راپۆرت

بادینان.. 54 گوندی مەسیحییەکان داگیرکراون

مەودا میدیا - سلێمانی |


بادینان.. 54 گوندی مەسیحییەکان داگیرکراون
مەودا میدیا- رەنگین عارف

54 گوندی مەسیحییەکان لە پارێزگای دهۆک داگیرکراون و تائێستاش بەشێکی کەمیان قەرەبوو کراونەتەوە و ئەوانیش بەهۆی بێئومێدبوونیان لەو کارە کوردستان جێدەهێڵن، ئەمە جگە لە داگیرکردنی حەوت هەزار دۆنم زەوی لە عەنکاوەی شاری هەولێر.

بەوتەی بەشێک لە مەسیحییەکان، ئەو زەویانەیان لەلایەن بەرپرسان و کەسوکاری نزیک لەوان داگیرکراون و تائێستاش جگە لە کەمتر لە 50 جوتیاریان کەسی تریان قەرەبوو نەکراوەتەوە، ئەوەش نیگەرانی کردوون و تائێستا نزیکەی 50%ی مەسیحییەکانی دهۆک کوردستانیان بەرەو ئەورووپا جێهێشتووە.

وەحیدە یاقۆ ھورمز، نوێنەری مەسیحییەکان لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان و ئاگادار لە دۆسیەی زەویی مەسیحییەکان بە مەوداپرێسی راگەیاند "کێشەی زەوییە داگیرکراوەکانی مەسیحییەکان زیاتر لە پازدە ساڵە سەرقاڵی کردووین، بەداخەوە تائێستا چارەسەر نەکراوە".

وتیشی "54 گوندی مەسیحییەکان لە بادینان داگیر کراون کە لەلایەن کەسانی دەستڕۆیشتوو و کەسوکاریانەوە داگیرکراون، هەروەها حەوت هەزار دۆنم زەوی لە عەنکاوەش داگیر کراون."

ناوەڕاستی ساڵی 2016 ئەنجومەنی وەزیرانى هەرێمى کوردستان لیژنەیەکی بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە پێکهێنا و بڕیار بوو لە ماوەی مانگێکدا کێشەکە چارەسەر بکرێت، بەڵام لیژنەکە هیچ ئەنجامێکی نەبوو.

هەروەها لە ساڵی 2008دا لیژنەیەک لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەویی مەسیحییەکان پێکهێنرا، بەڵام تائێستا وەک خۆیان ماونەتەوە و ئەو لیژنەیەش بوونی نەماوە.

خالید جەمال، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مەسیحییەکان لە وەزارەتی ئەوقافى هەرێمى کوردستان بۆ مەوداپرێسی روونکردەوە، چەندان ساڵی رابردوو هەوڵی زۆریان داوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو 54 گوندە داگیرکراوەی مەسیحییەکان لە دهۆک، بەڵام تائێستا چارەسەر نەکراوە.

بەپێی زانیارییەکانی مەوداپرێس، لە کۆی نزیکەی 2500 جوتیاری زەوییە داگیرکراوەکەی عەنکاوەی شاری هەولێر تەنها 40 جوتیاریان قەرەبوو کراونەتەوە، هەروەها ژمارەیەکی کەمی مەسیحییەکانی دهۆکیش قەرەبوو کراونەتەوە، بەو هۆیەشەوە مەسیحییەکان بێئومێد بوون و کوردستان جێدە‌ێڵن.

لینوس عه‌ودیشۆ، سه‌رۆکی لیستی رافیدێن له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دهۆک ئاماژەی بەوەدا، داگیرکردنی ئەو گوندانەی مەسیحییەکان تەنها قسە نییە و بەڵگە و سەلمێنەری تەواو هەیە، کە لەلایەن بەرپرسان و خەڵکانی نزیک لەوانەوە داگیرکراون و هەموویشی خراوەتە بەردەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و دادگا.

وتیشی "بێئومێدبوون لە وەرگرتنەوە و قەرەبووکردنەوە وایکردووە زیاتر لە 50%ی مەسیحییەکان کوردستان و بەتایبەت دهۆک و بادینان بەرەو ئەورووپا جێبهێڵن."

دۆسیەکە لای حکومەتی هەرێمیش بوونی هەیە و سەرەڕای درووستکردنی ئەو لیژنانە کە نەیانتوانیوە دۆسیەکە یەکلایی بکەنەوە، ئێستا ئاڕاستەی دادگا کراوە.

جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەوداپرێسی وت "ئەو دۆسیەیە لە دادگایە و داگا چارەسەری دەکات."

بەڵام مەسیحییەکان زۆر دەمێکە چاوەڕوانن و هیچ تاقەتێکیان نەماوە، وەک خۆیان دەڵێن هیچ شوێنێک نەماوە رووی تێ نەکەن، بەڵام دۆسیەکەیان ناجوڵێندرێت و هەر لە شوێنی خۆیەتی.

پترۆس سەلمان، هاوڵاتییەکی دهۆکییە و یەکێکە لە قوربانیانى مەسیحی کە زەوی داگیرکراوە و بە مەوداپرێسی راگەیاند "هیچ شوێنێک نەماوە ئێمە راپۆرت و بەڵگەکانمانی رادەست نەکەین، تائێستا نە داگایەک بانگی کردووین نە لیژنەیەک، ئەوەش بە تەواوی ئێمەی بێتاقەت و نیگەران کردووە".

وتیشی "پێش چەند ساڵێک لیژنەیەک لە پەرلەمانی ئەوروپاوە لەسەر دۆسیەکە هاتە دهۆک، بەڵام هێندیان گرفت بۆ درووستکردن و وەڵامی هیچ پرسیار و بەڵگەکەیان نەدرایەوە و بەبێ ئەوەی هیچ ئەنجامێک بە دەست بهێنن گەڕانەوە."
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ژنان لە شوێنی کاردا

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

شەهید لەیلا قاسم؛ بووكی كوردستان

لەلایەن زوڵفان غەریب


News

نەسرین قاسملۆ؛ تەوارێکی کوردپەروەر

لەلایەن زوڵفان غەریب