچنێتەوە، لە لایەك گوشار دەخاتە سەر ئەسەد بۆ سازشكردن لە ئەنجامدانی دانوستان و گفتوگۆی ئاشتی بۆ دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی لەپێناو دانپێدانانی نێودەوڵەتی. لە لایەكی تریشەوە دووبارە بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووریی سوریا بۆ رووسیا وەك خەزێنەیەكی شاراوە وایە كە لە داهاتوودا پێویستی پێیەتی". 

 بەپێی هەندێك سەرچاوە؛ دروستبوونی ئەم ناكۆكییانە، دەستی رووسیای لەپشتەوەیە و گوایە بە نهێنیی پشتگیریی لە رامی مەخلوف دەكات و هانی دەدات بۆ بەگژداچوونەوەی ئەسەد وەك كارتێكی فشار بۆ جێبەجێكردنی داواكانی رووسیا، بەڵام هەندێک  سەرچاوەی دیكە، باس لەوە دەكەن؛ رووسیا بێدەنگیی هەڵبژاردووە و چاوەڕوانی دۆخەكە دەكات لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە. 

بەپێی راپۆرتێكی سۆشیالی عەرەبی؛ روسیا لەبەرانبەر ئەو بڕە پارە زۆرەی كە لە سوریا لەپێناو مانەوەی رژێمەكەی ئەسەد خەرجیكردووە، لەئێستادا داوای قەرەبووی ئەو هاوكارییانە لە ئەسەد دەكاتەوە، بەڵام وەك دەردەكەوێت؛ ئەسەد بێ پارە و دەستبەتاڵە و رووسیاش بەبێ بەرانبەر ئەو هاوكارییانەی پێشكەشی سوریا نەكردووە و دەیەوێت بۆ ماوەیەكی زۆر لە سوریا بمێنێتەوە تا قەرەبووی ئەو هاوكارییانەی وەردەگرێتەوە. 

ناكۆكیی ناو بنەماڵەی ئەسەد سیناریۆیە 

لە راپۆرتێكی (میدڵ ئیست ئای) بەریتانیدا باس لە ناكۆكییەكانی نێوان بنەماڵەی ئەسەد دەكات و رایگەیاندووە؛ ئەو بابەتە سیناریۆی ئەسەد خۆیەتی. هەروەها دەڵێت "هەتا ئێستا رامی مەخلوف لە سوریا لەناو خانوویەكدا دەژی و بە ئاشكراش رەخنە لە رژێمەكەی ئەسەد دەگرێت كە ئەوە جێگەی گومانێکی زۆرە". 

سەرچاوەكە ئاماژەى بەوەش کردووە کە "شوێنی مانەوەی مەخلوف نزیك لە ئەسەدە و لەوانەیە مەخلوف بەشێك بێت لە سیناریۆیەكی ئەسەد بۆ ئەو گوشارەى لەسەریەتی بۆ ئەنجامدانی پاکتاوى سیاسی، كە ئەوەش بە مانای جەنگ دێت".
 
بنەماڵەی ئەسەد
هەروەها ئەوەشی وتووە "من بەتایبەتی مەخلوف دەناسم، کێبڕکێی دەوڵەتی سوریا ناكات و ئەوە جێگەی پرسیارە بۆچی ئەوە دەكات؟ ئەو قسە لەسەر 200 ملیۆن دۆلار دەكات كە ئەوە بە لایەن مەخلوفەوە زۆر كەمە، كە سەرمایەكەی ملیاران دۆلارە". 

 هەر لەمبارەیەوە دەستەی پەیوەندی و گەیاندنی سەر بە رژێمی ئەسەد، لە بەیانێكدا رایگەیاندووە؛ ئەو بڕە پارەیەی كە حكومەت وەك باج داوای لە مەخلوف كردووە، لەلایەن کۆمپانیاى پەیوەندییەكانی رامی مەخلوفەوە دراوە بە حكومەت.
 
*ئەم راپۆرتە لەلایەن هێمن سەعید، توێژەر لە ئینستتیوتی نارین بۆ توێژینەوە و بڵاوكردنەوە بە پشت بەست بە سەرچاوەی تایبەت و ئاژانسە نێودەوڵەتییەكان ئامادەكراوە.

Qaiwan
Qaiwan