راپۆرت

لەیلاکەی دەربەندیخان بۆ هەمیشە ماڵئاوایی کرد

مەودا میدیا - سلێمانی |


لەیلاکەی دەربەندیخان بۆ هەمیشە ماڵئاوایی کرد
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

لەیلا ئەو ژنەی زیاتر لە 18 ساڵە لەناو بازاڕی قەزای دەربەندیخان ژیانی بەسەر دەبرد و رۆژ و شەو و زستان و هاوین بۆ لەیلا جیاوازی نەبوو، بەڵام تاکە شت کە لەیلا گرنگی پێدەدا هەبوونی خواردنێکی خۆش و جوانکاری خانمانەبوو، لەیلا خۆشەویستی خەڵکی دەربەندیخان بوو لەبەر ئەو هۆکارەش ئەمڕۆ خەمباری باڵی بەسەر قەزای دەربەندیخاندا کێشا بەهۆی ماڵئاوایی کۆتایی لەیلا لەژیان.

گەرمیان حەسەن والی، دانیشتووی قەزای دەربەندیخانی سەر بە پارێزگای سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "لەیلا زیاتر لە 18 ساڵە لە قەزای دەربەندیخان ژیان بەسەر دەبات، راستە لە رووی دەروونییەوە تەواو نەبوو، بەڵام کەسێکی زۆر باش و خۆشەویست بووە لای هەمووان".

ئاماژەی بەوەشکرد "لەیلا رازی نەبوو لە هیچ شوێنێک بمێنێتەوە تەنها لە قاوەخانەی دەربەندیخان و چەند ماڵێک دەمایەوە ئەویش بەشێوەیەک کە لەلای ئافرەتی ئەو ماڵە نەبووایە نەدەخەوت، هەروەها لەیلا زۆر ئارەزووی خواردنی خۆش و بابەتی جوانکاری ئافرەتان و جلوبەرگ دەکرد و هەمیشە گرنگی بە خۆی دەدا".



گەرمیان حەسەن وتی "کاتێک یەکێک زۆر قسەی لەگەڵ لەیلا بکردایە و سەری بخستایەتە سەر قسەی ناشیاوی پێدەوت، ئەو شتەشی کە زۆر پێی توڕە دەبوو ئەوەبوو کە بە ناوە راستییەکەی خۆی بانگیان بکردایە کە (واحیدە) بوو، هەروەها بەهۆی ئەوەی نەدەزانرا کەسوکاری لەیلا کێیە تەمەن و ناوسناوی باوکی نادیاربوو".

ناوبراو وتیشی "لەم دوایانەدا لەیلا تووشی نەخۆشی شەکر و زەخت بوو بەهۆی ئەوەی خواردنی چەوری زۆر دەخوارد، ئەمڕۆ بۆ کۆتا جار چاوەکانی بە رووی دونیادا داخست لە تەنیشت قاوەخانەی دەربەندیخان و بە ئامادەبوونی خۆشەویستانی لەیلا تەرمەکەی لە گۆڕستانی دەربەندیخان بە خاکسپێردرا".



هەروەها بەرزان محەمەد، بەڕێوبەری چاودێری گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی دەربەندیخان بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەو ژنە لە دەڤەری کفرییەوە هاتووەتە دەربەندیخان بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە باری دەروونی تێکچووە و چارەسەری نەبووە، بەڵام هاوڵاتییانی دەربەندیخان زۆر رێزیان دەگرت و خۆشیان دەویست".

باسی لەوەشکرد "ئەو ژنە هەمیشە وا ئارەزووی دەکرد کە لەناو بازاڕ و شەقامەکان بێت، چونکە چەندین جار لەلایەن خەڵکی دەربەندیخانەوە هەوڵدراوە شوێنێکی بۆ دابین بکەن بۆ حەوانەوە، بەڵام قبوڵی نەکردووە".

لەبارەی ئەوەی کەسوکاری تاچەند هەوڵیانداوە بیبەنەوە لای خۆیان ئەوەشی خستەڕوو "بەپێی ئەو بەدواداچوونەی کردوومان باس لەوەکراوە چەند جارێک کەسوکاری هاتوون بە دوایا، بەڵام رازی نەبووە بچێتەوە لایان، بەڵکو دەربەندیخانی بەلاوە خۆشبووە".



بۆ گیان لەدەستدانی لەیلا پێشڕەو حەمید، نوسەر و رۆشنبیر لە وڵاتی نەرویج لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی "غەمی ئێوە راستە قینەبوو، گریان و پەژارەی خەڵک راستەقینەیە بۆ کۆچی خاتوو لەیلا، ئەو غەمانە وەک چۆن پڕ ئازار و فرمێسکن  ئاواش جوان و ھیوا بەخشن، چونکە ھەستی قوڵی میھرەبانی و مرۆڤ بونیان تێدایە، ھیوابەخشن  لەبەرئەوەی مرۆڤەکان کۆدەکاتەوە تا پێکەوە غەمەکانیان لەکۆڵ بگرن و رێگەنادەن کەسێک ھەموو قورساییەکەی بکەوێتە سەر شان".

