راپۆرت

حەشدی شەعبی: شەڕی فیل و عەمامە

مەودا میدیا - سلێمانی |


حەشدی شەعبی: شەڕی فیل و عەمامە
مەودا میدیا- خەڵەف غەفور

رۆژی 13ی حوزەیرانی 2014، هێزەكانی حەشدی شەعبی دامەزران، ئەوەش دوای داوایەكی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكانی عیراق كە بەهۆی كەوتنی موسڵ و مەترسییەكانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لەسەر بەغدا و حكومەتی عیراق كردی. ئەو داوایە بووە سەرەتایەكی دیكەی ترسناك لە مێژووی سیاسی عیراق، هەروەك بووە وەڵامدەرەوەی خواستەكانی ئێران بۆ دروستكردنی هێزی سەربازیی نزیك لێی و بەكارهێنانی لە ململانێكانی لەگەڵ ئەمەریكادا.

ئێرانی سەردەمی قاسم سولەیمانی سیاسەتێكی پاوانخوازیی سیاسی و ئاسایشیی پەیڕەو دەكرد، لە زیهنی ئەو وڵاتەدا سیاسەتی پاوانخوازی رەوایەتییەكی مەزهەبی هەیە، لە كوشتنی حەسەن و حسێنەوە، ئەو وڵاتە بەردەوام رەش بیردەكاتەوە، بەڵكو بۆ ئاییندەیەكی ئیمپراتۆرخوازانە ستراتیژی هەیە، لەمەیاندا هێشتا پێكاویەتی و لە گۆڕەپانەكە نەكراوەتە دەرەوە.

هێڵی سووری بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمەریكا
هێزەكانی حەشدی شەعبی كە ئەمەریكا بە "میلیشیا" و شیعەكان بە "رزگاركەری عیراق" ناوی دەبەن لە چەندین گروپ و هێزی سەربازیی پێكهاتوون، دیارترینیان بریتین لە "رێكخراوی بەدر، كەتیبەكانی حیزبوڵڵا، عەسائیبی ئەهلی حەق و سەرایا سەلام، لەگەڵ چەندین گروپی بچوكتر لەوان كە پێكەوە بوونەتە هیزێكی سەربازیی سەربەخۆی نزیك لە ئێران.

كۆماری ئیسلامیی ئێران لە چەندین وڵات پشتیوانی هێزی هاوشێوەی حەشدی شەعبی دەكات بۆ سەركەوتن بەسەر سیاسەتی ئەمەریكی و وڵاتانی رۆژئاوادا، لە لیبیا حوسییەكان، لە فەڵەستین بزووتنەوەی حەماس، لە لوبنان حزبوڵڵا، سەرەڕای گرتنەبەری چەندین شێوازی دیكە بۆ دژایەتیكردنی ئەمەریكا.

عیراق گۆڕەپانێكی جیاوازی ململانێكانی نێوان ئەمەریكا و ئێرانە، هەژموونی ئێران بەتەواوی هێزەكانی شیعەی كۆنترۆڵ كرد و بەو هۆیەیشەوە هێرشكردنە سەر پێگە سەربازییەكانی ئەمەریكا و تەنانەت هەڵكوتانە سەر باڵیۆزخانەكەیشی وەكو شتێكی ئاسایی لێهاتبوو.

رۆژی 31ی كانونی یەكەمی 2019 ژمارەیەكی زۆر لە خۆپیشاندەرانی شیعە كە لەنێویاندا ئەندامانی حەشدی شەعبی و میلیشیا شیعەكان هەبوون، هێڵەكانی بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمەریكایان لە بەغدا بڕی، بەپێی لێدوانی هەندێك لە چاودێرانی سیاسی عیراق، "هەژموونی ئێران هێڵە سوورەكانی بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمەریكای تێپەڕاند"، بەوەش ئیتر دەبوو ئەمەریكا وەڵامێك بداتەوە.

خۆپیشاندەران دیوارەكانی بەردەم باڵیۆزخانەكەیان رووخاند، سەدان ئاڵای ئەمەریكا سوتێنرا و لەسەر دیوارەكانیش نووسرا حەشد شەعبی، بەو شێوەیە ئیتر بژاردەی بەكارهێنانی هێز لەلایەن ئەمەریكییەكانەوە تاوتوێ كرا و حەشدی شەعبی گەڕێنرایەوە شوێنی خۆی.

هەمان رۆژ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هێرشەكانی سەر بەڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە بەغدا بە "دەستكیسەی ئێران" وەسفكرد و وتی "ئێران بەرپرسیارە و وەڵامی توند دەدرێتەوە".

سەركردەكانی حەشد ئەمەریكایان زیاتر توڕە كرد
هێزە ئاسمانییەكانی ئەمەریكا چەند بارەگایەكی حزبوڵڵای عیراقیان لە ئەنبار كردە ئامانج، ململانێكان توندتر بوونەوە، سەركردەكانی حەشدی شەعبی پێدەچێت هەڕەشەكانی ئەمەریكایان بەجدی وەرنەگرتبێت، هەربۆیە دیارترین كەسەكانیان لە وێنەی "فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، قەیس خەزعەلی، سەرۆكی عەسائیبی ئەهلی حەق، هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح، نەجاح شەمەری، وەزیری بەرگریی عیراق" لە خۆپیشاندانەكانی بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمەریكا بەشداربوون. ئەم هەنگاوە ئەمەریكای زیاتر توڕە و بێ هیوا كرد، والێكدرایەوە بە فەرمانی قاسم سولەیمانی بەشدارییان كردووە و بڕیاریان داوە ئەمەریكا لە عیراق بوونی نەمێنێت.

كش مات سولەیمانی
لە پشت دوایین روووداوەكانی چەند رۆژی پێش مردنی، ئەمەریكا پەیتا پەیتا و لە ئاستی جیاوازی باڵاوە ناوی قاسم سولەیمانی دەهێنا و بە داڕێژەری هێرشكردنە سەر هێزەكانی ئەمەریكا و باڵیۆزخانەكەیان تۆمەتباری دەكرد، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی نكۆڵی لە رۆڵێكی وەها نەدەكرد و بگرە شانازیشی پێوەدەكرد.

بەپێی زانیارییە بڵاوكراوەكانی دوای كوشتنی قاسم سولەیمانی، ئەمەریكییەكان زانیارییان دەستكەوتبوو كە سولەیمانی سەردانی بەغدا دەكات و پلانی هێرشی یەكلاكەرەوەیان بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریكا هەیە و ئەوەش دەبێتە كۆتایی هەژموونی سیاسەتی ئەمەریكی لە عیراق.

نوێترین زانیاری لەبارەی چۆنیەتی سەردانیكردنی بۆ عیراق باس لەوە دەكەن، سولەیمانی لەنێو باری گەورەی خواردەمەنیدا گەیەنراوەتە ناو فڕۆكەكەی لە فڕۆكەخانەی دیمەشق، رەنگە ئەوە بە بێگومانترین رێگا زانرا بێت، بەڵام فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی هێزە ئاسمانییەكانی ئەمەریكا لەڕێگەی سێ مووشەكەوە كۆتاییان بە رۆڵ و ژیانی قاسم سولەیمانی و مەهدی موهەندیس، جیگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی هێنا. بەوەش "كش لە هەژموونی ئێرانی بەشێوە سولەیمانییەكەی كرا".

حەشدی عەمامەدار لەبەردەم فیلەكەی ترەمپ دا
خۆپیشاندانەكان دۆخی سیاسی، ئاسایشی و بەڕێوەبردنی عیراقیان ئاڵۆزكرد، دوای چەندین مانگ لە گفتوگۆی حزب و هێزە سیاسییەكان، مستەفا كازمی كرایە سەرۆك وەزیرانی عیراق.

مستەفا كازمی، كەسێتی دوو رۆڵی نووسین و هەواڵگری كە زۆر پێچەوانەی یەكن تیایدا كۆبووەتەوە، ساڵی 2016 بە فەرمانی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پیشووتری عیراق كرایە بەرپرسی دەزگای هەواڵگری.

كاری لەپێشینەی كازمی پەیوەندی جۆربەجۆری لەگەڵ سیاسییەكانی سەردەمی ئۆزپۆزسیۆن و حوكمداری دوای رژێمیی سەدام حسێندا بۆ دروستكرد، تا ئەوەی ماوەی چەند ساڵێك لەگەڵ د.بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری ئێستای عیراق پێكەوە لە دامەزراوەی "خەندان.. بۆ پەخش و وەشاندن" كاریان دەكرد.
رێككەوتنی زۆرینەی هێزە عیراقییەكان لەسەر مستەفا كازمی تائەندازەیەك چاوەڕوانكراو بوو، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك هێز و كەسایەتی شیعە بە "پیاوی ئەمەریكا" ناوی دەبەن و مەترسییان لە سیاسەتەكانی هەیە.

دوو دەوڵەت و دوو داوای قورس لە كازمی
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ئەوەی راگەیاند پشتیوانی لە كازمی دەكات و دەیەوێت حكومەتێكی سەقامگیری هەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا رایانگەیاند نابێت هێزی سەربازی لە دەرەوەی سوپا هەبێت و مەرجەكە ئەوەیە حەشدی شەعبی نەمێنێت و لە چوارچێوەی دامەزراوەی سەربازیی عیراقیدا چارەسەر بكرێت.

كۆماری ئیسلامیی ئێران لەڕێگەی هێزەكانی نزیك لە خۆیەوە دەیەوێت كۆتایی بە بوونی سەربازیی ئەمەریكا لە عیراق بهێنێت، گفتوگۆكانی نێوان تیمی عیراقی و ئەمەریكی بۆ ئەو مەبەستە دەستیانپێكردووە و تائێستایش یەك گەڕ بەڕێوەچوون.

سەرلەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 26/6/2020 هێزەكانی دژە تیرۆری عیراق هەڵیانكوتایە سەر بارەگایەكی حزبوڵڵای عیراق و ژمارەیەك چەكداریان دەستگیركرد، كاردانەوەكان زۆرتوندبوون، لەماوەی چەند رۆژێكدا زۆرینەی دەستگیركراوەكان ئازادكران و تەنیا یەك كەسیان نەبێت كە بەپێی سەرچاوەكانی حكومەتی عیراق بەرپرس بووە لە هێرشكردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە ناوچەی سەوز.

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق لەبەردەم دوو داوای قورسی ئێران و ئەمەریكادایە، بۆیە چەند ئەگەرێك هەیە وەكو دەرئەنجانی ئەو ململانێیە:

یەكەم: ئێران و هێزە نزیكەكانی لە عیراق ئەگەر دڵنیابن لەوەی كازمی حەشدی شەعبی كۆتایی پێدەهێنێت و هەژموونی ئێرانی لاواز دەكات، شەقام و پەرلەمانی لێدەوروژێنن و دوور نییە كۆتایی پێبهێنن.

دووەم: لەدوای كوشتنی قاسم سولەیمانییەوە هەژموونی ئەمەریكی لە عیراق زاڵترە، سوننەكانیش سەریان بەرزكردووەتەوە، دۆخی عیراق بەرگەی قەیرانی ئابووری ناگرێ و ئەگەر كازمی گوێ لە داواكاری ئەمەریكا و وڵاتانی وەكو سعودیە، ئیمارات و توركیا نەگرێت، ئەوا ئاسان نییە سەركەوتووبێت و بە بەرەی ئێرانی دەژمێردرێ.

سێیەم: هێزەكانی ئەمەریكا لە عیراق ناچنە دەرەوە، بەڵكو رەنگە شێوازی مانەوەیان بگۆڕن، راستە ئێران بە ئاشكرا حەزی لە چوونە دەرەوەی ئەمەریكایە، بەڵام بێ هێزەكانی ئەمەریكا لەلایەك عیراق توانای رووبەڕووبوونەوەی داعش یان مەترسییەكانی دیكەی نییە، لەلایەكی دیكەیشەوە بەرگەی ئاڵۆزی و ناسەقامگیری سیاسی ناوخۆیی ناگرێت.

چوارەم: زانیاریی ورد هەیە لە سەرچاوەی نزیك لە مستەفا كازمییەوە كە حەشدی شەعبی بە فشاری ئەمەریكا دەبێت لاواز بكرێت و دواتریش تێكەڵ بە دامەزراوەی سەربازی بكرێتەوە، ئەمە بۆ مستەفا كازمیش باشە.

پێنجەم: نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا رەنگە هەندێك سیناریۆ پاش و پێش بخات، مانەوەی دۆناڵد ترەمپ لە سەرۆكایەتی فیلەكە بۆ گیانی ئێران ئازاتر دەكات، هەروەك زۆر شتی دیكەیش دەگۆڕێت.

سەردەمی مستەفا كازمی، سەردەمی شەڕی هەژموونی فیل و عەمامەیە لە عیراق.


Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان