نی  رووچی

نی رووچی

كاركردن به‌یه‌كه‌وه‌ بۆ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر سه‌ختییه‌كان

په‌تای كۆڤید-19ی جیهانی كه‌ زۆرترین بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌یه‌،  زیان به‌ مرۆڤایه‌تی ده‌گه‌یێنێت له‌م‌ سه‌رده‌مه‌دا و له‌ ئێستادا وێرانكارییه‌كی زۆری له‌ ته‌واوی جیهاندا ناوه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش جه‌نگێكه‌ پێویسته‌ مرۆڤایه‌تی ئه‌نجامیبدات و تێیدا سه‌ربكه‌وێت. چین باوه‌ڕێكی به‌هێزی به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ تاوه‌كو هه‌موو وڵاتان یه‌كگرتوو و هه‌ماهه‌نگ بن بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی به‌كۆمه‌ڵی ئه‌م په‌تایه‌، كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت و ئه‌م كاته‌ ناخۆش و ره‌شه‌ ده‌مانگه‌یێنێت به‌ داهاتوویه‌كی دره‌وشاوه‌. 
 
یه‌كه‌م
 
وه‌كو یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ به‌ یه‌كه‌م شه‌پۆلی ڤایرۆسه‌كه‌ كاریگه‌ر بوو، چین تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی سه‌ختی ئه‌نجامدا له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی كۆماری میللی له‌ ساڵی 1949  تاوه‌كو ئێستا، ئه‌م ڤایرۆسه‌ خێراتر و فراوانتر له‌ هه‌ر جۆره‌ ڤایرۆسێكی دیکە بڵاوبووه‌وه‌ ، و ئه‌وه‌ش سه‌لمێندرا كه‌ سه‌ختترین ڤایرۆسه‌ بۆ له‌خۆگرتنی. له‌ ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ئه‌م نه‌خۆشییه‌ نه‌زانراو و چاوه‌ڕواننه‌كراو و تێكده‌ره‌، چین جه‌نگێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی ده‌ستپێكرد بۆ رێگرتن و كۆنترۆڵكردنی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌. ژیان و ته‌ندروستی گه‌له‌كه‌ی كرد به‌ پێشینه‌ی هه‌موو كاره‌كان، 1.4 ملیار چینی به‌یه‌كه‌وه‌ بوون و پشتگیری خۆیان نیشاندا له‌ دروستكردنی به‌ربه‌ستێكی پارێزه‌ر كه‌ هێزی ئه‌وان نیشانده‌دات له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌مجۆره‌ كاره‌ساته‌ سرووشتییانه‌. 
 
سه‌رۆك شی جینپینگ به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت رابه‌ڕایه‌تی ئه‌م جه‌نگه‌ی له‌ ئه‌ستۆ گرت، و پلانی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی داڕشت، و سه‌رپه‌رشتی دۆخه‌كه‌ی به‌ گشتی كرد و به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ هه‌ڵوێستی نواند به‌ ئاماژه‌كردن بۆ پێشه‌وه‌ له‌ جه‌نگی دژ به‌م په‌تایه‌. ئه‌مه‌ باوه‌ڕبه‌خۆبوونی گه‌لی چینی به‌هێزتركرد و بووه‌ هۆی كۆكردنه‌وه‌ی هێز. له‌ژێر ڕابه‌رایه‌تی حیزبی شیوعی چینی، هه‌موو گه‌له‌كه‌ دوای بنه‌مای گشتی ( باوه‌ڕت به‌ خۆت بێت،یه‌كگرتوویی، پشتبه‌ستن به‌ رێگە زانستییه‌كان، و گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی ئامانجدار) ، جه‌نگی خه‌ڵك به‌سه‌ر ڤایرۆسه‌كه‌ هه‌ڵگیرسا.
 
