راپۆرت

لەنێوان زوو و زووتردا.. ئایا هەڵبژاردنی پێشوەختە نەخشەی سیاسیی عیراق دەگۆڕێت؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


لەنێوان زوو و زووتردا.. ئایا هەڵبژاردنی پێشوەختە نەخشەی سیاسیی عیراق دەگۆڕێت؟
مەودا میدیا- هێمن سەعید

راستە ئەو کاتەی مستەفا کازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق دیاریکردووە کە دەکاتە 6ی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت و ئەنجامەكەشی بە دڵی ئەو دەبێت و لە بەرژەوەندی ئەویش حیساب دەكرێت، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا تاچەند ئەو هەڵبژاردنە  دەبێتە هۆی گۆڕینی نەخشەی سیاسی لە عیراقدا؟

پێش هەموو شت سەرەتا و یەكەمین مەترسی بۆ سەر گۆڕانكارییەكە لە دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردنەكەوە دەستپێدەكات لەلایەن كازمییەوە، پێشتر و زیاتر لە مانگێك پێش داواكەی كازمی، محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی كرد بە سیفەتی ئەوەی حەلبوسی سەركردەیەكی گەورەی هاوپەیمانی هێزە عیراقییەكانە و سەرۆكی پەرلەمانیشە، ئەوەش وانیشان دەدات حەلبوسی و هاوپەیمانێتییەكەی ئامادەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پیشوەختە و داواكەی كازمیش بەلای ئەوەوە كوتوپڕ نەبوو بۆ داواكردنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەو بەروارەدا.

محەمەد كەربولی، كە یەكێك لە سەركردە دیارەكانی هاپەیمانی هێزە عیراقییەكان و جێگری پارێزگاری ئەنبار ناڕەزایی خۆی بەرانبەر داواكەی كازمی راگەیاند بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە و گۆڕانكاری بەبێ راستگۆیی وەكو بەربڵاویی چەك و ئاوارەكان و كۆچكردووەكان و چەندین مەترسی تر.

بەرهەم ساڵح دەبێتە هاوپەیمانی كازمی؟
بەرهەم ساڵح، سەرۆکی کۆماری عیراق تائێستا ئاشکرای نەکردووە دەچێتە هاوپەیمانییەکەی كازمییەوە یاخود لە سەر پشکی حزبەکەی كە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە خۆی دەپاڵێوێت بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی، بەرهەم ساڵح پێش ماوەیەک داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی کرد، ئەوەش بەمانای ئەوەیە ئەو ئامادەیە و هیچ ترسێکی نییە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.

 کوردەكان تائێستا بە هەڵوێستی خۆیان رەسمی رانەگەیاندووە بەرانبەر داواکەی کازمی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بەوەی لەگەڵ دەبن یاخود دژی دەبن، بەڵام هێزە سیاسییە شیعییەکان بەشێوەیەكی گشتی رایانگەیاند پشتگیریی داواکەی کازمی دەکەن و لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەن، بۆ نموونە رەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم و هاوپەیمانی نەسر بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی پاڵپشتی داواكەی كازمیان كرد، هەردوو سەركردەی دیاری شیعی، نوری مالیكی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و هادی ئەلعامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح داوا دەکەن دوو مانگ پێش ئەو وادەی کازمی دیاریکردووە هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، واتە داوا دەكەن لە مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدرێت.

یاسای نوێی هەڵبژاردنەکان، لیستی دەنگدانی تاک و بازنەی فراوان مەترسییە و لەوانەشە ببێتە هۆی دروستبوونی ململانێ لەنێوان هێزە مەدەنییەكان كە بە هەزاران قوربانییان داوە لەپێناو داواكارییەكانیان و هەروەها هێزە ئیسلامییە سیاسییەكان نایانەوێت نەخشتەی سیاسی لە عیراقدا بگۆڕێت. لەو بارەیەشەوە ئەسیل نوجێفی، سەركردەی بەرەی رزگاری و گەشەپێدان وایدەبینێت هەڵبژاردنەكانی داهاتوو بریتی دەبێت لە ململانێی نێوان هێزەكانی نزیك لە ئێران و هێزەكانی بەرگری لە هەژموونی ئێرانی. هەروەها ئیبراهیم بەحرولعلوم، سیاسی سەربەخۆ و وەزیری پێشووی عیراق کە یەکێكە لە کەسایەتییە دیارەکانی ماڵی شیعی گەشبینە کە گەنجانی سەربەخۆ رۆڵێکی گەورەیان دەبێت لە پەرلەمانی داهاتوو. لەلایەکی دیکەشەوە دکتۆر مونتەسر عەیدانی، سەرۆکی سەنتەری حوكمە بۆ سیاسەتی گشتی لە عیراق لە لێدوانێکیدا بۆ شەرقولئەوسەت دەڵێت "هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڵگەیە بۆ شەکەتیی سیستمی سیاسیی عیراق و یەكێكە لە ئیختیارە بنەڕەتییەکان، ئەو کارەش دەبێتە هۆی حەسانەوە لە درێژەدان بە قەیرانە بەردەوامەکان".

عەیدانی راشیگەیاندووە "دوای ئەوەی جەماوەری بە رێژەیەكی زۆر متمانەیان نەماوە هەروەك دەركەوت لە بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2018 و راپەڕینی ئۆكتۆبەری لێكەوتەوە و داوای چاكسازیی سیاسی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەكەن لەڕێگەی گۆڕانكاری لە هەیكەلی سیستمی سیاسی لەڕێگەی هەڵبژاردنێكی پێشوەختەوە، ئەو كارەش لەسەر ئاستە جیاوازەكان پێشوازییەكی زۆری لێكرا لە پێش هەمووشیانەوە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانیانم لە هەڵبژاردنی پێشوەختە کرد لە عیراق".

عەیدانی ئاماژەی بەوەشکردووە "ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد كە کە دووربێت لە ساختەكاری و داواكارییەكان لەسەر ئاستی یاسای هەڵبژاردن و بازنەی هەڵبژاردن بێت دەبێتە هۆی بەدیهێنانی بەشێكی داواكارییەكان لە ژێر فشاری گەلدا و مەرجەعیەتی ئایینی و هەندێك لە چالاكە سیاسییەكان پشتیوانی لێدەكەن".

 عەیدانی وتیشی "هەندێک بەشی تائێستا ناتەواوە، وەک دابەشکردنی بازنەی هەڵبژاردنەکان کە تائێستا نەبووە بە راکێشانی سەرنجی هێزە سیاسییەکان وەک سەربەخۆیی پیشەیی کۆمسیۆنی نوێ کە تائێستا گومان هەیە لەلایەن هیزە سیاسییەکانەوە دەستوەرادنی تێدا بکرێت لە دامەزراندنی ئەنجومەنی کۆمسیاران و بازنە گرنگەکانی".

سەبارەت بە كاریگەریی داخوازییەكان لە نەخشەی سیاسی، عەیدانی دەڵێت "هێزە داخوازەكان و بزووتنەوەی جەماوەری بەشێوەیەكی گشتی تائێستا پەرشوبڵاون و چوارچێوەیەكی سیاسی دیاریكراویان نییە كە داخوازییەكانیان لەخۆبگرێت و رێكیانبخات و پێكەوە ئاراستەی هەڵبژاردنەكان بكرێن. لە كاتێكدا كازمی هەستاوە بە دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنەكان و هێزە سیاسییەكان هەوڵی راكێشانی هێزە جەماوەرییەكان دەدەن و ئەم هەڵبژاردنەش وەك هەڵبژاردنەكانی دیكە بە رێگری و كۆسپی زۆردا تێدەپەڕێت".

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan