چاوپێكەوتن

لەنجە ئەحمەد: مەحوی هیچی لە شكسپیر كەمتر نییە

مەودا میدیا - سلێمانی |


لەنجە ئەحمەد: مەحوی هیچی لە شكسپیر كەمتر نییە
مەودا میدیا- كاروان رەسوڵ

وەرگێڕان یەكێكە لەو بوارە رۆشنبیرییانەی لەسەر ئاستی جیهان گرنگی زۆری پێدەدرێت، بەو پێیەی هۆكارێكی گرنگە بۆ لەیەك نزیكبوونەوەی كولتووری گەلان و ئاڵوگۆڕی زانیاری و ئاگاداربوون لەیەك.


لەنجە ئەحمەد، هەم مامۆستایە و بەكالۆریۆسی لە زمانی ئینگلیزی هەیە و هەمیش وەرگێڕە، ئەو كتێبی "كورد.. نەتەوەیەكی كۆمەڵكوژكراو"ی وەرگێڕاوە، جگە لەوەش چەندین وتار و بابەتی جۆراوجۆری بۆ زمانی كوردی وەرگێڕاوە. لەم گفتوگۆیەدا وەڵامی كۆمەڵێك پرسیاری مەودا میدیا دەداتەوە.

دۆخی ئێستای وەرگێڕان لە کوردستان لە زمانەکانی ترەوە بەتایبەت لە ئینگلیزییەوە بۆ کوردی چۆن دەبینن؟ ئەو کتێبانەی ئێوە بینیوتانن مافی خۆیان پێدراوە؟
لەنجە ئەحمەد: پێشەکی وەرگێڕان رۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە لە بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگا و شارستانییەت، هیچ شۆڕشێک نەکراوە کە کتێبێکی وەرگێڕدراوی لە پشتەوە نەبووبێت وەک شۆڕشی فەڕەنسی و رووسی، بەهۆی وەرگێڕانی کتێبەوە شارستانیەتەکان بەستراون بەیەکەوە و پێش وەرگێڕانی کتێب شارستانیەتەکان لێک هەڵوەشابوونەوە، شارستانیەتەکان ئاگایان لەیەک نەبوو وەکو گرێدانی مێژوویی، لەئێستادا وەرگێڕان وەک بزووتنەوەیەکی لیهاتووە، بۆیە وەرگێڕان کاریگەرییەکی گەورەی هەیە.

کورد رۆڵی چییە لەو بزووتنەوەیەدا، توانیوێتی بەشدارێکی کارابێت؟ ژمارەی ئەو کتێبانەی وەرگێڕدراون لە کوردستاندا دەتوانین ناوی چی لێ بنێین یان بووەتە بەشێک لە بزووتنەوەی وەرگێڕان لە جیهاندا؟
لەنجە ئەحمەد: دەبێت ئەوە بزانین کوالێتیمان هەیە یان چەندێتیمان هەیە، زۆربەی کتێبەکان لە عەرەبی و فارسییەوە وەردەگێڕدرێنە سەر زمانی کوردی دەبێت بزانین کوالێتیان چەندە، بەشێک لەم کتێبانە ئەسڵیان فەڕەنسی یان ئینگلیزییە واتە چەند جار وەردەگێڕدرێت و چەند رۆحیەتی جیاواز دەبینێت، هەمیشە وتوومە دەبێت لە دەقە ئەسڵیکەوە وەرگێڕان بکەین، چونکە وەرگێڕ رووحیەتی نیشتیمانی خۆی دەداتێ. 

قسەیەک هەیە دەڵێت وەرگێڕ خائینە، تاچەند لەگەڵ ئەم قسەیەدایت؟
لەنجە ئەحمەد: ناتوانم بڵێم لەسەدا سەد ئەوە راستە، بەڵام بەجۆرێک ئەوە راستە، هەموو وەرگێڕێک ئایدۆلۆژیای خۆی تا رادەیەک زاڵدەکات بەسەر ئەو وەرگێڕانەدا و رۆحیەتی خۆی زاڵدەکات، چونکە وەرگێڕ خاوەنی باگراوندێکی سیاسییە ناتوانێت لێی بێتە دەرەوە.

هەوڵەکان هەوڵی تاکن نە دامەزراوەمان هەیە و نە ستراتیژمان هەیە کاری وەرگیڕان بکات، بۆچی تاوەکو ئێستا دامەزراوەیەکی وەرگێڕانی نیشتیمانیمان نییە بۆ ئەوەی لە قاڵبی تاک بێنە دەرەوە؟
لەنجە ئەحمەد: ئەوە خەمی دەوڵەتمەدارەکانە ئیشی حکومەتە، چونکە وەرگێڕان هێنان و رۆشنبیریەتی دەوڵەتێک یان زمانێکی ترە هێنانی کولتووری ئەو کۆمەڵگەیە و ئەمەش بە تاكە كەس ناکرێت کە دەوڵەت خەمی نەخوات خەڵکی ئاسایی ئەو بۆشاییە پڕدەکەنەوە و پەرشوبڵاوی دروستدەبێت و بیری تاک زاڵ دەبێت لە کاتێکدا کەسیک کتێبێکی مارکس وەردەگێڕێت و کەسێکی تر لە قاڵبێکی تردا وەریدەگێڕێت لەم کاتەدا یەک رێگە ناگیرێتەبەر، بۆیە ئیشی حکومەتە دامەزراوەیەکی نیشتیمانی هەبێت و هەموومان کۆبکاتەوە یان چەند کەسێک کۆببنەوە لە خەمی وەرگێڕاندابن وەک حکومەت لە خەمدا نەبێت لەسەر یەک ریتم کار بکەن.

ئەو کتێبانەی وەرگێڕدراون بۆ سەر کوردی تاچەند لێیان رازیت، ئایا پێتوایە كوردێنراون یان هەر وەرگێڕانێكی وشە وشەی بێ رۆحن؟
لەنجە ئەحمەد: لە وەرگێڕاندا سێ جۆرمان هەیە، یەکەم وشە بە وشە دووەم، رستە بە رستە و سێیەم هەست بە هەست وەک ئەوەیە دەقەکە وەردەگریت رۆحی کوردیانەی دەکەیت بە بەردا، جۆری سێیەمیان باشترینە، لەبەرئەوەی تێکست دەپارێزێت و هەم رۆحی کوردانەی دەدەیتێ لەگەڵ کۆمەڵگە کارلێکی پێدەکەیت، بەڵام بەداخەوە ئەو وەرگێرانەی ئەمڕۆ دەکرێن وەرگێڕانی وشەیین و خراپترینیانە و ئەو دەزگایەی بۆشت چاپدەکات بەس پارەکەی بەلاوە گرنگە و گوێی پێنادات و پێداچوونەوەی بۆ ناکرێت.

ئەزموونی وەرگێڕانی ئێوە چۆن بوو و چۆن دەستتپێکرد؟ لەلای ئێوە وەرگێڕان حەزە یان پیشەیە؟ ئایا وەرگێڕان سەرچاوەی ژیانی تۆیە؟
لەنجە ئەحمەد: خۆم مامۆستام و بژێوی ژیانم لەسەر مامۆستایەتییە، بەڵام ئەو بۆشاییە زۆرەی لە کتێبخانەی کوردیدایە پاڵی پێوەناوم وەرگێڕان بکەم لە زمانی ئینگلیزییەوە، هەندێ وەرگێڕانم دەبینی هەڵەی زۆری تێدابوو هەمێشە وتوومە وەرگێڕانیکی هەڵە هەزار ساڵ تەمەنی تۆ و نەتەوەکەت دوادەخات، هەزار ساڵ مێژووی تۆ بە هەڵە دەڕوات.
ئەگەر کتێبی شافعی یان بوخاری بکەی وەرگێرانی هەڵەی بۆ بکرێت فەوزا دروست دەبێت، بۆ نموونە زۆرینەی کورد كارڵ مارکس بە دژە ئایین دەبینێت لە کاتێکدا کەمترین قسەی لەسەر ئایین کردووە و خۆی ئابووریناس بووە. لای ئێمە وا وەرگێڕدراوە مارکس دژی ئایین بووە، بۆیە ئەوە زۆری دەوێت تا ئەمە راست دەکرێتەوە و دەبێت ئەم بۆشاییە پڕبکرێتەوە و دەمەوێت بەشێک بم لەوەی ئەو هەڵانەی پێشتر روویداوە بەشێک بم لەوە راستی بکەمەوە ئەگەر ئیشەکەشم بچوک بێت.

باشتر نەدەبوو وەرگێڕان وەكو پیشەیەك سەیر بكرایە و حكومەت سەروكاریی بكردایە و ئێوەیش خۆتان لەو بوارەدا قاڵ بكردایەتەوە؟
لەنجە ئەحمەد: ئیشی وەرگێڕان ئیشێکی زۆر تاقەت پڕوکێنە، چونکە هەم نووسەر بێت هەم وەرگێڕ بێت و قوربانییەکی زۆر گەورەیە.

باشتر نییە وەرگێڕ خۆشی خوێنەرێکی باش و خاوەن باگراوندێکی رۆشنبیریی بێت؟
لەنجە ئەحمەد: وەرگێڕ نابێت تەنیا زمان بزانێت، کەسێک زمانێک فێربووە لە تەلەڤیزیۆنەوە تەواو وەرگێڕان دەکات، دەبێت وەرگێڕ ئاشنای کولتووری ئەو وڵاتە بێت ئاشنای خەڵک و دابونەریتی بێت و رۆشنبێری ئەو وڵاتە شارەزا بێت.

زانینی زمانی دایكیش هێندەی زمانی دووەم گرنگە بۆ وەرگێڕان؟
لەنجە ئەحمەد: من پێموایە هەر کتێبی وەردەگێڕدرێ وشەیەکی دروستنەکردبێت وشەی جوانی نەهێنابێت، ئەوا ئەو کتێبە بەهایەکی گەورەی نییە، چونکە وەرگێڕان هێنانی رۆشنبیری وڵاتێکە، دەبێت وشەیەکی زیادکراو بهێنێت و نابێت وشەی وڵاتەکەتی وەستانبێت.

وەرگێڕانی پێچەوانە، واتە لە کوردییەوە بۆ زمانێکی تر، كە مەبەست لێی ناساندنی کولتووری کوردییە بە نەتەوەکانی تر یان ناساندنی ئەنفال و کیمیابارانکردن، ئەمە چۆن دەبینن؟
لەنجە ئەحمەد: ئەویش گرنگە وەرگێڕانی کتێبێکی کوردی بۆ زمانی ئینگلیزی ئەمەیان زۆر زۆر قورسترە و زۆریش گرنگە دەنگی میللەتێکی بێ دەوڵەت دەگەیەنیتە دەرەوە كە لە ئێستادا وەک گەلێکی بچوک دەمانبینن، کاتێک مەحوی وەردەگێڕیتە سەر زمانێکی تر هیچی کەمتر نییە لە شکسپیر، چونکە کوردە گرنگی پێنەدراوە و نەناسێنراوە.

لۆبی چ گرنگییەكی هەیە؟ لۆبی رۆشنبیری ناتوانێ بە هاوشانی لۆبییەکی سیاسی کاریگەری هەبێت؟
لەنجە ئەحمەد: لە راستیدا دەتوانێ، بەڵام کورد یەک دەنگ و یەک ئاراستە نین و رووبەڕووی رەخنەی هاوڕێکانمان دەبینەوە و دەمانڕوخێنن، ئەگەر لۆبییەکی وا دروست بێت و رەخنەی دروستکەر بگرن زۆر باش دەبێت.

لۆبی ئەرمەنی و جولەکە دوو لۆبی بەناوبانگی جیهانن، بڕیاری سیاسی دەگۆڕن و کایەی راگەیاندنیان کۆنتڕۆڵ کردووە، ئایا ئەمە بواری فکریشی گرتووەتەوە؟
لەنجە ئەحمەد: ئەگەر سەیری زانکۆکان بکەین ئەو هەموو راپۆرتە دەکرێت زیاتر  کۆپی کراون لە ئینتەرنێت، بەڵام جولەکە و ئەرمەن چۆن خۆیان پێگەیاند؟ لێکۆڵینەوەی بەهێزیان کردووە سراتیژی خۆیان درووستکردووە، بەڵام بەداخەوە خوێندکاری کورد چوار ساڵ دوای زانکۆ فێری نووسینی راپۆرت نەبووە و نازانن لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی بکات لەسەر ئاستی تاکیش هەڵەمان زۆرە.

چیت هەیە بۆ وەرگێڕەکانی هاوڕێت و هاوپیشەت؟
لەنجە ئەحمەد: پشت و دەستی یەکبگرین بۆ ئەوەی گروپێک درووست بکەین ئامانجی وەرگێڕان بپێکین و بەرهەمی جوان بخەینە كتێبخانەی كوردییەوە. 

Qaiwan
Qaiwan