له‌ ڕێگای هه‌وڵه‌ مه‌زنه‌كان و قوربانییه‌ زۆره‌كان و دانی باجێكی قورس، چین له‌ گۆڕینی بارودۆخه‌كه‌ سه‌ركه‌وتوو بوو. 
له‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ مانگێك،  به‌رزبوونه‌وه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ رێگریی لێكرا. به‌ نزیكه‌ی دوو مانگ، به‌رزبوونه‌وه‌ی رۆژانه‌ی ژماره‌ی حاڵه‌ته‌كانی ڤایرۆسی كۆرۆنا كه‌مبووه‌وه‌ بۆ ژماره‌ی تاك. به‌ سێ مانگ به‌ نزیكه‌یی، سه‌ركه‌وتنێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ به‌ده‌ستهێنرا له‌ جه‌نگی پارێزگاریكردن له‌ هه‌رێمی خوبه‌ی و پایته‌خته‌كه‌ی كه‌ شاری ووهانه‌. به‌م ده‌ستكه‌وته‌ ستراتیژییانه‌، چین پارێزگاری له‌ ژیان و سه‌لامه‌تی و ته‌ندروستی گه‌له‌كه‌ی كرد و به‌شدارییه‌كی گرنگی كرد له‌ پاراستنی ته‌ندروستی گشتیی هه‌رێمی و جیهانی.  به‌ پێی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له‌ Science Magazine، ئه‌م رێكارانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن چین گیراوه‌ته‌به‌ر ژماره‌ی تووشبووانی له‌ وڵاته‌كه‌ زیاتر له‌ 700000 كه‌مكرده‌ووه‌. 
 
هیچ وڵاتێك نییه‌ نموونه‌یی بێت یاخوود مه‌ترسی جۆره‌ هێرشێكی له‌م شێوه‌ی له‌سه‌ر نه‌بێت. ئامانجی چین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ رێكاره‌كانی رێگه‌گرتن و كۆنترۆڵكردنی په‌تا بچێته‌وه‌ له‌ كاتی گونجاودا،  به‌هێزكردنی رێوشوێنه‌ كاریگه‌ره‌كان و ئه‌و خاڵه لاوازانه‌ی كه‌ له‌ پڕۆسه‌كه‌دا ده‌دۆزرێته‌وه‌، چاكسازی له‌ سیسته‌می رێگریكردن و كۆنترۆڵكردنی نه‌خۆشی بكات ، و به‌هێزكردنی چاودێریكردنی نه‌خۆشی و توانای ئاگاداركردنه‌وه‌ی پێشوه‌خت، باشتركردنی یاساكانی فریاگوزاری ته‌ندروستی گشتی، و به‌هێزكردنی سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردن و چاره‌سه‌ركردنی سه‌رهه‌ڵدانی گه‌وره‌ و رووداوه‌كانی فریاگوزاریی ته‌ندروستی گشتی. 
ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حیزبی شیوعی چینی و حكومه‌تی چینی ئه‌نجامی ده‌دات چونكه‌ ئێمه‌ پابه‌ندین به‌ چاكسازی خودی و باشتركردنی خودی بۆ باشتر خزمه‌تكردنی گه‌ل. هه‌روه‌ها ئه‌مه‌ش رێگایه‌كه‌ بۆ باشتركردنی حوکمكردن كه‌ هه‌ر حكومه‌تێكی به‌رپرسیار هه‌ڵیده‌بژێرێت. 
 
چین ته‌نها نییه‌ له‌م جه‌نگه‌ی دژ به‌ كۆڤید-19. كاتێك كه‌ بارودۆخه‌كه‌ له‌ چین زۆر سه‌خت بوو، كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی هاوكاری و پاڵپشتییه‌كی به‌نرخی بۆ وڵات و گه‌له‌كه‌ی ئێمه‌ دابینكرد. سه‌رۆكی زیاتر له‌ 170 وڵات، به‌رپرسی 50  رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمی، و زیاتر له‌ 300 حیزب و رێكخراوی سیاسی بیانی له‌ رێگای په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی و نامه‌ و لێدوان پاڵپشتی و پشتگیری خۆیان بۆ چین ده‌ربڕی. 77 وڵات و 12 رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی پێداویستی فریاگوزاریی پزیشكییان به‌ چین به‌خشی. هەروه‌ها چه‌ندین حكومه‌تی خۆجێیی، كۆمپانیا، ڕێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان و خه‌ڵك له‌ 84 وڵات کەلوپەلیان‌ به‌خشی.  پاكستان هه‌موو ده‌مامكه‌كانی له‌ لیستی كه‌لوپه‌لی نه‌خۆشخانه‌ كۆكرده‌وه‌ بۆ به‌خشینی به‌ چین. وه‌زیری ته‌ندروستی میسر سه‌ردانی چینی كرد به‌ 1 ملیۆن ده‌مامكه‌وه‌. حكومه‌تی میانمار برنجی دابینكرد، سریلانكا چای ره‌شی دابینكرد و مه‌نگۆلیا 30000 مه‌ڕی به‌خشی و....هتد. گرینگ نییه‌ بڕی چه‌ند هاوكاری دابینكرا، هه‌موو ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی دۆستایه‌تی راسته‌قینه‌ن له‌م كاته‌ سه‌خته‌دا.
له‌و كاته‌ی گه‌لی چین ده‌جه‌نگا دژ به‌ كۆڤید-19، خه‌ڵكی كوردستانی عێراقیش به‌زه‌یی و پاڵپشتی خۆیان بۆ چین ده‌ڕبڕی به‌ چه‌ندین رێگای جیاواز. چه‌ندین به‌رپرسی باڵای حكومه‌ت، نوێنه‌رانی حیزبه‌ سیاسییه‌كان و هاوڕێ خۆجێییه‌كان سه‌ردانی كۆنسوڵگه‌رییه‌كه‌مانیان كرد. چه‌ندین له‌ دۆسته‌ كورده‌كانمان نامه‌یان بۆ ناردین و په‌یامیان له‌ فه‌یسبووك بۆ جێهێشتین. چه‌ندین كورد له‌ هه‌موو بواره‌كانی ژیان دروشمی (# گه‌لی چین ڤایرۆس نین)یان به‌رزكرده‌وه‌. ئێمه‌ هه‌ڵوێستی میهره‌بانییان به‌رزده‌نرخێنین. ئه‌م جۆره‌ هه‌ڵوێستانه‌ باوه‌ڕبه‌خۆبوون و هێزیان پێبه‌خشین بۆ جه‌نگان له‌گه‌ڵ ئه‌م په‌تایه‌. 
 
دووه‌م
 
له‌نێو زیادبوونی ژماره‌ی حاڵه‌ته‌كانی په‌تاكه له‌ جیهان‌، چین كه‌ پێشكه‌وتنێكی به‌رچاوی به‌ده‌ستهێنا له‌ به‌ره‌نگارییه‌كانی له‌ جه‌نگی دژ به‌م ڤایرۆسه‌، به‌ وردی و له‌ نزیكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی كارده‌كات.  ئه‌م هه‌وڵانه‌ی چین، كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی فراوان له‌لایه‌ن جیهانه‌وه‌ دانی پێدانراوه‌، به‌شداری گرینگی هه‌بوو له‌ ته‌ندروستی گشتی جیهانی و بووه‌ نموونه‌یه‌ك بۆ چۆنێتی بونیادنانی كۆمه‌ڵگەیه‌كی ئاینده‌ هاوبه‌ش بۆ هه‌موو مرۆڤایه‌تی. 
 
سه‌رۆك شی خۆی به‌تایبه‌ت په‌ره‌ی به‌ هاوئاهه‌نگی نێوده‌وڵه‌تی دا له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كان و كۆبوونه‌وه‌كاندا له‌گه‌ڵ نزیكه‌ی 50 سه‌رۆكی بیانی و به‌ڕێوه‌به‌ری رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، سه‌رۆك شی داوای له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كات كرد بۆ بونیادنانی كۆمه‌ڵگەیه‌كی جیهانی خاوه‌ن ئاینده‌یه‌كی هاوبه‌ش و  به‌هێزكردنی هاوئاهەنگییە‌ دووقۆڵی و فره‌ لایه‌نه‌كان. له‌ 18ی ئایار، وتاری كردنه‌وه‌ی 73 ه‌مین رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی پێشكه‌شكرد و شه‌ش پێشنیازی خسته‌ڕوو: ئه‌وه‌ی له‌ تواناماندایه‌ ئه‌نجامیبده‌ین بۆ كۆنتڕۆڵكردن و چاره‌سه‌ركردنی كۆڤید-19، بۆ پاڵپشتیكردنی ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی جیهانی بۆ ڤایرۆسه‌كه‌، بۆ دابینكردنی پاڵپشتییه‌كی به‌هێزتر بۆ ئه‌فریقیا، بۆ به‌هێزكردنی حكومكردنی جیهانی له‌ بواری ته‌ندروستی گشتی، و بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی، و بۆ به‌هێزكردنی هاوئاهه‌نگی نێوده‌وڵه‌تی. هه‌روه‌ها زنجیره‌یه‌ك له‌ رێكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی راگه‌یاند كه‌ چین ده‌یگرێته‌به‌ر بۆ پاڵپشتیكردنی ئه‌م جه‌نگه‌ جیهانییه‌، له‌نێوانیاندا پێدانی بڕی 2 ملیار دۆلاری ئه‌مریكی له‌ هاوكارییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌ درێژایی دوو ساڵ، و بونیادنانی كۆگایه‌كی جیهانی بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی و سه‌نته‌رێك له‌ چین به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، و به‌كارهێنانی ڤاكسینی كۆڤید-19 وه‌كو به‌رهه‌مێكی گشتی جیهانی هه‌ر له‌گه‌ڵ گه‌شه‌پێدان و بڵاوبوونه‌وه‌ی له‌ چین، و  ده‌ستپیشخه‌ری له‌ جێبه‌جێكردنی ڕاگرتنی قه‌رزی وڵاته‌ زۆر هه‌ژاره‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵه‌ی 20. 
 
