راپۆرت

توركیا بە گۆڕینی مۆزەخانەی ئایاسۆفیا بۆ مزگەوت ئەوروپییەكان لەخۆی تووڕە دەكات

مەودا میدیا - سلێمانی |


توركیا بە گۆڕینی مۆزەخانەی ئایاسۆفیا بۆ مزگەوت ئەوروپییەكان لەخۆی تووڕە دەكات
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

ئەمرۆ هەینی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا بەرەسمی مزگەوتی ئایا سۆفیای كردەوە كە پێشتر كەنیسە بووە و تا پێش كردنی بە مزگەوت وەك مۆزەخانە بەكارهاتووە، ئەمەش نیگەرانی وڵاتانی ئەوروپا و بەتایبەتیش یۆنانی لێكەوتووەتەوە، یونسكۆش هۆشداری دەدات.

ئەو بڕیارەی ئەردۆغان لەكاتێكدایە بەپێی بڕیارێكی دادگای باڵای توركیا لە ساڵی 1934 دەبوایە ئەو كەنیسەیە بكرایە بە مۆزەخانە، بەڵام ئەردۆغان بە بەیاننامەیەكی سەرۆكایەتی وەك مزگەوت ناساندی و رادەستی سەرۆكایەتی كاروباری ئایینی كرد لە توركیا تا بۆ نوێژكردن بەكاریبهێنن.

لەلایەن خۆیەوە، حكومەتی یۆنان ئەمرۆ هەینی رایگەیاند، بڕیارەكەی دادگای توركیا و سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە سەبارەت بە گۆڕینی كەنیسەی ئایا سۆفیا لە ئەستەنبوڵ بۆ مزگەوت دەستدرێژییە بۆ سەر شارستانیەتی جیهان.

لەوبارەیەوە لینا مەندوونی وەزیری رۆشنبیری یۆنان رایگەیاند، ئەو گرێ دەروونییە نەتەوەییەی ئەردۆغان هەیەتی وڵاتەكەی دەگەڕێنێتەوە بۆ شەش سەدە لەمەوبەر.

كەنیسەی رووسیا نیگەرانە
لەلایەكی دیكەشەوە، كەنیسەی رووسیا رایگەیاند، ئەردۆغان بەدەركردنی ئەو بڕیارەو گۆرینی ئایاسۆفیا بۆ مزگەوت دەنگی هەزاران كریستیانی پشتگوێخست.

یونسكۆ هۆشداری دەدات
رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ پەروەردە و زانست و رۆشنبیری" یونسكۆ" هۆشداری لەوبارەیەوە دەدات و دەڵێت دەستكاریكردنی ئەو مۆزەخانە مێژووییە كە لە شاری ئەستەنبوڵە و دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شەشەم، جێی نیگەرانی توندی ئێمەیە.

یونسكۆ ئاماژە بەوەشدەكات، لیژنەی شوێنەواری رێكخراوەكەیان راسپاردووە كە پێداچوونەوە بۆ هەر گۆڕانكارییەك بكەن كە لەو مۆزەخانەیەدا روویداوە، چونكە لەلایەن یونسكۆوە وەك شوێنەوارێكی مێژوویی جیهان هەژماركراوە و بەوەش رێوشوێن و پەیماننامەی نێودەوڵەتی دەكەوێتەسەر.

هەروەها یونسكۆ راشیگەیاندووە، بەپێی یاسای نێودەوڵەتی دەبێت توركیا پارێزگاری لەو شوێنەوارە دێرینە بكات و بەهیچ شێوەیەك گۆڕانكاری تێدا ئەنجام نەدات.

رێكخراوی یونسكۆ ئاشكراشیكردووە، لەوبارەیەوە لەرێگەی باڵیۆزی توركیا لە رێكخراوەكە حكومەتی توركیایان ئاگاگاداركردووەتەوە و داوایان لە حكومەتی توركیا كردووە پێش هەر دەستكاریكردنێكی ئەو شوێنەوارە دەبێت گفتوگۆیان لەگەڵ بكات.

 ئایا سۆفیا لەلایەن رێكخراوی یونسكۆوە وەك شوێنەوارێكی جیهانی ناسێندراوە
جێی ئاماژەیە، مۆزەخانەی ئایا سۆفیا كە وەك كەنیسەش ناسراوە، لەلایەن رێكخراوی یونسكۆوە وەك شوێنەوارێكی جیهانی ناسێندراوە، لەسەردەمی هەریەك لە ئیمپراتۆریەتەكانی بیزەنتی و عوسمانیەكانیشدا وەك كەنیسە بووە، تا ئێستاش یەكێكە لەو شوێنەوارانەی لە توركیا و بەتایبەت لە شاری ئەستەنبوڵ زۆرترین سەردانكەری بییانی و ناوخۆیی هەیە.   
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان