راپۆرت

بەندوای دێوانە، پرۆژەیەكی ستراتیژیی فەرامۆشكراو

مەودا میدیا - سلێمانی |


بەندوای دێوانە، پرۆژەیەكی ستراتیژیی فەرامۆشكراو
مەودا میدیا- هێمن سەعید

ماوەی نۆ ساڵە پرۆژەی بەنداوی دێوانە، كە دەكەوێتە شارۆچکەی دەربەندیخان، دەستی بە كار كردەوە و بڕیار بوو لە ئۆكتۆبەری 2019 كۆتایی بە كارەكانی بهاتایە، بەڵام تائێستا پرۆژەكە تەواو نەبووە و كاركردن تیایدا وەستاوە. 

بەندوای دێوانە، بە سێیەمین گرنگترین بەنداو دەژمێردرێت لە سنووری پارێزگای سلێمانی لەدوای بەنداوی دەبەندیخان و دوكان، بە پێنجەمین بەنداوی گرنگیش ئەژمار دەكرێت لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان. هەروەها بە پرۆژەیەكی ستراتیژیی گەشتیاری و كشتوكاڵی و سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی شارەكە دادەنرێت لەداهاتوودا.

ئەكرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەكان و كۆگاكانی ئاو، بە ئینستتیوتی نارینی راگەیاند "هەرچەندە بڕیار بوو لە ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو پرۆژەكە تەواو بووایە، بەڵام بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی كە بەرۆكی حكومەتی هەرێمی گرتووە، پرۆژەكە لە كار وەستا. هەروەها جگە لە قەیرانی داراییش؛ كەشوهەوا و سارد و سەرما هۆكارێكی دیكە بوو لە دواكەوتنی تەواوبوونی پرۆژەكە لە ماوەى خۆیدا."

بەرێوەبەری بەنداوەكان ئەوەشی وت: "ئێمە وەك وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، هەوڵی تەواومان داوە ئەو بڕە پارەیەی كە تەرخانكراوە بۆ پرۆژەكە، دابین بکرێت لەلایەن حکومەتەوە، بەڵام هەوڵەكان بێسوودە و تاوەكو ئێستا ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی هیچ وەڵامێكیان نەداوینەتەوە و بە بیانووی قەیرانی دارایی، رەزامەندیی نانوێنن."

حكومەتی هەرێم، بەهۆی قەیرانی داراییەوە، لە 15ی نۆڤێمبەری 2019، بودجەی سەرجەم پرۆژەكانی راگرتووە. جگە لە بەندوای دێوانە، 12 بەندوای دیكە لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان زۆربەی كارەكانیان تەواو بووە و بەهۆی خەرجنەكردنی بڕە پارەی پێویست بۆیان، كارکردن تیایاندا وەستاوە.

ناسح مەجید، قایمقامی دەربەندیخان، بە ئینستتیوتی نارینی راگەیاند "ئێمە وەك ئیدارەی دەربەندیخان، لە رووی رێكکاری یاساییەوە هەموو جۆرە هاوكارییەكی پرۆژەكەمان كردووە و چەندین جار داوامان لە حكومەت كردووە ئەو بڕە پارەیەی بۆ پرۆژەكە تەرخانكراوە، بەشێوەی سولفە بۆیان خەرج بكرێت تاوەكو بەزووترین كات پرۆژەكە بەكۆتا بگات."

پرۆژەی بەنداوی دیوانە، لە ساڵی 2011 کارکردن تیایدا دەستیپێکردووە و تائێستا کۆتایی نەهاتووە. ئەو کۆمپانیایەى لە سەرەتادا کارى تیادا دەکرد، بەهۆی كێشەی داراییەوە لەگەڵ حكومەت، وازیان لە پرۆژەكە هێنا و بەو هۆیەشەوە بۆ ماوەی چوار ساڵ پرۆژەكە لە كاركردن وەستا. دواتر لە مارسی 2018 كۆمپانیایەكی دیكە دەستیكرد بە كاركردن تێیدا و زۆربەی كارەكانی پرۆژەكەی لە ماوەی ساڵ و نیوێكدا تەواو كرد، بەڵام ئەمیش بەهۆی كێشەی دارایی و خەرجنەكردنی بڕە پارەی پێویست بۆیان؛ كارەكانیان لە پرۆژەكە وەستاندووە.

هەژاری حاجی مەجید، سەرۆكی كۆمپانیای جێبەجێكاری پرۆژەكە، بە ئینستتیوتی نارینی راگەیاند "پرۆژەكە لەسەدا نەوەد و پێنجی تەواو بووە، تەنها چەند كارێكی رۆتینیی ماوە، چاوەرێی خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیەین کە لەلایەن حكومەتەوە بڕیار وایە لەدوای جەژنەوە بەدەستمان بگات و لە داهاتوویەكی نزیكدا پرۆژەکە تەواو دەکەین."

بەندوای دێوانە، چەند جارێك بەهۆی بارینی بارانی زۆر و لافاوەوە، ئاوبردی و سەرلەنوێ دەست دەكرایەوە بە كارەكانی. هەروەها بۆ ماوەیەكی زۆر حكومەت رەزامەند نەبوو لەسەر بەكارهێنانی ئەو جۆرە گڵەی كە دەكەوتە سنووری ماستەرپلانی دەبەندیخانەوە بۆ پرۆژەكە، بەڵام بەهۆی هاوكاریی ئیدارەی شارەكە، رەزامەندیی لەسەر وەرگیرا.

سامان ئەحمەد، دانیشتووى دەبەندیخان، بە ئینستتیوتی نارینی راگەیاند "ئێمە وەك دانیشتوانی شارى دەربەندیخان، لە درێژیی ماوەى تەواونەبوونی پرۆژەكە بێزارین و بڕوامان وایە ئەوانەى بەشدارن لە پرۆژەكە هۆكارن بۆ تەواونەبوونی پرۆژەی بەنداوی دێوانە و پارەیان لەسەر خواردووە."

بەشێكی زۆر لە سەرمایەدار و كۆمپانیای بیانی و كۆمپانیای ناوخۆیی بەشدارییان لە پرۆژەكەدا كرد، كاتێكیش قەیرانی دارایی بەرۆكی حكومەتی گرت، داوای پارەكەیان دەکردەوە و پرۆژەكەیان تووشی ئیفلیجیی كرد. هەروەها جارێكی دیكە كۆمپانیای پێشوو بە بیانووی قورسبوونی كارەكەیان بەهۆی بەردی گەورە و بەكارهێنانی (تی ئێن تی) داوای زیادكردنی بڕە پارەی تەرخانكراویان كرد و دەرخستەی نوێیان خستەوە بەردەم حكومەت؛ سەرەڕای رەزامەندیی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، بەڵام ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندیی نەنواند، ئەوەش بۆ ماوەیەكی زۆر وایكرد پرۆژەكە دوابخرێت.

بەتەواوبوونی ئەم بەنداوە؛ دەبەندیخان سوودێكی گەورەی پێدەگات و ئاوی ژێرزەویی ئەو شارە بە رێژەی لەسەدا شەست زیاد دەكات و رووبەرێكی زۆری زەویی دێم دەبن بە بەراو و لە رووی كشتوكاڵەوە دەبوژێتەوە و بەنداوەكە دەبێتە سەرچاوەیەكی ئاوی پاكی خواردنەوەی نزیك لە شارەكە، هەروەها چەندین پرۆژەی دیكەی گەشیاریی بونیاد دەنرێن و دەتوانن سوودمەندبن لە پرۆژەی بەنداوەكە.

بەنداوی دێوانە، دەكەوێتە سەر چەمی دێوانە لە خۆرئاوای دەربەندیخان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بە پرۆژەیەكی كشتوكاڵی و ئاودێریی گرنگی ناوچەكە دادەنرێت كە رووبەرەكەی پێكهاتووە لە 260 مەتر درێژی و 60 مەتر پانی و توانای زیاتر لە 220 ملیۆن مەتر سێجا گلدانەوەی ئاوی هەیە و 24 ملیار دیناری لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بۆ تەرخانكراوە. 

*ئەم راپۆرتە لەلایەن هێمن سەعید، توێژەر لە ئینستتیوتی نارین بۆ توێژینەوە و بڵاوكردنەوە ئامادەكراوە.

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان