کوردستانی

40 هاوڵاتی كورد بەخواستی خۆیان گەڕانەوە بۆ كوردستان

مەودا میدیا - سلێمانی |


40 هاوڵاتی كورد بەخواستی خۆیان گەڕانەوە بۆ كوردستان
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

دەزگای لوتكە بۆ پەنابەران رایدەگەیەنێت، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 140 هاوڵاتی عیراقی بەشێوەی ئارەزوومەندانە لەوڵاتی یۆنانەوە گەڕانەوە بۆ عیراق ، ئاماژە بەوەشدەكات  لەنێو ئەو هاوڵاتیانەدا 40 هاوڵاتی هەولێر و سلێمانی تێدا بووە.

ئاری جەلال سەرۆكی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری پەنابەران بە مەودا میدیای راگەیاند"پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 140 هاوڵاتی عیراقی بەشێوەی ئارەزوومەندانە لەوڵاتی یۆنانەوە گەڕانەوە بۆ عیراق ، ئاماژە بەوەشدەكات  لەنێو ئەو هاوڵاتیانەدا 40 هاوڵاتی هەولێر و سلێمانی تێدا بووە، هەروەها هەر پەنابەرێكی عیراقی بەشێوەی ئارەزوومەندانە بگەڕێتەوە بڕی دوو هەزار یۆرۆی پێدەدرێت، وتیشی بۆ سەرجەم تاكەكان كە بە شێوەی خێزانی دەژین ، لە بەرامبەر گەڕانەوەیان بۆ هەر تاكێكیان بێ جیاوازی هەمان بڕە پارە وەردەگرێت ".

سەرۆكی دەزگای لوتكە ئەوەشی خستەڕوو" لە كۆبونەوەی نێوان هەریەك لە باڵیۆزی عیراق لە یۆنان و وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی ئەو وڵاتە لەسەر رەوشی پەنابەرە عیراقیەكان ، باس لە خراپی رەوشی پەنابەران و گرتنەبەری رێوشوێنی خێراو دۆزینەوەی چارەسەرەكان كرا و چەند پێشنیار و بڕیارێكیش سەبارەت بە گەڕانەوەی پەنابەرانی عیراقی لە لایەن هەردوو لاوە بڕیاری لەسەر درا ".

 ئاری جەلال دەڵێت " بڕی ئەو هاوكارییە سەرجەم ئەو كۆچبەر و پەنابەرانە دەگرێتەوە ، كە لە پێش رێكەوتی (1-1-2020) چونەتە ناو خاكی ئەو وڵاتە، گەڕانەوەكە ئارەزوو مەندانەیەوە هەر كەسێكیش دەیەوێت بگەڕێتەوە ، بۆناونوسین و رێكار و ڕێنمایەكانی خۆتۆماركردن ، دەبێت سەردانی باڵیۆزی عیراق بكات لە یۆنان- ئەسینا ".


Qaiwan
Qaiwan