ئەوەشی نووسییوە "کەم کەس نەمبێت ئەوا ھەموو خەڵکی شار ئەگەر بۆساتێکیش بوبێت لەیلا خانمیان دیبوو یان گوێیان لەناوەکەی بووە ئەو پێش ھەژدەساڵ لە سەرەتای بەھاردا  لەشارۆچکەی کفرییەوە خۆی گەیاندە ئەو شارەی ئێمە و تاکۆتای مایەوە، سەرەتا بەسەختی تێیپەڕاند و چەند جارێک گەنجە ھەرزەکانی شار ئازاری دەروونییان ئەدا و ئەویش ھەمیشە دارێک یان قامیشێکی بەدەستەوەبوو دەیسرەواندە ئەوانەی ئازاریان ئەدا، تەنانەت چەند جارێکیش دیوانە والی، والی شار یان دەکرد بەگژیدا و شەڕی نیوان خاتوون و والی شار چێژی خۆی ھەبوو بۆ گەنجە ھەرزەکانی شار و قاقا پێدەکەنین، پێکەنینێک کە زۆر جار والی شاریش و خاتونیش قاقایان تێکەڵ بەیەک دەکرد ، بەو شێوەلە نێوان ھێمنی و بێزارکردندا چەند ساڵێک تێپەڕی ، دواجار بەھێمنی لەیلای غەریب و بێ ماڵ و حاڵ بوەبە شاژنی شەقامەکانی شار و شار بوو بەماڵی ھەمیشەیی ئەو".

هەروەها دەڵێت "لەیلا خانم لە سەرەتادا  لە بن دیواری بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵاێەتی پشووی دەدا وێنەیەک و دیمەنێکی ناجۆری  ھەبوو کە ئەو بەڕێوەبەرایەتیە کاری خزمەتکردنی ئەوجۆرە مرۆڤانە بوو کەچی زۆر جار لەیلا خانمیان لە بن دیوارەکەدا ھەڵدەستاند و نەیان دەھێشت پشوو بدات".



لەوەسفی لەیلادا نووسیویەتی "خاتوون وەک مەلیکی شار دەبوو بە پەیکەرێک، لێوەکانی سوردەکردن، پشتێ چاوەکانی سەوز و قەڵەمێکی رەشی داھێنا بەناو رێڕەوەی بینینیدا لە شوێنی خۆی نەدەجوڵا چاوی دەخستە سەر شوێنێک و بیری دەکردەوە، بیری لەچی دەکردەوە کەس نەیدەزانی، بەڵام ئێمە بیرمان لەو بێدەنگی و شێوەخەیاڵەی ئەو دەکردەوە چەندین جار وام ھەستکردووە تەماشای تابلۆیەک دەکەم کە لەناوەوە پڕبێت لە ئاگر".

باسی لەوەشکردووە "لەیلا ھەروەک ئەحلام مەنسور جگەرەکەی دادەگیرساند و بەھێواشی ھەڵی دەمژی و غەمەکانی بە بادا کرد، لەیلاو ئەحلام ، دووانەیەکەی گەرمیانی پڕ لە خەون و چیرۆکی تراژیدی ھەردووکیان بەبێ کەسی رۆشتن، دوو ئافرەت کە ژیان دڵ ڕەق بوو بۆیان، سەرمایەی خاتوونی ئێمە تەنھا حەڤدەھەزاری دیناری بێ نازبوو بەخشی بەو شوێنەی بۆ ھەمیشە تێیدا راکشا".

لە کۆتایشدا نووسیویەتی "دیوانە مەحموی کانی سارد، مریەم خاتوونی پاکیزە ، والی شار، مەلیکی شار ئەسعەدی چاوو خومار  ، دیوانە بێ چاوەکەی مزگەوتی کانی توو خولە کوێر، سەیدعەلی نورانی، کامەرانی کەمپی خوار، شەوکەتە بێنازەکای گەڕەکی کانی تووەکان، لەتێکی رۆح دارن لە بیرەوارییەکانی ئێمە، خاتوونی تازە کوچکردووشمان بووە ھاوڕێیان و مێژوو ھەموو رۆژێک لە لاپەڕە سپییەکانی خۆیدا دەیان لاوێنێتەوە".

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خانزاد خاتوون؛ تەوارێکی حوکمڕان

لەلایەن زوڵفان غەریب



News

غاز وەکو مۆرانەی عیراق

لەلایەن سۆزان حەمەتاتە