راپۆرت

500 ملیۆن دۆلاری دروستكردنی فڕۆكەخانەی دهۆك دیارنییە

مەودا میدیا - سلێمانی |


500 ملیۆن دۆلاری دروستكردنی فڕۆكەخانەی دهۆك دیارنییە
مەودا میدیا-

بەمەبەستی درووستکردنی فڕۆکەخانەیەکی نێودەوڵەتی لە پارێزگای دهۆک، بڕی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار تەرخان کرا و هەندێ وردە کاریشی تێدا کرا، بەڵام دواتر کارکردن تیایدا وەستا و تا ئێستا دەستی پێنەکردووەتەوە، ئەوە لە کاتێکدا ٥٠٠ ملیۆن دینار بۆ پڕۆژەکە تەرخان کرابوو، بەڵام ئێستا ئەو پارەیەش دیار نەماوە و ئەوانەشی زەوییان بەر فڕۆکەخانەکە کەوتووە داوای قەرەبوو دەکەن.

حەوت ساڵ بەر لە ئێستا بڕیاری درووستکردنی فڕۆکەخانەیەکی نێودەوڵەتیی بۆ دهۆک دەرکرا و هەر ئەوکات بڕی ٥٠٠ ملۆن دۆلاری بۆ تەرخان کرا، بەڵام دوای حەوت ساڵ کەمتر لە ١٠%ی پڕۆژەکە تەواو بووە و ئەو بڕە پارەیەش کە بۆی تەرخان کراوە دیار نەماوە و ئەو کۆمپانیایەش کە کارەکەی گرتبووە ئەستۆ پڕۆژەکەی جێهێشتووە.


درووستکردنی فڕۆکەخانەکە درابوو بە کۆمپانیایەکی تورکی و بڕیار بوو لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٥دا تەواوی بکات، بە وتەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک بڕیارە هەمان کۆمپانیا بێتەوە بۆ ئیشکردن لە فڕۆکەخانەکەدا کە هەمان کۆمپانیایە کە فڕۆکەخانە تازەکەی ئیستەنبووڵی درووست کردووە و داوا کراوە دووبارە پارەی بۆ تەرخان بکرێتەوە.

سەباح باپیر، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک، بە مەوداپرێسی ڕاگەیاند "فڕۆکەخانەکە بە داخەوە کەمتر لە ١٠%ی جێبەجێ کرا و وەستێندرا و ئەو کاتە حکومەت بە بیانووی قەیرانی داراییەوە پڕۆژەکەی ڕاگرت، بەڵام تا ئێستاش بڕیاری ئیکردنەوە تیایدا نەدراوە".

وتیشی "٥٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان کرا، بەڵام پارەکە نەبیندرا و ڕەنگە حکومەت بۆ مووچە یان پڕۆژەی تری خەرج کردبێت، بەڵام پارەکە دیار نەماوە و چەند نووسراوێکیش کرا وەڵام نەبووە".


فڕۆکەخانەی دھۆک سێیەم فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتییه،‌ كه‌ لە ھەرێمی کوردستان درووست بكرێت دوای فڕۆکەخانەكانی ھەولێر و سلێمانی، کە بڕیار وایە لەسەر ١٨ هەزار مەتر دووجا درووست بکرێت.


سەباح باپیر ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد "ئیشەکە درابوو بەو کۆمپانیا تورکییەی فڕۆکەخانە تازەکەی ئیستەنبووڵی درووست کردبوو، بەڵام بە هۆی بێپارەییەوە جێیهێشتبوو و ئێستا قسەیان لەگەڵ کراوەتەوە بێنەوە کارەکە تەواو بکەن". 


پێشتر نێچیرڤان بارزانی کە لە پۆستی سەرۆکی حکومەتی هەرێمدا بوو ئاماژەی بەوە کردبوو ئەو پڕۆژەیە ستراتیژییە و بە داخەوە قەیرانی دارایی پڕۆژەکەی وەستاندووە.


عیماد گۆران، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دهۆك به‌ مه‌وداپرێسی وت "ئەو پارە گەورەیەی بۆی داندرا بە داخەوە فڕۆکەخانەکە بناغەکەشی تەواو نەکرا، ئێستا هیچیان دیار نین".


ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو "بە داخەوە کەمتر لە ١٠%ی پڕۆژەکە تەواو بووە، چەند جارێکیش نووسراومان کردووە بۆ پارێزگا تا پڕۆژەکە بە گەڕ بخەنەوە بەڵام هیچ وەڵامێک نەبووە".


جگە لە پرسی فڕۆکەخانەکە، کێشەیەکی تر هەیە ئەویش قەرەبووکردنەوەی ئەو جوتیارانەیە کە زوییەکانیان بەر فڕۆکەخانە کەوتووە، چونکە بەڵێنیان پێ درابوو زەوییەکی ٢٠٠ مەتری و بڕی ٣٠ ملیۆن دیناریان پێ بدرێت.


محەمەد مقوبلی، نوێنه‌ری ئەو جوتیارانەی کە زەوییان بەر فڕۆکەخانە کەوتووە  بۆ مه‌وداپرێس دواو وتی "حکومەت بەڵێنەکەی خۆی بۆ قەرەبووکردنەوەی زەوییەکانمان نەبردووەتە سەر و گوندەکانمان چۆڵ کردوون. چەندان جار خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیمان پیشان داوە کەچی وەڵاممان نادەنەوە".

بە پێی زانیارییەکان، زیاتر لە پێنج هەزار پارچە زەوی بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو خاوەن زەوییانە دیاری کرا، بەڵام بە هۆی دابەشکردنی بەسەر خەڵکانی تر و کەس و خزمی بەرپرساندا کەمترین ڕێژە لەو زەوییانە بەر ئەو خاوەن زەوییانە کەوتن.

سەباح باپیر رایگەیاند "ئێستا کێشەیەکی تریش درووست بووە، پێشتر ئەوانەی زەویی قەرەبوویان وەرگرتووە ئێستا کوڕەکانیان گەورە بوون و ژنیان هێناوە و ئەوانیش داوای قەرەبوو دەکەنەوە و هەوڵیش دراوە زەوی بۆ ئەوانیش وەربگیردرێت".
دۆسیەکە ساڵی ٢٠١٦ نێردراوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، بەڵام تا ئێستا هچ بەدواداچوونێکی لەسەر نەکراوە.
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ژنان لە شوێنی کاردا

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

شەهید لەیلا قاسم؛ بووكی كوردستان

لەلایەن زوڵفان غەریب


News

نەسرین قاسملۆ؛ تەوارێکی کوردپەروەر

لەلایەن زوڵفان غەریب