چین هاوبه‌شی به‌ زانیاری و ئه‌زموونی خۆی كردووه‌ له‌گه‌ڵ  كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی
 
چین هیچ كاتێكی به‌فیڕۆ نه‌دا له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاریه‌كانی وه‌كو زنجیره‌ی بۆماوه‌ی ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ و نوێكاریه‌كان و لێكۆڵینه‌وه‌ دیاریكراوه‌كانی تایبه‌ت به‌ ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ بۆ ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی و وڵاتانی تری په‌یوه‌ندیدار و ڕێكخراوه‌ هه‌رێمیه‌كان، به‌رده‌وام ئاگاداری كردوونه‌وه‌ له‌ نوێكاریه‌كان. لیژنه‌ی ته‌ندروستی نه‌ته‌وه‌یی چاره‌سه‌ری بۆ ده‌ستنیشانكردن، چاره‌سه‌ركردن، رێگه‌گرتن، و كۆنتڕۆڵكردن داناوه‌، و وه‌ریگێڕاوه‌ بۆ سێ زمان، و له‌گه‌ڵ زیاتر له‌ 180 وڵات و 10 ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمی هاوبه‌شی پێكردووه‌. ده‌سته‌ی هاوبه‌شی ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی و چینی تایبه‌ت به‌ كۆڤید-19 سه‌ردانێكی مه‌یدانی بۆ به‌یژینگ، چێنگدو، گوانگژۆ، شنژن، و ووهان، کرد و هه‌وڵه‌كان و سه‌ركه‌وتنی چینی له‌ ڕێگه‌گرتن و كۆنتڕۆڵكردنی ڤایرۆسه‌كه‌ به‌رز نرخاند. 
 
چین یارمه‌تی مرۆیی بۆ كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی دابینكردووه‌
 
ته‌نانه‌ت ئه‌و كاته‌ی كه‌ چین له‌ ژێر گوشارێكی زۆری كۆنتڕۆڵكردنی ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ بوو، به‌ خێرایی دەستیکرد بە دابینكردنی هاوكاری به‌ پێی پێویست بۆ كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی. دوو كۆمه‌ڵه‌ی له‌ هاوكاری پاره‌ی نه‌خت به‌ بری 50 ملیۆن دۆلاری ئه‌مریكی بۆ رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی دابینكردووه‌، كه‌ یارمه‌تی رێكخراوه‌كه‌ی دا بۆ كڕینی كه‌لوپه‌لی پارێزه‌ری تاكه‌ كه‌سی و بونیادنانی سه‌نته‌ری یه‌ده‌گی پێداویستی. تاوه‌كو 31ی ئایار، چین 29 تیمی پزیشكی پسپۆڕی بۆ 27 وڵات ناردووه‌، هاوكاری پێشكه‌شی 150 وڵات و 4 ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی كردووه‌. تیمه‌ پزیشكییه‌كانی ئاڕاسته‌ كرد بۆ پاڵپشتیكردنی جه‌نگی خۆجێیی كه‌ له‌ 56 وڵات جێگیركران، و راوێژكاری و زانیاریی ته‌ندروستی پێشكه‌شی خه‌ڵكی خۆجێیی بكه‌ن. تاوه‌كو ئێستا، زیاتر له‌ 400 خولی راهێنانی ئۆنڵاین و ڕاسته‌وخۆیان له‌م بواره‌ رێكخستووه‌. حكومه‌تی خۆجێیی، كۆمپانیاكان، ڕێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان و تاك له‌ چین كه‌لوپه‌لیان به‌ زیاتر له‌ 150 وڵات و هه‌رێم و ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی به‌خشیوه‌. 
 
چین ئاماده‌كاریی پێویستی بۆ هه‌نارده‌كردنی رێكوپێكی كه‌لوپه‌لی پارێزه‌ر ئه‌نجامداوه‌. له‌گه‌ڵ دڵنیابوون له‌ دابینكردنی پێداویستی خۆجێیی، چین هه‌موو ڕێگایه‌كی تاقیكردووەته‌وه‌ بۆ دابینكردنی پاڵپشتی بۆ هه‌موو وڵاتان بۆ كڕینی كه‌لوپه‌لی پارێزه‌ر. ئه‌مه‌ش ئاسانكاریی كردووه‌ له‌ نێوان رێگاكانی داواكردن و پێشكه‌شكردنی پێداویستی، و خزمه‌تگوزاری لۆجیستی رێكخراو، و گواستنه‌وه‌، و پێداویستی كه‌لوپه‌ل، خێراكردنی كاروباری گومرگ. ڕێكاری كاریگه‌ری گرتووەته‌به‌ر بۆ كۆنتڕۆڵكردنی چۆنیه‌تی (كوالێتی) به‌رهه‌مه‌كان، و رێكخستی پڕۆسه‌ی هه‌نارده‌كردن، و ده‌ركردنی یاساوڕێسای تایبه‌ت به‌ گشت بازاڕه‌ بیانییه‌كان، و به‌هێزكردنی سه‌رپه‌رشتیكردنی كوالێتی بازاڕ و هه‌نارده‌كرن، به‌مه‌به‌ستی دابینكردنی كه‌لوپه‌ل به‌ به‌رزترین كوالێتی بۆ وڵاتان. له‌ 1ی ئازار بۆ 31ی ئایار، چین كه‌لوپه‌لی پارێزه‌ری بۆ 200 وڵات و هه‌رێم هه‌نارده‌ كردووه‌، له‌نێو كه‌لوپه‌له‌كان 70.6 ملیار ده‌مامك، 340 ملیۆن جلوبه‌رگی پارێزه‌ر، 115 ملیۆن جووت له‌ چاویلكه‌ی پارێزه‌ر، 96.700 ئامێری هه‌ناسه‌دانی ده‌ستكرد، 225 ملیۆن كیتی تاقیگه‌یی تایبه‌ت به‌ ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ، و 40.29 ملیۆن گه‌رمیپێو. 
 
چین ئاڵوگۆڕ و هاوئاهه‌نگی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌نجامداوه‌ له‌ بواری توێژینه‌وه‌ی زانستی
 
په‌یوه‌ندی و ئاڵوگۆڕه‌كانی له‌گه‌ڵ رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی جیهانی به‌هێز كردووه‌، و له‌گه‌ڵ چه‌ندین وڵاتی دیکە ئاڵوگۆڕ و هاوئاهه‌نگی و توێژینه‌وه‌ی ئه‌نجامداوه‌ ده‌رباره‌ی شوێنه‌واری ڤایرۆسه‌كه‌، ده‌رمان، كوتان، و تاقیكردنه‌وه‌، و هاوبه‌شیپێكردنی توێژینه‌وه‌ی زانستی و داتا و زانیارییه‌كان، و لێكۆڵینه‌وه‌ هاوبه‌شه‌كان ده‌رباره‌ی ستراتیجی ڕێگه‌گرتن، كۆنتڕۆڵكردن و چاره‌ره‌سه‌ركردن. وه‌زاره‌تی زانست و ته‌كنه‌لۆژیا و لیژنه‌ی ته‌ندروستی نه‌ته‌وه‌یی سه‌كۆیه‌كی تایبه‌تیان به‌ په‌بوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی ئه‌كادیمی كۆڤید-19 راگه‌یاند بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌ و ئه‌نجامه‌كان و تاوتوێكردنیان له‌لایه‌ن توێژه‌ران له‌ ته‌واوی جیهان. له‌ 31ی ئایار، كۆی گشتی 104 گۆڤار و 970 توێژینه‌وه‌ و ڕاپۆرت بڵاوكرایه‌وه‌. ئه‌كادیمیای چینی زانسته‌كان داتابه‌سی 2019 Novel Coronavirus Resource  بڵاوكرده‌وه‌ و سیسته‌می  the Novel Coronavirus National Science and Technology Resource Service و Covid-19 Pneumonia Scientific Literature Sharing Platform ی بونیاد نا.  تاوه‌كو 31 ی ئایار، ئه‌م سێ سه‌كۆیه‌ 48 ملیۆن دابه‌زاندن(download)، گه‌ڕان و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ زیاتر له‌ 370000 به‌كارهێنه‌ر له‌ هه‌موو جیهان هه‌بووه‌. چین كۆمه‌ڵه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی له‌ پسپۆڕان دروستكردووه‌ و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیکە ئه‌نجامداوه‌ له‌ بواری توێژینه‌وه‌ی دۆزینه‌وه‌ی ڤاكسین و ده‌رمان و گه‌شه‌پێدان. هانی هاوپه‌یمانی رێكخراوه‌كانی زانستی نێوده‌وڵه‌تی داوه‌ بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هه‌ماهه‌نگی له‌نێو ئه‌ندامه‌كانی له‌ بواری ڤایرۆسی كۆڤید-19 له‌ چوارچێوه‌ی پێشهه‌نگاوی پشتێنه‌ و رێگا. 
 
له‌ سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانی عێڕاق، حكومه‌تی چینی و كۆنسوڵگه‌ری گشتی چینی له‌ هه‌ولێر هه‌ڵوێستی به‌په‌له‌ی هه‌بووه‌. له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئازاره‌وه‌، زیاتر له‌ 500000 ده‌مامكمان به‌خشیوه‌ به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، و سێ كۆمه‌ڵه‌ له‌ هاوكاری مرۆییمان رێكخستووه‌، له‌نێویاندا كیتی تاقیگه‌یی تایبه‌ت به‌ ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ، ده‌مامكی N95، جلوبه‌رگی پارێزه‌ر، چاویلكه‌ی پارێزه‌ر و پێداویستی دیکەی پزیشكی. له‌ 8ی ئازار، تیمی پزیشكی پسپۆڕی خاچی سووری چینی گه‌یشتنه‌ عێراق و له‌ كۆتایی مانگی ئازار سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كرد، و شانبەشان له‌گه‌ڵ پسپۆڕه‌ خۆجێییه‌كان بۆ زیاتر له‌ 50 رۆژ هاوكار بوون له‌ جه‌نگان دژ به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ ، ئه‌مه‌ش دۆستایه‌تی راسته‌قینه‌ی نێوان ئه‌م دوو گه‌له‌ نیشانده‌دات. 
سێیه‌م
 
بڵاوبوونه‌وه‌ی  كۆڤید-19  به‌ هه‌موو جیهاندا بووه‌ته‌ هۆی نیگه‌رانییه‌كی زۆر. هه‌ریه‌ك له‌ جه‌نگان بۆ كپكردنی ڤایرۆسه‌كه‌ و ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی قه‌یرانی جیهانی، داوایه‌كه‌ بۆ كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی به‌ یه‌كگرتوویی بووه‌ستن و هاوبه‌ش بن له‌ هه‌ماهه‌نگیدا.   هه‌روه‌ها داوای  فره‌یی و پابه‌ندبوون به‌ بونیادنانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی جیهانی خاوه‌ن داهاتوویه‌كی هاوبه‌شه‌وه‌ ده‌كه‌ن. پشتگیریكردن و هه‌ماهه‌نگیكردن بریتین له‌ دوو به‌هێزترین چه‌ك له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی سه‌ركه‌وتن له‌ جه‌نگی دژ به‌م ڤایرۆسه‌. ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌نجامی ده‌ده‌ین، دیاریده‌كات كه‌ چۆن ده‌بین له‌ داهاتوودا. 
 
دوژمنی هاوبه‌شی مرۆڤایه‌تی بریتییه‌ له‌م ڤایرۆسه‌، نه‌وه‌كو هیچ وڵاتێك یاخود نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیاریكراو. پێویسته‌ كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی به‌په‌له‌ هه‌ڵوێست بنوێنێت و یه‌كگرتوویی نیشانبدات، هه‌ماهه‌نگی له‌ هه‌موو به‌ره‌كانی جه‌نگ به‌هێز بكات، و ده‌ستبه‌رداری رق و كینه‌ و لووتبه‌رزی بێت، به‌ڕووی هه‌موو ئه‌وانه‌ بووه‌ستێت كه‌ خۆیان ده‌كه‌نه‌ ‌ قۆچی قوربانی و خۆیان هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنن له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی تاكه‌ كه‌سی ، هه‌روه‌ها به‌ڕووی له‌كه‌داركردن و به‌ سیاسه‌تكردنی ڤایرۆسه‌كه‌ بووه‌ستێت. 
هه‌رگیز میلله‌تی چینی به‌رامبه‌ر نه‌هامه‌تییه‌كان نه‌شكاوه‌. هه‌رچه‌نده‌ به‌ره‌نگارییه‌كان قورستر بووبێت،  به‌ چاونه‌ترسی و بوێرییه‌كی زیاتر ڕووبه‌ڕووی بوونه‌ته‌وه‌. زاڵبوون به‌سه‌ر سه‌ختییه‌كان یارمه‌تیده‌ری چین بووه‌ تاوەکو به‌هێزتر بێت. له‌ رووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ئه‌م ڤایرۆسه‌، گه‌لی چین به‌ یه‌كگرتوویی به‌ رووی ڤایرۆسه‌كه‌ وه‌ستان و هه‌وڵه‌كانیان یه‌كخست. ئه‌وان سه‌ركه‌وتوو بوون له‌ له‌خۆگرتنی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌.  
 
ئێستا، له‌و كاته‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌ له‌ بڵاوبوونه‌وه‌  و بووه‌ته‌ هۆكاری چه‌ندین وێرانكاریی له‌ جیهاندا، كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی ده‌بێت رووبه‌ڕووی سه‌ختی و به‌ره‌نگاری مه‌زنتر ببێته‌وه‌ له‌م جه‌نگه‌دا. چین هه‌میشه‌ پاڵپشتی وڵاتانی دیکە ده‌كات. ئه‌م په‌تایه‌ كاریگه‌رییه‌كی  گرینگی ده‌بێت له‌سه‌ر گه‌شه‌سه‌ندنی مرۆڤایه‌تی، به‌ڵام تامه‌زرۆیی خه‌ڵك بۆ ژیانێكی خۆش به‌ نه‌گۆڕی ده‌مێنێته‌وه‌. ئاشتی، گه‌شه‌سه‌ندن، هه‌ماهه‌نگی له‌ پێناو سوودمه‌ندبوونی دوو لایه‌نه‌ سه‌رده‌كه‌وێت. دوای هه‌موو ناخۆشیه‌ك خۆشی دێت. تاوه‌كو گه‌لانی دونیا به‌رده‌وام بن له‌ پارێزگاریكردن له‌ هیوا و خه‌ونه‌كان  و له‌باوه‌شكردنی بیرۆكه‌ی كۆمه‌ڵگەیه‌كی جیهانی خاوه‌ن داهاتوویه‌كی هاوبه‌ش، و یه‌كگرتن له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی ئامانجی هاوبه‌ش، ده‌توانین به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌م سه‌ختی و به‌ره‌نگارییانه‌ زاڵببین و جیهانێكی باشتر بۆ هه‌موو لایه‌ك بونیادبنێین. 
 
مێژووی دوورودرێژی په‌یوه‌ندی دۆستایه‌تی نێوان گه‌لی چین و گه‌لی كورد بۆ 2000 ساڵ له‌مه‌و پێش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا، ئاڵوگۆڕ له‌ بواری جیاجیادا له‌نێوان هه‌ردوو گه‌له‌كه‌ به‌رده‌وام بوو، تێگه‌یشتنی دوولایه‌نه‌ به‌رده‌وام له‌ قووڵبوونه‌وه‌دا بووه‌. له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌م په‌تایه‌، گه‌لی چین به‌ هێزه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خوشك و برا كورده‌كانی ده‌وه‌ستێت، سه‌ختییه‌كان هاوبه‌شی پێده‌كات و به‌یه‌كه‌وه‌ كارده‌كه‌ن. به‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ به‌هێزه‌ی له‌نێوانماندا هه‌یه‌، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ سه‌ركه‌وتنی كۆتایی له‌ جه‌نگی دژ به‌م ڤایرۆسه‌ به‌ده‌ستده‌هێنین له‌ چین، عێراق و هه‌رێمی كوردستان و ته‌واوی جیهان.

نی رووچی، كۆنسوڵی گشتیی كۆماری چینی میللی له‌ هه‌ولێر
+ لە تۆڕی میدیایی رووداو وەرگیراوە
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan