راپۆرت

یازدە هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی وەهمی لە کوردستان هەیە

مەودا میدیا - سلێمانی |


یازدە هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی وەهمی لە کوردستان هەیە
مەودا میدیا_ تاژان عوسمان

یانزە هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی وەهمی لە هەرێمی کوردستان هەن و لە کۆی 192 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە مۆڵەتیان پێ دراوە، لایەنە ئاگادارەکان ڕایدەگەیەنن خەڵکانی دەستڕۆیشتوو و بەرپرس لە پشتی ئەو پڕۆژە وەهمییانەوەن و دەیان ملیۆن دۆلاریشیان لە هاووڵاتییان وەرگرتووە.

لە هەرێمی کوردستان 192 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی مۆڵەتپێدراو بوونیان هەیە و یانزە هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی وەهمیش هەن کە لە 8 هەزار بۆ 12 هەزار دۆلاریان لە هاووڵاتییان وەرگرتووە و هیچ پڕۆژەیەکیش بوونی نییە، بەڵام دۆسیەکان بە خاوی چوونەتە لێکۆڵینەوەوە و دەوترێت کەسانی دەستڕۆیشتوو و بەرپرسی باڵا لە پشتیانەوەن بۆیە دۆسیەکانیان دوا دەخرێن یان دادەخرێن.

کارزان ڕەسوڵ، سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان، بە مەوداپرێسی ڕاگەیاند "192 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون مۆڵەتی پێ دراوە، یانزە هەزار پڕۆژەی وەهمی هەیە، واتا پارە لە خەڵک وەرگیراوە و هیچ پڕۆژە و زەوی و یەکەیەکیش بوونی نییە، ئەوانە زەوییەکانیان کشتوکاڵی بوون، کردوویانن بە کۆمەڵگە و بە خەڵکیان فرۆشتووە بە ناوی یەکەی نیشتەجێبوونەوە، کەمترین پارە 8 هەزار دۆلار و زۆرترین پارە زیاتر لە 12 هەزار دۆلار لە خەڵک وەرگیراوە".

ئەو نموونەی یەکێک لەو پڕۆژانەی هێنایەوە و وتی "پڕۆژەی سیدار سیتی پارەی لە هەزار خێزان وەرگرتووە و سەرجەمیان خەڵکی هەژار بوون، ئەو پڕۆژەیە مۆڵەتی لە لایەن دەستەی وەبەرهێنان هەیە و ئێستا نە یەکە و نە هیچ ئیشێک کراوە و کۆمەڵێک پڕۆژەی تر لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی تری هەرێم هەن".

وتیشی " لە هەولێر 5 هەزار یەکەی وەهمی هەیە، لە سلێمانی 2 هەزار و 700 یەکەی وەهمی هەیە، لە دهۆک 3 هەزار و 300 یەکەی وەهمی هەیە و ئەوەندەی بەدواداچوونمان کردووە، ئەو یەکە وەهمییان سەرجەمیان هی خەڵکی بەرپرس و دەستڕۆیشتوون و دادگا و یاساکانی ئەم وڵاتە پێیان ناوێرن".

کەرتی وەبەرهێنان و بەتایبەتیش یەکەکانی نیشتەجێبوون لە دە ساڵی ڕابردوودا جێگەی ڕەخنە و گلەیی زۆر بوون و خەڵکانێکی زۆریش بە هۆی پڕۆژە وەهمییەکانەوە قۆڵیان بڕاوە و پارەیان لێ وەرگیراوە و هیچ یەکەیەکیش بوونی نەبووە.

"ئێمە سێ سکاڵای یاساییمان لە دژی ئەو پڕۆژانە داوەتە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەڵام تا ئێستا یەک سکاڵایان جوڵاندووە ئەویش هی گوندی کۆری بوو لە هەولێر. دەبێت مەرجەکان بۆ وەرگرتنی یەکەکانی پڕۆژەی نیشتەجێبوون بە جۆرێک بن وەبەرهێن 80%ی پڕۆژەکەی تەواو بکات ئەوکات بتوانێت بیفرۆشێت". کارزان ڕەسوڵ وای وت.

لە هەرێمی کوردستان چەن جارێک لە لایەن حکومەت و پەرلەمانەوە لیژنە لەو بارەیەوە پێک هێندراوە و دواترینیان پڕۆژە چاکسازییەکەی بارزانی بوو کە ساڵی 2016 لە سەرۆکایەتیی هەرێم پێکی هێنا و بەشێکی پەیوەندیی بە وەبەرهێنان و یەکەکانی نیشتەجێبوونەوە هەبوو، بەڵام ئەو لیژنانە هیچ ئەنجامێکیان نەبووە.

سیپان ئامێدی، ئەندامی لیژنەی شارەوانی و ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی کوردستان بە "مەودا پرێس"ی ڕاگەیاند: لەم خولەدا لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان لیژنەی لاوەکیمان درووست کردووە و وردەکاریی سەرجەم کێشە و گەندەڵیی یەکەکانی نیشتەجێبوون دەکەین و دەیانکەین بە ڕاپۆرتێک.

وتیشی "هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە کاری جددی بکەین ڕێگری بکەین لەو خراپەکارییانەی پێشتر لە بواری یەکەی نیشتەجێبووندا لە هەرێمی کوردستاندا کراون."

"مەودا پرێس" پەیوەندیی بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر و سلێمانییەوە کرد هەردوو لایان بە بیانووی سەرقاڵییان بە دانانی کارنامەی تازە بۆ ئیشوکارەکانیان نایانەوێت جارێ لەسەر ئەو پرسە قسە بکەن".

دڵشاد فایز، وتەبێژی داواکاری گشتیی هەرێم ئاماژەی بەوە دا، سکاڵاکان کە تۆمار کراون کاریان لەسەر دەکرێت و دەبێت لێپێچینەوەی توندیژ لەو کەسانە بکرێت کە مامەڵەی خراپ بە یەکەکانی نیشتەجێبوونەوە دەکەن.


وتیشی "ئومێد دەکەین کابینەی نوێ ئەم کێشانە بە یەکجاری چارەسەر بکات".


Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد


News

وڵاتانی ناوچەكە كامیان هەڵدەبژێرن؟

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن