راپۆرت

رەفیق حیلمی.. باڵیۆزی پەروەردەی كوردستان

مەودا میدیا - سلێمانی |


رەفیق حیلمی.. باڵیۆزی پەروەردەی كوردستان
مەودا میدیا- بارام سوبحی

محەمەد ساڵح عەبدوڵا ئەفەندی لەگەڵ حەلاوەخانی كچی مارف ئاغای عەزیز ئاغا هاوسەرگیری دەكەن، نۆبەرەی ئەم زەماوەندەش كوڕێك دەبێت بەناوی رەفیق كە لە ساڵی (1898) لەدایك دەبێت، چیرۆكی ژیانی ئەم منداڵە كە دواتر بە رەفیق حیلمی دەناسرێت‌و دەبێتە یەكێك لە مونەوەرو مامۆستا دیارەكانی كوردستان‌و عێراق، پڕە لە روداوو بەسەرهات، دەبێتە سەرمەشق‌و نمونە بۆ كۆڵنەدان‌و بەردەوامبوون لە خەبات‌و خزمەتكردنی میللەتەكەی‌و بەگژداچونەوەی ستەمكارو داگیركەران.

لە كفرییەوە بۆ ئەستەمبوڵ


باوكی رەفیق فەرمانبەر بووە، بۆیە بەردەوام لە یەك شوێندا نەماونەتەوە. حیلمی ساڵی (1909) خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی سەڵاحییە لە كفری تەواوكردوە. پاشان ماڵیان چوەتە كەركوك‌و ماوەیەك دەرسی ئاینی لەوێ‌ خوێندوە. بەهۆی گواستنەوەی باوكی، ماڵیان چوەتە سلێمانی‌و لەوێ‌ خراوەتە قوتابخانەی روشدیەی عەسكەری. لە (1912/1913) پۆلەكانی چوارەم‌و پێنحەمی ئیعدادییەی سەربازی تەواوكردوە. ساڵی (1914) چوەتە مەكتەبی هەندەسەی عالی لە ئەستەمبوڵ. لە (1918) خوێندنەكەی تەواوكردوەو گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی. زمانەكانی ئینگلیزی‌و فەرەنسی‌و فارسی زانیوە، خەتی زۆر خۆش بووەو توانایەكی باشی لەوێنەكێشاندا هەبووە. بۆ یەكەمجار لە ساڵی (1919) وەكو مامۆستا دامەزراوەو تا ساڵی (1958) بەردەوام بووە.


مامۆستا رەفیق حیلمی

حیلمی، رۆژێك لە كەركوكەوە تەلەگرافێكی لە شوكری عەبدولئەحەد بەڕێوەبەری قوتابخانەی زەفەرەوە بۆ دێت‌و داوای لێدەكات بچێتە كەركوك‌و ببێتە مامۆستا. رۆژی (16/12/1921) گەیشتۆتە كەركوك‌و لە قوتابخانەی سەرەتایی زەفەر كراوە بە مامۆستای بیركاری. لەوكاتەدا ئینگلیزەكان داوایانلێكردوە ببێتە سەرنوسەری رۆژنامەی نەجمە، بەڵام حیلمی داواكەی رەتكردۆتەوە. بۆیە لە (20/ئاب/1921) فەرمانی گواستنەوەی بۆ قوتابخانەی سەعادەت لە سلێمانی دەرچوە. حیلمی ئامادەنەبوە فەرمانەكە جێبەجێ‌ بكات، بۆیە رۆژی دواتر بە تەلەگرافێك لە بەغداوە لە وەزیفە دەریانكردوە.


دورخستنەوەی لە وەزیفە زۆر ناخایەنێت‌و روداوێك دەیگێڕێتەوە بۆ سەر كار. رۆژێكیان حیلمی لە شاری بەغدا دەبێت‌و لەسەر پردی مۆد چاوی بە كاپتن جیروم فارل راوێژكاری گشتی وەزارەتی مەعاریف دەكەوێت، فارل داوای لێدەكات ببێتەوە مامۆستا، دوای گفتوگۆیەكی زۆر حیلمی داواكە قبوڵ دەكات‌و لە رۆژی (4/10/1921) گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی‌و بووەتە مامۆستای ناوەندی سەعادەت.
لە حكومەتی كوردستاندا


دوای گەڕانەوەی بۆ سلێمانی، شێخ مەحمودی مەلیكی كوردستان لە (10/10/1922) كابینەی دووەمی حكومەتەكەی رادەگەیەنێت. حیلمی بە موچەی (250) روپیە دەكرێتە مودیری ئامادەیی مەحمودییە. لەم ماوەیەدا زمانی كوردی بوو بە زمانی دەرس وتنەوە. هەموو قوتابیەكان یەك چەشن جلوبەرگیان دەپۆشی. لە رۆژانی هەینیدا پارەیان لە خەڵك كۆكردۆتەوەو جلوبەرگیان بۆ هەژارەكان پێ‌ كڕیوە. تیپێكی سرودو مۆسیقایان دامەزراندوەو ژمارەی قوتابیانی سلێمانی گەیشتۆتە (800) قوتابی.

سزادانەكانی ئینگلیزو عێراق


دوای داگیركردنەوەی سلێمانی لەلایەن ئینگلیزەوە، سەردەمی سزاكان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە دەستی پێكردوە. ئینگلیزەكان دوای قایمبونی دەسەڵاتەكەیان لە سلێمانی، ساڵی (1924) رەفیق حیلمی-یان گواستەوە بۆ كەركوك. هێشتا لە كەركوك سەقامگیر نەبووە خەبەریان لێداوە گوایە لەڕێگەی چاپكردنی شیعرە توركییەكانیەوە پڕوپاگەندەی بۆ توركیا كردوە، بۆیە لە (14/9/1924) دوریان خستۆتەوە بۆ گوندی (المجر الكبیر) لە خواروی عەممارەوە دوو ساڵ لەوێ‌ ماوەتەوە. لە (1/9/1926) جارێكی دیكە رێگەیان داوە بگەڕێتەوە بۆ كەركوك‌و لە قوتابخانەی (العلمیە) دەستبەكاربووەو تا (1/9/1927) لەو شارە ماوەتەوە. لە (1928) حكومەتی عێراق رازیبوە بە وەزیفەوە بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی. لە (1/10/1930) بۆ (1/10/1931) كراوەتە مامۆستای ئامادەیی لە هەولێر.


لە (1932) جارێكی دیكە گەڕاندویانەتەوە بۆ سلێمانی‌و بووەتەوە بە مامۆستای ئامادەیی كوڕان. زۆر نەماوەتەوە، هەر ئەو ساڵە حكومەتی عێراق بۆ هەراسانكردنی جارێكی دیكە دوریانخستۆتەوە بۆ ناسرییە. لە (1/10/1932) وەزارەتی مەعاریف گواستویەتیەوە بۆ موسڵ. مانگی تشرینی یەكەمی (1934) فەرمانی گواستنەوەی بۆ بەسرە دەرچووە. لەوێ‌ ساڵێك ماوەتەوەو پاشان لە نیسانی (1936) گوازراوەتەوە بۆ ناسرییە. لە (1/10/1936) جارێكی دیكە گەڕاندویانەتەوە بۆ كەركوك.

موفەتیش‌و مودیر مەعاریف


حیلمی لە (1938) گوازراوەتەوە بۆ بەغداو كراوە بە موفەتیشی مەعاریف. لە (1/7/1943) كراوەتە موفەتیشی مەعاریفی كەركوك‌و هەولێرو سلێمانی. لە (1947) لە بەسرەوە گوازراوەتەوە بۆ دیالە‌و كراوە بە بەڕێوەبەری مەعاریفی ئەو پارێزگایەو تا (1952) بەردەوام بووە. لە (1952) كراوە بە بەڕێوەبەری مەعاریفی عەممارە. لە (1956) گواستراوەتەوە بۆ بەغداو وەك (یاریدەدەری ئەمانەی پایتەخت) دەستبەكاربووە. دواتر كراوە بە موعاونی ئامادەیی مەركەزی لە بەغدا.


دوای سی‌و نۆ ساڵ لە خزمەتكردنی پەروەردە لە كوردستان‌و سەرانسەری عێراقدا، حیلمی لە بواری پەروەردە دوركەوتۆتەوە. بەڵام ئەم دوركەوتنەوەیەی زۆری نەخایاندوەو نەخۆشی تەنگی پێ هەڵچنیوە. لە رۆژی (4/8/1960) بەهۆی نەخۆشی جەڵتەی مێشكەوە لە نەخۆشخانەی بەغدا كۆچی دوایی كردوە، رۆژی دواتر بە مەراسیم تەرمەكەی هێنراوەتەوە بۆ سلێمانی‌و لە گردی سەیوان بە خاك سپێردراوە.

* تەواوی ئەم زانیارییانە لە كتێبی رەفیق حیلمی پۆرترێتی مونەووەرێكی كورد، لە نوسینی مەجید ساڵح وەرگیراوە كە ساڵی (2018) لە سلێمانی چاپ كراوە.
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان