راپۆرت

سلێمانی مۆتەکە بەریدەدات

مەودا میدیا - سلێمانی |


سلێمانی مۆتەکە بەریدەدات
مەودا میدیا_ کاروان رەسوڵ

گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوان رایدەگەیەنێت ئامادەكارییەكانی بۆ دەستپێكردنی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی بە کۆتا گەیشتووە لە دوای پشووی جەژنی قوربانەوە دەستدەکرێت بە پڕۆژەکە و گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوان تەنها قۆناغی یەکەمی لە ئەستۆ گرتووە، لیژنه‌ى شاره‌وانى وگواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزار و ئاوەدانکردنەوەو وەبەرهێنان لە پەرلەمانی کوردستان بێئاگایی خۆی دەردەبڕێت.

ئەلەند مەحوی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوان بە مەوداپرێسی راگەیاند "ئامادەکارییەکانی دەستپێکردنی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی بە کۆتا گەیشتووە لە دوای پشووی جەژنی قوربانەوە دەستدەکرێت بە پڕۆژەکە تەنها نوسراوێکی وەزاراتی شاراوانی و گەشت و گوزاری ماوە ئەویش دوای جەژن دەردەچێت و  پڕۆژەکە دەچیتە بواری جێبەجێکردنەوە".

مەحوی باسی لەوەشکرد "گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوان تەنها قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکەی وەرگرتووە".

وتیشی "گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوان کۆمپانیایەکی سویدی هێناوە بەس بۆ ئیشرافی پڕۆژەکە  ، بەڵام قەیوان خۆی جێبەجێدەکات"

بەڕێوەبەری راگەیاندنی گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوان ئاماژەی بەوەشکرد "وەک رەچاوکردنی بارودۆخی دارایی ھەرێمی کوردستان، لەسەر داوای حکومەتی ھەرێمی کوردستان وەرگرتنی سلفەی پرۆژەکە لە قۆناغی یەکەمی جێبەجێ کردنی پرۆژەکە دوادەکەوێت و لەدوای جێبەجێکردنی بەشێک لە پرۆژەکە خەرج دەکرێت".

پڕۆژەی  شەقامی 100 مەتری بە سێ قۆناغ  جێبەجێدەكرێت، 

لە  قۆناغی یەكەمدا لە تاسلوجە دەست پێدەکات بۆ  ناحیەی عەربەت بە  درێژایی 32 كیلۆمەتر و 7 حەوت یەکتربڕی تێدایە و 5 پردی پەڕینەوەی تێدایە لە ئاستی گوندەکاندا بۆ پەڕینەوەی ئاژەڵ و ئۆتۆمبێلەکانیان.

قۆناغی دووەم لەعەربەتەوە دەستپێدەکات و لە تونێلی پێشڕەو کۆتایی دێت بە یەکێک لەم 3 هەڵبژاردەیە دەبێت (یەکەم بە دۆڵە میراندا بڕوات، دووەم بچێتە سیتەک و بگەڕێتەوە تونێلی پێشڕەو، سێیەم بە شیوازی تونێل و بە پشتی چاڤیلاندا بڕوات).

قۆناغی سێیەم لە تونێلی پێشڕەوەوە دەستپێدەکات بۆ تاسلوجە بەڵام ورداکاریەکانی ئەم قۆناغە دیار نییە چۆن دەبیت.

  شێخ فاخیر شێخ تەیب، بەڕێوبەری جێبەجێكاری گرووپی كۆمپانیاكانی قەیوان پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری بە پڕۆژەیەكی گرنگ و پڕ بایەخ بۆ سلێمانی ناوبرد و رایگەیاندووە" كاری جددی دەكەین بۆ تەواوبونی ئەو پڕۆژەیە كە لە ئاست ئەو متمانەیەدا بێت كە هاوڵاتیان بە كۆمپانیاكەمان هەیەتی".

نزار مەلا عەبدولغەفار، بڕیاردەری لیژنه‌ى شاره‌وانى وگواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزار و ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی کوردستان بە مەوداپرێسی راگەیاند " بێئاگایی لەو پڕۆژەیە و زانیاریمان نییە".

بەپێی نووسراوێک کە واژۆی بریکاری وەزارەتی پلاندانانی لەسەرە دەست مەوداپرێس کەوتووە و هاوپێچکراوە لە ناو هەواڵەکەدا لە بووجەی 2019 بڕی 90 ملیاری دیناری عیراقی بۆ پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی تەرخان کراوە لەئێستاشدا لە کۆتایی 2020 نزیک دەبینەوە دەست بە پڕۆژەکە نەکراوە.

پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی لەسەر میلاكی دیوانی پارێزگای سلێمانیەوە گواسترایەوە بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار، پێشتر وا بڕیار بوو لەلایەن 3 ی کۆمپانیایی تورکییەوە جێبەجیبکرێت، بەڵام دوورخرانەوە لەئێستادا گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوان پڕۆژەکەی وەرگرتووە و چاوەڕێی بڕیاری حكومەتە بۆ دەستپێکرد بە پڕۆژەكە، پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی  بە درێژیی 146 كیلۆمەتر بە بڕی 496 ملیار و 900 ملیۆن دیناری عیراقی لە ماوەی 3 ی ساڵدا جێبەجێدەکرێت، 43 کیلۆمەتری ١٠٠ مەتریە، بەشەکەی تریشی  60  مەترو 40 مەترو 30 مەتری لە خۆی دەگرێت واتە لە هەندێ شوێن شەقامەکە لە 100 مەتری کەمدەکرێتەوە. چەند ناوچەیەکی سەخت دەبڕێت بڕیاربوو لە ساڵی 2013 وە دەست بەم پڕۆژەیە بکرایە.


Qaiwan
Qaiwan