راپۆرت

دەسەڵاتی ئاكپارتی لە توركیا... لەبەردەم هەڕەشەی هاوپەیمانيی نەیارەكانیدا

مەودا میدیا - سلێمانی |


دەسەڵاتی ئاكپارتی لە توركیا... لەبەردەم هەڕەشەی هاوپەیمانيی نەیارەكانیدا
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

كەمال كلیچدار ئۆغلۆ سەرۆكی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا كە پارتی گەلی كۆمارییە،"بەڵێن دەدات توركیایەكی دیموكراسی لەگەڵ سەرۆكێكی بێلایەن بنیات بنێن، هەڕەشەی ئەوەش لە رەجەب تەیب ئەردۆغان دەكات، كە هاوپەیمانییەكی بەهێز پێكدەهێنن دژ بە پارتەكەی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا".

كەمال كلیچدار ئۆغلۆ دەشڵێت" ئۆپۆزسیۆنی توركیا توانای ئەوەی هەیە بەسەر دەسەڵاتی ئێستای توركیای ئێستادا سەربكەوێت كە ئەو بە "رژێم" ناوی دەبات، وەك دەڵێت" سەرەتاش لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانەوە ئەوەیان دەستپێكرد".

سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری لەمیانی وتارێكیدا، رایگەیاند" مافی هیچ هاوڵاتیەك نییە هیوا لەدەست بدات، توركیا بە قەیرانێكی مەترسیداردا تێدەپەڕێت،  بۆیە پێویستە توركیا لەم قەیرانە دەربكەین".

كلچیدار ئۆغلۆ وتی" هەموو ئەو بەربەستانە تێدەپەڕێنین كە دێنە بەردەممان، وەك چۆن لە هەڵبژاردنی 31/3 ی ساڵی رابردوو تێمانپەڕاند، ئەویش بە پشتیوانی هاوڕێیان و گەلەكەمان".

پێش دوو رۆژ، سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری بەهەمانشێوە رایگەیاندبوو،" توركیا بەهۆی سیاسەتەكانی ئەردۆغانەوە لە قەیرانێكی قووڵی ئابوری و سیاسیدایە، وتیشی ئەو قەیرانەی ئەنقەرەی پێدا تێدەپەڕێت قەیرانی حوكم و دیموكراسییە، دەوڵەتیش بەهۆی ئەو سیاسەتانەوە قەرزێكی زۆری هاتووەتەسەر كە زەحمەتە لەژێر باری دەربچێت".

كلچیدار ئۆغلۆ، ئەردۆغان بە وێرانكردنی سیاسەتی دەرەوەی توركیاش تۆمەتبار دەكات و دەڵێت" سەربەخۆیی ئابوری توركیا بەهۆی هاوپەیمانی لەگەڵ قەتەر لە مەترسییەكی گەورەدایە".

جەماوەری بوونی ئەردۆغان خەریكە دەپوكێتەوە
جێگای ئاماژەیە، بەهۆی ئەو قەیرانە ئابورییەی توركیای تێكەوتووە، بەتایبەت دوای سەرهەڵدانی كۆرۆنا و خستنەسەری هەندێك گوشاری سیاسی و دابەزینی نرخی لیرە لەو وڵاتە، پێگەی جەماوەری ئەردۆغان و ئاكپارتی لەو وڵاتە بەشێوەیەكی بەرچاو پاشەكشەی كردووە، ئەویش بەپێی دواین راپرسی كە لە توركیا ئەنجامدراوە.

ئەو دابەزینی ئاستی جەماوەرییە لەكاتێكدایە، پارتەكانی ئۆپۆزسیۆنی توركیا بەردەوام رەخنەی توند ئاڕاستەی سیاسەتەكانی ئاكپارتی دەكەن بە سەرۆكایەتی ئەردۆغان، تۆمەتباریشی دەكەن بەوەی هەر دەنگێك دژ بە ئەردۆغان بێت هەوڵی بێدەنگكردنی دەدات، جگە لەوەی هەوڵدەدات سەندیكاكان و میدیاكانی ئەو وڵاتە بێدەنگ بكات.

هەدەپە و ئۆپۆزسیۆنی توركی تاكتیكی ئەستەنبوڵ دووبارە دەكەنەوە؟
پێشتر پەروین بوڵدان، هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لە ساڵڕۆژی هەڵبژاردنی 7ی حوزەیرانی 2015 كە ئەوكاتە پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) توانی 13%ی دەنگەكانی توركیا بەدەستبهێنێت و بە 81 كورسیەوە بچێتە نێو پەرلەمان، رایگەیاندبوو "لە ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە، ئەنتاڵیا و مێرسین بەبێ هەدەپە هیچ كەسێك ناتوانێ هەڵبژاردن بباتەوە،ئەمڕۆش گرەو لەسەر ئەمە دەكەین و دەڵێین لەمەودوا لە هەموو شوێنێكی توركیادا بەبێ هەدەپە هیچ پارتێك ناتوانێ براوەی هەڵبژاردن بێت".

ئەم وتەیەی پەروین بوڵدان و وتەكانی كلیچدار ئۆغلۆ، لەگەڵ جموجوڵی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا دەریدەخات، رەنگە ئەمجارەش هاوپەیمانی لەسەر ئاستی توركیا دژ بە پارتەكەی ئەردۆغان پێكبێت و هەمان سیناریۆی ئەستەنبوڵ و ئەنقەرە دووبارە ببێتەوە، كە بەهۆی هاوپەیمانی هەدەپە و جەهەپە، ئاكپارتی ئەو دوو  گەورە شارەی لەدەستدا كە دوو گرنگترین شاری توركیان".

هەڵبژاردنی پێشوەخت لە توركیا
هەرچەندە بڕیارە هەڵبژاردنی گشتی لە توركیا لە ساڵی 2023 ئەنجام بدرێت،  بەڵام چاودێرانی دۆخی سیاسی توركیا پێیان وایە بەهۆی ئەو قەیرانە سیاسی و ئابورییەی ئەو وڵاتەی تێكەوتووە، رەنگە هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجامبدرێت، ئەویش لەكاتێكدایە ئاكپارتی كە گەورەترین پارتی توركیا و دەسەڵاتداریشە، بەدەست قەیرانی ناوخۆییەوە دەناڵێنێت و بەشێكی گرنگی كەسایەتی و سەركردەكانی لێ جیابووەتەوە".

بەپێی دوایین راپرسی دەزگای "میترۆپۆڵ" بۆ توێژینەوە، كە بارەگای سەرەكی لە ئەنقەرەیە، پارتی گەلی كۆماری كە بە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا دادەنرێت، بە شەش خاڵ دەنگەكانی چووەتە پێش ئاكپارتییەوە".

بەپێی ئەو ئەنجامەش" هەر هەڵبژاردنێك لە داهاتوودا لە توركیا ئەنجام بدرێت، پارتی گەلی كۆماری دەتوانێت %24 ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت، پارتەكەی ئەردۆغانیش بەپێی ئەو راپرسییە ئەمجارە ئەوپەڕی دەتوانێت %30 ی دەنگەكانی توركیا بەدەست بهێنێت، بەمەش چانسی ئەوە لەدەستدەدات حكومەت پێكبهێنێت، لە ئەگەری بوونی هاوپەیمانییەكی بەهێزی ئۆپۆزسیۆن بەرامبەری رەنگە بكرێتە دەرەوەی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت لەو وڵاتە".

لە راپرسییەكی هاوشێوەدا كە هەمان دەزگا" میترۆپۆڵ" ئەنجامیداوە، دەردەكەوێت پارتە نوێیەكەی ئەحمەد داودئۆغلۆ كە سەرۆكوەزیرانی پێشووی توركیا و هاوپەیمانی ئەردۆغان بوو، پاش جیابوونەوەی لە ئاكپارتی دروستیكرد، دەتوانێت دەنگێكی باش بهێنێت، لەهەمانكاتدا عەلی باباجان كە ئەویش پێشتر لە پارتەكەی ئەردۆغان بوو وە سەركردەیەكی دیاری ئەو وڵاتەش بوو، لە رێگەی پارتی "دیموكراتی و پێشكەوتن" دەتوانێت دەنگێكی باشی لایەنگرانی ئاكپارتی بۆخۆی ببات".

ئەردۆغان بەنیازی چییە تا هەڵبژاردنی پێشوەخت سەرنەگرێت؟
هەرچەندە دەنگوباسەكان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت لە توركیا گەرمن، بەڵام بەرای چاودێران ئەردۆغان لە ئێستاوە لە هەوڵدایە ئەو هەڵبژاردنە پەكبخات، خورشید دلی پسپۆڕ لە كاروباری توركیا بە سكای نیوزی وتووە" لە بەرژەوەندی ئەردۆغان و پارتەكەی نییە ئەو هەڵبژاردنە پێشوەختە ئەنجام بدرێت، ئەمەش وادەكات چەند كارتێك بۆ رێگری بەكاربهێنێت".

"یەكێك لەو كارتانەی رەنگە ئەردۆغان بەكاریبهێنێت، بۆ رەتكردنەوەی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە توركیا، بەوتەی خورشید دلی، كارتی زۆرینەی پەرلەمانییە، لەو حاڵەتەشدا دەنگدان لەسەر هەر هەڵبژاردنێكی پێشوەخت لەلایەن پارتەكەی ئەردۆغانەوە شكستی پێدەهێنرێت".

تەنها لە یەك حاڵەتدا ئەردۆغان دەیەوێت هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام بدرێت و رێگری لێناكات، ئەویش تۆماركردنی سەركەوتنێكی سیاسی و سەربازییە كە لە بەرژەوەندی پارتەكەیدا بێت جا لەسەر ئاستی ناوخۆ بێت یاخود دەرەوەی سنورەكانی توركیا، وەك خورشید دلی دەڵێت".

ئەو پسپۆڕەی كاروباری توركیا ئاماژە بەوەدەكات" ئەردۆغان دەیەوێت بە لەشكركێشییەكانی بۆ دەرەوەی وڵاتەكەی و هێنانەكایەی كارتی كۆنی دەوڵەتی عوسمانی، هەم دەنگی نەژادپەرست و هەم ئیسلامخوازەكان بەدەستبهێنێت، بەتایبەتیش وەك خورشید دلی دەڵێت، یەكێك لە ئامانجەكانی ئەردۆغان ئەوەیە كۆنترۆڵی چیاكانی قەندیل بكات بەوەش وای نیشان بدات سەركەوتنێكی گەورەی تۆماركردووە و گورزێكی كوشندە لە ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆ بدات". 
 

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان