نی رووچی
نوێخوازیی چینی؛ هەڵبژارده‌یه‌كی نوێ بۆ گەشەپێدانی جیهانی
لە 22ی تشرینی یه‌كه‌مدا، 20ەم کۆنگرەی نەتەوەیی پارتی کۆمۆنیستی چین، کە سەرنجی ته‌واوی جیهانی بۆ لای خۆی راکێشا، بەسەرکەوتوویی کۆتاییهات و هەڤاڵ شی جینپینگ دووبارە وەک سکرتێری گشتیی کۆمیتەی ناوەندی بیستەمی پارتی کۆمۆنیستی چین هەڵبژێردرایەوە. ئەم کۆبوونەوەیە گرنگییه‌كی زۆری هەیە. ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه لە کاتێکی هه‌ستیاردا روودەدات کە چین دەست بە گەشتێکی نوێ بۆ بنیاتنانی خۆی وه‌كو وڵاتێکی سۆسیالیستی مۆدێرن لە هەموو روویەکەوە و پێشکەوتن بەرەو ئامانجی سەدەی دووەم ده‌كات. گرنگییەکی گەورەی هەیە، نەک تەنها کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر چین هەیە، بەڵکو پاڵنەرێکە بۆ وڵاتانی هه‌موو جیهان بۆ رووبەڕووبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی ئاستەنگەکان و به‌ده‌ستهێنانی گەشەپێدانی هاوبەش.
سکرتێری گشتیی شی جینپینگ لە راپۆرتەکەیدا بۆ بیستەم کۆنگرەی نەتەوەیی پارتی کۆمۆنیستی چین بەڕوونی ئه‌وه‌ی خستووەتەڕوو کە ئەرکی ناوەندیی پارتی کۆمۆنیستی چین دەبێتە پێشخستنی نوێبوونه‌وه‌ی نەتەوەی چین لە هەموو بەرەکاندا لە رێگەی رێبازی چینییەوە بۆ نوێخوازی.
نوێخوازی هه‌وڵی هاوبه‌شی هه‌موو گه‌لانه له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا، هەروەها ئەو ئامانجەیە کە گەلی چین هه‌ر لە سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی سەردەمی مۆدێرنەوە هەوڵی بۆ دەدات. دوای دامەزراندنی کۆماری چینی میللی، پارتی کۆمۆنیستی چین پێشەنگی گەلی لە گەشەپێدان و چاکسازی و کرانەوەدا کردووە و به بەردەوامی به‌دوای ئامانجی نوێخوازی گەڕاوه و پراکتیكی کردووە. چین سەرکەوتووانە نوێخوازیی چینی بەرەوپێش بردووە و رێگەی بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو له‌پێناو گەیشتن بە نوێخوازی فراوانتر کردووە.
نوێخوازیی چینی چییە؟ سکرتێری گشتی، شی جینپینگ لە راپۆرتەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە نوێخوازیی چینی نوێخوازییه‌كی سۆسیالیستییە کە لەژێر سەرکردایەتیی پارتی كۆمۆنیستی چینی چاودێری ده‌كرێت. توخمگەلێکی هاوبه‌ش لەگەڵ پرۆسەکانی نوێخوازی هەموو وڵاتان لەخۆدەگرێت، بەڵام زیاتر بەو سیمایانه تایبەتمەندە کە تایبەتە بە چوارچێوەی چینی. نوێخوازی چینی بریتییە لە نوێخوازی ژماره‌یه‌كی زۆری دانیشتووان و نوێخوازی خۆشگوزەرانی هاوبەش بۆ هەمووان، نوێخوازی پێشکەوتنی ماددی و کولتووری- ئەخلاقی، نوێخوازیی پێكه‌وه‌گونجانی نێوان مرۆڤایەتی و سروشت، نوێخوازیی گەشەسەندنی ئاشتیانە.
نوێخوازیی چینی فەلسەفەی گەشەپێدانی گەل وه‌كو چه‌ق جێبەجێ دەکات، گرنگی بە گەشەسەندنی گونجانی نێوان مرۆڤایەتی و سروشت و هائاهه‌نگی له‌پێناو سوودمه‌ندبوونی هاوبەش ده‌دات. ئەم شێوازە لە نوێخوازی رەگ و ریشەی لە خاکی چیندا هەیە و لەگەڵ واقیعی چیندا دەگونجێت. پابەندە بە پەرەپێدانی وڵاتەکەمان و میللەتەکەمان بە هێزی خۆمان و پاراستنی تێگه‌یشتنێكی پتەوی داهاتووی گه‌شه‌پێدان و پێشکەوتنی چین.
چین لە چەند دەیەیەکی كه‌مدا، ئه‌و پرۆسە پیشەسازییه‌ی تەواوکرد، کە وڵاتانی پێشکەوتوو به سەدان ساڵە پێیدا تێپەڕیون و بووه هۆی دروستبوونی دوو پەرجوو: گەشەسەندنی خێرای ئابووری و سەقامگیریی کۆمەڵایەتیی درێژخایەن. پراکتیک و ئەزموونی نوێخوازیی چینی بەشدارییەکی گرنگی لە نوێخوازیی مرۆڤایەتیدا کردووە و هەڵبژاردەی نوێی پێشكێشكردووه.
لە ماوەی دەیەی رابردوودا، بەرهەمی ناوخۆیی گشتیی چین لە 53.9 تریلیۆن یوانەوە بۆ 114.4 تریلیۆن یوان گەشەی کردووە، پشکی لە ئابووریی جیهاندا لە 11.3% بۆ 18.5% بەرزبووەتەوە، تێکڕای بەشدارییەکانی لە گەشەی جیهانیدا گەیشتووەتە 38.6%، کە زیاترە لە پشکی ئابووریی وڵاتانی كۆمه‌ڵه‌ی حه‌وت G7 بەیەکەوە. وەک گەورەترین وڵاتی گەشەسەندوو لە جیهاندا، پراکتیکی نوێخوازیی چینی خودی خۆی بەشدارییەکی گەورەیە له جیهاندا.
شی جینپینگ، سکرتێری گشتی لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە پێنج ساڵی داهاتوو زۆر گرنگ دەبێت بۆ دەستپێکردنی هەوڵەکانمان بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی سۆسیالیستی مۆدێرن لە هەموو روویەکەوە. پێویستە یه‌كه‌م شت و به‌ر له هەموو شتێک، بەدوای گەشەپێدانی کوالێتیی بەرز بکەوین. نوێخوازیی چینی رێگەی نوێخوازی بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو فراوانتر دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی دەستکەوتی نوێ لە گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتیی چین و دەرفەتی زیاتر بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو بۆ هاوئاهه‌نگی و گەشەسەندن دەهێنێتە ئاراوە.
لە جیهاندا ته‌نها یه‌ك رێگە و یه‌ك نموونه‌ی نوێخوازیی گونجاو بۆ هه‌موو لایه‌ك نییە. لە چینی ئەمڕۆدا، پیشەسازیی نوێ، زانیاری، شارنشینی و نوێخوازیی کشتوکاڵی بە شێوەیەکی بەردەوام بەرەو پێشەوە دەچن و شارستانییەتی ماددی، شارستانیەتی سیاسی، شارستانیەتی رووحی، شارستانیەتی کۆمەڵایەتی و شارستانیەتی ژینگه‌یی بە هاوده‌نگی گەشە دەکەن. رێگەی نوێخوازیی چینی پەرە بە خودی چین خۆی دەدات و هەروەها سوود بە جیهان دەگەیێنێت و هەڵبژاردەیەکی نوێ بۆ گه‌لی عیراق و هەرێمی کوردستان دەڕەخسێنێت، کە دەتوانرێت وه‌كو سه‌رچاوه‌یه‌ك لەسەر رێگەی گەشەپێدان بەکاربهێنرێت. چین ئاماده‌یه له‌گه‌ڵ گه‌لی عیراق و هەرێمی کوردستان کاربکات بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و رێگە نوێخوازییه‌ی که له‌گه‌ڵ تایبه‌تمه‌ندیی گه‌شه‌پێدانی خۆیاندا ده‌گونجێت و سوودی به‌رجه‌سته‌ی زیاتر بۆ گه‌لانی هه‌ردوو لا به‌ده‌ستبهێنرێت.
*نی رووچی، کۆنسوڵی گشتیی كۆماری چینی میللی لە هەولێر
خ.غ